راگەیاندن دوای کۆرۆنا چ داهاتوویەک دەسەپەێنێت؟

راگەیاندن دوای کۆرۆنا چ داهاتوویەک دەسەپەێنێت؟
بەشی چوارەم
سۆشیال میدیا

پەتای کۆرۆنا و بابەتەکانی پەیوەست بەوەوە، هەژموونی خۆی بەسەر دەزگاکانی راگەیاندندا سەپاند، بەتایبەتی سۆشیال میدیا، هەرچەندە راگەیاندنەکانی دیکەی وەک رادیۆ و تەلەفزیۆنیش زۆرینەی بابەت و زانیاریەکانیان تایبەت کرا بە پەتای کۆرۆنا، بەڵام ئەو شۆڕشەی سۆشیال میدیا لەم سەردەمەدا کردی، هیچ کام لە ئامرازەکانی دیکە پێی نەگەیشتن.
کۆرۆنا سەرنج و ئەندێشەی هەموو بەکارهێنەر و شوێنکەوتوانی بەلای خۆیدا راکێشا، ئەگەرچی لە بەشی پێشوودا باسی رۆژنامەگەریی چاپکراومان کرد کە پاشەکشەکەی هێندە زۆربوو وەک 'یونس مسکین' بەڕێوەبەری نوسینی رۆژنامەی''اخبار الیوم''ی مەغریبی ئاماژەی پێداوە، کە پەتای کۆرۆنا بارودۆخی رۆژنامەی چاپکراوی بە جۆرێک گۆڕی، کە پێشتر بەخۆیەوە نەبینیوە، تا ئەو رادەیەی کە بە بڕیاری لەسێدارەدان ناوی دەبات، بە جۆرێک کە لافاوێکی زانیاری و بابەت بە درێژای ٢٤ کاتژمێر دادەبەزێتە ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و هەواڵی ساختە و ناڕاست و چەواشەکارییش لەگەڵیدا تیکەڵ بون، تا گەشتە ئەو رادەیەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هاوتەریبی 'پەتای کۆرۆنا' هۆشداریی 'پەتای زانیاری' دا، واتە لەگەڵ مەترسی بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا مەترسی بڵاوبونەوەی پەتای زانیاری زۆرو ناراست و چەواشەو ساختەش بەرزبویەوە، تا گەیشتە ئەوەی لە جیهاندا گفتۆگۆی ئەوەسەرهەڵبدات کە ''رۆڵی رۆژنامەگەری لەژێر زاڵ بوونی سۆشیال میدیاو کام ئامرازی راگەیاندندا دەتوانێت سەرکردایەتی وەرگر بکات و متمانەی بەدەست بهێنێت".
لە سەرەتای پەتاکەدا بە گشتی هەموو ئامرازەکانی راگەیاندن بە رێژەیەکی بەرچاو ئاستی پێوانەییان شکاند لە بەرزبونەوەی رێژەی وەرگرەکانیان، بەڵام بەهۆی بڵاوبونەوە و زۆربوونی هەواڵ و زانیاریی ساختە وردە وردە ئەوە دابەزی و وەرگرەکان متمانەیان کەم بویەوەو کشانەوە و رێژەکەیان دابەزی.
ڕاپۆرتێکی ئاژانسی 'رۆیتەرز' باسی ئەوەدەکات کە مەترسیی قەیرانی ئابوری و تەندروستی پێویستی بە زانیاری و هەواڵی راست و جێی متمانە هەیە، لەکاتێکدا کە وەرگر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و جیهانی ئەلەکترۆنیدا لەگەڵ شەپۆلێک لە زانیاریی ناراست روبەڕوودەبێتەوە، چونکە سۆشیال میدیا ئەوەی نەهێشت کە رۆژنامەنووسەکان و سەرنووسەران بڕیاردەر و دەرگەوان بن، لەوەی کە لە هەواڵ و زانیاریدا چی بڵاو دەبێتەوە، بەڵکو وەرگر دەگات بە هەموو ئەو لێشاوە زانیاری و هەواڵانەی کە بە کراوەیی و بێ سانسۆر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دادەبەزن و پڕیەتی لە هەواڵ وزانیاریی ناراست و ساختە و پێچەوانە لەگەڵ سەرچاوە زانستی و فەرمییەکان. هەروەک (علاء الغطريفي) بەڕێوەبەری نووسینی 'أونا للصحافة والإعلام' ی میسری لە باسی ئەو زانیارییە زۆرەی لەکاتی پەتای کۆرۆنا دەڵێت: "بڵاوبونەوەیەکی خێراو جووڵەیەکی خێرای زانیاری لە جیهانێکی گریمانەییدا لە ناوەندێکدا کە پێوەر و هەڵسەنگاندن و پشتڕاستکردنەوەکان بوونیان نییە و شەپۆلێک زانیاریی ناراست و هەواڵی ساختە و رەنگاوڕەنگ تەشەنەی کردووە، ئاسان نییە کۆنترۆڵ بکرێت و زاڵبین بەسەریدا" ئەمە وای کرد جگە لەوەی لە سەردەمی پەتای کۆرۆنا ئەرکی رۆژنامەنووس زیاتر بوو، هاوکات بەرپرسیاریەتی و رۆڵمان لە راستکردنەوە و پشتڕاستکردنەوەو وردبینی لە هەواڵ و زانیارییەکان زیاتربێت. لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەنووس 