شەرم بكەن

شەرم بكەن
موچەخۆرانی كوردستان، وەك موچەخۆرانی تەواوی ناوچەكانی دیكەی عێراق، فەرمانبەری دەوڵەتن، دام و دەزگاكانی هەرێمێك بەرَیوەدەبەن كە بە پێی دەستور و واقع بەشێكە لە دەوڵەتەكەی عێراق و بۆیەش دەبێ هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیكەی عێراق موچەیان هەبێ، وەك عەبدولمەهدی دەڵێت ئەوە نە ئیمتیازێكە بۆ كوردستان و نە شتێكی نوێ و زیادەیە.
هەرێم هێشتا نەوتەكەی نەداوە بەبەغدا چونكە هێشتاش دەسحەقی كۆمپانیاكانی نەوت دەداتەوە كە لە ئەسڵدا ئیلتیزامی حكومەتی ئیتیحادییە، بەرامبەر بەوە بەغدا جگە لەو موچە نوقستانەی دەینێرێ، وەك عەبدولمەهدی ئاشكرای كرد، هەموو شایستە داراییەكانی دیكەی هەرێمی بڕیوە و یەك دیناری بۆدجە بۆ نەناردووە. ئەم كێشەیە دەبێ بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن چارەسەر بكرێ و هەرێم لەو بارەیەوە دەمێكە ئامادە و دەستپێشخەرە وگەر فشاری شۆڤێنییەكانیش لێگەڕێ، بەغداش دەزانێ چارەسەر تەنیا گفتوگۆیە.
ئەو دەنگە شۆڤێنی و بەعس مەزهەبانەی لە ئەنجومەنی نوێنەران بێ شەرمانە دژی موچەخۆرانی كوردستان بەزدەبنەوە، گەر زەڕرەیەك مۆڕاڵی سیاسییان هەبێت و ئەسیری رق و كینەی قەومەچێتی و مەزهەبی نەبن، ئەگەر وەك عەبدولمەهدی دژە بەعس و هاوسەنگەری پێشمەرگە بوونایە لە رۆژانی خەبات دژی دیكتاتۆریەت، وەك ئەو تێدەگەیشتن دۆزی كورد موچە و ناكۆكی دارایی نێوان بەغدا و هەولێر نییە و دۆزێكی سیاسیی موزمینی ئەم ووڵاتەیە و قەتیش بە فشار وبرسیكردن چارە ناكرێت.
ئەوانەی لە موچەی نیوەچڵی خەڵكی كوردستان دەخوێنن و پێیان ناڕەوایە، دەبێ بایی هێندە مۆڕاڵ و بەهای ئینسانییان تێدا بێت لە ئاست ئێسك و پروسكی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەماوە و نوگرە سەلماندا سەر نەوی بكەن، دەبێ بەر لەوەی موچەیان بۆ كورد پێ ناڕەوا بێ، خۆ بە قەرداری كورد بزانن، شەرمەزار و چاوشۆڕی ئەو جینۆساید و جینایەتانە بزانن كە دەرهەقی كورد كران و مەسئولیەتە ئەخلاقییەكەی لە ئەستۆی دەوڵەتی عێراقە، دەبێ بایی هێندە مرۆڤ بن كە لە مافی قەرەبۆكردنەوەی ماددی و ئەخلاقی و مەعنەوی ئەم میللەتە ئەنفالكراو و مەزڵومە تێبگەن نەك تەنانەت موچەشی پێ رەوا نەبینن.
Top