بیری نەتەوەیی لەلای زانایانی کورد . . . لە یادی پە نجا سالە ی دامە زراندنی یە کیتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان

بیری نەتەوەیی لەلای زانایانی کورد . . .    لە یادی پە نجا سالە ی دامە زراندنی یە کیتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان


(*)

بیری نەتەوەیی وەک دەسپێکی مێژوویی و سەرەتای سەرھەڵدانی لە ناخی تاکی مرۆڤی کوردا بۆ ئەو سەردەمە ئەگەڕێتەوە کە دیرۆکی نەتەوایەتی لە جیھانی نوێی ھاتنی ئیستیعماری ئەورووپاییدا ھاتە کایەوە .



ئەو کاتەی وڵاتانی خاوەن دەسەڵاتی داگیرکاری و قۆرخکاریی لە نەخشەی ئەورووپای دوای شۆرشی سەرمایەداریدا بەدیارکەوتن و بە سوپاو تفاقی جەنگی و ھۆیەکانی داگیرکارییەوە ھاتنە ناوچەکانی دەوڵەتی عوسمانی و جیھانی ئیسلامی ئیدی لە پێناو ڕووبەرووبوونەوەی ئەو داگیرکارییانەدا میللەتانی موسڵمانی ناوچەکە بیرو سۆزی نەتەوایەتی و خولیای رزگاری و پێکھینانی دەوڵەتی قەومییان لە ناخدا بۆ درووست بوو .



ئەم مێژووە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەو سەرەتاکانی سەدەی بیستی ھەزارەی دووەمدا دەستیپێکرد بۆیە لەبارەی مێژووی سەرھەڵدان و ھاتنەکایەی ئەم بیرە نەتەوایەتییە لەلای تاکی کورد مێژوونووسی گەورە مامۆستا ئەمین زەکی بەگ دەڵێ تا فارس و عەرەب و تورک نەکەوتنە باس و خستنەڕووی نەتەوەییبوونی خۆیان من ھەستم بە بیرو سۆزی نەتەوایەتی خۆم نەکرد و تا ئەوان نەیانوت ئێمە فارس و عەرەب و تورکین منیش نەموت کوردم .



بۆیە سەردەمی بیری نەتەوایەتی لە جیھانی ئیسلامیدا لەو مێژووەوە دێتە ئاراو بەر لەو سەرھەڵدانە ھەرچی دەربارەی بیری نەتەوایەتی و جوداخوازیی موسڵمانان لەسەر بناغەی نەتەوەو نەژاد بوترێ ئاسنی سارد کوتانەو چ ماناو مەنتیقێکی تێدا نییە .



لەگەڵ سەرھەڵدانی بیری نەتەوایەتیی بە زەروورەتی قۆناغەکەو لە پێناو پاراستنی خود و بەھای نەتەوە موسڵمانەکاندا وەک دیاردەیەکی ئاسایی و تەندروست خوێندەوارو ڕۆشنبیرو زانایان لە ڕیزی پێشەوەی ھەڵگرانی ئەم بیرەدا دەرکەوتن و بوونە پێشەنگی بیروسۆزی نەتەوەیی و پاشان ئاڵابەرزکەرەوەی شۆڕش و سەرھەڵدان و بزافی نەتەوەیی کە ناسنامەی ڕاستەقینەی مرۆڤی زاناو خوێندەواریش تا نیوەی دووەمی سەردەی ڕابردوو ھەر لە حوجرەو مەدرەسە زانستییەکانی مزگەوت و خانەقاو مەڵبەندە ئیسلامییەکانەوە بە مرۆڤی کورد ئەدرا ، بەم پێیە مەلاو زانایانی کورد بوونە ژمارە یەک و مامۆستای ناو ھەڵگرانی ئەم بیرو سۆزەو لەڕێی بانگەشەو زانست و ژیربێژی و تەوفیقی نێوان دەقەکانی ئاین و بەرژەوەندییە مرۆییەکانی پاراستن و مانەوەی نەتەوەو زمان و نیشتمانەوە خەڵکیان بە گشتی بەرەو مەیدانی کوردایەتیی بانگھێشت کرد .



