ئیسلامی سیاسی لە سۆماڵ
May 30, 2019
وتار و بیروڕا
كیشوەری ئەفریقیا دەوڵەمەندترین كیشوەری جیهانە، بەڵام رژێمە گەندەڵەكان و جەور و ستەمی سیاسی و كودەتا سەربازییەكان و رژێمە خێڵەكییەكان و میلیشیا چەكدارەكان و گرووپە ئاینییە توندڕۆكان، فاكتەرن كە كیشوەرەكەیان دووچاری دواكەوتوویی و بێكاری و هەژاری و برسێتی و نەخۆشی و ماددە هۆشبەرەكان بووەتەوە، ئەوانەی باسمكردن بۆ كۆماری سۆماڵیش هەر وایە، كە یەك سەدەیە سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریی بەخۆیەوە نەدیوە، كۆلۆنیالیزمی ئەوروپی(بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا) بە درێژایی مێژوو چاویان بڕیبووە قۆچی ئەفریقی Horn of Africa كە زاراوەیەكە و هەشت دەوڵەت دەگرێتەوە، كە ئەمانەن(ئەسیوبیا، ئەریتیریا، ئۆغەندا، جیبۆتی، سوودان، باشووری سوودان، كینیا، سۆماڵ) ئەمەش بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سامانی سروشتیی ئەو وڵاتانەیە، لە ساڵی 1839 بەریتانیا بنكەیەكی سەربازیی لە باكووری سۆماڵ بۆ پاراستنی رێگا بەرەو یەمەن دروستكرد، كە بە سۆماڵی بەریتانی ناونرا، دواتر فەرەنسا هات لە ساڵی 1860 بە ناوی سۆماڵی فەرەنسی(دەوڵەتی ئێستای جیبۆتی كە لە ساڵی 1977 سەربەخۆ بوو) بەشێكی سۆماڵی داگیركرد، ئیتاڵیاش لە ساڵی 1889 بە پەرۆشەوە باشووری سۆماڵی داگیركرد و بە سۆماڵی ئیتاڵی ناسرا، لە جەنگی دووەمی جیهاندا ئیتاڵیا شكستی خوارد و بەریتانیا بەشەكەی ئیتاڵیای داگیر كرد، كە هەرێمی ئۆغادینی سۆماڵی كردە بەشێك لە ئەسیوبیا، لەگەڵ ئەوەی كە هەرێمێكی سۆماڵییەو موسڵمانانی سۆماڵی تێدا بوو و بە زمانی خۆیان قسەیان دەكرد، ئەسیوبیا لە ساڵی 1954 بە فەرمی ئەم هەرێمەی خستە سەر وڵاتی خۆی، كە بوو بە خاڵی ململانێی سۆماڵ- ئەسیوبیا، بۆیە سۆماڵ بوو بە پێنج بەشەوە، (سۆماڵی بەریتانی، سۆماڵی فەرەنسی، سۆماڵی ئیتاڵی، سۆماڵی كینی، سۆماڵی ئەسیوبی)، لەبەرئەوە دەبینین ئاڵای سۆماڵ پێنج ئەستێرەی تێدایە وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو دابەشكردنە، لە ساڵی 1960 سۆماڵ لەژێر دەستی هەردوو كۆڵۆنیالیزمی بەریتانی و ئیتاڵی سەربەخۆبوو، بەڵام هەرێمی ئۆغادین لەلایەن ئەسیوبیاوە هەر بە داگیركراوی مایەوە، (ئادەم عەبدوڵا عوسمان)بووبە یەكەم سەرۆكی كاتیی كۆماری سۆماڵ، دواتر بۆ شەش ساڵ هەڵبژێردرا، لە ساڵی 1964 سۆماڵ ئازادكردنی هەرێمی ئۆغادینی راگەیاند، بەڵام نەیانتوانی بیگەڕێننەوە، چونكە لە شەڕی دژ بە سۆماڵ ئەمریكا پشتگیریی ئەسیوبیای كرد، لە ساڵی 1967 عەبدولڕەشید شرماكی بوو بە سەرۆك كۆمار، بەڵام لە ساڵی 1969 لەلایەن پاسەوانێكی خۆیەوە تیرۆركرا، موختار محەمەد حوسێن بۆ شەش رۆژ هاتە شوێنی، بەڵام محەمەد سیاد بەری كودەتایەكی سەربازیی بەرپاكردو دوای