بارودۆخ و پێکەوەژیانی پێکهاتە ئاینییەکان لە کوردستان، مێژوو و گرفتەکان ڕۆڵی فیکری بزووتنەوەی بارزان لەم پێکەوەژیانەدا
August 25, 2019
وتار و بیروڕا
ئەو پەیوەندییە کۆنترە لە مێژووی دامەزراندنی پارتی دیموکراتیی کوردستان، كە پڕۆسەیەک نەبوو لە هەلومەرجێکدا تەنیا لە نێوان کۆمەڵێ تێکۆشەری سیاسی و ڕۆشنبیری ناسیۆنالیستدا بڕیاری لێوەبدرێت، وەکو ئەوەی لە مێژووی سیاسیی کوردستان و عێراقدا، زۆربەی حزبەکان بە ڕێککەوتن لە نێوان هەندێ ڕۆشنبیر و تێکۆشەر درووستکران. پێش ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان درووستببێت، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە دواتر بوو بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەهێز ڕەگوڕیشەی زۆر قوڵی لەنێو دانیشتوانی ناوچەکەدا هەبوو، کە بزووتنەوەی بارزان بوو.
بەدیاریکراوی، دوای ساڵانی 1890 بزووتنەوەی بارزان لەسەر زەمینی واقیعدا بووبە بزووتنەوەیەکی کردەنی، بیروباوەڕی تایبەتی خۆی هەبوو، ڕووی لە چاکسازیی کۆمەڵایەتی بوو، بەو واتایەی ستەمی ئاغاکان و ستەمی سەر ژنانی ڕەتدەکردەوە. هەروەها داوای دەیکرد ئەو ئاینانەی لە ناوچەکەدا هەن ستەمیان لێنەکرێت. لەم بیروباوەڕەدا بەرابەری و یەکسانیی ئاینەکان دانی پێدانرابوو و زیاترنەبوونی هیچ ئاینێک بەسەر ئەوەی دیکەدا دووپاتکرابۆوە. لەو ناوچەیەی کە بزووتنەوەی بارزانی تێدابوو، ئاینی ئیسلام ئاینی سەرەکی خەڵک بوو و ئاینی مەسیحی بە هەموو ئاینزاکانییەوە (دەزانین کە ئاینی مەسیحی وەکو ئاین شتێکە، بەڵام وەکو نەتەوە چوار پێکهاتەن) هەبوو، هەروەها ئاینی جو هەبوو. جەنگ و پێکداهەڵپژان لە نێوان ئەو ئاینانەدا لە ناوچەکەدا مێژوویەکی درێژی هەبوو، بە تایبەت مەسیحییەکان و لەنێویشیاندا ئاشوورییەکان بۆ پاراستنی خۆیان بەرگریان دەکرد، بە پلەی دووەم ئێزدییەکان هەمیشە لەژێر چەپۆکی عەشایەر و فەرمانڕەوایانی عوسمانلیدا بوون، لەهەمان کاتدا بەرگریان لە خۆیان دەکرد. مەبەست ئەوەیە دوو ئاین وەکو کێشەی هەمیشەیی هەبوون، سێیەمیان یەهودییەکان بوون، کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو لەو ناوچانە و شارانەدا بوونیان هەبوو و شاڕەگی ئابووری ناوچەکە بوون. تا ئەو ڕاددەیەی لە ناوچەی بارزانیشدا بەربڵاو بوون و بەشێکی فراوانی بارزان لەژێر دەستیان بوو. هەر خودی بارزان لە بنەڕەتدا گوندێکی نامسوڵماننشین بوو. تاکو 1700 بەولاوە گوندی بارزان زۆربەی دانیشتوانی جو بووە و بە پلەی دووەم مەسیحی بوونە و چەند ماڵێکی مسوڵمانی بۆ زیادبووە، دواتر نەوەکانی مەسعودی یەکەم کە دەکاتە باپیرەگەورەی شێخەکانی بارزان، لە ئامێدییەوە دێت و لە گوندی هەڤنکا لە تەنیشت بارزان نیشتەجێ دەبێت، دەبن بە مەلا، لەو کاتەدا «دێر»ی جولەکەکان وەکو پەرستگە بوونی دەبێت، بەڵام دوای ئەوەی مەلا و نەوەکانی مەسعودی یەکەم دەبنە شێخی بارزان، خودی ئەم پەرستگە و مزگەوتە هەموو ڕێوڕەسمەکانی یەهودی و مەسیحی و مسوڵمانی متەسەوف دەگرێتە خۆی. خودی ناوی بارزان ناوێکی عیبرییە، نە کوردییە و نە سریانییە. بە ناوی کچی یەکێک لە پیاوە ئاینییە جوەکانی نەینەوایە. کە بارزانییەکان وەک شێخ ناوی گوندەکەیان هەڵگرت، ئەم مێژووە لە مزگەوت و تەکییە و کەنیشت و دێری بارزاندا بەرجەستە دەبێت.