زانایان ومەلا بەناوبانگەکانی کورد کە ئەگەر نەڵێین ھەموویان ئەوا زۆربەی ھەرە زۆریان لەگەڵ تێگەیشتنیان بە زاھیری دەق و علوومی شەرعی دیسان بە پەروەردەیەکی کامڵی ڕێبازی عیرفانی و خواناسیی خانەقاو تەکیەو مەڵبەندەکانی پێگەیشتنی ناخ ودەروون و ئاوێتەبوونیان بە حەقایقی زانستی باتینیی ڕەببانییەوە کەوتنە سەر دێڕی ناونیشان و لوتکەی ھەڕەمی بەرھەمی ئەو بیرە نەتەوەییە .



شێخ عوبەیدوڵلای نەھری و شێخ سەعیدی پیران و پاشان شێخ مەحمودی حەفید ودواتر قازی محمد و مەلامستەفای بارزانی تێکڕا نموونەی دیارو بەرچاوی پیشەنگایەتیی ئەو بیرو ھەستە نەتەوەییەن لە گشت پارچە جیاوازەکانی نیشتمانی کوردەواریدا .



لە سەرجەم شۆرش و سەرھەڵدان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی ھەموو ئەو پارچە جیاوازانەی خاکی کوردانیشدا ھەمیشە مەلاو زانایانی ئاینیی کورد لە ڕیزی پێشەوەی قوربانیدەران و زیانپێگەیشتووانی خەڵک و نەتەوەی خۆیاندا بوون .



لە بواری ئەدەبی بەرەنگاری و بزافی فەرھەنگیی پاڵپشت و ھاندەری بیری نەتەوەیی کورددا کە خۆی لە ئەدەبی موقاوەمەی کوردیدا دەبینێتەوە ئەو ئەرشیفەی مەلاو زاناو دەرچووانی حوجرەو مەدرەسەی زانستە شەرعییەکان بۆ مێژووی ئەدەبی کوردییان بەجێھیشتووە گەواھیدەری دیارو زیندووی ئەو ڕاستییەن کە ئاماژەمان پێدا .



لە دوایین شۆرشی نەتەوەیی و بەرەنگاریی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورددا کە وەک میراتی شۆرش و تێکۆشەرانی ئەم سەردەمەی ئێستاشمان ھەربوون و کاریگەری ھەیە و بریتییە لە شۆڕشی ئەیلول بەو پێیەی شۆرشی ھەموو خەڵک و ناوچە جیاجیاکانی کوردە دامەزراوەی یەکێتیی زانایانی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی کاریگەرو کارا لە پاڵ ئۆرگانەکانی دیکەی شۆڕشدا گەورەترین ڕۆل و کاریگەریی لە ناو خەڵک و شۆڕشدا بینی و بەردەوامیش تا ئێستا لە پاڵپشتیکردنی مەسەلە ڕەواو مافە سرووشتییەکانی میللەت و قەوارە ئیداری و سیاسییەکەیدا کە ھەرێمی کوردستانی عێراقە ئەو ڕۆڵ و پێگەیەی خۆی پاراستووە



لە دوا ئاماژەشدا جێی خۆیەتی ھۆکاری ڕاستەقینەی ئەو ئاوێتەبوون و یەکانگیرییە بەھێزەی نێوان خەڵک و واقیعی کایەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردستانی بە ڕۆڵ و بوون و پێگەی مەلاو زانایانی ئیسلامەوە جگە لە کاریگەری و زیندوویی خودی ئاینی موبین و حەقی خودای تاقانەی پەروەردگاری جیھانیان ، ئەو ئامادەیی و بەشدارە بەھێزەی چەندین ساڵەی ئەو توێژە پێشەنگەیە لەگەڵ بیرو ئازارو مەینەت و حەزو داوا ڕەواکانی نەتەوەدا کە تا ڕۆژێک کوردێک مابێ ئەو ئاوێتەبوون و تێکەڵاوییە بەھێزەی نێوان سۆزی نەتەوەیی و عیشقی ئاینیی نێو ناخی مەلای کوردی لە یاد ناچێ کە شێخ ڕەزای تاڵەبانی بە نوێنەرایەتی ئەو چینە مەعریفییەی میللەتی کورد لە ڕێی بەیتێ شیعرەوە دەریدەبڕێ و دەڵێ :



عەرەب ئینکاری فەزڵی ئێوە ناکەم ئەفچەلن ئەمما



ێلاح الدین کە دنیای گرت لە زومرەی کوردی بابان بوو







(*) ئە ندامی مە کتە بی تە نفیزی یە کیتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان.
Top