ساختە هەواڵ، یان شێواندنی هەواڵ

ساختە هەواڵ،  یان شێواندنی هەواڵ

هەر چەمکێک کە سەرهەڵدەدات، تا مانایەکی دیاریکراوی بۆ ساغ دەکرێتەوە، چەندین زاراوەو ماناو ناوی بۆ دادەنرێت، ئەڵبەتە سەردەمەکەش بەهۆی گەشەی تەکنۆلۆجیاو میدیای ئینتەرنێتی و سۆشیال میدیا، کەچەندین ئەپلیکەیشن و فۆڕمی نوێی هێناوەتە ئاراوە، سەردەمی سەرهەڵدانی زاراوەو چەمکی زۆرو فراوانە. ئەم چەمکە ئەوەی زۆ بڵاوەو پێی دەناسرێت، لە زمانی ئینگلیزیدا بە ''fake new'' ناسراوە، ئەگەرچی تائێستاش مشتومڕێکی زۆر لەسەری هەیە و، تەنانەت لە زمانی عەرەبیشدا بە ''الأخبارالکاذبة'' یان ''الأخبارالملونة'' یان ''الأخبارخدعة'' و ''الأخبار ذائفة'' ناو دەبردرێت. زۆرینە وا لێی تێگەیشتوون کە بەو مانایە دێت هەواڵەکە لە بناغەدا درۆ بێت، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن مەرج نییە هەواڵەکە لە بناغەدا هەمووی درۆ بێت، هێندەی ئەوەی یاری ''تلاعب'' بە ناوەرۆکەکەی دەکرێت و دەشێوێندرێت، یان بەو چیرۆکە هەواڵانەی لەسەر راستی بناغە ناگرن، ناودەبرێت، یان زانیارییەکە دەشێوێندرێت و دەستکاری دەکرێت، هەروەک misinformation ،disinformation زۆرجار بۆ ئەو هەواڵ و بابەتانەی بە چەواشەیی بڵاو دەکرێنەوە، بەکاردێت. ئەم شێواندن و دەستکاریکردنە بۆ هەواڵ و زانیارییەکان نوێ نییە، بەڵکو قووڵاییەکی مێژوویی هەیە، رۆژنامە زەردەکان لە دەورووبەری ساڵانی ١٤٧٥ لەم جۆرە هەواڵانەیان تێدا بوو، بەجۆرێک نموونەی بڵاوبونەوەی هەواڵێکیان دەهێنایەوە کە باسی ئەوەی دەکرد، "جوولەکەکان منداڵێکیان سوتاندوە بۆ ئاهەنگی جەژنی هەستانەوە'' جگە لەو هەواڵ و زانیارییە ناراستانەی لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەم و دوەم و کاتی ململانێ و لە کاتی نائارامییەکاندا بڵاو دەبوونەوە. بۆیە ناکرێت بڵین ئەم بابەتە نوێیە، بەڵکو تەنیا فۆرم و پلاتفۆرم و ئامرازو شێوازەکانی بڵاوکردنەوەو بەرهەمهێنانی گۆڕاوە.
هۆکارەکانی تەشەنەکردنیشی بریتییە: لە هاتنی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و میدیای نوێ و بەردەست و، بوونی تەکنۆلۆجیاو ئاسان بەکارهێنانی بۆ دەستکاریکردن و شێواندنی زانیاری و هاتنە ئارای پەخشی ٢٤ کاتژمێری لەلایەک و، ژینگەی نائارام و ململانێ و کاتی هەڵبژادنەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەشەو تەشەنەکردنی ئەم جۆرەن لە هەواڵ. لەهەمان کاتدا ئەو جۆرە سیاسەتکردن و سەرکەوتنی لە پڕو چاوەروان نەکراوەی سەکردە لە جیهاندا، کە هەندێک لە سەچاوەکان دەڵێن " fake news " واتە "'ترمپ'" چونکە وادەبینرێت دوای هەڵبژاردنەکانی خولی پێشووی ئەمریکا ئەم بابەتەی لەجیهاندا زۆرتر تێدا ورووژاوە و، زۆرترین بانگەشەو هەواڵەکان لەسەر ترەمپ بڵاو دەبێتەوە، کە ساختەن و ناراستییان تێدایە، دەرکەوتووە کە زۆترین ئەو وتارانەی لەسەری دەنووسرێن و پیاهەڵدانی بۆ دەکەن، لەلایەن دوو گەنجی مەقدۆنییەوە و بە