تاوەرەكانی مۆبایل و ژینگە و مرۆڤ
December 29, 2020
وتار و بیروڕا
ڕەنگە كاتی ئەوە هاتبێت قسەو باسێكی بەرایی لەسەر تاوەرەكانی مۆبایل و كاریگەرییە ژینگەیی و تەندروستییەكانی بكرێت، بە ئومێدی ئەوەی باس و توێژینەوەی زیاتری لەسەر بكرێت لەلایەن لایەنەی پەیوەندیدارەانی وەك: گەیاندن و ژینگە و تەندروستی و شارەوانیی و پلاندانان و مافی مرۆڤ و كۆمپانیاكانی مۆبایل.
سەبارەت بە بوونی كاریگەریی نێگەتیڤ، یان نەبوونی، هێشتا ئەوە یەكلانەبۆتەوە بە شێوەیەكی ڕەها كە ئایا تاوەرەكانی مۆبایل كاردەكەنە سەر ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ یان نا؟
لەسەرتاسەری جیهاندا لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و ، هەندێك ئەنجامی ئەو لێكۆڵنەوانە وا پێشان دەدات كە تاوەرەكان هۆكارن لە دروستبوونی پیسبوونی كارۆموگناتیسی، لە ئەنجامی دەركردن و وەرگرتنی بڕێكی زۆری شەپۆلە كارۆ موگناتیسییەكان و ، هەر ئەو لێكۆڵینەوانەش دەڵێن كە ئەو شەپۆلانە كاریگەریی بەرچاویان دەبێت لە ئایندەدا بۆ تووشبوونی مرۆڤ بە نەخۆشییەكانی مێشك، سەرئێشە، نەزۆكی و بیرچوونەوەی لەسەر خۆ و.. هتد.
هەر ئەم لێكۆڵینەوانە باس لەوە دەكەن كە تاوەرەكان سەرچاوەی شەپۆلە نائایۆنییەكانن كە كاریگەرییان نێگەتیڤە لەسەر مرۆڤ، بەڵام دواجار داواش دەكات كە پێویستە توێژینەوەی دی ئەنجام بدرێت، بۆ زانینی شەپۆلە كارۆموگناتیسییەكان لە سێ بواری: لەرە لەرەكان، وزە و درێژیی شەپۆل، بە مەبەستی دیاریكردنی جۆری تیشكەكان.
هەندێكی دیكە لە توێژینەوەكان وایان دەرخستووە كە تاوەرەكان كاریگەریی نێگەتیڤی ئەوتۆیان نییە لەسەر ژینگە و مرۆڤ جگە لە كاریگەریی بەرزكردنەوەی پلەی گەرمی بە ڕێژەیەكی زۆر زۆر كەم. لەگەڵ هەردوو ئەنجامەكەشدا (پڕۆگرامی خۆپاراستن لە تیشكە كارۆموگناتیسیەكان)ی سەر بە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی داوا دەكات بە دانانی سنوورێك بۆ هاوكۆلكەی سەلامەتی لە بەرامبەر ماددە تیشكاوەرەكانەوە. لە نێوان هەردوو بۆچوونەكانیشدا، هەتا كاتی یەكلابوونەوەی تەواوی مەسەلەكە، وڵاتانی جیهانی كۆمەڵێك ڕێنمایی و بڕیاریان پەسەند كردووە و كاری پێ دەكەن لە بواری دانانی تاوەرەكانی مۆبایلەوە، لەوانەش:
1-پێویستە بەرزیی ئەو بینایەی كە تاوەری لەسەر دادەنرێت، لە نێوان (15 - 50) مەتر بێت.
2- دەبێت تاوەرەكە بەرزتر بێت لەگشت خانووبەرەو بیناكانی دەوروبەری لە سنووری بازنەیەكدا كە نیوەتیرەكەی (10) مەتر بێت.
3- پێویستە سەربانی بیناكە كونكرێت بێت.
4- نابێت كەمترین دووریی نێوان دوو تاوەر لەسەر هەمان بینا لە (12) مەتر كەمتر بێت.
5- دووریی نێوان لەشی مرۆڤ و تاوەرەكان، لە دیوی ئاراستەی سەرەكی تیشكەكانەوە، نابێت لە (12) مەتر كەمتر بێت.
6- تاوەرەكان لە هەموو لایەكەوە بە بەربەستی كانزایی دەورە بدرێن.
7- بەكار هێنانی تاوەری گەورەی نوێ و كاریگەر بە ژمارەیەكی كەم و ، دوور لە دانیشتووان، لە بری تاوەری نزم و بچووك و زۆری نێو گەڕەكەكان، هەروەكو ئێستا هەندێك لە دەوڵەتان تاوەری نەوەی سێیەم بەكار دەهێنن كە تیشك دەردانی كەمترە لە تاوەرەكانی نەوەی دووەم (جی توو).
8- وەرگرتنی ڕەزامەندیی دانیشتووانی ئەو شوێنەی كە تاوەرەكەی لێوە نزیكە، چونكە زیانەكانی ئەو تاوەرانە بۆ ژێر خۆی نییە، بەڵكو بۆ ئەو شوێنانەیە كە لە ئاستی تاوەرەكە و لە دەوروبەرین.
9- لە حاڵەتی بوونی قوتابخانەدا، پێویستە دووریی نێوان تاوەرو قوتابخانەكان لە (20) مەتر كەمتر نەبێت، چونكە منداڵانی خوار (16) ساڵ ناسكترن لە بەرامبەر زیانەكانیدا.
10- دیاریكردنی ژمارەی تاوەرەكانی هەر كۆمپانیایەك لەلایەن وەزارەتەوە.
لە كۆتاییدا جێگەی خۆیەتی كە ئاماژە بە چەند خاڵێك بدەین لەم بوارەدا.
یەكەم: هەبوونی هەماهەنگی لەنێوان دامودەزگاكانی حكومەت و كەرتی تایبەت.
دووەم: پابەندبوونی كۆمپانیای مۆبایل بەو رێنماییانەی كە واژووی لەسەر كردووە لەو گرێبەستەی كە مۆڵەتی كاركردنی پێداوە.
سێیەم: لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان هەر دەزگایەكی فەرمیی لەگەڵ پسپۆڕانی كۆمپانیاكانی مۆبایل هەبێت بۆ ڕاگۆڕینەوە پێش دەركردنی هەر بڕیارێك.
چوارەم: رۆڵی زیاتر بدرێتە بەشە زانستییەكان بۆ یەكلاكردنەوەی بڕیارەكان، بەتایبەت بەشی (فیزیا) لە كۆلیژی زانستدا كە لە زۆربەی وڵاتانیش خەریكی توێژینەوەن لەسەر كاریگەریی تاوەرەكان لەسەر ژینگە و مرۆڤ.
پێنجەم: سوود لە ئەزمون و یاسای وڵاتانی پێشكەوتوو وەربگیرێت، لەم بوارەدا.
شەشەم: پلە بەپلە دەست پێ بكەین، مەرج نییە لە یەك كاتدا هەموو رێنماییەكان جێبەجێ بكرێن.