رۆڵ و کاریگەرییەکانی نێچیرڤان بارزانی، لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان

رۆڵ و کاریگەرییەکانی نێچیرڤان بارزانی، لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان

سایتی (فرۆنت پەیج مەگەزین)، کە بەشێکە لە سەنتەری ئازادیی (دەیڤید ھۆرۆویتز) لە کالیفۆرنیا، ڕاپۆرتێکی دەربارەی یەکسانی ڕەگەزی لە ھەرێمی کوردستان و سەردانەکەی ئەم دواییەی (مەلالە یوسف زای)، چالاکی بواری ژنان لە پاکستان و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ، بۆ ھەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە ‌و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، کە سەردانەکەی (مەلالە) و گێڕانی ئاھەنگی لەدایکبوونی ناوبراو لە ھەرێمی کوردستان، مانای ئەوەیە کە لەو ناوچەیە گرنگیی زیاتر بە بەھێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی ژنان دەدرێت.
ڕاپۆرتەکە باسی لە دیدار و گفتوگۆی (نێچیرڤان بارزانی) و (مەلا‌لە یوسف زای) کردووە، کە تایبەت بووە بە چۆنێتیی یارمەتیدانی ژنان و کچانی ئاوارە،‌ کە بە ھۆی شەڕی داعشەوە لە پڕۆسەی خوێندن دابڕاون و، بە ڕای نووسەری بابەتەکە، چاوپێکەوتنی چالاکێکی دیاری بواری ئافرەتان، ڕەچاوکردن و بەگرنگزانینی مافی ئافرەتانە لە ھەرێمی کوردستان.



فرۆنت پەیج مەگەزن، لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتە شیکارییەکەیدا باسی لە جیاوازیی ڕێژەی توندوتیژی کردووە بەرامبەر بە ئافرەتان، لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراقدا و لەو بارەیەوە، ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی وەبیر ھێناوەتەوە، سەبارەت بە یاسای ڕێگریکردن لە کوشتنی ژنان لەسەر شەرەف و دەنووسێت، لەو کاتە بەدواوە تاوانەکانی کوشتنی ژنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیون. ئەوەش وەک ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە خستوویەتەڕوو، ئاماژەیەکە بۆ دەرەنجامی ئەرێنیی یاساکە لە درێژماوەدا و باسی لە لێدوانێکی (نێچیرڤان بارزانی) کردووە، کە دەڵێت،یاساکان دەسەڵاتمان دەدەنێ، کە ھەنگاوی کرداری و سیستەماتیک بنێین بۆ نەھێشتنی توندوتیژی دژی ژنان. سەرەڕای ئەوەی یاسا ھەیە بۆ ڕێگری لە کوشتنی ژنان، لە ھەمان کاتدا سەنتەریش ھەیە بۆ پاراستنی ئەوانەی لەژێر ھەڕەشەدان و دامەزراوەی تایبەت بۆ نەھێشتنی توندوتیژی دژی ژنان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە.

ڕزگارکردنی کچان و ژنانی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش، تەوەرێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیە و لەو بەشەدا ئاماژە بە کردنەوەی نوسینگەی تایبەت بە ئازادکردنی ئێزدییەکان کراوە لە لایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی، کە تا ئێستا ئەو نووسینگەیە توانیویەتی زیاتر لە (٣٦٠٠) کەس لە کچان و ژنانی ئێزدیی دیلی دەستی داعش ڕزگار بکات. ئەوەشی بۆ بەدواداچوون و گرنگیدانی (نێچیرڤان بارزانی) بە دۆسیەی ڕزگارکردنی ئێزدییەکان گەڕاندووەتەوە، بە شێوەیەک کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دڵنیایی ئەوەی داوە، کە ھەموو ھەوڵێکی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ ڕزگارکردنی سەرجەم بەدیلگیراوەکانی کوردی ئێزدی.

ھەرچەند کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگەیەکی عەشایری و خێڵەکییە، بەڵام چەسپاندی ئەو یاسا و رێوشوێن و دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتی دژی توندوتیژی دژ بە ژنان، ئاماژەیەکی گەشە بۆ پێشکەوتن لەم کۆمەڵگایەدا، ئەگەر لەچاو گەیشتن بە یەکسانی تەواو لە چاو وڵاتە پێشکەوتووەکان کەمیش بێت، بەڵام بە ئیرادە و باوەڕبوون بە ئازادی و یەکسانی رەگەزی، سەرەڕای ھەموو کۆسپەکان، جێگای رێزلێنان و ھاوکار کردنە.

ھەروەھا راستە ئامارەکانی توندوتیژی روو لە زیادبوونە، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین ساڵانە رێژەی دانیشتووان زیادتر دەبێت و ئەگەری ئەوەش ھەیە، کە حاڵەت یان دیاردەی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان، پێشتر بەھۆی داب و نەریتەوە تۆمار نەکرابێت و پەردەپۆش و لە چوارچێوەی یاسای دیکەدا و بە توندوتیژی ھەژمار نەکرابێ، بەڵام ئێستا بەھۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەناڵەکانی راگەیان و ئاستی وشیاربوونەوەی ژنان و کچان، توندوتیژییەکان تۆمار بکرێن و لێی بێدەنگ نەبن.

Top