ئەوەی دەستووری پەكخست و پەرلەمان و حزبەكانی هەڵوەشاندەوە و بەزەبری ئاگروئاسن بۆماوەی سی ساڵ حوكمی كرد، محەمەد سیاد ساڵی 1975 سیستەمی شیوعی لەسەر بەرنامەی ماوتسی تۆنگ-ی چینی سەپاند و یاسای باری كەسێتی پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامی راگەیاند، زانایانی سۆماڵ ناڕەزاییان دەربڕی، بەڵام سەرلەبەری دەستگیر كردن و هەندێكیشی لەسێدارەدان، پیتی عەرەبی بۆ لاتینی گۆڕی، لە ساڵی 1977 سەركردایەتیی جەنگی ئازادكردنی ئۆغادینی كرد لەدژی ئەسیوبیا، بەڵام هێزی ئەسیوبیا بە سەرۆكایەتیی مەنگستۆ هیلا ماریام Mengistu Haile Mariam بە پاڵپشتیی كوباو سۆڤییەت و چین هێزی سۆماڵی لە ساڵی 1978 تێكشكاند، دوای شەڕەكە كە هێدمەیەك بوو بۆ جەماوەر، بۆیە راپەڕینیان بەرپاكرد و متمانەیان بە سیاسەتوانانی عەلمانی و مەدەنی نەما، ئەمەش دەرفەت بوو بۆ ئیسلامییەكان كە ئەم بۆشاییە بقۆزنەوەو خەڵكەكە راكێشن بۆ دژایەتیكردنی رژێمی سەربازی، لە ساڵی 1978 چەند ئەفسەرێك كودەتایەكی شكستخواردوویان دژی سیاد بەری راگەیاند، تا دەهات تووڕەبوونی جەماوەر زیاتر دەبوو، ئەوە بوو راپەڕینێكی بەهێزی میللی و بزووتنەوەی چەكدار بۆ لەناوبردنی رژێم كە سی ساڵ بوو ستەمی دەكرد دەستیان پێكرد، لە ساڵی 1991 رژێمی سیاد بەری رووخا، دواتر شەڕی ناوخۆ دەستی پێكردو پاشان كۆنگرەیەكی ئاشتبوونەوەیان لە جیبۆتی گرێ داو عەلی مەهدی محەمەد كرا بە سەرۆك، بەڵام جارێكی دی شەڕی ناوخۆ هەڵگیرسایەوە، كە لایەنی سەرەكی ژنەڕاڵ محەمەد فەرەح عیدیدی سەرۆكی كۆنگرەی یەكگرتووی سۆماڵ بوو، رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە شەڕ دژی هێزەكانی سیاد بەری لە باشووری وڵات، لە ساڵی 1992 ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری ژمار(794)ی دەركردو بڕیاری دا هێزی كۆمەكی مرۆیی بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا بنێرێت، سەرۆك جۆرج بوشی باوك لە ساڵی 1993دا(30) هەزار سەربازی رەوانەكرد، بەمەبەستی لەناوبردنی میلیشیا پێكناكۆكەكان، بەڵام وەك ئەوەی ڤێتنامی بەسەرهات، بۆیە بیل كلنتۆنی سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری دا لە ساڵی 1994 هێزی ئەمریكا بكشێنێتەوە، كۆمپانیای كۆلۆمبیا پیكچەری ئەمریكا فلیمێكی دەربارەی رووداوی راستەقینەی هێزی ئەمریكا لە سۆماڵ بەرهەمهێنا بەناوی (كەوتنی هەڵۆ رەشەكە)، دوای كشانەوەی، ئەمریكا سەركردەی میلیشیاكان بەتایبەتیش ئیسلامییەكانی كردە ئامانج بە زەبری پارە، پارەی دەدایە سەرۆكەكانی شەڕ بۆ كوشتنی سەركردەكانی گرووپە ئیسلامییەكان، بەتایبەتیش بزووتنەوەی موجاهیدینی گەنجان، بەڵام جەنەراڵ عیدید لەلایەن لایەنگرێكی خۆیەوە كوژرا، دواتر حوسێن عیدیدی كوڕی هاتە شوێنی باوكی، لەناوبردنی لەلایەن