مێژوی پڕ سەروەری پارتی دیموکراتی کوردستان

مێژوی پڕ سەروەری پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەمڕۆ ٧٤ ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان تێ دەپەڕێت، کە لە ساڵی ١٩٤٦ بە رابەرایەتی مستەفا بارزانی و بە ھەوڵ و کۆششی چەند کەسایەتییەکی دیکەی دیاری باشووری کوردستان دامەزرێندرا.
لە ١٦ ئابی ساڵی ١٩٤٦ بە سەرۆکایەتیی (مەلا مستەفا بارزانی) دامەزراوە، سەرەتا ناوی (پارتی دیموکراتی کورد) بووە و لە کۆنگرەی سێیەمدا کە لە ٢٦/١/١٩٥٣، لە شاری کەرکووک بەسترا بڕیار درا ناوی حزب بکرێتە (پارتی دیموکراتی کوردستان).
لە ساڵی ١٩٧٩ دوای کۆچی دوایی مستەفا بارزانی، سەرۆک مسعود بارزانی بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژێردرا.
لەنێوان ساڵانی ١٩٤٦ بۆ ٢٠١١ پارتی ١٣ کۆنگرەی بەستووە، کە چواریان لە بەغدا و چواریان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و دوانیشیان لە رۆژھەڵاتی کوردستان بووە، ھەروەھا سێ کۆنگرەی دیکەی لە ھەولێر بەستووە.

پارتی رۆڵێکی بەرچاوی لە دامەزراندنی بەرەی کوردستانیی ھەبووە، کە بووە سەرەتاییەک بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتێکی نوی لەگەڵ ھێزە کوردستانییەکان و لەئەنجام راپەڕینی بەھاری ١٩٩١ لێھاتە بەرھەم.
بەگوێرەی دوایین دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکانیش، پارتی بەھێزترین و یەکەمین حزبی سەر ئاستی مەیدانی سیاسی کوردستان و عێراقە.

مێژووی کۆنگرەکانی پارتی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە:

کۆنگرەی یەکەم: ١٦/٨/١٩٤٦ ، بە نھێنی لە شاری بەغداد، لە ماڵی (سەعید فەھیم) بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٧٠) نوێنەر.

کۆنگرەی دووەم: لە مانگی ئاداری ساڵی (١٩٥١) لە شاری بەغداد، ماڵی (عەلی حەمدی) بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٣٠) نوێنەری لق و ناوچەکانی پارتی.

کۆنگرەی سێیەم: ٢٦/١/١٩٥٣، لە شاری کەرکووک ،بە ئامادەبوونی نزیکەی (٣٥-٤٠) نوێنەر بەسترا.

کۆنگرەی چوارەم: ٤-٧/١٠/١٩٥٩، لە شاری بەغداد، ماڵی (کاکە زیاد) بە سەرپەرشتی مەلا مستەفا بارزانی بەسترا.

کۆنگرەی پێنجەم: مانگی ئایاری ساڵی (١٩٦٠)، لە بارەگای ئەوکاتی حزب لە شاری بەغداد، بەسترا.

کۆنگرەی شەشەم: لە سەرەتای مانگی تەموزی ساڵی (١٩٦٤) لە شارۆچکەی قەلێدزێ بەسترا.

کۆنگرەی حەوتەم: ١٥/١١/١٩٦٦ ، لە گەڵاڵە بەسترا.

کۆنگرەی ھەشتەم: ١/٧/١٩٧٠، لە ناوپردان بە ئامادەبونی (٤٨٨) نوێنەر بەسترا.

کۆنگرەی نۆیەم: ٤/١٠/١٩٧٩، لە زێوەی دەڤەری (مەرگەوەڕ) بەسترا، تیایدا بە تێکرای دەنگ (مسعود مستەفا بارزانی) بەسەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرا.

کۆنگرەی دەیەم: ٢-١٢/١٢/١٩٨٩، لە (مەرگەوەڕ) بە بەشداری (٣٣٢) نوێنەر بەسترا.

کۆنگرەی یانزەیەم: ١٩٩٣، لە ھەولێری پایتەخت، بە بەشداری (٢١٦٧) نوێنەر بەسترا.

کۆنگرەی دووانزەیەم: ٦-١٤/١٠/١٩٩٩، لە ھەولێری پایتەخت، بە بەشداری (١٤٧٣) نوێنەر بەسترا.

کۆنگرەی سیانزەیەم: ١١/١٢/٢٠١٠-١٨، لە ھەولێری پایتەخت، بە بەشداری زیاتر لە (١٥٠٠) نوێنەر بەسترا.
Top