با گرێ كوێرەكە نەكەوێتە دەست شەقام

با گرێ كوێرەكە  نەكەوێتە دەست شەقام

وەك ئاشكرایە بارودۆخی عێراق رۆژ بە رۆژ لە رووی ئیداری، حوكمڕانی، ئابووری و پێكەوەژیان و ئاسایشەوە بەرەو خراپتر دەچێت، لەگەڵ خراپبوونی ئەم بارودۆخەش پەیوەندی و هاوكێشەكانی نێوان عێراق و هەرێم ئاڵۆزتر دەبێت و، لێكتێگەیشتنەكان سەختتر دەبن، چاوەڕوانیی هەڵبژاردنیش هیچ ئومێدێك نادات، چونكە ئەزموونی پێشتر هەیە، كە هەرگیز هەڵبژاردنەكان بارودۆخی بەرەو باشتر نەبردووە، بەرەو خراپتر و ئاڵۆزتر نەبێت، ئەگەرچی من ترسم هەیە و واش دەبینم كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەوەش ئێستا هەمانە لە حكومەت و پەرلەمان لە عێراقدا، بۆمان پێك نەیەتەوە و، بەرژەوەندیخوازەكانی عێراق وڵات بەرەو پاشاگەردانی ببەن. تەوافوقیش لە عێراقدا كە بنەمای حوكمڕانی و پێكهێنانی حكومەت و ئۆرگانە ئیدارییەكان بووە، لە هیچ پرۆسەیەكی دیكەدا سەركەوتوو نەبووە و، هیچ حیسابێكی بۆ نەكراوە، ئەگینا چۆن دەبێت ئەگەر وڵات وڵاتی تەوافوقییە بە بێ كورد كە پێكهاتەیەكی سەرەكیی حوكمڕانییە، یاسای كورتهێنانی بودجە و قەرز و چەندین یاسای دیكە بەڕێ دەكرێت؟ كە واتە تەوافوفیش هەڵوەشاوەتەوە، یان تەنیا بۆ چەند پرۆسەیەك بووە.
ئەگەرچی كوتلەی كوردی لە بەغدا بێ كەموكووڕی نەبووە، جیهان جیهانی رێككەوتن و رێكخستنی بەرژەوەندییەكانە، كورد لە بەغدا تا ئێستا بەهۆی شپرزی و پارچەپارچەیی و نەبوونی یەكگوتاری، نەیتوانیوە هیج نەبێت لەگەڵ یەكێك لە پێكهاتەكان رێككەوتن لەسەر هەندێك پرس بكات، تا ئەوانیش پشتیوانی كورد بن لەكاتی پێویستدا. دەتوانین بڵێین دیپلۆماسییەتی كوتلەی كوردی لە بەغدا لاوازە و نەیتوانیوە بە مێژووی ئەم چەند ساڵ و خولە، بەرژەوەندییەكانی خۆی لەگەڵ لایەنێك رێك بخات و، بەرژەوەندییەكانی ئەوانیش ببەستێتەوە بە دەنگەكانی خۆی و رەزامەندیی پەرلەمان لەسەر پرسەكان.. كارەكە ئاسان بوو بۆ لێك تێگەیشتنی هەرێم و بەغدا تا لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لایەنی نێودەوڵەتی هەبوو، چونكە ئەگەر حكومەتی عێراقیش هەندێك جار ناڕازی بوایە، بە فشاری وڵاتێكی دەرەكی ناچار دەكرا كە پابەند بێت بە رێككەوتن لەگەڵ هەرێم، تەنانەت لە ناو پەرلەمانیش هەر ئاسانتر بوو.
وەك گوتمان ئەگەرچی كوتلەی كوردی لەناو پەرلەمان نەیتوانیوە هیچ پشتیوانییەك لە لایەنەكانی دیكە بۆ خۆی دەستەبەر بكات، بەڵام پەرلەمانیش تا راددەیەك دەزگایەكی بەرپرسە و ناچارە پابەند بێت بە دەستوور و یاساكانەوە، ئەگەرچی راشكاوانە بڵێین پەرلەمانی عێراق بەداخەوە بەرەو جووڵێنەری سیاسی براوە و، مخابن بەرەوجووڵێنەری شەقامیش دەچێت، واتە خەریكە دەچێتە ژێر كاریگەریی شەقام، بەڵام مەترسییەكە لەوەدایە شەقامی عێراقی لە دژی كورد بجووڵێندرێت، كە ئەمە بۆ بەغدا و وڵاتانی دەستتێوەردەری دەرەكی دوو سوودی هەیە، یەكەم: شەڕی دژی كورد دەكاتە شەڕێكی جەماوەر و شەقام، كە ئەمە دەنگدانەوەیەكی دیكەی دەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. دووەم: دەیانەوێت ئاراستەی شەقامی عێراقی بگۆڕن لە ناڕازایەتی بەرامبەر گەندەڵییەكانی عێراق و دەستتێوەردانی دەرەكی بۆ شۆڕشی دژی كورد. بۆیە دەبێت كورد وریای ئەمە بێت و، نەهێڵێت پرسەكەی بخرێتە شەقام، چونكە ئەوكاتە دانوستان لەگەڵ شەقام سەخت و مەحاڵ دەبێت، شەقامیش بە ئاسانی هەر رۆژەو لەلایەن لایەنێكەوە دەكڕدرێت و، نازانرێت كێ ئاراستەی دەكات.
كورد لەم هەلومەرجەدا باشترە لەسەر سێ ئاست كار بكات. ئاستێكی ناوخۆیی كە پێویستە نێوماڵی خۆی رێك بخات و چاكسازییەكی ریشەیی بكات، دووەم پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی كار بۆ ئەم پرسەی بكات و سەرنج و پشتیوانیی وڵاتانی خاوەن بڕیار بەسەر عێراقدا دەست بخات، ئاستی سێیەم لەناو پەرلەمانی عێراقی هەوڵی سازان و تەوافوق لەگەڵ ئەو لایەنانە بدات كە نزیكە لێیانەوە و كاریگەر دەبن، تاكو هەرچۆنێك بێت بۆ ساڵێكیش بێت، ئەوپرسە لە پەرلەمان تێپەڕێندرێت، تا هەرێم تۆزێك بەخۆیدا دێتەوە و لەم قەیرانە سەختە رزگاری دەبێت، ئەو كات بیر لە ستراتیژی نوێ و پلان و بەرنامەیەكی نوێ بكاتەوە بۆ ئایندە، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە نەگاتە ئەم بەربەستانە، چونكە لە ئێستادا شەقام لێت تووڕە بێت و خەڵك برسی بێت، رەنگە كاتی زۆر شت نەبێت، كە چارەسەرەكەی درێژخایەنە و زۆر سەخت دەبێت.

Top