ئەمریكاوە دوای شكستهێنانی لە ساڵی 1993 بەدوورنازانم، ئەویش دوای قایلكردن بە پارە كە بۆ كوشتنی هەر یەكێك تەرخانی دەكرد وەك كوشتنی ژنەڕاڵ عیدید، لە وڵاتێكی وەك سۆماڵد پێدانی پارە سوودی هەبوو، چونكە هەژار و برسی و بێكار بوون، لە ساڵی 2000 جارێكی دیكە كۆنگرەی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لە جیبۆتی رێكخرا، عەبدی ئەلقاسم بە سەرۆكی كاتیی بۆ قۆناغی راگواستن بە پشتیوانیی دادگا ئیسلامییەكان و بزووتنەوەی ئیسلاحی سەر بە ئیخوان موسلمین هەڵبژێردرا، كە ئەمەش ئەسیوبیاو ئەمریكای نیگەران كرد، دوای گەڕانەوەی حكومەتی ئەلقاسم بۆ سۆماڵ رووداوی 9ی سێپتێمبەر لە ئەمریكا هاتەئاراوە، راپۆرتەكان ئاماژەیان بەوە كرد كە سەركردە هەڵاتووەكانی قاعیدە لە ئەفغانستانەوە لە سۆماڵ گیرساونەتەوەو بۆتە مۆڵگەی تیرۆریستان، بۆیە ئەلقاسم كەوتە نێو دوو بژاردەوە، یان رازی بێت بەوەی كە لەپشت سەركەوتنی بوو بۆ سەرۆكایەتی لەلایەن كۆمەڵی دادگا ئیسلامییەكان كە ئەمریكا لەدەست دەدات، یان ئەمریكا رازی بكات، بەمەش ناوخۆ دەدۆڕێنێت، بۆیە بۆ سێ ساڵ داوای سڕكردنی كاری دادگا ئیسلامییەكانی كرد، لە كۆتاییدا هەردوو لای لەدەست دا، لەبەرئەوە دادگا ئیسلامییەكان زیاتر بەهێزبوون، بوونە رووی بەهێزی سیاسی لە قۆناغی داهاتوودا، ئەسیوبیا تۆڵەی لە ئیسلامییەكان كردەوە كە سەرۆك عەبدی ئەلقاسم هاوپەیمانیی لەگەڵدا بەستبوون، ئەوە بوو لە ساڵی 2004 داوای كۆنگرەیەكی دژ بە كۆنگرەكەی جیبۆتی كرد لە نایروبیی پایتەختی كینیاو رێگەی نەدا ئیسلامییەكان بەشداری تێدا بكەن، بەناوی چەترێكی شەرعی و یاسایی تاكو بیخاتە ژێر چاودێریی رێكخراوی ئیگاد IGAD دەستەی گەشەپێدانی حكومیIntergovernmental Authority on Development – كە رێكخراوێكە لە ساڵی 1985 دامەزراوە (سۆماڵ و جیبۆتی و كینیا و ئۆغێندا و ئەسیوبیا و ئەریتیریا) دەگرێتەوە، ئامادەبووان عەبدوڵا یوسف ئەحمەد- دوژمنی سەرسەختی ئیسلامییەكانیان بە سەرۆك هەڵبژارد ساڵانی (2004-2008)، حكومەتەكەی عەبدوڵا یوسف لە تاراوگەوە گەڕایەوە و لە شاری جەوهەر نیشتەجێ بوو، سەرۆك هۆزەكان و سەرانی دادگا ئیسلامییەكان بە سەرۆكایەتیی شێخ حەسەن تاهیر ئەویس كۆبوونەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی حكومەتەكەی عەبدوڵا یوسف، ئەوەبوو عەبدوڵا یوسف دەستی لەكاركێشایەوە وشكستی خۆی لە بەدیهێنانی ئاشتی راگەیاند، دوای ئەو عەدەن محەمەد نور مادوبی بۆ ماوەی 33 رۆژ حوكمی كرد، دواتر شێخ شەریف ئەحمەد حەسەن لەنێوان ساڵانی(2008- 2012) بوو بە سەرۆكی وڵات، لە ساڵی 2012 هەڵبژاردن كراو حەسەن شێخ مەحمود بردیەوە و لە ساڵی2012 تا ساڵی 2017 بوو بە سەرۆك، دوای ئەویش محەمەد عەبدوڵا محەمەد فرمانجو بوو بە سەرۆك کە لە ساڵی2021 ماوەكەی كۆتایی دێت.
