رۆژنامەوانیی مۆبایل، یان دەزگای راگەیاندنی مۆبایل؟.

رۆژنامەوانیی مۆبایل، یان دەزگای راگەیاندنی مۆبایل؟.

گەشەی تەکنەلۆجیا، بەتایبەتی تەکنەلۆجیای کۆمینیکەیشن و زانیاری (ICT) چەندین چەمک و زاراوەی بەدوای خۆیدا ھێناوە، کە زۆرێک لەو چەمکانە لە رووی ماناو دروستی، یان نادروستی ئەو ناوەی لێینراوە مشتومڕی لە ناو پسپۆڕانی بواری میدیاو تەکنەلۆجیا و زمانەوانیدا دروستکردوە. یەکێک لەو چەمکانە چەمکی ''mobile media''یە کە بەمانای راگەیاندن، یان رۆژنامەوانیی مۆبایل دێت، ئەو مشتومڕەی دروستی کردووە، کە ئایا ئەم ئامرازە دەکرێت وەک رۆژنامەو رادیۆ و تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت لە ریزی، یان وەک یەکێک لە ئامرازەکانی دیکەی راگەیاندن دایبنین، یان چ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەمانەدا ھەیە؟.
ھەندێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەگەر وەک یەکێک لە ئامرازەکانی راگەیاندن باسی بکەین، ئەوا دەبینین کە ئامرازەکانی دیکەی راگەیاندن زۆرتر تایبەتمەندیی ئەوشێوازەیان وەک ناو وەرگرتوە، کە وەرگر پێیان دەگات، یان وەریان دەگرێت، بۆنمونە ھەر لە سەرەتاوە رۆژنامە ناوی "راگەیاندنی رۆژنامە" نەبوو، بەڵکو ناوی ''راگەیاندنی چاپکراو'' بوو، ھەروەھا رادیۆ ناوی ''راگەیاندنی رادیۆ'' نەبوو، بەڵکو ''راگەیاندنی بیستراو'' بوو، یان تەلەفزین بەھەمان شێوە "راگەیاندنی بینراو'' بوو، نەک ''راگەیاندنی تەلەفزیۆن'' لەگەڵ سەرھەڵدانی ئینتەرنێت و بڵاوکردنەوەی بابەتدا، سەرەتا نوسراو دواتر بینراو پاشان بیستراو، تا مەڵتی میدیا، ''راگەیاندنی ئینتەرنێت'' یان ''راگەیاندنی ئۆن لاینیش'' ئاماژە، یان ناو بوو بۆ ئەو میدیایەی کە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە پێمان دەگەیشت، ھەر لەو کاتەوە ئیتر دابەشکردنی راگەیاندن بە خوێنراوو بیستراوو بینراوەوە کۆتایی ھات، چونکە ئینتەرنێت لە یەک کاتدا ھەموویانی لە خۆیدا کۆکردەوە، بۆیە ناوی ئامرازەکەی وەرگرت کە ئینتەرنێت، یان ئۆنلاینە. جیھانی گریمانەیی ئەگەرچی جگە لە راگەیاندن بەپێی ئامراز، خاوەندرێتی، ناوەرۆک و تایبەتمەندی و، بە پێی ئەرک پۆلێنی دیکەش کراوە، کەئەمانە دەکرێت لەناو ھەمان میدییا ئۆنلاین و ئینتەرنێتیدا بە پێی ئەوئەرکەی دەیگێڕێت، یان ئەو خاوەنداریەتییە، یان تەیبەتمەندییەی کە ھەیەتی ئەو پۆلێنانە وەربگرێت. بەڵام چەمکی ''مۆبایل میدیا'' بە بەراورد بە ئامرازەکانی پێش خۆی ھەندێک ئاڵۆزیی تێدایە و چەند جیاوازییەکی ھەیە، لەوانە: ئەم چەمکە ناوی ئامرازەکەی وەرگرتووە، واتە ئامێرە، میدیای