لەج قۆناغێکداین و چارەسەر چییە؟

لەج قۆناغێکداین و چارەسەر چییە؟

ئەڵبەتە بارودۆخی کورد و کوردستان ھەرگیز لە مێژوودا قۆناغێکی ئەوەندە ئارام و سەقامگیری نەبووە کە بیر لە گەشەسەندن بکاتەوە، بەڵکو ھەمیشە بەدوای چارەسەری ئەو کێشە و قەیرانانەوە بووە کە رووبەڕووی بۆتەوە، یان بۆی دروست کراوە، بۆیە لەگەڵ ئەم سرووشتەدا راھاتووە و ئەزموون و پشوودرێژییشی ھەیە، بەڵام بارودۆخی ئێستا تەنیا نەوەستاوەتە سەر رووبەرووبوونەوەکانی کورد و کێشە ناوخۆیی، یان دەرکییەکانی. ئەمانە ئەگەر چی مەترسیدارن، بەڵام زۆرێک لەو کێشانە بە رەوینەوەی بەستەڵەکە سیاسی و دیبلۆماسییەکان بەئاسانی چارەسەر دەبن، لە ئێستدا گرفتەکە گرفتی بێئومێدی، نائارامیی دەروونی، ئاگردان ساردی، داڕمانی ژێرخانی ئابووری و گیرفانی تاک بەتاکی کۆمەڵگەیە و ئەمانە سەرچاوەن بۆ تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دەردوبەڵای کۆمەڵایەتی و تێکچوونی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگە، بڵاوبوونەی ھەژاریی کوشندە، نەخۆشی و بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان، نەخوێندەواری و کێشەی کۆمەڵایەتی و ...ھتد، ئەمانە بە رێککەوتنی سیاسی و دیبلۆماسی ئاسان نییە، تا ئاسەوارەکانیان بسڕیدرَتەوە، کاتێک گەنجەکان تووشی لادان دەبن، چ میکانیزمێک ھەیە کە بیانھێنێتەوە سەر خۆیان و چۆن ریفۆرم دەکرێنەوە؟ ئەو خێزانانەی ھەڵدەوەشێنەوە دوایی چۆن رێک دەخرێنەوە؟ جگە لە بارودۆخی شوێن و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک نەخۆشخانە، قوتابخانە، زیندان، دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و خانە کۆمەڵایەتییەکان کە خەڵکانی بێسەرپەرشت و بێنەوایان تێدایە و ھەمووشیان بۆ دروست بوونەوەی ژیان پێویستیان بە ھاوکاریی مادی ومەعنەوی ھەیە، لە ئێشتادا کە بارودۆخی سەختی ئابووری ھەموو ئەمانەی ئیفلیج کردوە و ھەموو ئەوم شوێنە گشتییانە مەرجەکانی تەندروستی و گەرم کەرەوە و خزمەتگوزارییان تێدانییە، چ دەرگایەک ھەیە لەم کاتەدا لێی بدرێت، کە ھیچ نەبێت بووژانەوەیەکی خێرا لەم سێکتەرانە و ژیانی خەڵکدا بکرێت. ھەرێمی کوردستان تا چاوی لە کاسەی بەغداد بێت، بێ شێو سەردەنێتەوە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە چاو لەو نادادی و پێشێلکردنی دەستوور و یاسا و مافەکان دابخرێت، بەڵکو دەبێت پڕۆسەیەکی بەردەوامی تا ئاستی دادگابردنی نێودەوڵەتیش بێت، تا ھەموو ئەومافە پێشێلکراو و نادادپەروەرییانەی کە لە عێراقدا بەرانبەر کورد کراوە کاری بۆ بکرێت و ئەگەر بە دانوستان و دیبلۆماسی چارەسەر نەکرا، ئەوا بەرەو دادگا ببردرێت، بەڵام باسەکە (ئەوەی ئەم ساتە وەختە بەغداد بەھانای ئەم قەیرانە سەختەی باشوری کوردستان نایەت) باشترین رێگە گەڕانەوەیە بۆ ناوخۆ و چاکسازییەکی خێرا و گەڕانەوەی ئەو داھاتا بە نایاسا و ناڕێ رۆیشتووانەی کە لە خاڵە سنوورییەکان ھەیە و داھاتی بە ناوخۆوە دەچێتە گیرفانی ھەندێک لایەن و بەرپرس، لەگەڵ جیاکردنەوەی مووچەخۆری شایستە لە ناشایستە و، گەیاندنی ھاوکاریی خێرای خواردەمەنی و سووتەمەنیی پێوسیت بۆ خێزانە کەم دەرامەت و داھات کەمەکان وەک فریاکەوتنێکی کتوپڕ، لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی بە قۆناغبەندی ئەوەی کە دەستبەجێ و خێرا دەکرێت و داھاتێک بێتەوە ناو سندوقی گشتی، ئەوانی دیکەش بە قۆناغبەندی دەستیان بۆ ببردرێت، ھاوکات کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و بەرپرسانی باڵا و بڕینی مووچەی بندیوار و نەھێشتنی فرەمووچەیی. بەمانە دەتواندرێت بە خێرایی بڕێک پارە بگەڕێتەوە بۆ حکومەت تا بتوانێت دابینی بەشێکی مووچەی پێ بکات، ئەوکات دەتوانێت بە لەسەرخۆیی کار بۆ مافەکانیشی لەبەغدا بکات، ئەگەرنا بەغدا کارتی ھەژاری و بێمووچەیی و برسێتیی خەڵکی کوردستان بەکاردێنێت و زیاتر فشارەکان دەخاتە سەر ھەرێم، تا بتوناێت کێشەودووبەرەکیی ناوخۆییش دروست بکات.
Top