هێزی بەغدا لە شپرزەیی ماڵی كورددایە

هێزی بەغدا  لە شپرزەیی ماڵی كورددایە

ئەگەر بە سەراپای مێژووی عێراقدا بڕۆینەوە، بەو مانایەی كە هاووڵاتی چەقی كارەكان و سیستمی حوكمڕانییەكەی بووبێت، یان پێكەوەژیان و دادپەروەری بنەمای بووبێت، دەبینین دەوڵەتبوون تەنیا ناوێك بووە و سیما و بنەماكانی دەوڵەتبوون لەم وڵاتەدا نەبووە. رەنگە لە سەردەمی پاشایەتیدا وڵاتێكی ئارام و تا راددەیەك پێكەوەژیان هەبووبێت، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی بەریتانییەكان كە مەلیك فەیسەڵ رەنگە تەنیا دیكۆرێك بووبێت، ئەگینا لە واقیعدا حوكمڕانی بە دەست بەریتانییەكان بووە. لەدوای ئەو مێژووەوە عێراق ئیتر وڵاتی بكوژ و ببڕ و زاڵكردنی ئەم نەتەوە بە سەر ئەو نەتەوە و ئەم مەزهەب بە سەر ئەو مەزهەبدا بووە و، وڵاتی ئینقیلاب و نائارامیی سیاسی بووە لە مێژوودا، لە دوای ئازادكردنیشی ماوەیەكی كەم بە ئیدارەی هاوپەیمانەكان تۆزێك ئارامیی بینیوە، دوای ئەوەش جگە لەوەی سەردەمی تۆڵەكردنەوە و كوشتن و بڕین و سەرهەڵدانی چەندین گرووپ و تاقمی چەكدار بووە تا سەرهەڵدانی داعش و، مەیدانێك بووە بۆ شەڕ و بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز و جگە لە داگیركردنی سەروەت و سامان و داهات و بەشكردنی وەك میرات بۆ چەند لایەنێك هیچی دیكە نەبووە. ئەوەی تا ئێستاش بە شێوازی مەدەنی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ حكومەتی بەغدا دەكات.
تەنیا كوردە كە بە دانوستان و بە یاسا و بە دەستوور باس لە كێشەكان دەكات. تەنیا هەرێمی كوردستانە كە نەوت بە ئاشكرا دەفرۆشێت و نكۆڵیی لێ ناكات، سەدان كێڵگەی نەوت بە دەست وڵاتانی دەوروبەر و گرووپە چەكدارەكان و خێڵ و عەشیرەتەكانەوەیە، نە كەس دەزانێت داهاتیان چەندە و نە كەسیش دەزانێت لە چ رێگەیەكەوە دەیفرۆشن. گرووپ و تاقمەكانی دیكە بە جووڵاندنی شەقام و هەڕەشە و كاری پارتیزانی لەگەڵ حكومەت دەدوێن و داواكارییەكانیان تەنیا لە بەرژەوەندیی خۆیانە و هەموو كارێكیش بۆ ئەو بەرژەوەندییە دەكەن.
وڵاتێك سەروەریی نەمابێت، نەزانرێت كێ حوكم دەكات، تویتێكی مەرجەع، یان سەرۆكی گرووپە چەكدارەكان شەقام دەوروژێنێت و تا چەند رۆژێك وڵات ئارام نابێتەوە، نازانرێت شوێنی هاوسەنگیی هاوكێشە ئەقلیمی و نێودەوڵەتییەكان چۆنە و حوكم لای كێیە و شەقام بە دەست كێیە. ئەو هەموو داهاتە هەیە، كەچی ژێرخانی ئابووری سفرە و بژێویی رۆژانەی خەڵك لەسەر قەرزە! ئەمانە و چەندین كێشەی دیكەش هەن، بەڵام كاتێك كورد ماڵەكەی خۆی شپرزەیە و هەركەس بۆ خۆی كارتی چوون بۆ بەغدا بەكاردینێت، گوتار و سیاسەت و ستراتیژێكی یەكگرتوومان نییە، تیمی كورد لە بەغدا هەركەس بە ئاوازێك دەخوێنێت، لە بەرامبەر ئەم شپرزەییەی ئێمە دا بەغدا بەرامبەر بە كورد بووە بە زلهێز و دەرەقەتی نایەین، بە راست و چەپدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان نادادپەروەری دەكات و مافەكانی پێشێل دەكات و بێبەشی دەكات و پول بە پول بە دوای داهاتی كوردستاندا دەگەڕێت، كەسێك نییە بە حكومەتی عێراق بڵێ ئەم هەموو داهاتەی وڵات بۆ كوێ دەڕوات، وا خەریكە عێراق نوقمی قەرز دەبێت. لەبەر ناكۆكییەكانی خۆمان هەموو لاوازییەكانی بەغدامان بیرچووەتەوە و هەر كەس بۆ خۆی بە جیا رادەكات بۆ بەغدا و، كێشەی مووچەی هاووڵاتیان وەك كارتی موزایەدە بەكاردێنێت، لەبری ئەوە پێویستە هەموو بە یەك تیم و بە یەك دەنگ، لەسەر نادادییەكانی بەغدا بەرامبەر كورد دەنگ هەڵبڕین. بە بڕوای من شپرزیی نێوماڵی كوردە كە بەغدای لەخۆبایی كردووە، ئەگینا لە هەموو عێراقدا گرووپ و نەتەوە و تاقمێك نییە وەك كورد مەدەنی و یاسایی مامەڵە لەگەڵ پرسەكاندا بكات.

Top