توندوتیژی بەھۆی بەردەوامییەوە ھەموو جیھانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە

توندوتیژی بەھۆی بەردەوامییەوە ھەموو جیھانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە

ھەر کردەوەیەکی توند‌وتیژ لەسەر بناغەی رەگەزی، کە ببێتە ھۆی ئازاردان و زیان پێگەیاندنی جەستەیی، سێکسی یان دەرونی ژنان، یان لەوانەیە ببێتە ھۆی ئەم جۆرە ئازار و زیانانە. بە توندوتیژی ھەژمار دەکرێت،

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی٢٠٠٧، بۆ بەرەنگاربوونەوی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندار بەو پرسەی کردەوە، نوسینگەو بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان ھەن. دواتر بە ھەوڵی حکومەت و پەرلەمان و رێکخراوەکانی ژنان، یاسایەک لە پەرلەمان بەناوی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی، دەرچوو.

مێژووی رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر

خوشکانی میرابال ٤ خوشک بوون خەڵکی کۆماری دۆمینیکان، ٣ کەسیان لە سەردەمی دیکتاتۆریی رافائیل ترۆخیۆ ،بە ھۆی دەستوپیوەندەکانی ئەو دیکتاتۆرە و لە رۆژی ٢٥ی نو‌ڤەمبری١٩٦٠دوای چەندین مانگ ئەشکەنجە کوژران. ناوەکانیان بریتی بوو، پاتریا مێرسدێس میرابال (٢٧ فێبریوەری ١٩٢٤–٢٥ نو‌ڤەمبەر ١٩٦٠)، ماریا ئارژانتینا مینێروا میرابال (١٢ مارس ١٩٢٦ – ٢٥نۆڤەمبەر١٩٦٠) و آنتونیا ماریا ترسا میرابال (١٥ ئۆکتۆبەر ١٩٣٥ – ٢٥ نۆڤەمبەر١٩٦٠). خوشکی چوارەم ئادلا (ددە) میرابال لەو رۆژە دا، کە خوشکەکانی کوژران، نەکوژراوە. ٢١ ساڵ دواتر واتە لە ١٩٨١ لە کۆبوونەوەیەکی بەرین دا، کە لە بۆگۆتا، پایتەختی کۆلۆمبیا، بە بەشداریی داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان لە ئەمریکای لاتین و لە ناوچەی کارائیب پێکھات، پێشنیار کرا رۆژی کوژرانی خوشکانی میرابال، وەک رۆژی رەتکردنەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بناسرێت. لە ١٧ی دیسامبەری ساڵی ١٩٩٩و ٢٥ی نو‌ڤەمبەر، روژی کوژرانی ئەو خوشکانە بە «روژی جھانیی خەبات لە دژی توند و تیژی بەرامبەر بە ژنان» ناودێر کراوە.


توندوتیژی دژی ژنان چەمکێکە، کە ھەموو ئەو کارە توندوتیژانە دەگرێتەوە، کە لە دژی ژنان بە کار دەھێنرێن. واتە رەگەزی مرۆڤە، کە لەم جۆرە توندوتیژییانە دا، بناغەی توندوتیژییەکەیە.



جۆرەکانی توندوتیژی لە رووی ناوەڕۆکەوە

١) توندوتیژی جەستەیی:

بە کارھێنانی ھێزی جەستە، بە شێوەیەکی مەبەستدار بەرامبەر کەسانی دیکە بە نیازی ئازاردان و زیان پێگەیاندن لە رووی جەستەوە.


٢) توندوتیژی دەرونی:

زۆرترین و کاریگەرترین شێوەی توندوتیژییە، کە کاریگەری دەبێت لە سەر بنیاتی کەسایەتی ئەو مرۆڤە بە درێژایی قۆناغەکانی تەمەنی.

٣) توندوتیژی سێکسی، کە دەکرێت بە دوو بەشەوە:

آ – توندوتیژی لە دەرەوەی پێوەندی ژن و مێردایەتی، کە بریتییە لە دەستدرێژی و لاقەکردن.

ب – زەبر و زەنگ لە چوارچێوەی خێزان، کە زۆر بە کەمی قسەی لە سەر دەکرێ بە ھۆی عەیبەوە.

٤) توندوتیژی سیاسی

واتە نەبوونی ئازادیی رادەربڕین، بیرکردنەوە، ھەڵبژاردنی بیرباوەڕ و شێوازە کلتورییە جیاوازەکان.


٥) توندوتیژی کۆمەڵایەتی

یەکێک لە گرنگترین ھۆکارەکانی توندوتیژی، کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکانە، کە بەگشتی بێبەشبوونی ژنان دەگرێتەوە لە پیادەکردنی کەسایەتی و مافە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان.

