دەستەی ژینگە لە قۆناغێكی نوێدا

دەستەی ژینگە لە قۆناغێكی نوێدا

لەگەڵ دەستبەكاربوونم وەك سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، بە پێویستمان زانی ژینگەپارێزی لە دروشمەوە بەرەو هەنگاوی كرداری ببەین، لەوانە بۆ نموونە:
قەدەغەكردنی بوتڵی پلاستیكی
بە نووسراوی ژمارە 1013 لە رێكەوتی 23/9/2020 بە دروشمی (با لە خۆمانەوە دەست پێ بكەین) بڕیارمان دا بە:
یەكەم: قەدەغەكردنی بەكارهێنانی دەبەی پلاستیكیی ئاو لە دیوانی دەستە و فەرمانگەكانی ژینگەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان، سوودوەرگرتن لە ئاوی خاوێنی ئاسایی لە ساردكەرەوەكاندا و بەكارهێنانی پەرداخی كارتۆن بۆ ئاو و چای و قاوە، لەبەر ئەوەی كارتۆن زوو شی دەبێتەوە و ژینگەش پیس ناكات.
دووەم: قەدەغەكردنی جگەرەكێشان لەناو بینای دیوانی دەستە و فەرمانگەكانی ژینگە.
پێكهێنانی دادگای ژینگەیی
نووسراوێكمان بۆ نووسینگەی بەڕێز وەزیری داد نارد، تیایدا داوای پێكهێنانی دادگایەكی ژینگەییمان كرد، بەڕێزیشیان بە سوپاسەوە داواكەمانی بۆ چۆنیەتی كاراكردنی داواكەمان، ئاراستەی ئەنجومەنی دادوەری كرد.
ئێمە لە نووسراوەكەماندا نووسیبوومان: «بە هۆی زۆربوونی رووداوە ژینگەییەكان و گۆڕانی لادانە ژینگەییەكان لە سەرپێچییەوە بۆ ئاستی تاوانی ژینگەیی، هەروەها دەستەوەستانی زۆرێك لە یاساكان لە ئاست گەورەیی زیانە ژینگەییەكان و كەمیی زانیاریی ژینگەیی لای بەشێك لەدادگاكان، بۆیە ئێستا زۆرێك لە وڵاتانی جیهان دادگایەكی تایبەت بە ژینگەیان دامەزراندووە، یان دادوەرێكی ژینگەییان لە دادگاكاندا دیار كردووە.
ئێمە لە دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان، هەبوونی دادگایەكی ژینگەیی بە پێویستییەكی سەردەم دەزانین بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو سەرپێچییە ژینگەییە گەورانە دابنێت لە ئایندەدا. ئەگەر ئەمەش نەكرا، ئەوا بوونی دادوەرێكی تایبەت بە كەیسی ژینگەیی لە دادگاكاندا بە چارەسەری دووەم دەزانین، هەر وەك ئەوەی ئێستا لە ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقدا بوونی هەیە، هاوكاریتان جێگەی رێز و پێزانینی ئێمەیە».
بۆردی رێكخراوە ژینگەییەكان
بە مەبەستی كۆكردنەوەی تواناكان و یەكخستنی هەوڵەكان و پاراستنی كات و كاركردن بە گیانی تیم و شێوازی دامەزراوەیی، بڕیارمان دا، بە پێكهێنانی (بۆردی رێكخراوە ژینگەییەكان) بەم شێوازەی لای خوارەوە:
1. لەسەر ئاستی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، رێكخراوە دیار و چالاكەكان بە رەزامەندیی نێوانیان، بۆردێكی لۆكاڵیی بۆ خۆیان پێكدەهێنن و، لەسەر پەیڕەوێكی كاركردن لەنێو خۆیاندا رێك دەكەون، بۆ بەڕێوەبردنی بۆرد و كاتەكانی كۆبوونەوەو كارنامەی مانگانەیان .. هتد
2. فەرمانگەی ژینگەی هەر پارێزگایەك و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، رێكخراوەكانی سنوورەكەی لە ناوەڕۆكی ئەم فەرمانە ئاگادار دەكاتەوە و، هاوكاریان دەبێت بۆ پێكهێنانی بۆرد و ناردنی ناوی رێكخراوەكانی نێو بۆردەكەی سنوورەكەی بۆ دەستەی ژینگە.
3. فەرمانگەی ژینگەی هەر پارێزگایەك و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، كۆبوونەوەیەكی مانگانەی دەبێت لەگەڵ بۆردی رێكخراوەكانی سنوورەكەی خۆی.
