بۆ نەمانی توندوتیژی لە پێناو یەکسانی و مرۆڤسالاریدا

بۆ نەمانی توندوتیژی لە پێناو یەکسانی و مرۆڤسالاریدا

٢٥ ی نۆڤەمبەر رۆژی جیھانی بەرەنگاری توندوتیژی لە دژی ئافرەتان، ناونیشانێکە بۆ رامان لەو پەڵە ڕەشەی ھەتا ئەمڕۆش بە ناوچاوانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتییەوەیە. توندوتیژیدژی ژن کە دیاردەیەکە بە قووڵایی مێژوو، ئەمڕۆ بە پانتایی ھەموو جیھانی مرۆڤایەتی لە ئارادایە و وەک دیاردەیەکی نێگەتیڤی جیھانیی، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە و بە پێێ کولتور، داب و نەریت و بەھا مەعنەوەییەکان و ھەلومەرجی تایبەتی نەتەوەکان لە ھەموو شوێنێ، بەدیی دەکرێ.

ژن، ئەو مرۆڤەی کە ژیان و مرۆڤایەتی بەبێ ئەو لە مان و بەردەوامیی دەکەوێ بە پانتایی جوغرافیا و کۆمەڵگاکانی ئەم جیھانە، بە چەندین جۆر و چەشن لە ھەموو ئاستەکاندا لە گەڵ توندوتیژیی روو بە رووە. ئازاری فیزیکی و جەستەیی، رۆحی و دەروونی، جنسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی لە ھەموو ئاستەکانی پێوەندیی تاکی، خێزانیی، کۆمەڵگایی وژینگەی ژیان و کار، لە ناو ھەموو چین و تۆێژەکاندا، ئەو جۆرانەی توندوتیژیین کە ژن گیرۆدەیانە و مرۆڤایەتی مرۆڤ، پێی خەوشدار بووە. راستییەکی تاڵ، بەڵام حاشاھەڵنەگرە کە دیاردەی چەوساندنەوە و توندوتیژیی دژی ژن تایبەت بە وڵات و کۆمەڵگا دواکەوتوو و نەریتیەکان نییە. ئەوە تەنیا وڵات و نەتەوە رۆژھەڵاتییەکان نین کە ئەم دیاردەیان تێدا باوە. بەڵکو لە جیھانی پێشکەوتوو و لە ناو وڵاتان و نەتەوە رۆژاوئاییەکانیشدا بە جۆر و چەشنی خۆیان، توندوتیژی دژ بە ژن دیاردەیەکە لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان. بە داخەوە گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییە گەورەکان و پێشکەوتنەکانی زانست و تەکنۆلۆژیایش لە پاڵ چوونە سەرێی ئاستی بایەخ و گرینگی دان بە مافەکانی مرۆڤ، نەیانتوانیوە ئەم دیاردەیە لە کۆڵ ژن و لە کۆڵ مرۆڤایەتی بکەنەوە. ئەمڕۆ لە جیاتی بنەبڕ کردنی ئەم دیاردەیە و ھەڵکشانی رێز و خۆشەویستی ژن، پێ بە پێی ئەو پێشکەوتنانە، بە کالایی کردن و کڕین و فرۆش و بازرگانی کردن بە ژن و جەستەی ژن، لە ھەڵکشانی زیاتر دایە. جیھان لەم پێوەندییەدا پێویستی بە بەخۆدا چوونەوە، رامان و چارەسەری ھەیە. پێویستە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک چۆن پەرۆشی داکوژانی جەنگەکان و چارەسەرکردنی مەسەلەی کۆچ و ئاوارەکان و پەرەپێدانی ئابووری و گەشەی بازرگانی ھەیە، ئا بەوجۆرەش پەرۆشی بنەبڕ کردنی ھەڵاواردنی جنسی و نەھێشتنی توندوتیژیی و ھۆ و ھۆکارەکانی ببێ. بە کورتی جیھان پێویستی بە مرۆڤایەتی کردنی زیاتر ھەیە و تا کاتێ ھەڵاواردن و توندوتیژیدژ بە ژن کۆتایی نەیەت، ئەم ئامانجە وەدیی نایەت. مرۆفایەتی کردنی جیھان و نەھێشتنی توندوتیژیدژ بە ژن، ھەر لەو کاتەدا کە پێویستیی بە تێکۆشانی بێوچانی خودی ژن ھەیە، لە ھەمان کات