لە ساڵی 1932 بەولاوە، ئەوکاتەی کە بۆ چەندەمین جار بارزانییەکان لێدران، لە ئەنجامی بەرگریدا شکستیان تووشدەبوو و دووردەخرانەوە. دوا دوورخستنەوەش بە بڕیاری شێخ ئەحمەد لە کۆتایی ساڵانی 1932-1933 بۆ تورکیا بوو. دوای گەڕانەوەیان لە تورکیا، لە 1936 جارێکی تر دوورخرانەوە بۆ باشووری عێڕاق دوایی لە سلێمانی گیرسانەوە. شێخ ئەحمەدی بارزان و مەلا مستەفا و هەموو خێزانەکەیان لەوێ نیشتەجێی ئیجباری کران. سلێمانی لەنێو تەپوتۆزی شکانی سیاسی و سەربازیدا دەژیا. شێخ مەحمود دوای چەندین ساڵ ڕاپەڕین، بە ناچاری سیاسەتی بەلاوەنا و لە گوندی داری کەلی دانیشت. بەڵام کەسوکاری، خۆیشی وەک لایەنی کاریگەر، بەسەر شاردا بوونیان هەبوو. ئەو ڕۆشنبیرانەی سلێمانی کە لە ئیستەنبول گەڕابوونەوە، ئەوانەشی کە ڕۆڵیان لە عێراق و سلێمانیدا هەبوو، لە نێو شاردا چالاک بوون و خاوەنی بیروباوەڕی خۆیان بوون. ڕۆشنبیران و چینی ناوەند لەنێو شاردا، دوای شکانی شۆڕشی شێخ مەحمود، لە جموجۆڵدا بوون؛ کە پێویستە چی بکەن و چۆن بەرگری بکەن. لەو کاتەدا مەلا مستەفا بارزانی لە 1943 لەوێ ژیاوە. لەو ژینگەیەدا کە کۆڕ و گفتوگۆی سیاسی نێو ماڵە بەدەسەڵات و ئاغا مەدەنییە نیشتمانپەروەرەکان، مەجلسی نووسەرە گەورەکان، شاعیرەکان هەموویانی گرتبۆوە. بارزانی فراوانترین پەیوەندی لەگەڵ ئەو کۆڕانەدا هەبووە، هاوکات پەیوەندی لەگەڵ ئەو بزووتنەوە و بیروباوەڕەشدا کە لە ناوچەی بارزاندا بوونی هەبووە نەپسا بوو. لە کۆتایی ساڵی 1943 سلێمانی بەجێهێشت و لەڕێگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە گەیشتەوە بارزان. لە هەمان ساڵ شۆڕشی بارزانی لە نوێ دەستیپێکردەوە. ئەوە کامڵترین قۆناغی شۆڕش بوو. مەلا مستەفا لە سلێمانی حزبی هیوای ناسی، کە وەک یەکەمین حزبی کامڵی ناسیۆنالستی کوردی لە سلێمانی و هەولێر و بەغدا و لەنێو سوپای عێراق و دامەزراوەکانی وڵاتدا زۆر بەهێزبوون. هەروەها لەگەڵ کۆمەڵەی ژ ک پەیوەندی کردەوە. هەردوو حزب بە چاوی سەرۆکی نەتەوەیی تەماشای بارزانییان دەکرد.