خاكی سۆماڵ
پێویستە باسێكی ئەم دەوڵەتە سەربەخۆیە بكەین كە كەس دانی پێدا نانێت، دوای شەڕێكی دوورودرێژ دژی رژێمی سیاد بەری سەربەخۆ بوو، لە ساڵی 1981 بزووتنەوەی رزگاریخوازیی خاكی سۆماڵ دامەزرا، لە ساڵی 1991 كۆنگرەیەك بۆ دیاریكردنی چارەنووس بەسترا، تێیدا كۆماری خاكی سۆماڵیان راگەیاند، عەبدولڕەحمان ئەحمەد عەلی بە یەكەم سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا، پایتەختەكەشی هرجسیا Hargeisaیە، كە یەكێكە لە شەش هەرێمەكەی سۆماڵ(بۆنت بلاند، جویا بلاند، غلمدغ، هیران شبلی، خاكی سۆماڵ، هەرێمی باشووری رۆژئاوای سۆماڵ) حكومەتی سۆماڵی فیدرال لە ترسی جیابوونەوەیان پێدانی ئۆتۆنۆمی هەوڵی یەكخستنیان دەدات.
بیرۆكەی دادگا ئیسلامییەكان
دوای رووخانی رژێمی ستەمكاری سەرۆك محەمەد سیاد بەری لە 1991دا، ئاژاوە و گەندەڵی و كوشتن و دزی و تاڵان و رفاندن سەریان هەڵدا، بۆیە زانایانی سۆماڵ بیریان كردەوە چارەسەرێك بدۆزنەوە بۆ سەقامگیریی ئاسایش، بیرۆكەی دادگا ئیسلامییەكانیان خستەڕوو، بۆ دەوڵەمەند و سەرۆك هۆز و خێڵەكان بیرۆكەیەكی باش بوو، خاوەنی بیرۆكەكە شێخ محەمەد موعەلیم ئەبو ئیسلامی سیاسیی سۆماڵی بوو، كە لایەنگری ئیخوان موسلمین بوو، یەكەم دادگای ئیسلامی لە ساڵی 1991 لە باشووری مەقدیشۆ بە ناوی(هرسید) واتا پێشەنگ دامەزراند، بەڵام ژنەڕاڵ عیدید ئەم هەوڵەی پووچەڵ كردەوە، چونكە ركابەری دەسەڵاتی ئەو بوو، لە ساڵی 1994 دادگایەكی ئیسلامی لە باكووری مەقدیشۆ بە سەرۆكایەتی شێخ عەلی مەحمود تەیری دامەرزا، لە ساڵی 1997 دادگا ئیسلامییەكان لەناو پایتەخت پەیدابوون، ئەمەش ئەسیوبیای نیگەران كرد، عەلی مەهدی محەمەد سەرۆكی سۆماڵ رۆڵی دادگا ئیسلامییەکانی كەمكردەوە، چونكە وەك وەزارەتی ناوخۆو داد بوون، لە كۆتاییداو بە پاڵپشتیی ئەسیوبیا سەرۆكی سۆماڵ لە ساڵی 1997 هەڵیوەشاندنەوە، بەم شێوەیە ئاشووب و گەندەڵی سەری هەڵدایەوە، لە باشوور و لە ساڵی 1999 سەرلەنوێ دادگا ئیسلامییەكانیان دامەزراندەوە، بەڵام بە یەك ئیدارە و بەسەرۆكایەتیی شێخ حەسەن محەمەد عودەی، لە باكووری مەقدیشۆ-ش دادگا ئیسلامییەكانیان بۆ سەپاندنی ئاسایش دامەزراند، شێخ شەریف ئەحمەد حەسەن كرا بە سەرۆك، لە ساڵی 2005 ئەنجومەنی باڵای یەكێتیی داگا ئیسلامییەكان پێكهات كە (11) دادگای شەرعیی لەخۆگرتبوو، ئەنجومەنەكە لە دوو ئەنجومەن پێكهاتبوو