بینراو یان بیستراو یانیش خوێنراوە نییە، بەڵکو بەناوی ئەو ئامێرەوەیە کە بەدەستمانەوەیەوە و بۆ کاری دیکەی وەک تەلەفۆن و پەیوەندیکردن و وێنەگرتن بەکاری دەھێنین، لەکاتێکدا رادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامە تەنیا ئامرازێکن بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری و بەرھەمی میدییایی و ئەو بابەتە میدیاییانەی کە رۆژانە لە رێگای ئەوەوە پێمان دەگات. لەلایەکی دیکەوە مۆبایل بەبێ بوونی ئینتەرنێت ناتوانێت بەرھەمە میدیایەکان بۆ ئێمە بگوازێتەوە، کەچی ناوی ''میدییای ئینتەرنێت''ی وەرنەگرتوە، لەکاتێکدا ئەگەر ئینتەرنێتەکەی لێ بپچڕێندرێت، ئەوا تەنیا دەبێتەوە بە ئامرازی پەیوەندیکردن، کە تەنیا بۆ تەلەفوونکردن، یان وێنەگرتن و دەنگ تۆمارکردن بەکار دێت، ئەمەش جگە لەوەی کە ھەموو فۆرمەکانی دیکەی میدیای وەک بینراو، بیستراو، خوێنراوی لەخۆیدا کۆ کردوەتەوە، کەچی کاری لەوە زیاتر دەکات و ھەندێک کەسیش تا ئەمڕۆ بە ''دەزگای راگەیاندنی مۆبایل'' ناوی دەبەن، ئەویش لەبەر ئەوەیە کە ئەم ئامێرە تەنیا بەرھەمە میدیاییەکانمان بۆ ناگوێزێتەوە، بەڵکو دەتوانین لە یەک کاتدا زانیاریشی پێ کۆ بکەینەوە و مۆنتاجی بکەین و پەخشیشی بکەین، کەواتە ئەوەی دەزگایەکی راگەیاندن دەیکات، کە بریتییە لە کۆکرندوەی زانیاری و داڕشتنەوەی و مۆنتاج و پەخشکردن، ئامێری مۆبایل دەتوانێت بە بێ گەڕانەوە بۆ دەزگا راگەیاندنەکە ھەر ھەمووی ئەنجام بدات. ئەمە جگە لەوەی گۆڕانکاریی بەسەر کاری رۆژنامەنووسیشدا ھێناوە، لەوانە، جاران پەیامنێر تەنیا زانیارییەکانی کۆدەکردەوە و دەیھێنایەوە بۆ دەزگاکە و دەیدایە مۆنتێر و ھەواڵساز و ئامادەکارەکان، ئینجا لە ڕێگەی کارمەندی پەخشەوە پەخش دەکرا، ئێستە بە بوونی ئامێرێکی مۆبایلی زیرەک، یەک کەس ھەم پەیامنێرە، ھەم مۆنتێرە، ھەم پەخشکارە و دەتوانێت لە شوێنی رووداوەکە ھەموو ئەمانە بکات و راستەوخۆ پەخشی بکات، رەنگە زۆرجار بۆ گواستنەوەی پێویستی بە مانگە دەستکردەکانیش نەبێت. لە رووی رێکخستنی یاساییشەوە رەنگە بۆ ئەم جیاوازبێت لە ئامرازەکانی دیکە، بۆ نمونە رۆژنامە بە یاسای چاپکراو رێک دەخرێت، تەلەفزیۆن و رادیۆ بە یاسای پەخش رێک دەخرێن، بەڵام ئەم بە حوکمی تایبەتمەندییەکەی چەند یاسایەکی وەک یاسای رێکخستنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و یاسای راگەیاندن و یاسای سۆشیاڵ میدیا بەسەریدا بچەسپێت، ئەمەش جگە لە کۆمەڵیک تایبەتمەندیی دیکە کە لە خێرایی و وردبینی و جۆراوجۆری بەرھەمھێنانی بابەت، کە ئامرازەکانی دیکە ئەم تایبەتمەندیانەیان نییە.
Top