یەکێک لە کێشەکانی حزبی هیوا لەوە دابوو ڕابەڕێکی مەیدانی و کردەیی نەبوو. ڕەفیق حیلمی پیاوێکی بیرکەرەوە و نزیک بوو لە شێخ مەحمود، حزبەکەی بەڕێوەدەبرد، بەڵام هیچ کاتێک ئەو بژاردەیەی نەبوو بەرەنگاریی دەوڵەتی عێراق ببێتەوە و بیکاتە ئەرکی خۆی. ئەوە نەوەی یەکەمی سیاسییەکانی ئێمە بوون کە لە چوارچێوەی حزبێکدا تێدەکۆشان. مەلا مستەفا پازێکی بەو حاڵەتە چەقیوە هاویشت. کاتێک گەڕایەوە بارزان، حزبی هیوا زۆرترین هاوکاری لەگەڵ کرد، هەتا پێشنیازیان بۆ کرد ببێتە سەرۆکی حزبەکە، بەڵام بارزانی قبوڵی نەکرد. لە جیاتی ئەوە دەستەی ئازادی درووستبوو، کە نوێنەرەکانی حزبی هیوا و چەند ئەفسەرێکی گەورەی حزبەکە لە نێو سوپای عێڕاق،بەشدار بوون. تێیدا چوار ئەفسەرە بەناوبانگەکە هەبوون.
لە ساڵی 1945 بزووتنەوەکە دیسان شکستی سەربازی تووش هات. بڕیاری پاشەکشە کردنیان وەرگرت بەرەو کۆماری کوردستان لە مەهاباد. لە نێو ئەو بارودۆخەدا چوونە ژێر چەتری سەرکردایەتیی قازی محەمەدەوە (نەک بکەونە کێبەڕکێ و ململانێوە لەگەڵی)، بەڵکو خۆیان بۆی کردە قوربانی. ئەم بزووتنەوەیە کە پێشووتر هیچ حزبێکی نەبوو، لە ساڵی 1946 مەلا مستەفا لە ئەزموونی کۆماری کوردستان و حزبی دیموکراتیی کوردستانی ئێران گەیشتە ئەو ئەنجامە کە دەکرێ حزبێک لە باشوری کوردستان درووستبکرێت. هەڵبەت بیرۆکەی دروستکردنی ڕێکخراوێکی سیاسی نەتەوەیی لەلای شێخ عەبدولسەلام بارزانی هەبووە. بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆی لەگەڵ شێخ عەبدولقادری گەیلانی(نەهری) هەبوو. پارتی ئەوکات بە ڕاسپاردەی مەلا مستەفا درووستبوو.
پارتی زۆر بایەخ بە پاراستنی پێکهاتە ئاینییەکانی کوردستان دەدات، چونكە کە پاراستنی پێکهاتە ئاینییەکان بەشێکە لە بیروباوەڕی پێش پارتی. لە نێو پارتی دا پەیڕەو و پڕۆگرام هەیە و لە کۆنگرەکاندا بڕیاری لێدەدرێت، بەڵام لە پشتەوەی ئەو پەیڕەو و پڕۆگرامە، بیروباوەڕ و عەقیدەی جێگیری بزووتنەوەی بارزان و ئەو مێژووە هەیە کە هیچ کەس ناتوانێت بیگۆڕێت. بۆیە گەر ڕۆژێک پارتی بە ڕای جیاوازیش بیەوێت پشت لە پێکهاتەیەک بکات، گەر بڕیارەکەی بە زۆرینەش بێت، ناتوانێت لەو ئەرکە دوورکەوێتەوە، چونکە بەشێکە لە بیروباوەڕی ڕیشەیی بزووتنەوەی بارزان.
