سۆشیال میدیا و سەرکردەی کاریزمای دیجیتاڵی

سۆشیال میدیا و سەرکردەی کاریزمای دیجیتاڵی

بەکارهێنانی راگەیاندن و دەرکەوتن لە راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی کارو چالاکيی سەرکردەکان و پیشاندانی خێزانی سەرکردەکان، نۆرم و سیاسەتی بەشێک لە سەرکردەى سیاسی و پاشا و شازادەکان بووە، تا ئەو رادەی حکومەتە دیکتاتۆرەکان وەک ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کورسی و دەسەڵات بەکاریان هێناوە، هه‌روه‌ها وەک یەکێک لە مۆدیله‌كانی راگەیاندنی حکومەتە دیکتاتۆرەکان بووە، کە بریتی بووە لە مۆدیلی ‘one man show’ واتە 'پیشاندانی تەنيا یەک پیاو' کە مەبەست پیشاندانی تەنيا وێنە و چالاکی و دەرکەوتنەکانی سەرۆکی وڵات بووە، تا ئەو رادەی لە تەلەفزیۆنی کۆریای باکوور کە لە تۆپی پەیرەوکردنی میدیای حکوومی و کۆنتڕۆڵدان لە خوار شاشەکەوە وێنەی سەرۆکی یەکەمی وڵات بە شێوەی ئاڵتوونی بەردەوام دادەنرێت.
ئەگەر سەیری وێنەکانی هیتلەر بکەین، دەبینین راگەیاندن چۆن هەنگاو بە هەنگاو نەک تەنيا وێنەکانی، بەڵکو زمانی جەستەشی بەکارهێناوە، ئاوا گواستوویەتەوە و وێنەگیراوە. تەنانەت لە ژیانی پاشا و شازادەکانیش هەندێکیان ئاوا راگەیاندن بەکار دێنن بۆ مانەوە و گەورەکردنی خۆیان. نموونەی زیندوو لەوانە شازادە دایانا و نەوەکانیەتی. لە بابەتێک كه‌ لە ساڵی ٢٠١٠ لە رۆژنامەی The Guardian بڵاوکرابویەوە بەناونیشانی ‘only Prince Charles’ ناوەرۆکی وتارەکەی باسی ئەوەی دەکرد، کە شاژنی بەریتانیا منداڵ و نەوەی ديكه‌شی هەیە، بەڵام یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی تەنيا شازادە چارلس و نەوەکانی زۆر دەرەکەون لە راگەیاندن، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ سەرباری سیاسەتی پاشاکان خۆیان کە زیاتر نەوەیەکیان زەق دەکەنەوە لە دەسەڵاتدا و بە خەڵک دەڵێن کە میراتی پادشایەتی بەرەو ئەم نەوەمان دەڕوات، یان رەنگە نەوەکانی ديكه‌یان خۆیان خولیای دەرکەوتن و دەسەڵات نەبن، ئه‌وه‌ش دەگەڕێتەوە بۆ شازادە 'دایانا' کە کاری لە سەر وێنە و دەرکەوتنی هەموو جووڵە و کارەکانی کردووە لە راگەیاندن، تەنانەت باسی ئەوەی دەکرد، شازادە دایانا کامێرەشی لە ژووری خەوتنەکەی داناوە، هەمیشە پاپارازی و وێنەگرەکانی لەگەڵ خۆی بۆ هەموو هەنگاوەکانی بردووە، کە مردووە، ژمارەی وێنەکانی يه‌ك ملیۆن وێنە بووه‌، لە کاتێکدا لەو سەردەمەدا كه‌ ئەو کۆچی دوایی کرد، سەرەتای هاتنی مۆبایل بوو، کە گەشەی بە وێنە کەسيیەکان دەدا. ئەو يه‌ك ملیۆنە وێنانەشی وێنه‌گرەکانی بە کامێرای پڕۆفیشانڵی گرتوویانە بۆی، سەرباری پرسە بەناوبانگەکەی ئەمە هۆکارێک بوو بۆ مانەوەی خۆی لە بەرچاوی جیهان و خێزانەکەشی، تا ئەمڕۆش هەردوو کوڕەکەی شازادە 'ویلیەم' و شازادە 'هاری' لەسەر ئەو رەوتەن کە بەردەوام وێنەیان لە راگەیاندنەکان ببیندرێت، ئەمە وایکردووە کە جیهان نەک ناوی منداڵەکانیان لەبەر چاويان بێت، بەڵکو جووڵەی رۆژانەی خۆیان و هاوژین و نەوەکانیان لەسەر پەڕەی رۆژنامەکان بێت، تا ئه‌و ئاسته‌ى كه‌ ته‌نانه‌ت دەری دەخات چی دەخۆن و چی لەبەر دەکەن، يان چۆن دەجووڵێنەوە. ئه‌گەر سەیری راگەیاندنی عێراقی کۆنیش بکەین (سەردەمی رژێمی بەعس)، ئاشکرا ئەمە دیار بوو، كه‌ سه‌دام حوسێن وێنەی خۆی و خێزانەکەی بەردەوام لە سەر پەڕەی رۆژنامە و هەواڵەکانی تەلەفزیۆن بوو، تا پەرتووکی خوێندنیش لاپەڕەی یەکەمی بۆ وێنەکانی سەدام دادەنرا.