یەكێكیان شورا بە سەرۆكایەتیی شێخ حەسەن تاهیر ئەویس لە گرووپی یەكێتیی ئیسلامی كە ئاراستەی سەلەفیی جیهادی بوو و لە لیتسی تیرۆری ئەمریكادا بوو، ئەنجومەنی راپەڕاندن بە سەرۆكایەتیی ئێخ شەریف ئەحمەد حەسەن كە ئیخوانی سۆفی بوو لە گرووپەكەی ئال شێخ محەمەد موعەلیم، ئەوانە بۆچوونیان جیاوازبوو، حەسەن تاهیر داوای رزگاركردنی خاكی سۆماڵی لە چنگ ئەسیوبیا دەكرد، كەچی شەریف حەسەن داوای هێوركردنەوە و ئاشتیپارێزیی لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ دەكرد، دوای ئەوەی دادگا ئیسلامییەكان بەهێزبوون و سوپای خۆیان هەبوو كە پێنج هەزار چەكداری مەشقپێكراو بوون، حكومەتیان رووخاند و لە ساڵی 2006 هەموو شتێكیان كۆنترۆڵ كرد، حكومەتی راگوزاری لەگەڵ دادگا ئیسلامییەكان رێككەوت كۆتایی بە توندوتیژی بهێنن، بەڵام حكومەت داوای لە ئەسیوبیا كرد دەستوەردان بكات بۆ لەناوبردنیان، بۆیە بە تیشكی سەوزی ئەمریكا هاتە ناوەەوە، سەرلەنوێ پێكدادان لەنێوان دادگا ئیسلامییەكان و هێزەكانی حكومی و ئەسیوبی سەری هەڵدایەوە، لە ساڵی 2007 لە ئەسمەرەی پایتەختی ئەریتیریا كۆنگرەیەك گرێدرا، هەموو نەیارانی حكومەتی كاتی ئامادەبوون، دادگا ئیسلامییەكان فراوانتر بوون و نەتەوەخوازو عەلمانی و مەدەنییانی لەخۆگرت و هاوپەیمانییەكیان بە ناوی هاوپەیمانیی رزگاركردنەوەی سۆماڵ پێكهێنا، بەڵام كۆمەڵێك لە سەرۆكی لاوان ئامادەی نەبوون، بە پاساوی ئەوەی كە هاوپەیمانییەكە ئیسلامی نییە، چونكە عەلمانی و نەتەوەخوازی تێدایە، ئەو لاوانە كە جیابوونەوە ئەندام بوون لە یەكێتیی ئیسلامی بە سەرۆكایەتیی حەسەن تاهیر ئەویس، بۆیە بزووتنەوەی موجاهیدینی لاوانیان پێكهێنا، كە بووە مەترسیدارترین بزووتنەوەی چەكدار كە شەڕ لەگەڵ حكومەتەكانی سۆماڵ دەكات، لە ساڵی 2008 هاوپەیمانیی رزگاركردنەوەی سۆماڵ بوو بە دوو بەشەوە، باڵی جیبۆتی بە سەرۆكایەتیی شێخ شەریف ئەحمەد حەسەن، باڵی ئەسمەرە بە سەرۆكایەتیی شێخ حەسەن تاهیر ئەویس، باڵەكەی شێخ شەریف لەگەڵ حكومەتە كاتییەكە و بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان دانوستانی كرد، هەردوو لاش رێككەوتن كە هێزەكانی ئەسیوبیا بچنە دەرەوە و حكومەتێكی نیشتمانی پێكبێت و ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانیش ببێتە(275)کەس، لە ساڵی 2009 پەرلەمانی سۆماڵ لە جیبۆتی شێخ شەریف ئەحمەد حەسەنی بە سەرۆكی وڵات هەڵبژارد، لە 2010 سەرۆك دادگا ئیسلامییەكانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام رووبەڕووی بەرەیەكی نوێی ئیسلامی بووەوە كە لە ساڵی 2009 دژی حكومەتەكەی پێكهات، كاتێ چوار گرووپی ئیسلامی (دادگا ئیسلامییەكان باڵی ئەسمەرە، بەرەی ئیسلامی، سەربازگەی رەئس كەمبونی، سەربازگەی فاروق عانولی) پێكهێنانی هاوپەیمانییەكیان بەناوی حزبی ئیسلامی بە سەرۆكایەتیی عەمران ئیمان راگەیاند، لە هەمان ساڵدا تاهیر حەسن ئەویس لە ئەسمەرەوە گەڕایەوەو بوو بە سەرۆكی هاوپەیمانییەكە، دوای ئەوەی عومەر ئیمان پاشەكشەی كرد لەبەر شارەزایی ئەویس لە بواری سەربازی، پلانیان دانا بۆ رووخاندنی حكومەتەكەی هاوپەیمانە ئیسلامییەكەی پێشوویان شەریف ئەحمەد حەسەن، هەروەها بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی ئاشتیپارێزی ئەفریقی(ئەمیسوم) نێردەی یەكێتیی ئەفریقیا لە سۆماڵ AMISOM African Union Mission in Somalia، دەستیان گرت بەسەر چەند پێگەیەكی گرنكی نزیك پایتەخت، لە ساڵی 2010 محەمەد عوسمان ئارۆس وتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی حزبی ئیسلامی رایگەیاند كە بزووتنەوەی موجاهیدینی لاوان هاتۆتە ناویانەوە، بەڵام بەرنامەی توندڕەوی و تەكفیری و تیرۆریستیی بزووتنەوەكە وای كرد كە سەربازگەی رەئس كەمبونی لە هاوپەیمانییەكە بێتە دەرەوەو و حزبێكی سەربەخۆ بەناوی بزووتنەوەی رەئس كەمبونی ئیسلامی پێكبهێنێت، داواشی لە زانایانی سۆماڵ كرد كە دژی ئەو بەرنامە تەكفیرییەی بزووتنەوەی موجاهیدین بوەستنەوە، زانایانیش بەپیر بانگەوازەكەوە هاتن و بزووتنەوەی موجاهیدنیان بە لەڕێ لادان تۆمەتباركرد، ئەوەش هاوپەیمانیی حزبی ئیسلامیی هاندا لە ساڵی 2012 لە بزووتنەوەكە جیابێتەوە، تاهیر حەسەن ئەویس ئامادەیی دەربڕی لەگەڵ حكومەت دانوستان بكات، بەڵام حكومەت لە ساڵی 2013 دەستگیری كرد و دوای گفتوگۆی عەشایری لە ساڵی 2014 ئازادكرا، ئەنجومەنی ئاسایش بە فشاری ئەمریكا بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ قاعیدە ناوی لە لیستی تیرۆر تۆماركرد، هاوپەیمانیی حزبی ئیسلامی كاتێ پەنای بردە بەر توندوتیژی لەجیاتی دانوستان لەگەڵ حكومەتدا، دەركی بە هەڵەی خۆی كرد، لەو هەڵەیەش گەورەتر هاوپەیمانیكردنی لەگەڵ بزووتنەوەی موجاهیدینی سەر بە رێكخراوی قاعیدە بوو.