متمانەی پێكهاتە ئاینییەكان بە پارتی دیموكراتی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان ،پارتێكی کوردستانییە. ئەگەر تووشی شکانی سەربازیش ببێت بەڵام ناڕوخێت، چونکە هەرگیز حزبێکی خاڵس ناسیۆنالیست نییە. پارتی بەرگری لە مانەوەی گەلی کوردستان و پێکهاتەکانی دەکات. لە ساڵی 1890ەوە ئاوابووە. ئەوکاتەی مەلا مستەفا بارزانی لە سلێمانی بووە، گفتوگۆیەکی فراوانی کارتێکراو بە ڕۆشنبیریی ئیستەنبوڵ و ئینگلیز هەبووە. لە سەرەتای سەدەی بیستەم بەشێک لە لایەنە کوردەکانی سلێمانی لە بەرامبەر ئەو سیاسەتی ناسیۆنالیزمی شۆڤێنی باڵادەست لە تورکیادا، بیر لە دامەزراندنی بڵاوکردنەوەی فکری ناسیۆنالیستی کوردیی بەرچاوتەنگ بکەنەوە. بەڵام مەلا مستەفا ئەوەی وەرنەگرت و چاکسازی تێداکرد. واتا گۆڕی بۆ کوردایەتی بە مانای ڕزگارکردنی میللەتی کورد لەگەڵ ڕزگارکردنی میللەتەکانی دیکەی نێو کوردستان.
مامەڵەی پارتی لەسەر بنەمای پێکهاتەیە، لە بیروباوەڕە کۆنەکانی بزووتنەوەی بارزاندا، ئاینەکان بەرابەر بوون، هەتا ئەگەر دوو کەسیش بووبن. عەقیدە بە زۆری و بە کەمی نییە. خودی مێژووی بیروباوەڕی بارزان لە کەمینەیەکەوە دەستیپێکردووە. لە شێخێکەوە (شێخ عەبدولرەحمانی یەکەم) دەستیپێکردووە. ئەوە لە مەولانا خالیدی نەقشەبەندییەوە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، ئەو بزووتنەوەیە کە دەستی پێکرد، شەپۆلی دیکەی بزووتنەوەکانی چاکسازی کۆمەڵایەتیی تێکەڵ بوون، کە دەیانویست چاکسازی لە ئاینی ئیسلامدا بکەن، بەشێوەیەک بگونجێت لەگەڵ ژیان. وەک دەبینین ئەمڕۆ سعودییە دەیکات، لە چاکسازیکردنی ئاینی ئیسلام لە هەموو بوارەکانی ژیاندا . دوای پێنج ساڵی دیکە سعودییەکی مەدەنی بوونی دەبێت، مەککە و مەدینە وەک ڤاتیکانی لێدێت. وەک ڤاتیکان کەمتر و زیاتر نا. ئەمە لە خزمەتی ئیسلام و عەرەب و میللەتانی تریشدایە. بزووتنەوەی بارزان وێڕای بزووتنەوەی پێشتریش بۆ چاکسازیی ئاینی بوونیان هەبووە. ڕێک دەیانویست لەو کەموکوڕییەی شەریعەتی مەلاکان کە لە ئاینی ئیسلام زیاد و کەمی دەکەن، چاکسازی بکەن، تا ژیان باشتر بەڕێوەبچێت. دەتوانین زەمانی خۆمانی پێ بەراورد بکەین؛ ئەرێ ئەوەی داعش دەیکرد، ئایا جێبەجێکردنی شەریعەت بوو؟ تا ئێستا لە نێوان ناوەندە شەرعییەکان گفتوگۆی لەسەرە. هیچ ناوەندێکی دینی بەدەنگی بەرز ناڵێت جێبەجێکردنی شەریعەت نەبووە، زۆر مەلاکان تەکفیریان نەکردن. کەواتە ئەم ململانێ فیکرییەی لە نێوان بیری داعشی و بیری بەرەی کۆمەڵگادا هەیە، کە پەیوەستە بە مان و نەمانی مرۆڤ، پێویستە چۆن چاکسازی تێدا بکرێت؟ بزووتنەوەی بارزان ڕێک ئەم کارەی دەکرد. بۆیە پێکهاتەکان بە تاکە کەس هەژمار نەدەکران، بەڵکو بە عەقیدە دادەندران.
پارتی و پارێزگاری لە پێكهاتە جیاوازەكان
پارتی چەند توانیبێتی بەرگری لە کورد بکات، بەرگری لە پێکهاتەکانیش کردووە. هەربۆیەش لە مێژووی پارتیدا، پێکهاتەکان لە حزبەکانی خۆیان زیاتر لە نێو پارتیدا شوێنی خۆیان دۆزیوەتەوە. لە بزووتنەوەی بارزاندا، پێش ئەوەی پارتی دروست ببێت، مەسیحی و جو و ئیزدی ڕۆڵی زۆریان هەبووە. لە زەمانی شێخ عەبدولسەلام و شێخ ئەحمەدی بارزانیشدا کە سەرکردایەتیی ڕۆحی و دنیایی بزووتنەوەکەیان دەکرد، زۆرجار بەڕێوەبەری دارایی هەموو ناوچەکە جوویەک بووە، یان لە کاری دیکەدا مەسیحییەکان بوونە. پێش پارتی دابمەزرێت، هەرکاتێک ئێزدییەکان تینیان بۆ دەهات، بارزانییەکان بە چەکەوە دەچوون بەرگریان لێدەکردن و دەگەڕانەوە. بەرگرییەکە سیاسی نەبووە، بەڵکو بڕوابوون بووە بە بەردەوامیی ئەو مرۆڤانەی لەسەر خاکی کوردستاندا، بە هەموو جیاوازییە ئاینی و نەتەوە و زمانەکانیانەوە دەژین.
تۆمەتباركردنی پێكهاتەكان بە پاشكۆیەتیی پارتی
پێکهاتەکانی کوردستان، سەرکردەکانیان و پیاوە ئاینییەکانیان، ئەو کارەساتانەی لە 1890 ەوە بەسەریانداهاتووە، لە دیفاع کردن لێیان، جێپێ و دەنگی بارزانییەکانیان لە یادە، مێژوویان لەگەڵ مێژووی شێخەکانی بارزان گرێدراوە. پارتی بریتییە لە عەقیدەیەکی کراوە، کە لایەنە باشەکانی ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزمی وەرگرت.لەم ڕۆژگارەشدا بنەماکانی لیبرالیزم و کۆمەڵگەی مەدەنی وەردەگرێت. رەگێکی مێژوویی ناوچەکەمان کە دەگەڕێتەوە بۆ زەمانی ساسانییەکان تا ئێستا، لە بزووتنەوەکانی چاکسازیی کۆمەڵایەتی بە شێوەی جیاجیا هەبووە، دواتریش لە شەپۆلی تەسەووف و عیڕفاندا هاتن تا دەگاتە ساڵی 1946، ئاوها بۆ پارتیش نەقڵ بوو. توڕاسی ئەو بزووتنەوە چاکسازییانە لە عەقیدەی بارزاندا هەیە. واتا عەقیدەیەکی ڕەسەن و ڕەگوڕیشەی لە مێژووی فیکری کۆمەڵگای کوردستان و هاوڕەگەزەکانی، بەشێوەیەکی کراوە هەیە.
هەربۆیە پێکهاتەکان لە کرانەوەی خۆیاندا بەربەستێک لای پارتی نابینن. لە کرانەوەدا لەوانەیە پارتی هەندێک جار دوابکەوێت و ماراسۆنی لە پێشکەوتندا پێنەکرێت، بەڵام دواتر هەر دەیگاتێ. ئەوەی تۆمەتبار کردنە کێبەڕکێی سیاسی و حزبییە. بۆ نموونە لە عێراقدا، دوای پارتی، حزبی شیوعی زۆر گرنگی بە پێکهاتەکان دەدا. دامەزرێنەری حزبی شیوعی عێراقی، «فەهد» خۆی مەسیحی و لە پێکهاتەکانی کوردستان بوو. بەڵام تایبەتمەندی و ئامانجی حزبی شیوعی و ئەو مێژووەی بەسەریهات، نەکرا و نەتوانرا بەرگری لە پێکهاتەکان بکات. بە درێژایی مێژوو، لە نێوان بارزانییەکان و حزبی شیوعی هاوپەیمانییەکی جێگیر هەبووە. ئەو هاوپەیمانییە پەیوەندی بە ڕوانگەی عەدالەتخوازانەی هاوبەشەوە هەبووە، بۆ چاکسازیی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی کورد و پاراستی پێکهاتەکان. بەر لە دوو ساڵ، دوا گوزارشت لەو مێژووە ئەوە بوو، کاتێک بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی، خەڵاتی بارزانی نەمری پێشکەشی عەزیز محەمەد(یادی بەخێر)، سکرتێری پێشووی حزبی شیوعی عێراقی کرد، پێیگوت: «دەبوایە مستەفا بارزانی زیندوو بوایە و ئەم خەڵاتەی پێت بەخشیبا، چونکە ئەو دەیزانی تۆ کێی». ئەمە گوزارشتێک بوو لە مێژووی هاوبەش. هەڵبەت پارتی کەموکوڕی هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێکهاتەکان. لەکاتی نوێنەرایەتیکردن و پێڕاگەیشتنی هاوسەنگی دروست کردن و باش گوێگرتن لە کەموکوڕییەکانیان و هێنانەپێشەوەی کەسە کاریگەرەکانیان لە بواری بەڕێوەبردندا. بەڵام کەموکوڕی لە بیروباوەڕەکەیدا نییە.