پارە بۆی دەنووسن و وزۆرینەی زانیارییەکان بناغەیەکی راستیان نییە. بەهەمان شێوە دوای ریفراندۆمەکەی بەریتانیا بۆ جیابوونەوە لە یەکێتی ئەوروپا ئەم جۆە لە هەواڵ تەشەنەی زیاتری کرد، واتە باودۆخی ناجێگیر و بوونی بابەتێکی هەستیار لە هەر وڵاتێکدا هەبووبێت، ئەم جۆرانە لە هەواڵ زۆربوون، کە لەلایەن بەرەکانی ئەو ململانێییەوە بۆ بانگەشەی خۆیان، یان لە دژی نەیارەکانیان بڵاوی دەکەنەوە، بۆ ئەوەش نموونەی خۆپیشاندانەکەی ساڵی ٢٠١٨ی ئێران دێنێتەوە کە بەهۆی کۆمەڵێ رووداو لە جیهاندا بە ساڵی زۆرترین بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە ناودەبردرێت، نموونەی ئەو کچەی کە شەقی لە پۆلیسێک هەڵدا و وابڵاو کرایەوە کە لە کاتی خۆپیشاندانەکەی ئێران بوو، بەڵام لە بنەڕەتدا لە فلیمێک ئەو گرتەیە وەرگیرابوو. یان باسی هەواڵی هێلەک زەردەکان دەکات لە خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا لە هەمان ساڵ، تا ئەو رادەیەی کە یاسا لەو مەسەلەیەدا دەستتێوەردانی کرد و بەندێکی یاسایی بۆ دەرکرد، بۆ سزادانی ئەو کەسانەی لەوکاتەدا پەنایان بۆ هەواڵی ناراست بردبوو، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە جەنگی سوریای هەمان ساڵ وێنەیەک بڵاوبوویەوە کە کۆمەڵی کڵاوسپی وەک تیمی رزگارکار لە بەرەکانی جەنگ دەرکەوتن، بەڵام لە بنچینەدا تیمی رزگارکار نەبوون، بەڵکو بابەتەکە شێوێندرابوو. بۆیە بارودۆخە تەنگژاوی و هەڵبژاردن و نائارامییەکانیش دایەنگەی گەشەکردنی ئەم هەواڵانەن.
هۆکارەکانی پەنابردنە بەرهەواڵی ساختە و هۆکاری زوو تەشەنەکردنی:
١-کار لەسەر رەگەزی ورووژاندن دەکات.
٢-زوو بڵاو دەبێتەوە.
٣- بۆ هەواڵ، کار لەسەر سۆز و چاوەڕوانییەکانی جەماوەر دەکات.
٤-لایک و شێرو بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە لە هەواڵ زۆرترەو، پسپۆڕان کۆکن لەسەر ئەوەی ساختە هەواڵ ٧٠٪ زیاتر بڵاودەبێتەوە وەک لە هەواڵی راست، هەواڵی راست و دروست شەش هێندە کاتی دەوێت بۆ ئەوەی وەک هەواڵێکی ساختە بڵاوبێتەوە .
کاریگەرییەکانی هەواڵی ساختە:
١-نەمانی متمانە بە راگەیاندن و هەواڵ لە لای جەماوەر.
٢- شکاندنی میدیا باوەڕپێکراوەکان.
٣- دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و وەهم و گومان.
٤-تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و پرسەکانی دیکە.
٥-زۆرجار زیان بە بازاڕی ئابووری و هەڵکشان و داکشانی نرخ دەگەیەنێت.
٦-دروستکردنی کاریگەری لەسەر چەواشەی جەماوەر، لە نێوان بەرەی راست و بەرەی ناڕاست و لە نێوان سەرکردەی باش و خراپ.
٧-کاریگەریی پەروەردەیی و دروستکردنی تاکی نابەرپرس و خولقاندنی ئاژاوەو پشێوی لە وڵاتدا.
زۆربەی وڵاتان یاسایان وەک ئامرازی کاریگەر بۆ بەرگریکریکردن لە تەشەنەکردنی ئەم زانیاری و هەواڵانە، لەگەڵ پەروەردەو هۆشیاری و داهێنانی تەکنیکی و دۆزینەوەو دەرخستنی راستی و دروستیی هەواڵ و زانیارییەکان بە باش زانیوە.
Top