'یونس مسکین' دەڵێت وەک رۆژنامەنووس کەوتینە بەر تاقیکردنەوەییەکی زیاتری دەستخستن و دابینکردنی بابەتە زانستییەکانی تایبەت بەم پەتایە، تاکو وەرگر تێبگەیەنین و هەواڵی راست و دروستی بدەینێ، چونکە وەرگر دواجار ناچار دەبێت کە بگەڕێتەوە بۆ لای هەواڵە راست و درووستەکان، کە راگەیاندن بڵاوی دەکاتەوە، لەکاتێکدا کە خەڵک لە جیهاندا لە بێمتمانەیی و دڵەڕاوکێدا لە ژێر ئەو مەترسییە قورسەی پەتای کۆرۆنادان، راگەیاندنی پرۆفیشناڵ دەتوانێت بەشێک لە متمانەیان بۆ بگەڕێنیتەوە". بەپێی کۆمپانیای'ابسوس' ی ئەمریکی، تائێستاش نیوەی خەڵک لە ئەمریکا متمانەی بە ئامرازە راگەیاندنە نەریتییەکانی وەک رادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامە هەیە، لەکاتێکدا کەمتر لە نیوەی خەڵک متمانەی بە زانیاریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە. لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای بەریتانی"جلوبال ويب إندكس' توێژینەوەیکی کردوەو دەری خستوە کە وەرگر بەزۆری پشت بە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دەبەستن بۆسەردانی پەیجی رۆژنامەکان و دەزگا راگەیاندنەکانی دیکە و پێگە ئەلەکترۆنییەکان، واتا هێشتا وەرگر بۆ هەواڵ و زانیاری پەیجی دەزگا راگەیاندنەکانی دیکە بەکاردەهێنێت و کەمتر متمانەی بە پەیجی رۆژنامەکان و پێگە ئەلەکترۆنییەکان هەیە.
بەپێی راپۆرتێک"رۆیتەرز" ئاماژە بە دەرەنجامی راپرسییەک کە لەسەر هەوڵی راگەیاندن و رۆڵی لەکاتی پەتای کۆرۆنا دەکات، ئەوە دەردەخات کە ٦٠%ی وەڵامەکانی راپرسییەکە ئاماژەیان بە هەوڵ و رۆڵی راگەیاندن لە دەرخستنی قەیرانەکە کردووە، هەروەها ٦٥% ئاماژەیان بەوە کردوە کە راگەیاندن رۆڵی هەبووە لە رونکردنەوەی مەترسییەکانی ڤایرۆسەکەو چۆنیەتی خۆپاراستن لێی، هاوکات٣٢% باوەریان وابوە کە راگەیاندن رۆڵی گەورەی هەبووە لە وێناکردنی بارودۆخی قەیران و پەتاکە، لەبارەی متمانەی خەڵک کۆمێنت و رای زانایان لەسەر پەتاکە بە رێژەی ٨٣% بووە. وە دەسەڵات و رێکخراوە تەندروستییەکان بەڕێژەی ٧٦% متمانەیان لای وەرگران هەبوو لە زانیارییەکان کە بڵاویان کردوەتەوە. رێکخراوە جیهانییەکان بەڕێژەی ٧٣% و دەزگاکانی راگەیاندن بە رێژەی ٦٥% جێمتمانە بوون لای هاوڵاتیان.
لە هەمان کاتدا رۆژنامەنووس'یونس مسکین' ئاماژە بەوەدەکات کەلەسەرتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە راگەیان بەهۆی کەمیی زانیاری لەسەر پەتاکە و کەمیی سەرچاوە لە بەرامبەر ئەو ئامرازە قەبەیەی سۆشیال میدا کەمتفاق بووە، کەهەمیشە ئامادەیەو بەخێرایی و بۆسەرنج راکێشانیان زانیاری بە لێشاو دەخاتە بەردەم بەکارهێنەرانی، ئەویش بە بێ گوێدانە وردبینی و راستیی هەواڵەکان، بەڵام وردە وردە ئەمە پێچەوانە بویەوەو متمانەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لای وەرگران دابەزی، ئەویش بەهۆی زانیاریی ساختەو ناراست، بەتایبەتی ئەوانەی مەترسی بوون بۆ سەرتەندروستیی گشتی. هەرچەندە نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە رۆژنامەنووسان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەهۆی کارکردن لە دوور و بەڕێگەی ئۆنلاین و لەدەرەوەی نووسینگەو ئۆفیس، زۆرسوودەمەند بوون.
یونس مسکین دەڵیت: "پەتای کۆرۆنا بۆی سەلماندین کە سۆشیال میدیا ئەڵتەرناتیڤی راگەیاندن نییە و هێشتا کاری رۆژنامەگەری کارێکی ئیتیکی و بەرپرسیارێتیی و مۆراڵییە و پێوەر و پره‌نسیپی خۆی هەیە و، ئەم پەتایە ئەو جیاوازییەی نێوان راگەیاندنی پڕۆفیشناڵ و راگەیاندنی سۆشیال میدیای بۆ سەلماندین".
Top