پێگەی پێكهاتەكان لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستاندا
کوردستان تاکە وڵاتە لە ڕۆژهەڵاتی ئیسلامیدا، یاساکانی لە میللەتەکەی پێشکەوتووترە. لە میللەتانی دیکەدا، ڕۆشنبیران و چاکسازیخوازان بزووتنەوە و ڕێکخراو درووستدەکەن، فشار و شۆڕش درووستدەکەن، دەچنە پەرلەمان تا بتوانن یاسایەک بگۆڕن. وەک لە ئێران هەیە، یان لە تورکیا و عێراقدا هەیە. لە کوردستاندا هەموو یاساکان یاسای پێشکەوتوون و لە بیرکردنەوەی خەڵک لە پێشەوەترن. بۆ نموونە لە ساڵی 1992ەوە بەپێی یاسا، داننان بە مافی ڕەوای پێکهاتەکان دابینکراوە، بێ ئەوەی پێکهاتەکان هیچ خۆپیشاندان و داوایەک بکەن. هەڵبەتە پێکهاتەکان لە شۆڕشەکاندا هەمیشە ئامادەییان هەبووە، چ لە ناو پارتی و حزبەکاندا، یان لە ناو حزبەکانی خۆیان. ئینجا یاسا مەدەنییەکان، ئەوەی پەیوەندی بە ژنانەوە هەبوو، لە ساڵی 1991ەوە زۆر قورس بوو یاسا دوای چاکسازیی باری کەسێتی و یاسای مەدەنی بکات بەڵام ئەوە کرا، کە پەیوەندی بە ژیانی پیاوان و ژنانەوە هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پەرلەمانەوە یاسای باشی بۆ داناون، هەرچەند جێبەجێکردنیان زۆر قورسە. زۆرجاریش ئەم یاسایانە بوونەتە مایەی بەرەنگاربوونەوەی ناوەند و مامۆستا و حزبە ئاینییەکان و فشاریان درووست کردووە. بیروباوەڕی پشت ئەم یاسایانە بۆ عەقیدەی بارزانییەکان و بزووتنەوەی بارزان دەگەڕێتەوە. مەلا مستەفا ئەو عەقیدەیەی هێنایە نێو پارتی و تا ئێستاش پارتی هەڵگری ئەو بیروباوەڕەیە و ناتوانێت بیگۆڕێت. یاسا دەرکراوەکان بەم تایبەتمەندییەی کوردستان هەیەتی، کە لەلایەن حکومەت و پەرلەمانەوە دەرچووە، لە میللەتەکە پێشکەوتووترە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ عەقیدە و باوەڕی بزووتنەوەی بارزان، کە لە دوای 1991ەوە لەڕێگەی پارتییەوە لە پەرلەمان بوونە یاسا و ئێستا بەردەوامە.
پارتی لە کاتی دانانی یاساکاندا، زۆر بە وردی لە ئامانجی دانانی هەر یاسایەکی کۆڵیوەتەوە. ئەم دیراسەیە لەلایەن سەرکردایەتیی پارتی و کەسانی دەستڕۆیشتووی سەرکردایەتیی پارتی کە درێژکراوەی بزووتنەوەی بارزانن و زۆرجاریش بە دامەزراوەی بارزانی ناوی دەهێنرێت، سەرچاوەی گرتووە. بە دڵنیاییەوە ئەوە خواستی ڕێکخراوەکانی خوارەوەی پارتی نەبووە. واتا هیچ کاتێک شەپۆلێک لە ناو پارتیدا دروستنەبووە ڕێکخراوەکان باسی مافی ژنان بکەن. بە پێچەوانەوە، لەسەرەوە یاسا هەبووە. بۆ نموونە رێکخراوی ئافرەتان لەساڵی 1952ەوە هەیە.
پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی کوردستان بەراورد بە ژیانی پێکهاتەکان لە عێراقدا
عێراق پایتەختی بەشێکی زۆر لە مێژووی ئیمپراتۆرییەکانی ئیسلامی بووە. پایتەختی قەتڵ و عامی ئاینزا و ئاین و غەیرە مسوڵمان و غەیرە عەرەب بووە. بۆیە هیچ قۆناغێکی پڕشنگدار لە مێژووی بەغدا پێش عێراق و دوای دامەزراندنی عێراقیش نابینین. لە بەغدا بۆ خوارەوە هەندێک مەسیحی دواتر جێیان بۆوە، ئەوانەش دوای داڕمانی ئیمپراتۆری عوسمانی لە سەرەتای سەدەی ڕابردوو بوو، کە بەغدا دەسەڵاتی نەدەڕۆیشت و والی عوسمانی لەگەڵ نامسوڵمان و ناتورکەکان بەراورد بە عەباسی و ئەمەوی و خولەفای راشدین نەرمتربوو. بۆیە عێراقی دوایی کە لەسەر بنەمای بە پایتەختبوونی بەغدا دامەزرا، هیچ شانازی و پڕشنگدارێتی تێدا نییە. لە ناوەڕاست و باشووری عێراقدا گوند و ناوچەی مەسیحی نابینی. حزوری مەسیحییەکان لە ناو بەغدا هەبووە، چونکە شارێکی گەورە بووەو عوسمانییەکان بەشێکی زۆری ئاشوری و ئەرمەنیان راگواست بەرەو بەغدا و کەمپیان بۆکرایەوە. پێیدەگوترا کەمپی ئەرمەنی، بەڵام دواتر لەناوچوو. جووەکان هەروا، لە کۆنەوە لە بەغدا هەبوونە و مەسیحیشی لێ بوونە، بەڵام هەموویان کۆکوژکران. ئێستاش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئیسرائیل دەبینین ساڵانە یادی کۆکوژکردنی جووەکان لە بەغدا و بەسرا دەکەنەوە کە دیکۆمێنتەکانی ماوە.
بۆیە هیچ بەراوردێک لە نێوان عێراق و کوردستان ناکرێت. کوردستان بریتییە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس. ئەمەش مێژووی خۆی هەیە. ئەو ناوچەیە سەخت و دوورەدەست بووە، بە درێژایی مێژووی ئیسلام (ئیمپراتۆرەکانی ئیسلام تا 1920)، لە شێخێک تا پیاوێکی ئاینی تا پێکهاتەیەک یان عارفێک تینی بۆ هاتبێت، بیری کردۆتەوە ڕابکاتە چیاکانی زاگرۆس و خۆی پەنا بدات. بۆیە کوردستان پڕبووە لە شێخ و عارف و پیاوی ئاینیی پێکهاتە و ئاینی دیکە، وەکو ئەرمەنی و ئاشوری و کلدانی، ئێزدی و سەرکردەکانی عەلەوی. ئەوانە لە کوردستان مانەوە. بۆیە بیروباوەڕی کوردستان بریتییە لە فەرهەنگێکی بەخشندە و لێبووردە و یەکترقبوڵکەرە. هەتا ئاینی ئیسلام لە کوردستاندا ئاینێکی توندڕۆ نییە. هەتا ئەوەی کە لە دوای درووستبوونی توندڕەوی لە ساڵی 1980 بەولاوە، کە قاعیدە و موجاهیدینی ئەفغان و تالیبان و ئەنسارولئیسلام بە تایبەتی بۆ کوردستان درووستکرا، دواتریش دەوڵەتی ئیسلامی عێراقی کە زەرقاوی بەڕێوەی دەبرد و دواهەمینیشیان داعشە کە ئەبوبەکری بەغدادی سەرکردایەتیی دەکرد، ئەم شەپۆلانە هیچیان لە کوردستان جێیان نەبۆوە. چونکە بیروباوەڕی ئاینی لە کوردستان ئەم مێژووەی هەیە. بۆیە کوردستان شوێنی حەوانەوەی هەموو بیروباوەڕەکانە. ئەفسانەکانیشمان تێکەڵبوونە، لەنێوان مەسیحی و جو و مسوڵماندا. زۆر شێخ و پیاوچاک و ڕووداوی ئەفسانەیی لە نێوانیاندا هاوشێوەن. بۆیە کوردستان بە پاراستنی پێکهاتەکان چاکە ناکات، بەڵکو بەو کارە خۆی دەپارێزێت. کوردستان بە نەمانی پێکهاتەکانی دەشێوێت. بە ڕۆیشتنی بەشێکی زۆر لە مەسیحییەکان بەهۆی شەڕی عێراق – ئێران لە هەشتاکاندا، شەپۆلی کۆچکردنیان بەهۆی شەڕی ناوخۆ لە نەوەدەکاندا، قۆناغی سێیەمیش دوای 2003 لە ئەنجامی ململانێ و کێشەکان، قۆناغی چوارەمیش کۆچی پێکهاتەکان لە دوای هێرشی داعش، کوردستان خوێنی لەبەر ڕۆیشتوە.
