راگەیاندن دوای کۆرۆنا چ داھاتوویەک دەسەپەێنێت؟

راگەیاندن دوای کۆرۆنا چ داھاتوویەک دەسەپەێنێت؟

بەشی شەشەم
ھەلی ئایندە (فرص المستقبل)
لە بارەی وەڵامی ئەو پرسیارەی کە دەربارەی داھاتووی راگەیاندن لە دوای پەتای کۆڤید١٩ دەکرێت، نووسەرو رۆژنامەنووس ''علاء الغگریفی'' بە پشت بەستن بەم بارودۆخەی کە سەردەمی کۆرۆنا بۆی ھێنایە پێش، ئاماژە بە کۆمەڵێک خاڵ دەکات، کە پێشبینی بۆ ئایندەی راگەیاندن و ھەلی رەخساو بۆ ئەو بوارە دەکات، ئەویش بە ئەنجامدانی توێژینەوە لە نۆرمی بەکارھێنانی راگەیاندن لە سەردەمی پەتای کۆرۆناو ژیانی کەرەنتینە، تا لە پلانی کارکردن و ئەجێندای کاری دەزگاکانی راگەیاندن لە ئایندەدا سوودی لێ وەربگیرێت.
لەوانەش جۆرو خواستی وەرگر، لەو وەرگرانەش نموونەی وەک وەرگری نەوجەوان و پیران، نەوجەوان لە تەمەنی ١٥-٢٥ ساڵ، ئەمانە بایەخیان بە نمایشی گترە ڤیدۆییە بەزمەساتەکان ھەیە و لەسەردەمی کۆرۆنادا بەکاربەرێکی زۆری ئەم بابەتانە بوون، نەک ھەواڵ، کە لەو شوێنانەدا کۆبونەوەتەوە کە دەزگای راگەیاندن و رۆژنامەگەری نین، وەک سۆشیاڵ میدیا، لەویش نموونەی وەک فەیسبوک، ئینستاگرام ، واتساپ، سناب چات و...ھتد، کە ئەمانە لە ئایندەدا دەتواندرێت سوودیان لێ وەربگیرێت و لەو پلاتفۆرمانەوە کە بەکاری دێنن و لەو بابەتانەی کە حەزیان لێیە، بۆیان بەرھەم بھێندرێت.
لەکاتێکدا کە پیرەکان وەرگری پەخشە راستەوخۆکان و بابەتی ھەواڵن، بەچڕی واتساب بۆ پراکتیزەکردن و ئاڵوگۆڕی بابەت و زانیاری بەکاردێنن و کەمێکیان بەکارھێنەری''تیک توک'' ن، لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا پیران کەسانێک بوون لەو تویژانەی کە بەشێوەیەکی چڕ '' یوتیوب'' یان بەکارھێناوە، ئەمانیش بەھەمان شێوە دەکرێت لەو ئامرازانەی بەکاریان دێنن و لەو بابەتانەی خواستیانە، لە ئایندەدا سوودیان لێ وەربگرن، بە ھەمان شێوە جۆری وەرگرو خواستیان و گۆرانکارییەکانیان لەم کاتی پەتای کۆڤید ١٩ یەدا بۆ ئایندە، ئەو بنەمایانەن کە راگەیاندن لە دوای پەتاکە دەتوانێت وەک کەرەسەیەک بۆ ھەستانەوە بەکاریان بھێنیت.
لە کاتێکدا کە ھەژموونی بەکارھێنانی سۆشیاڵ میدیا بەردەوامە، پێویستە بۆ راکێشانی سەرنج بە شێوەی راستەوخۆو بەبێ بوونی ناوەند بۆ دەستکەوتنی قازانج، لەگەڵ گەشەکردنی بەکارھێنانی گرتە ڤیدیۆییە کورتەکاندا کە دەگونجێن لەگەڵ پلاتفۆرمی جیاوازدا، توێژینەوەی لەبارەوە بکرێت. ھەروەکو 'علاء الغگریفی' پێشبینی دەکات کە تا کۆتایی ئەمساڵ ریکلامکردن رێژەکەی لە رۆژنامەو گۆڤارو میدیا تەقلیدیەکاندا ، کە زیاتر بەرەوە ریکلامکردن لە راگەیاندنی ژمارەیی دەچن،رێژەکەی روو لە دابەزین بێت.
شایانی باسە ئەوەی گرنگە لەمەودوا راگەیاندن بۆ دەست کەوتنی ئایندەیەکی باش بیکات، گرنگیدانە بە بایەخی وەرگرو پابەند بوون بە پیشەیی بوونەوە، ئەمەش تاکە شێوازە بۆ کاریگەری و مانەوە، لەگەڵ گەڕان بەدوای چۆنیەتی جێگیرکرکردن و پراکتیزەکردنی نموونەی ئابونەدان بە دانی پارە بە کاری راگەیاندن لە بەرامبەر ناوەرۆکدا، ئەگەر سەرەتا بە شێوەیەکی پارچە، یان بەشێکیش بێت، راگەیاندن پێویستە خۆ گونجاندنی ھەبێت لەگەڵ ھەموو ئەو بارودۆخانەی کە لە رووی وەرگر و ناوەرۆکەوە قەیرانی ئابووری و دابەزینی ریکلام و چۆنەیتی مامەڵەکردن لەگەڵ شێوازی نوێی ئیشکردن و بوونی ستاف و کارمەندانەوە کۆرۆنا بۆی دروست کردوە، لەھەمان کاتدا خۆ گونجان لەگەڵ ئەو گۆرانکارییە سیاسی و ئابووری و سیستمی نێودەوڵەتییانەی کە کۆرۆنا ھێنایە ئاراوە، گەڵ ئەوەشدا راگەیاندن دەبێت وابەستە بێت بە تواناو خۆگونجاندنە ناوخۆییەکانی وڵات و پێداویستیی وەرگرە لۆکاڵییەکان، بەمانای بەرھەمھێنانە لۆکاڵی و ھەواڵە لۆکاڵییەکان کە وەڵامدەرەوەی خواستی وەرگرە ناوخۆییەکان و پێداویستی نیشتمانیی وڵاتەکەیە.
لەلایەکی ترەوە 'یونس مسکین' بەڕێوەبری رۆژنامەی'اخبار الیوم' ی مەغریبی دەڵێت پەتای کۆرۆنا سەرباری زیان و پەک خستنی زۆر بوارو رەھەندی راگەیاندن ،لەھەناویشیدا کۆمەڵێک ھەلی رەخساند بۆ راگەیاندن ،بەتایبەتی پێداویست بوونی بابەتی تەندروستی کە ھەموو جیھان تینوی بوو پێداویستی رۆژانەی بوو کە راگەیاندن بۆی دابین بکات و بەشێوەی ئازاد بڵاوبویەوە زانیاری و بابەتە تەندروستیەکان، کە وایکرد دەزگااراگەیاندنکەان ئەم ھەلە بقۆزنەوەو بەدوای کارمەندە وستاف و بەرھەم ھێنەرێکی میدیای بگەڕێن ھاوشانی ئەم گۆڕانکاریە بڕوات ،واتە لەکاتێکدا کە زۆربابەتی راگەیاندن وەرگری نەمابوو یاخوود ئاسان نەبوو بەرھەم بھێنرێت بابەت و زانیاریە تەندروستیەکان زیاتر وەرگر و خواستی بۆ دروست بوو ئەمە ش زیندویەتی دایەوە جاریکی بەراگەیاندن و مانەوەی وەرگرەکانی لەگەڵی رۆژانە بۆ ئەو بابەتانە.


Top