كالكان، روون و رەوان

كالكان، روون و رەوان
دۆران كالكانی ئەندامی سەركردایەتی پەكەكە ئەوەی ژێر بەرەی هێانیە سەر بەڕە، بێ شەرم و پێچ و پەنا رایگەیاند ئەوان دژی ئازادی باشوری كوردستانن و ئەركیان تێكدانی ئەو سەقامگیری و ئازادییەیە، چونكە وەك دەڵێ: یان دەبێ هەموو پارچەكان پێكەوە، یان نابێ باشور بە تەنیا ئازاد و سەقامگیر بێ.
جیاوازی هەڵوێستی پەكەكە لەگەڵ ناحەزان و داگیركەرانی كوردستان تەنیا لە داڕشتنی زمان و پێش وپاشی ووشەكاندایە، پەكەكە دژی ئازادی باشورە چونكە پارچەكانی دیكە ئازاد نین، داگیركەرانیش دژن چونكە پێیان وایە ئازادی و پێشكەوتنی ئەم پارچەیەی كوردستان، دەبێتە هەوێن و هاندەر و مایەی ئازادیی پارچەكانی دیكە، بە نەتیجە هەردوكیان دژن و ئەركیان تێكدانی باشورە.
بۆیە كاتێ لە قەندیلەوە پیلان بۆ كوشتنی دیبلۆماتكارێكی تورك لە هەولێر دادەڕێژن، ئامانجیان لێدان و تێكدانی ئەمن و ئاساییشی باشورە نەك خەبات بۆ ئازادی باكور، دەنا نە هەولێر ئامەد و شرناخی داگیركراوە و نە هۆقەباز چیای ئاگرییە و نە دیبلۆماتكار چەك لە شانە و نە ئەو دوو گەنجە بێ گوناهەی بێ باكانە شەهیدیان كردن، داگیركەری باكورن.
كالكانی بە رەگەز تورك گومانێكی نەهێشتەوە كە ئەوەی لە لایەن پەكەكەوە بە ئامانج گیراوە و دژایەتی دەكرێت، ئەم هەرێمەیە، سەقامگیری و ئەمنیەت و ئازادی و ژیانی خەڵكەكەیەتی، پەلكێشی سوپای تورك بۆ باشور، بۆ ئەوەیە باشور تێكبچێ نەك بۆ ئەوەی باكور ئازاد بێ. سەنگەرگرتنی پەكەكە بە دەرەجەی یەك لە پارتی هۆكارەكەی هەر ئەوەیە كە پارتی سەنگەری یەكەم و سەرسەختی بەرگرییە لەم هەرێمە، دەنا پیلانی پەكەكە دژی هەموانە بە حكومەت وئەحزابەوە.
بە درێژایی مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی كورد، لە هەر پارچەیەك ئومێدێك، تروسكاییەك، دەسكەوتێك، دەرفەتێك بەدیكرابێ، هەموو پارچەكانی دیكە پشتیوانییان لێكردووە و بە دەسكەوت و ئومێدیان زانیوە بۆ هەموو نەتەوەی كورد، لۆژیكی پەكەكە بۆ تێكدانی ئازادی و ئەزمونی باشور، تا سەر ئێسقان نامۆیە بەو هاوپشتییە نەتەوەییە و بەو مێژووە، هۆكارەكەش ئەوەیە خودی پەكەكە تەنێكی نامۆیە بە كوردایەتی و بە ئامانجە باڵاكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی كورد.
Top