دا، پێویستی بە رۆڵگێڕانی پیاو ھەیە. پیاوان لە سەریانە دەوری خۆیان لە کۆتایی ھێنان بەم پەڵە ڕەشەی کۆمەڵگای جیھانیی بگێڕن. لە نموونە کوردییەکەیدا بیر و کرداری پێشەوا قازی محەمەد لە رەفتار و ھەڵوێستی لە سەر ژن و پرسی ژن ٦٧ ساڵ لەمەوبەر لە کۆمەڵگایەک بە ھەموو تایبەتمەندییە نەریتیەکانەوە، نموونەیەکی پرشنگدار لە دەوری مرۆڤسالارانەی پیاوە. ژنی کورد ھاوکات لە گەڵ ئەوەی وەک ژنی ھەر نەتەوەیەکی دیکەی ئەم جیھانە گیرۆدەی توندوتیژیھاوشێوەی گشتییە، وەک ژنی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و دابەشکراو و نیشتمان داگیر کراو و بندەستی نەتەوایەتی، توندوتیژیتایبەت بە خۆی و ھەلومەرجی سیاسیی خۆی لە سەر بارە. ژنی کورد، زیاترین باجی واقعی داگیرکراوی وڵاتەکەی و سیاسەتی داگیرکەرانەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی داوە و بەشی زۆری ئازارەکانی ژێنۆسایدی کورد و ھێرش و جەنگ و کاولکردنی کوردستانی بە ھەر دوو جۆرە مادی و مەعنەوییەکەیەوە، پێبڕاوە. ھاوکات ھێندێک لە داب و نەریتە کولتوری و کۆمەڵایەتیەکانی خودی کوردەواری، توندوتیژیدژی ژنی کورد بەرھەم دێننن و لە ژێر کاریگەرییاندا، دەرھەق بە ژن تاوانی دژە مرۆڤیی دەخوڵقێ. چ ناڕەوایە داگیرکەرانی کوردستان بە سیاسەت و رەفتارەکانیان، بە شەڕ و بە خوێن رێژییەکانیان ژنی ئەم نیشتمانە لە ئازار و خەم و جەرگ سووتان و زیندان و گرتن و کوشتن بگەوزێنن و ھاوکاتیش، خێزان و کۆمەڵگای کوردەوارییش بە حوکمی دابونەریتە ناڕەواکان بۆ جەستە و رۆحی ژن وەک نیوەی کۆمەڵ، ژن وەک ھاوسەر، وەک دایک، وەک خوشک و وەک کچ ھەمان دۆخ دروست بکەنەوە. لە گەڵ ئەوەشدا، ئەزموونی سەربەستی و ئازادیی کورد، لە دوو نموونەی وەک دەوڵەتی جمھوری کوردستان لە رۆژھەڵاتی کوردستان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە باشووری کوردستان، نیشانی داوە کە ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان بواری ھەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایانەی دژی ماف و ئازادییەکانی ژنە دەرخەسێنێت و دەسەڵاتی کوردستانی پاڵپشتی لە یەکسانی و بەرابەری ژن لە گەڵ پیاو دەکات و لە ئاستی خێزان و کۆمەڵگاشدا ھەلی ئەوە دروست دەبێت کە دیاردەی توندوتیژی وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی گشت کۆمەڵگا لە بێدەنگی و شاراوەیی دەربێت، بۆ چارەسەر و نەھێشتنی بکەوێتە رۆژەڤی تاک و کۆمەڵگا و دەسەڵاتەوە. لە پێناو ژیانی بەختەوەرانەو مرۆڤسالارییدا، تاک و کۆی کوردەواری بە ھەر دوو رەگەزی ژن و پیاوەوە دەبێ لە ھەر بار و دۆخێکی سیاسیدا، لە تووڕدانی ئەو کولتور و دابونەریتانەی توندوتیژیدژی ژن دەخوڵقێنن، درێخی نەکەن و بۆ گەیشتن بە ئاستە بەرزەکانی ماف و ئازادییش، ژنی کورد پێشەنگی خەبات بۆ رادانی داگیرکەران لە نیشتمان و گەیشتن بە سەربەخۆیی و سەروەریی سیاسیی بێ.

ھزر و نەریتی چەوت بکوژێنەوە، نەک ژیان....
#پێکەوە_خێزان_دەپارێزین
Top