بزووتنەوەی موجاهیدینی لاوان
لەسەردەمی رژێمی محەمەد سیاد بەری كە بە توندی دژایەتیی ئیسلامییەكانی دەكرد، وەك كاردانەوەیەك چەندین گرووپی ئیسلامی پەیدابوون، بۆ نموونە: بزووتنەوەی چاكسازیی سەر بە گرووپی ئیخوان موسلمینی میسری لە ساڵی 1978، بەڵام بوو بە دوو بەشەوە، لە ساڵی 1980 هاوبەندی لاوانی سۆماڵ لە باشوور و بزووتنەوەی لاوانی ئیسلامی لە باكوور یەكێتیی ئیسلامییان پێكهێنا، كە بوو بە بڵاوترین بزووتنەوەی ئیسلامی لە سۆماڵ، كە ئاراستەیەكی سەلەفیی جیهادی هەبوو، بزووتنەوەی یەكێتیی ئیسلامی چەندین سەربازگەی بۆ مەشق و شەڕ دژی رژێمی سیاد بەری كردەوە، دوای رووخانی بەری بەهێزبوون، لە ساڵی 1992 شاری(لوق)یان لە ناوچەی(غدو) داگیركرد و ئیمارەتی ئیسلامییان دامەزراند، چەند سەربازگەیەكیشیان بۆ قاعیدە و ئەفغانی عەرەب كردەوە كە لە ئەفغانستانەوە گەڕابوونەوە، لەوێوە هێرشەكان بۆ دەوڵەتانی دراوسێ و ئەمریكا دەستیان پێكرد، لە ساڵی 1998هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە نایروبیی پایتەختی كینیاو لە دارولسەلامی پایتەختی تانزانیا تەقێندرانەوە، ئەسیوبیاش لە ساڵی 1996 سەبازگەكەی شاری(لوق)ی خاپووركرد، هەر لەو ساڵەدا یەكێتیی ئیسلامیی خۆی هەڵوەشاندەوە، بەڵام هەندێ گەنج هەر لە خەبات بەردەوام بوون، ناوی بزووتنەوەكە بۆ بزووتنەوەی یاخیبوون گۆڕدرا كە بایەخی زیاتر بە پەروەردەی چاكسازی دەدا، بەڵام هەندێ گەنجی سەلەفیی جیهادی ئەم بیرۆكەیان رەتكردەوە و خەباتی چەكدارییان هەڵبژارد، بۆیە بزووتنەوەی موجاهیدینی لاوانیان دامەزراند، لە ساڵی 2007 ئەندامەكانی لە شاری براوە كۆبوونەوە و ئەحمەد غۆدونی بە سەرۆك هەڵبژێردراو ئیبراهیم ئەفغانی بوو بە جێگری، هەروەها ئادن هاشی ئارۆ بوو بە بەرپرسی سەربازی، ئەم بزووتنەوەیە ساڵی 2005 بڕبڕەی پشتی دادگا ئیسلامییەكان بوو، موختار ئەبو زوبێری ئەمیری بزووتنەوەكە ناسراو بە ئەحمەد عەبدی جودان لە ساڵی 2006 ئەمینداری گشتیی نووسینگەی راپەڕاندنی یەكێتیی دادگا ئیسلامییەكان بوو، دوای داگیركردنی مەقدیشۆ لەلایەن دادگا ئیسلامییەكانەوە عەبدوڵا سودر ئارال سەرۆكایەتیی بزووتنەوەكەی دەكردو ئەمریكاش دەستگیری كردو رەوانەی دوورگەی گوانتانامۆی كرد، دوای هاتنی هێزەكانی ئەسیوبیا و دەركردنی دادگا ئیسلامییەكان لە مەقدیشۆ بزووتنەوەكە لە دادگا ئیسلامییەكان جبابووەوەو لە ساڵی 2007 بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد جودان جیهادی دژی بوونی ئەسیوبیا راگەیاند، كە چەند ولایەتێكی لە ناوەڕاست و باشووری سۆماڵ دامەزراند، توانی لە ساڵی 2009 تا كۆتایی ساڵی 2011 دەست بەسەر دوو لەسەر سێی گەڕەكەكانی مەقدیشۆدا بگرێت، دوای ئەوەی ئەمریكا لە 2008 ناوی بزووتنەوەكەی لە لیستی تیرۆر تۆماركرد، توندڕەوییان زیاتربوو و لە ساڵی 2009 بەیعەتیان بە قاعیدە