مافی كۆتا بۆ پێکهاتە ئاینییەکان لە پەرلەمانی كوردستان
لە کوردستاندا ئایین و نەتەوە دێرینەکانی بوونیان هەیە، حەقە لە سیستەمێکی کۆتادا یان لە نێو سیستەمێکی چاککراو و هەموارکراوی دیکەدا جێگەیان بۆ بکرێتەوە. بۆ نموونە ئەرمەنییەکان لە کوردستان بەهۆی شەڕ و شۆڕەوە یەکجار کەمن، ئەو ژمارە کەمە نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستان و عێراقیشدا هەیە. باشە بۆچی ئێزدییەکان نەیانبێت؟ ئێزدی کەوتنە بەر ستەمێک لە ناوەندی بڕیارەوە، بە زۆری زۆرداری بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان دەیویست بە ئێزدییەکانی بسەلمێنێت کە ئێوە کوردن و ئاین گرنگ نییە. لە کاتێکدا ئێزدی بۆیە پێکهاتەیە، چونکە ئاینەکەی لە پێکهاتەی گشتیی کوردستان جودایە، بۆ ئەو ئاینە خوێنیان داوە و بۆتە ناسنامەیان. بۆیە گەر لێیان بپرسی تۆ ئێزدی یان کوردی؟ دەڵێت من ئێزدیم بەڵام کوردستانیم. گەر زۆریش تەنگاوی بکەی دەڵێت تەنیا ئێزدیم و هیچی دیکە نیم. ئەوان هەقی خۆیانە چۆن پێناسەی خۆیان دەکەن. بەڵام گوندەکانیان گوندی کوردستانن و تێیدا دەژین. مێژووی ئەفسانە و میتۆلۆژیاکانیان ئەم گوند و ناوچە و چیایانەن. ئەمە گومانی ناوێت کە دەبێت نوێنەرایەتی خۆیان هەبێت. ئەگەر ئێزدییەک لە نێو بزووتنەوەی سیاسیدا، وەک سیاسییەک بووبە سەرۆکی حزبێک، وەکو کوردێک کاردەکات. واتا ئێزدی دەتوانێت دوو ڕۆڵ ببینێت، ڕۆڵی سیاسەتمەدارێکی کوردستانی کە دەتوانێ بڵێ من کوردم و کوردستانیم و نوێنەرایەتیی ئاین ناکەم، لەوانەیە ببێت بە ئەندامی پەرلەمان. ئەگەر ئێزدییەک ڕۆژگارێک لە شارێکی دەرەوەی ئێزیدییان بەربژێر کرا و هاتە پەرلەمان، دەبێ بە کۆتای ئێزدی داننەندرێ. کۆتای ئێزدی شتێکی دیکە دەبێت.
سەبارەت بە کاکەییەکان یان یارسان، گرفتەکە ئەوەیە تا ئێستا ئەوان ڕایناگەیەنن کە ئاین یان ئاینزایەکی سەربەخۆن. کەچی لە ڕاستیدا ئاینێکی سەربەخۆن، هەروەک چ?