دروشمە ژینگەییەكان زادەی ئەزموونەكانی ژیانن

دروشمە ژینگەییەكان  زادەی ئەزموونەكانی ژیانن

زۆربەی پڕۆژەكان لە سەرەتاوە لە هزردا وەك بیرۆكەیەك دێنە ئاراوە، دواتر كاریان لەسەر دەكرێت و بە شێوەی كرداری بەرجەستە دەكرێن، دواتریش هەر لەو پڕۆژانەوە چەندین وانە فێر دەبین، هەر یەك لەو وانانەش لە كەمترین وشە و رستە و پەڕەگرافی كورتدا دێنە دەربڕین و، دەبنە ئەو دروشمانەی كە لە ژیاندا رێگە بۆ نەوەكانی داهاتوو رووناك دەكەنەوە.ئەمانەی لای خوارەوەش بەشێكن لەو دروشمە ژینگەییانەی كە لە ئەزموونەكانی ژیانەوە هاتوونەتە بوون:
- ئەمڕۆ درەختێك، سبەی دوو درەخت، لە ئایندەدا دارستانێك.
- مادە ئۆرگانییەكان زۆرینەی پاشماوە فڕێدراوەكانن، بابیكەینە پەینی سرووشتی.
- بۆ ئەوەی هاوسەنگیی لە ژینگەدا پارێزراو بێت، ئاژەڵی كێوی بپارێزن.
- مرۆڤەكان هۆكاری سەرەكیی پیسكردنی ژینگەن، هەر خۆشیان دەتوانن هۆكاری پاككردنەوەی بن.
- پاراستنی دەرامەت و سامانە سرووشتییەكان، ئەركێكی نیشتمانی و مرۆییە.
- ئاو سامانێكی گەورەیە، با بە خاوێنی بیپارێزین.
- گرنگە بزانیت دوو ملیار كەس لە جیهاندا كێشەی كەم ئاوییان هەیە.
- هەلێك بدەی بە ژینگە، هەلێك دەدەی بە ژیان.
- بۆ پاراستنی ژینگە، بە بەرجەستەكردنی یەكێك لەم دروشمانەوە دەست پێ بكە.
- رووبارەكان شادەماری ژیانن، خاوێن بیانپارێزن.
- ئێمەی گەلانی جیهان یەك هزر و یەك دەستین بۆ پاراستنی ژینگە.
- تەنیا ئەم یەك هەسارەیەمان هەیە، كەواتە هەموومان یەك خێزانی گەورەین.
- هەژاری دوژمنی ژینگەیە، با رووبەڕووی ببینەوە.
- گۆی زەوی تاكە ماڵی هەموومانە، با بیپارێزین.
- منداڵان نەوەی ئایندەن، با ژینگەیەكی خاوێنیان بۆ دابین بكەین.
- پلەی گەرمای زەوی بەرز دەبێتەوە، با دووانە ئۆكسیدی كاربۆن كەم بكەینەوە.
- هەر كاتێك ژینگەپارێزیمان خستە پێشەوە، پێشكەوتن و گەشەپێدانیش دێنە پێشەوە.
- هەوا پیس مەكەن، بۆ چەند چركە دەتوانن بێ هەوا بژین؟!
- مین دوژمنی خاك و مرۆڤە، با دژی بەكارهێنانی بین.
- پاشماوەكانی جەنگ لەوانەیە بە مادەی تیشكاوەر پیس بووبن، دەستیان لێ مەدەن.
- گەشتوگوزار گرنگە، بەڵام بە پاراستنی ژینگەوە.
- لاوان خاوەنی ئێستا و ئایندەن، با ژینگەی ئایندەیان پاك رابگرین.
- ئاوی ژێر زەوی، سامانی یەدەگی ئایندەی گەلانە، با بیپارێزین.
- گەشەپێدان پێویستە، بەڵام لە پاڵ پاراستنی ژینگەدا.
- چینی ئۆزون لە مەترسیدایە، با بەكارهێنانی گازەكانی (سی . ئێف . سی) رابگرین.
- با گوندەكان ئاوەدان بكەینەوە، بۆ ئەوەی ژینگەی شارەكان هێمنتر بێت.
- بەڵێ بۆ بەكارهێنانی هۆكاری گواستنەوەی گشتی و، كەمكردنەوەی بەكارهێنانی گواستنەوەی تایبەت.
- پەنابردن بۆ بەكارهێنانی وزەی خاوێن و جێگرەوە، هۆكارێكە بۆ كەمكردنەوەی گازە زیانبەخشەكان.
- با پشتگیری لە دامەزراندنی كارگەكانی دووبارە دروستكردنەوەی شووشە و پلاستیك و كاغەزی بەكارهاتوو بكەین.
- بایەخپێدانی زیاتر بە بابەتی ژینگە لە قۆناغەكانی خوێندندا، بایەخدانە بە ئێستا و ئایندەی ژینگەی كوردستان.
- شەقامەكانمان بەرگەی ئەم هەموو ئۆتۆمبیلە ناگرن، با هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی تایبەت مەرجدار بكرێت.
- بایەخدان بە سەنتەرەكانی ژینگە و باس و توێژینەوە ژینگەییەكان لە خوێندنی باڵادا، پێویستییەكی ئەم قۆناغەیە.
- هەماهەنگیی نێوان دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و وەزارەتەكانی دیكەی حكومەت، زامنی پاراستنی ژینگەیە.
- تەرخانكردنی ماوەیەك بۆ ژینگە رۆشنبیری لە میدیا و هۆكارەكانی راگەیاندندا، نیشانەی گیانی بەرپرسیاریەتییە.

Top