ئاشتەواییەكی نیشتمانی و هەستیكی نیشتمانیمان پێویستە

ئاشتەواییەكی نیشتمانی و هەستیكی نیشتمانیمان پێویستە

ئەڵبەتە ئاسان نییە باس لە دروستكردنی هەستی نیشتمانی لە كۆمەڵگەیەكدا بكەین، كە مێژوویەك بە دابەشكردندا رۆیشتبێت، هەر لە سەردەمی رژێمی بەعسەوە كە كاری دەكرد تا لەناو خێزانێكیشدا متمانەی تاكەكان بە یەك نەهێڵیت. هەروەها شار و لادێ و گەڕەك بە گەڕەك جیاوازی لە نێوانیاندا دروست دەكرد و هەمیشە كاری دابەشكردن و زاڵكردنی چینێك بە سەر چینێكی دیكەدا بوو، دواتریش كۆمەڵگەیەكی حزبی دروست كرا، كە دابەشبوون لەسەر بنەمای ئینتیمای سیاسی درێژ بووەوە بۆ پرسە كۆمەڵایەتیەكانی وەك هاوسەرگیری و پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانیش، ئیتر جگە لە بیری هاوردە لە چەپەوە بیگرە، بۆ ئیسلامی سیاسی و ئیسلام بە كولتووری عەرەبی و بیرە هاوردە نامۆكانی دی بۆ ناوكۆمەڵگەی كوردی، ئەوانەش ئەگەرچی نەشیانتوانیبێت گەشەیەكی فراوان بكەن، بەڵام هەریەكەیان بەشی ئەوەندە چەكەرەی كرد كە دابەشبوونێكی دی دروست بكەن لە ناو كۆمەڵگەی كوردیدا.
هاتنی میدیا جیهانی و گڵۆباڵیزەیشن و بیری سەرمایەداری و بەكاڵاكردنی هەموو بیرێك تا مرۆڤیش لە پێناو قازانجدا بەتایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان، كە تا هەنوكەش سەرباری ئەوەی بەشی چەندین وڵات دەزگای راگەیاندنمان هەیە، بەڵام نەبوونی میدیایەكی نیشتمانی كە هەموومان لەژێر چەتری نیشتمان و نەتەوەدا كۆبكاتەوە، بۆشایەكی گەورەیە و بەتایبەتی تریش كە لە رووی بەرهەمی میدیاییەوە كۆمەڵگەیەكی بەرهەمهێن نین، لەوەشدا پشت بە بەرهەمی میدیایی هاوردە دەبەستین، بەتایبەتی لە بواری بابەتی بەزمەسات و كاتبەسەربەری وەك دراماو بابەتە كۆمیدییەكان و كارتۆن و .. هتد، كە ئەمانە ئامرازی گرنگی گۆڕانكاریی پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگین.
ململانێ سیاسییەكان و دابەشبوونی زۆن و هاتنە ئارای چەندین ئەجندای دەرەكی و كەسی و ناوخۆیی بۆ دابەشكردنی كوردستان و بانگەشەی ئاشكرا بۆ ماڵ جیاكردنەوە و هەرێم جیاكردنەوەش، ئەمانە هەمووی هۆكاری دابەشبوونێكی رەگی قووڵی بەهێزن كە بە هەوڵ و كارێكی نیشتمانی و ستراتیژێكی گشتگیری سیاسی و ئابووری و میدیایی و پەروەردەیی نەبێت، ئاسان نییە ئەم تاك و هاووڵاتییانە لەژێر چەتری هەست و خەمێكی نیشتمایدا كۆ بكەینەوە، پرسی ئاشتەوایی نیشتمانییش بناغەیە بۆ دروستكردنەوەی ئەم هەستە، چونكە بە ئاشتی لێك تێگەیشتن و لێكنزیكبوونەوە و لەخۆبوردن و قوربانیدان بە بەرژەوەندیی حزبی و كەسی دروست دەبێت لە پێناو نیشتماندا. بۆیە لە ئێستادا كە وڵات گیرۆدەی چەندین قەیرانی سیاسی و ئابووری و تەندروستییە، كە هێندەی دی قەیرانەكانی دیكەشی قووڵ كردووەتەوە. دەبێت سەرەتا بە بانگەشە بۆ ئاشتەوایەكی نیشتمانی لە نێوان پارت و لایەنە بەشدارەكانی هاوكێشە سیاسی و ئیدارییەكەی هەرێم دەستی پێ بكرێت، دواتر بەرەوە ستراتیژدانان بۆ چۆنیەتی بە نیشتمانیكردنی دامودەزگاكانی حكومەت و میدیا و سیستم و لەوێشەوە دروستكردنی هەستی نیشتمانی بۆ تاك دروست دەبێت.
خەمی وڵات ئەركی بونیاتنانەوە لە خەمی تاكە لایەنێك، یان چەند لایەنێك، بەرەوە خەمی هەمووان دەڕوات، رەنگە ئەمەش كاتی بوێت، بەڵام دەست پێ كردن لە تاكە خاڵێكیشەوە بێت، باشترە لە دەستەوسان دانیشتن و بەجێهێشتنی گۆڕەپانەكە، كە دەمانبات بۆ چەندین دەردی كوشندەی وەك تێكچوونی ئاسایشی نیشتمانی و قەیرانی كولتووری و پەروەردەیی، جگە لە لەباربوونی ژینگەكە بۆ دوژمنان و ناحەزانی كورد و هەرێم تا توێی دوژمنانەی خۆیان بچێنن.. ئەڵبەتە ئەمەش پەرچەكرداری ئەم بارودۆخە نییە كە دروست بووە، بەڵكو پێویستییەكی جێگر و هەنووكەیی و نەتەوەیی و سیاسی و نیشتمانی و كۆمەڵایەتیی ئەم كۆمەڵگەیە، تاكو هێندە بەهێز بێت، كە بەرگەی قەیرانە یەك لە دوای یەكەكان بگرێت.

Top