مەرکەزیەت لە پێناو نامەرکەزیەتدا

مەرکەزیەت لە پێناو نامەرکەزیەتدا

بۆ ئەوەی کاروباری خۆجێیی ھاوڵاتییان، ئاسانتر، بێ رۆتین، بێ گەڕانەوە بۆ مەرکەز و بێ حەلەقەی زیاد و دەستوپێگیر، بەڕێوەبچێ. بۆ ئەوەی دەرفەت بڕەخسێ بەرنامە لۆکاڵییەکانی خزمەت و پەرەپێدان لەسەر ئاستی شار و شارۆچکەکان، کێبەرکێ بکەن، نە پێشتر و نە ئێستاش کەس لاری لە لامەرکەزیەت نەبووە و نییە. نەکارنامەی حکومەتی ھەرێم و نە روانگای ھیچ لایەنێک لەگەڵ ئەم پرنسیپەکە لە ھەر کوێی دونیا تاقیکراوەتەوە،‌ خێری لێ بینراوە، ناکۆکە.
بەڵام پرسیاری جەوھەری ئەوەیە: ئایا بە راستی ئێمە لە کوردستان کێشەی نەبوونی (نامەرکەزیەت)مان ھەیە یان نەبوونی (مەرکەزییەت). ئایا بە راستی ئێمە گیرۆدەی دەستی مەرکەزیەتین تا نامەرکەزیەت رێگای نەجاتمان بێت، یان ھەر بە راستی سەرچاوەی ئەو ھەموو قەیران و گرفتەی کوردستان بەدەستیانەوە دەناڵێ، مەرکەزیەت و نامەرکەزیەتە؟.
لە راستیدا، سەرنجێکی راگوزەر بەسە بۆ بینینی ئەو راستییەی ئەوەی لەم ھەرێمەدا غائیبترە مەرکەزیەتە نەک نامەرکەزیەت. کاتێ حکومەت بە یەک ئەندازە دەسەڵاتی بە سەر ھەموو ھەرێمەکە نەشکێ و نەتوانێ لە تەواوی قەڵەمڕەوەکەیدا حوکمڕانییەکی سەرتاسەری بکات، ھەموو ئەو بوار وکایانەی دەبوا مەرکەزی و یەکگرتوو بن، دوو کەرت و پەرتەوازە بن، کاتێ: ھێڵە گشتییەکانی ئیرادە و خیتابی سیاسی، مامەڵە لەگەڵ بەغدا، پەیوەندیی ئیقلیمی و دەرەکی، پێشمەرگە، ئاساییش، ئابوری و ئیدارەی مەرز و داھات، باڵادەستیی و بەرکاریی یاسا و رێساکان لە ھەموو جێیەک، تا ئاستی بەرجەستەبوونی دوو ئیدارەیی، لێک دوور و جودا بن، کەواتە نەک نامەرکەزیەت، بەڵکو جارێ ئەو مەرکەز و مەرکەزییەتە غائیبە کە دەبێ ھەبێ تا نامەرکەزیەت لێیەوە سەرچاوە بگرێ و دەسەڵاتی لێوە شۆڕبێتەوە. ھەر بۆیەش ئەولەویەت لەوەدایە بەرلە بەنامەرکەزی کردنی ئەو بوار و دەسەڵاتانەی وا چاکە نامەرکەزی بن، ئەو بوارانە بەمەرکەزی بکرێن و لە دوو کەرتی رزگار بکرێن کە ھەر دەبێ مەرکەزییانە بەڕیوەببرێن.
لە غیابی مەرکەزییەتدا، ھەر بانگەوازێک بۆ نامەرکەزییەت و وێناکردنی وەک فریادڕەس، بێ بەھانەیە و بەتاڵکردنەوەی چەمکەکەیە لە ناوەڕۆک و دانانی عەرەبانەکەیە لە پێش ئەسپەکەدا و رەنگە ھەر غایەلەی ( دوو ئیدارەییەکە) بێت بەڵام بە ناوێکی دیکە، ئەو دوو ئیدارەییەی سەرۆکی ھەرێم بە( سفر ئیدارە) وکۆتاییھێنان بەو خودحوکمڕانییە پێناسەی کردکە لە ئێستادا لە ھەموو لایەکەوە سەنگەری لێگیراوە.
دەنا ئەگەر مەبەست لە نامەرکەزییەت، پەیڕەوکردنی سیستمێک بێ لە بەرژەوەندیی خەڵک، ئەوا کەی وویست و ئیرادەی سیاسیی لە ھەرێمدا گەیشتەوە ئەو ئاستەی لە جێی لێکترازان و یەکدی نەخوێندنەوە و تارمایی دوو ئیدارەیی و فرەزۆنی، زەمینە بۆ حکومەت بڕەخسێ یەکدەست و سەرتاسەریانە ھەڵسوڕێ و کایە سەرەکییەکانی ھەرێم رێکبخات، ئەوکات ھیچ لەوە باشتر نییە حکومەت تا چاو بڕبکات دەسەڵاتەکانی بۆ دامودەزگا لۆکاڵییەکان و حکومەتە خۆجێییەکان و خزمەتی خەڵک دابەزێنێ.
کوردستان بە قەیران و کێشەو بێشەیەکی زۆرەوە گیرۆدەیە، بریا گرفتەکەمان ھەر مەرکەزیەت و نامەرکەزییەت دەبوو!!

Top