سەردەمی سۆشیال میدیا ئەمەی زیاتر تەشەنە پێکرد، چ بۆ دەرکەوتن، چ بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن، ئەوە بوو 'ئۆباما' بردەنەوەی دوو خولی هەڵبژاردنەکەی زۆربەی پسپۆڕان گەڕاندیانەوە بۆ ئەو کەمپینە زۆرەی لە سۆشیال میدیا بۆی کرا، تا ئەو رادەی هەڵبژاردنەکەی ئەمریکا لە سەردەمی ئەودا ناونرا 'social election’ ' چونکە ئەو هەڵبژاردنە سۆشیال میدیا یەکلای کردەوە. جیاوازيی نێوان ئۆباما و رکابەرەکانی زۆر کەم بوو لە دەنگەکان،لاکە پسپۆڕان گەڕاندیانەوە بۆ زۆريی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا لەلایەن ئۆباماوە، کە تیمی دیاری کردبوو بۆ سەرپەرشتيی هەڵمەتەکەی لە سۆشیال میدیا و بەپێى سەرچاوەکان تەنيا لە یوتیوب 25 ملیۆن ڤیدیۆی کاروچالاکیيەکانی ئۆباما هەبوو، جگە لە جۆرەکانی ديكه‌ى سۆشیال میدیا کە بەکاری هێنابوو. بەهاتنی 'ترەمپ' ئەمە زۆرتر تەشەنەی کرد، بەردەوام بڵاوکردنه‌وەی هەواڵ و چالاکی و جووڵەی تره‌مپ لە راگەیاندن و سۆشیال میديا ده‌بينران، کە بە رای هەندێک لە چاودێرانی زۆرێک لەو وێنە و وتار و چالاکیيانەی بۆی بڵاودەکرايه‌وه‌، دوور بوون لە راستيیەوە و ساختە بوون، بۆيه‌ زۆرێک لەسەرچاوەکان دەڵێن
‘fake news’ چونکە لەسەردەمی تره‌مپ هەواڵی ساختە یەکجار گەشەی کرد، دەشڵێن زۆرینەی ئەو وتارە وەسف و پیاهەڵدانانەی کە لە سەری بڵاو دەکرێتەوە، دوو گەنجن، هەر ئەمریکایيش نین، بەڵکو لە وڵاتێکی ديكه‌وه‌ بە پارە شتی بۆ دەنووسن و هەواڵی ساختەی بۆ بڵاو دەکەنەوە، کە لە بەرژەوەنديی ئه‌و بێت. ئەمە بەرەوە ئەوەمان دەبات، کە ئەمڕۆ سەرکردەکان وابکەن، بە وێنە، یان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کاریزما و کاریگەر بن، نەک لە ئەرزی واقیعدا، واتە سەرکردەی کاریزمایی گریمانەیی و بەرچاوی خەڵک بگرن بە وێنە و ئه‌و کردارانەی لە راگەیاندن دەردەکەوێت و کردار فەرامۆش بکەن .
Top