راگەیاندن دوای کۆرۆنا چ داهاتوویەک دەسەپەێنێت؟

راگەیاندن دوای کۆرۆنا چ داهاتوویەک دەسەپەێنێت؟

بەشی پێنجەم:
نەزیفی زیانە ئابووريیەکانی میدیا

ئابووری و سەرچاوەی دارایی میدیا لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا بابەتێکی گرنگ و جێى باس و گفتوگۆیە، چونکە لەم کەتدا خواست و پێداویستيی وەرگر بۆ بەکارهێنان و زانیاریيەکانی میدیا بە شێوەیەکی دراماتیکی بەرز بووەتەوە، بەهۆی زۆريی کاتی بێكارى و مانەوەیان لە ماڵەکاندا و قەلەقیيان بۆ دەستخستنی زانیاریيەکان لە سەر قوربانيیەکان و دۆزینەوەی چارەسەری پەتای کۆرۆنا. بەڵام راگەیاندن برینەکانی قووڵتر بوونەتەوە و خەسارەکانی زیادی کردووە، ئەویش بەهۆی کەمبوونەوەی داهات و سەرچاوە ئابووریيەکانی بۆ بەرهەمهێنان بەهۆی داخران و لەکارکەوتنی کارگە و کۆمپانیاکان کە سەرچاوەی ریکلام و سپۆنسەری ڕاگەیاندن بوون. بەڵام ئەم زیانە لە دەزگایەکی راگەیاندنەوە بۆ دەزگایەکی دى، لە جۆرێکی راگەیاندنەوە بۆ جۆرێکی ديكه‌ جیاوازی هەيه‌، کە بۆ سێ ئاست جیا دەکرێنەوە، یەکەمیان: دەزگاى راگەیاندنى پشتگیریکراو به‌ سپۆنسەری دارایی حکوومی، یان حزبی، ئەمانە زۆر کاریگەر نەبوون، چونکە ئەجندایەکی دیاریکراویان هەیەو بۆ قازانجی ماددی كار ناکەن، بەڵکو دەتوانرێت بوترێت: پەتای کۆرۆنا هۆکاری گەشەی ئەم جۆرە لە میدیا بووه‌، بەتایبەتی بە هۆی ململانێى جەمسەرکان و دەستێوەردانی دەرەکی، بەتایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەرِاست، کە حکومەت و حزبەکان بۆ ئەم ململانێ سیاسیيانە نەیانهێشتووە راگەیاندنەکانیان بوەستن و بێ پارە بن.
دوەمیان: دەزگا راگەیاندنە خزمەتگوزاريیە گشتیيەکانن کە لە زۆر وڵاتاندا بەتایبەتی وڵاتە ئەورووپيیەکان کە پارەکەی بە شێوەی باج، خەڵک دەیدات، ئەمانە تووشی قەیرانی دارایی بوون و کەوتوونەتە ژێر قەرزەوە، بەهۆی نەدانی باجەکە بەشێوەی ڕێکوپێک لەلایەن خەڵكه‌وه‌ لەم کاتی کەرەنتینەيه‌دا، کە هەندێک لەو دەزگایانە، هەندێک لە بەشەکان، یان کەناڵەکانیان راگرتووە، لە پێناو مانەوەی بەش و کەناڵەکانی ديكه‌يان، تەنيا بۆ هێشتنەوەی وەرگرەکانیان لە دەوری خۆیان.
سێیەم: دەزگا ڕاگەیاندنە بازرگانيیەکانن کە تەواوی داهات و سەرچاوەی دارايیان ریکلام بووە، ئەمانە بە تەواوەتی کارەکانیان پەکی کەوتووە. هەرچەندە 'علاء الغطريفي' ڕەشبینی تەواو نادات و دەڵێت: ئەو دەزگا راگەیاندنانەی کە دەتوانن تا کۆتايی ئەمساڵ چارەسەری باری ئابووریيان بکەن و خۆیان رابگرن و نەکەون، ساڵی داهاتوو، سەرچاوەکانی ریکلام دەگەڕێنەوە و ئابووريی وڵاتان باش دەبێت و، کارگە و کۆمپانیاکان دەکەونەوە کار و خەرجکردنی پارە بۆ ریکلام، بەڵام ئەمساڵ ساڵێکی سەخت دەبێت کە زۆر لە دەزگاکان دادەخرێن و، هەندێکیان کارمەند و ڕۆژنامەنووسەکان کەم دەکەنەوە و، ناچاريشن خەرجيیەکانیان کەم بکەنەوە لە پێناو مانەوەدا، كه‌ بە باشبوونی ئابووريی وڵاتان و جیهان دەتوانن دەست بەکارەکانیان بکەنەوە، بەڵام بە گۆڕانکاری لەم نۆرمی كارکردنەی ئێستا لە ڕووی تەحریری و شێوازی نوێ كه‌ بۆ راکێشانی ریکلام کاران، دەبێت ئەوەش بزانین کە ریکلامکارانیش ڕەنگە شێوازی نوێ بگرنە بەر بۆ خەرجکردنی پارە بۆ ریکلام و ریکلامکردن و شوێنی ریکلامکردن، بۆیە دەبێت دەزگا راگەیاندنەکان ئاگاداری ئەم گۆرِانکاريیانە بن لە سرووشتی ریکلامکاران لە دوای