سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندی دانوستانكاری ئیئتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندی دانوستانكاری ئیئتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌
ئه‌مرۆ پێنج شه‌ممه‌ 16/9/2010 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین له‌گه‌ڵ شاندی دانوستانكاری ئیئتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ، كاروچاڵاكیه‌كانی شانده‌كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا هه‌ڵسه‌نگێندراو دیدارو پێشوازییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی_ش له‌گه‌ڵ هێزولایه‌نه‌ سیاسیه‌كاراكانی عیراق له‌ مه‌ڕ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتوو باسكراو له‌م رووه‌وه‌ دوا گۆڕانكاری و په‌ره‌سه‌ندنه‌كان خرانه‌ به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه‌ و رۆشنایش خرایه‌ سه‌ر كارو به‌رنامه‌كانی له‌مه‌ودوای شاندی دانوستانكار له‌ به‌غدا.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ، جه‌خت له‌وه‌كرایه‌وه‌ كه‌ هه‌ر چی زووه‌ حكومه‌تێكی هاوبه‌شی نیشتمانی پێكبهێنرێت و بۆ هێنانه‌دی ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بریاڕدرا كه‌ شانده‌كه‌ به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر خولێكی تری دانوستاندن له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌ عیراقییه‌كاندا .

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشك خرایه‌ سه‌ر ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی كه‌ بریار وایه‌ سه‌رۆك بارزانی پێشكه‌شی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق بكات به‌ مه‌به‌ستی جولاندنی بارودۆخه‌ سیاسییه‌ چه‌قبه‌ستووه‌كه‌ی عیراق و كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی ته‌وافوق و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتدا و له‌م رووه‌وه‌ش شاندی دانوستانكار پشتگیریان له‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی سه‌رۆك بارزانی كرد و ته‌ئكیدیشیان له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كه‌ی عیراق به‌ده‌ست خودی عیراقییه‌كانه‌وه‌ بكرێت.
Top