٦) توندوتیژی تەندروستی

مەبەست لە بێبەشبوونی ژنانە لە مافە تەندروستییەکان، نەبوونی سیستەمێک بۆ پاراستنی ژنان لەو نەخۆشیانەی تایبەتن بە ژن.


٧)توندوتیژی ئابوری

ھۆکاری ئابوری، رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێ لە تەشەنەکردنی جۆرەکانی توندوتیژی دژ بە ژناندا، ئەوەش پێوەنددارە بە باری گوزەرانی خێزان.

٨)توندوتیژی یاسایی

لە کۆمەڵگەیەکدا، کە داب و نەریت و کولتوور و ئایین تێکەڵ بە یاسا ببێت، بارودۆخی ژنان روو لە مەترسی دەکات. بۆیە ئەگەر لە یاسا بڕگەی رێگر لە توندوتیژی دژ بە ژنان دابنرێت و ھەر ژنێک لە رێگەی ئەو یاسایەوە بتوانێ سوودمەند بێت، ئەو کاتە توندوتیژی دژ بە ژنان سنووردار دەبێت. کەواتە ئاستی توند و تیژی دژ بە ژنان دەگەڕیتەوە بۆ بڕگەکانی یاسا، بۆیە یەکێک لە مەرجەکانی رزگار بوون و بەدەستھێنانی یەکسانی بۆ ژنان، گۆڕینی ئەو بڕگانەی یاسایە، کە لە بەرژەوەندی ژناندا نییە.

دەستدرێژی سێکسی، تاوانی دژی مرۆڤایەتییە

یەکیک لە شومترین جۆرەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، بە تایبەتی لە کاتی شەڕەکاندا زۆر دەبینرێت. ریکخراوە نێودەوڵەتییەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ، ئەم دیاردەیەیان وەکوو تاوان دژی مرۆڤایەتی ناساندووە. لەم بارەیەوە جەخت لە سەر دوو شت دەکەنەوە

یەکەم: پەلکێشکردنی تاوانبارانی دەستدریژیی سێکسی و ھۆکارەکانی قوربانیبونی ژنان، لە کاتی شەڕدا بۆ بەر دەم دادگا و لێکۆڵینەوە و سازدان.

دووھەم: دابینکردنی یارمەتی جۆراوجۆر بۆ قوربانییانی ئەم جۆرە توندوتیژیانە.

ھەڵمەتی ١٦ رۆژ بەرەنگاری لە گەڵ توندوتیژی بەرامبەر ژنان.

لە ساڵی ١٩٩١ەوە کەمپەینێک بە دەستپێشخەری ناوەندی جیھانی ژنان، لە زانکۆی راتگێرز بەڕێوەچوو بە ناوی «١٦ رۆژ ھەڵمەتی جیھانی لە دژی توندوتیژییە رەگەزییەکان». مەبەست لەو ١٦ رۆژە، لە ٢٥ی نۆڤەمبەر تا ١٠ی دیسەمبەرە، کە رۆژی جیھانی مافی مرۆڤە. لەم کەمپەینە دا، ژنان و پیاوانی داکۆکیکاری یەکسانی ژن و پیاو، لە سەرانسەری جیھان بە چالاکیی جۆراو جۆری ھونەری، میدیایی، تویژینەوەیی و زانستی، ھەوڵ دەدەن سەرنجی خەڵکی جیھان بۆ لای ئەو توندوتیژییانە رابکێشن، کە بناغەی رەگەزییان ھەیە و لە ئاکامە دڵتەزینەکانی ئەو توندوتیژییانە ‌ئاگاداریان بکەنەوە.



ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی، بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان.

ھەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق لە ھەرێمی کوردستان(٢٠٠٨)

ستراتیژی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ھەرێمی کوردستان.

یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان لە ھەرێمی کوردستان.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، شەش بەڕێوەبەرایەتی و ٢٧ نوسینگەی لەسەر ئاستی پارێزگا (ھەولێر- دھۆک – سلێمانی – ئیدارەی گەرمیان -راپەڕین – سۆران) و قەزاو ناحیەکان کاری لێکۆڵینەوە ئەنجام دەدەن.

دەزگا حکومییەکان:

دەستەی چاودێری مافی ئافرەتان

ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان

کۆمیتەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

پەیڕەوی ناوخۆ– کومیتەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان (کوردی و عربی)


وەزارەت ناوخۆ:
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان:

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ھەولێر

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان – سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان – دھۆک
وەزارەتەکانی تر:
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی – بەرپرسی شێڵتەرەکانی ئافرەتان.

وەزارەتی ئەوقاف کاروباری ئایینی – بەرپرسی جوڵاندنی ھەوڵە ئاینییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان.

ھزر و نەریتی چەوت بکوژێنەوە؛ نەک ژیان....
#پێکەوە_خێزان_دەپارێزین
Top