راگەیاندن وەک بزنس نەک وەک پەیام

راگەیاندن وەک بزنس نەک وەک پەیام

ئاشکرایە لەگەڵ یەکەم دەرکەوتنی ریکلامی بازرگانی لە راگەیاندن لە رۆژنامەوە بیگرە تا ئامرازەکانی تر ،مەسەلەی فرۆشتنی بۆشایی و چرکەو کات و ژمارەی بینەورو خوێنەر ئامرازەکانی راگەیاندن بە لایەنی ریکلامکاران بە پارە تا ئەمرۆ بیگرە کە لایک و کلیک فرۆشتنە لەبەرامبەر برێک پارە، کە سیاسەت و پلانی ئەودەزگا راگەیاندنە دیاری دەکات چەند وەردەگرێت و بەچەندی دەفرۆشێت. ئیتر باس و خواسی کاڵ بونەوەی ناوەڕۆک و لاوازی پەیام و گۆڕانی ئامانجی راگەیاندن لە ئەرکە بنەرەتیەکانی بەرامبەر وەرگر گۆڕا بۆ خزمەتی بەکاربەرو بازارو خاوەن کاڵا و شمەکەکان. کە مەسەلەی بە پیشەسازیبوونی راگەیاندنیش هاتە ئاراوە،ئیتر کارگە و کۆمپانیای بەرهەم هێنانی بەرهەمە میدیایەکان وەک کارگەی بەرهەم هێنانی شمەک وکاڵا بازرگانیەکانی لێهات،بەرهەم هێنانی بابەتی میدیای بۆ قازانج و فرۆشتن ،وڵاتانی زلهێزیش وەک چۆن پێوانەی ئاستی بەرهەم هێنان و هەناردەی کاڵاو شمەکە بازرگانیەکانیان دەکرد، ئاواش پێوانەی بەرهەم هێنان و هەناردەی بابەت و بەرهەم میدیایان دەکرد. جگە لەوەی مەسەلەی داگیرکاری کلتوری و کاریگەری نەرم هاتە ئاراوە لەگەڵ ئامانجی قازانج و هەناردەو فرۆشتنی بەرهەمی میدیای لەلایەن وڵاتە خاوەن هێزو زلهێزەکانەوە بۆ ئەو وڵاتانەی توانای بەرهەم هێنانی میدیایان نیەو لاوازن ، ئامنجی وڵاتە بەهێزەکانە کە لەرێگەی داگیرکاری کلتوریەوە دەستیان بەسەردا بکێشن. میدیا رۆژبەرۆژ ئەرکی سەرەکی و ئامانج و بایەخی ونتر کرد بویە شوێنێک بۆ قازانج، بویە شوێنێک بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و تەوزیف کردنی کارمەند،تا ئەوڕادەی ئێستا جگە لەسەندیکای رۆژنامەنوسان،لەئەمریکا سەندیکای کرێکارانی بواری میدیای هەیە،ئەو کارمەندانەی لەکارگەکانی بەرهەم هێنانی میدیا کاردەکەن وەک کرێکار کاروەردەگرن ووەک کارگەکانی تری شمەک بەرهەم هێنان کارمەند لەم کۆمپانیای بەرهەم هێنانە بە تیم و هەرکەسە بەرپرسە بەرامبەر پارچەیەک یان کارێکی دیاری کراو،کە مەرج نیە رۆژنامەنوسیش بن، بەڵکو تەنها وەک پیشەیەک ئەوکارە دەکات و ئەم سەندیکایانەیان بۆ دانرا کە داکۆکیان لێبکات،واتە بەرهەم هێنانی بەرهەمی راگەیاندن لەوەدەرچوو تەنها رۆژنامەوس بەرهەمی بهێنێت. ئەمانە وایکردوە لەمرۆدا راگەیاندن لەلایەن سەرمایەدارەکانەوە وەک سەرچاوەی دەست کەوتنی قاازانج سەیری دەکات و پارەی بۆ دەخاتە کار و کارگەو کۆمپانیای بۆ دادەمەزرێنێت. پێوەر فرۆشە،بینەرە،خوێنەرە،لایکە،کلیکە ،نەک گەیاندنی ئامانجی پەروەردیەیی و زانیاری دانی پێویست بۆ خزمەتی تاک و هاوڵاتی،نەک بەتەنها ئەمەش بەڵکو هەموو زانیاری و پەیامەکانی تریش ئەگەر لە بەرهەمێکی میدییا نمایس بکرێن ،بۆخزمەت کردنە بە ئامانجە قازانجە مادیەکە. ئەمانە وایکردوە رۆژلەدوای رۆژ کاڵ بونەوە ،روکەشبوون ،کاڵ وکرچی ،تا بڵاوکردنەوەی بابەتی نەشیاو نەگونجاو بە نۆرمی ژیانی کۆمەڵگەکان بونەتە سیمای راگەیاندنی ئەمرۆ.لێرەوە پسپۆڕان و چاودێرانی بواری راگەیاندن مشتو مڕو گفتۆگۆی ئەوەیانە کە ئایا چ شتێکی تر دەتوانێت جێگای راگەیاندنە پەیامدارەکە بۆ وەرگر بگرێتەوە،یان چۆن ریفۆرم و چاکسازی لە راگەیاندن بکرێت،یان ئەگەر چارەنوسی هاوڵاتی ونیشتمان بدرێتە دەست ئەم راگەیاندنانە بەرەوکوێمان دەبات.چۆن متمانە لەنێوان راگەیاندن و وەرگر دروست کەینەوە.تا گەشتونەتە ئەو پرسیارەی،ئایا ئەمە راگەیاندنە بەمانای راگەیاندن بۆ پەیام و ئەرکی پەروەردەیی یان ئەمەش بازرگانیەکی رووتە وەک بازرگانی تری شمەک و کاڵاکان؟ بەتایبەتی بۆ ئەووڵاتانەی راگەیاندنیان رێکنەخستوە بۆ خزمەتی هاوڵاتی ونیشتمان و میدیای نیشتمانی و میدیای خەڵک و خزمەتگوزاری گشتیان نیە.
Top