کۆرۆنا،چونکە کۆرۆنا گۆڕانکاری بەسەر زۆر شتدا دێنێت و، هەرگیز ژیان و کار دوای کۆرۆنا وەک پێش کۆرۆنا نابێت. لە جۆری راگەیاندنەکانیش، رۆژنامە و چاپکراو کە وەک 'علاء الغطريفي' بەڕێوەبەری نووسینی 'أونا للصحافة والإعلام'ی میسری ئاماژەی پێ دەکات، دەڵیت: کۆرۆنا مردنێکی نوێى هینا بۆ رۆژنامەی چاپکراو، بە شێوەیه‌ك تاکه‌ هەوڵیان بۆ مانەوەیانە و کۆکردنەوەی کاغەزی و دیجیتاڵیيە لە پێناو مانەوەی خوێنەرانیان وەک رۆژنامەی 'نیۆیۆرک تایمز' كه‌ ئەم شێوازەی پیادە کرد لەکاتی ئەم قەیرانەدا. هه‌روه‌ها نموونەی رۆژنامەیەکی بەناوبانگی میسری دێنێتەوە به‌ ناوى ڕۆژنامەی 'منطقتي' کە ڕوماڵی ناوەرِاستی شاری قاهیرەی دەکرد و، بە هۆی قەیرانی ئابووريیەوە داخرا.
سەبارەت بە ماڵپەڕە ئەلکترۆنیيەکان 'علاء الغطريفي' باسی ئه‌وه‌ دەکات كه‌ زیانە گەورەکە زۆرتر بەوان گەیشتووە لەڕووی قەیرانی دارایی و سەرچاوەی داهاتەوە، چونکە ئەمانە بە تەواوەتی پشتیان بە داهاتی ریکلام بەستبوو، وەک نموونەی پێگەی "زحمة" کە بەهۆی وەستانی داهاتی ریکلامەکەی لەکارکردن وەستا، بۆيه‌ هیچ چارەسەرێک نيیە بۆ ئەم ماڵپەڕە ئەلکتڕۆنیانە لەم کاتەدا، کە داهاتی ریکلامیان نیيە، تەنيا پارەدانی وەرگرەکانیان نەبێت، لە بەرامبەر ئەو ناوەرۆکانەی کە بڵاوی دەکەنەوە، ئەمەش ئاسان نیيە لەم کاتەدا، چونکە پەتای کۆرۆنا کاریگەری کردووەتە سەر داهات و باری ئابووريی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە.
هەروەک 'یونس مسکین' بەڕێوەبەری نووسینی رۆژنامەی'اخبار الیوم'ى مەغریبی دەڵێت: راگەیاندن دەبێت هەردوو بواری پیشەیی و قازانج کۆبکاتەوە لە كارکردنیدا، وە هەمەجۆرکردن لە نێوان سەرچاوەکانی داهاتی بۆ پاراستنی سەربەخۆیی، به‌وه‌ش پیشەسازيی بەرهەم و ناوەرۆکی بەرهەمە میدیایيەکان کێبڕکێی تێدا دروست دەبێت لە داهاتوودا، بەهۆی ئەو گۆڕانکاريیانەی کۆرۆنا دەیخولقێنێت، بەشێکی ئەمەش وابەستەیە بەو متمانەیەی کە راگەیاندن دروستی دەکات، لەگەڵ وەرگرەکانی لە سەردەمی پەتاکەداو زەرەردان له‌ دەزگاکانی راگەیاندن، بەڵام دەتوانن تێيپەڕێنن و سەرکەوتن بەدەست بێنن و بەردەوام بن و متمانەی وەرگرەکانیشیان لەدەست نەدەن.
لەبارەی گەڕان بۆ سەرچاوەی نوێی ئابووری، ره‌نگه‌ رێگایەک هەبێت، كه‌ ئابوونە و دانی پارەی وەرگرە لە بەرامبەر ناوەڕۆک، بەڵام ئەمە بۆ کاتێکە کە بارودۆخی ئابووری بە تەواوەتی باش ببێتەوە، جگە لەوەش کاتی دەوێت تاکو وەرگر بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەرِاست ئەوە دەبێتە وکه‌لتوور لای، کە پارە بدات بە راگەیاندن، لەبەرامبەر بەکارهێنان، بەتایبەتی بۆ رادیۆ و تەلەفزیۆن و ماڵپەڕه‌ ئەلەکترۆنیيەکان، چونکە پێشتر رانەهاتووە لە سەری وکه‌لتوورنەبووە لای.
هەرچەندە هەندێک لە حکومەتەکان هاوکاريی بەشێک لە راگەیاندنەکانیان کرد، لەم کاتی پەتای کۆرۆنادا، لە پێناو بەردەوامی و نەوەستانیان لەکار، هەر وەک 'یونس مسکین' ئاماژە بە نموونەی وڵاتی مەغریب دەکات، کە هاوکاری هەندێک لە رۆژنامەکانی کرد،وە هەندێک لە رۆژنامە و دەزگا راگەیاندنەکانیش چاوەڕێن، ببەخشرێن لە باج و هەندێک باجی خزمەتگوزاریيەکانی دى لەلایەن حکومەتەوە، وەک چارەسەرێک بۆ ئه‌و زیانە ئابووریيانەی بەریان کەوت، یان رێگەی دى کە رۆژنامەکان دەتوانن دەستیان بکەوێت، وەک پارەی بەخشین و خێرخوازی لە پێناو بەردەوامبوونیان.
Top