4. دەستەی ژینگە كۆبوونەوەیەكی وەرزیی دەبێت لەگەڵ بۆردی رێكخراوەكانی هەر پارێزگایەك و ئیدارەیەكی سەربەخۆدا.
5. بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەستەی ژینگەدا، فەرمانگەی ژینگەی هەر پارێزگایەك و ئیدارەیەكی سەربەخۆ، هەڵدەستێت بە رێكخستنی كات و رێكەوتی كۆبوونەوەی وەرزیی نێوان دەستەی ژینگە و بۆردی رێكخراوەكانی سنوورەكەی.
6. لە دەرەوەی ئەم بۆردە دەستەی ژینگە و فەرمانگەكانی، مامەڵە و پەیوەندی لەگەڵ هیچ رێكخراوێكی دیكە بە شێوەی تاك ناكەن.
هەماهەنگیی لەگەڵ ژینگەی عێراق لەبارەی ئۆزۆنەوە
ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا هەمان ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتییەمان دەكەوێتە ئەستۆ، كە ساڵانێكە لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراقیشدایە، بەتایبەت دوای ئەوەی عێراق لەساڵی 2008ـەوە چۆتە نێو رێككەوتنامەی ڤییەنا و مۆنتریال بۆ پارێزگاریكردن لە ئۆزۆن، بەمەش عێراق دەبێت پابەند بێت بە كەمكردنەوەی بەكارهێنان و قەدەغەی هاوردەكردنی تەواوی ئەو غاز و ماددانەی كە زیان بە ئۆزۆن دەگەیەنن.
ئەنجومەنی نیشتمانیی ئۆزۆن لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بەردەوامە لە هەماهەنگیی لەگەڵ دەستەی ژبنگەی هەرێمی كوردستان و بە هاوكاریی پڕۆگرامی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ژینگە لە رێكخستنی خولی راهێنان و هۆشیاری بۆ كارمەندانی فەرمانگەكانی گومرك و پێوانەسازی و كۆنتڕۆڵی جۆری و بازرگانی و پیشەسازی و دەروازە سنوورییەكان، لەچوارچێوەی پڕۆژەی رزگاربوون و قەدەغەكردنی بازرگانیی نایاسایی بەو ماددانەی كە زیان بە چینی ئۆزۆن دەگەیەنن، ئەمەش بە پشتبەستن بە رێنماییە یاساییە بەركارەكان. بۆ ئەم مەبەستەش چەندین وۆركشۆپ و سیمیناری كرداریی هاوبەش ئەنجام دراون بۆ فێركردنی چۆنیەتی بەكارهێنانی ئامێرەكانی دۆزینەوە و شیكردنەوەی غازە بەكارهاتووەكانی نێو ئامێرەكانی ساردكەرەوە و فێنككەرەوەكان، هەروەها نمایشكردنی زۆر فیلمی دیكیۆمێنتاری و راهێنانكردن بە خاوەنی بەشێك لە شوێنەكانی چاككردنەوەی ئامێرەكانی ساردكرنەوە و فێنككردنەوە، هەروەها بە پێدانی كەرەستە و ئامێری نوێ و پێشكەوتوو بۆ پڕۆسەی پڕكردنەوە و گێڕانەوەی غازەكان.
دەستەی پاراستن چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستانیش بەردەوامە لە هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی بازاڕ و شوێنە بازرگانییەكان و هاوردەكارانی غازی ئامێرەكانی ساردكردنەوەشدا، بە مەبەستی ناساندنی غازەكانی كلۆر فلۆر كاربۆن كە زیان بە ژینگە و چینی ئۆزۆن دەگەیەنن. هەروەها لەم رۆژەشدا داواكارین لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ كە رێگە نەدەن بە هاوردەكردنی ئەو جۆرە لە ئامێرەكانی بەفرگر و ساردكەرەوە و سپلیت كە هێشتا غازەكانی (كلۆر فلۆر كاربۆن)یان تێدا بەكار دەهێنرێن، چونكە هەرێمی كوردستانیش وەك ئەو دوای عێراق پابەند كراوە بە رێككەوتنامەی ڤییەنا و مۆنتریال بۆ پارێزگاریكردن لە ئۆزۆن، بۆیە پێویستە ئێمەش بەردەوام بین لەسەر رێكارەكانی كەمكردنەوەی پلە بە پلەی ئەو غازانەی كە كاریگەرییان لەسەر چینی ئۆزۆن هەیە.

Top