و ئەمیرەكەی ئوسامە بن لادن دا، لە ساڵی 2010 بزووتنەوەكە بەیاننامەیەكی دەركردو تێیدا گوتی: (جیهاد لە قۆچی ئەفریقی پێویستە لە شێوەی ئەو جیهادەی موجاهیدەكانی رێكخراوی قاعیدە بێت، كە لەسەر ئاستی جیهان دەیكەن)، دوای كوشتنی ئوسامە بن لادن دروشمی(هەموومان ئوسامەین)ی بەرزكردەوە و هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی لە بكوژەكەی كرد، دواتر لە ساڵی 2011 بەیعەتی بە ئەیمەن زەواهیری دا بۆ بەردەوام بوون لەسەر هەمان رێباز، قاعیدە تەركیزی كردە سەر سۆماڵ، چونكە لە ناوچەی عەرەبی نزیكە، بۆیە لە رێی بەیاننامەكانیەوە رایگەیاند كە حكومەتی شەریف ئەحمەد حەسن كافرو بەكرێگیراوە و پێویستە موجاهیدەكانی سۆماڵ شەڕی لەگەڵدا بكەن، ئوسامە بن لادن رووی قسەی لە خەڵكی سۆماڵ بووو دەیگوت: (وەرنە مەیدان بۆ شەڕ ئەی خەڵكی سۆماڵ) زەواهیریش دەنگە تۆماركراوەكانی بەرێی كەناڵی جەزیرەی قەتەری بۆ دەناردن بە ناونیشانی: لە كابوڵەوە بۆ مەقدیشۆ، تا سۆماڵ بوو بە مۆڵگەی ئەندامانی قاعیدە و گرووپەكانی سەر بەو لە جیهاندا، بەڵام ئەمریكا دوای ئەوەی لە مەیداندا شكستی هێنا لە رێی ئاسمانەوە دەستی كرد بە لەناوبردنی سەركردەكانیان، دوای پۆلێنكردنی بزووتنەوەكە لە لیستی تیرۆر لەبەر بوونی پەیوەندیی بە قاعیدەوە، ئەوە بوو لە ساڵی 2008 ئادن هاشی ئارۆ ناسراو بە ئەبو ئەیوب ئەنساریی كوشت، كە لە ئەفریقیا بە زەرقاویی سۆماڵ ناسرابوو، تۆمەتباركرابوو بە تەقاندنەوەی هەردوو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە نایروبی و دارولسەلام لە ساڵی 1998، هەروەها بەكوشتنی راهیبەیەكی ئیتاڵی لە ساڵی 2006، کە كاتی خۆی حەسەن تاهیر ئەویس بۆ مەشق ناردبوویە ئەفغانستان، دوای كەوتنی تاڵیبان لە ساڵی2001 لەگەڵ چەند چەكدارێكی سۆماڵی گەڕابووەوە مەقدیشۆ، ئەبو مەنسور ئەمریكی دوای ئەو هات، بەڵام لەلایەن موختاری رۆبۆوە كوژرا، چونكە ركابەریی جودانی دەكرد، موختاری رۆبۆش سەركردەیەكی دیاری بزووتنەوەكە بوو، بەڵام وازی هێناو خۆی رادەستی حكومەت كردەوە و لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی باشووری سۆماڵ خۆی بەربژێركرد، دواجار حكومەت بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیری كرد، ئەمریكاش بڕی(5)ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیركردنی تەرخانكرد، لە ساڵی 2009 ئەمریكا ساڵح نەبهانی سەركردەی سەربازی كوشت، ئەحمەد عەبدی جودان لە ساڵی (1998)ە وە سەركردایەتیی بزووتنەوەكەی كرد و بە موختار عەلی زوبیر ناسرابوو، تا لە 2014 بە فڕۆكەی ئەمریكا كوژرا، ئەمریكاش(7) ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیركردنی تەرخانكردبوو، ئەو پیاوە كە بە ئیبن لادنی ئەفریقیا ناسرابوو، زۆر توندڕەو بوو هەر یەكێك ركابەری بوایە لەنێو بزووتنەوەكە دەیكوشت، بگرە هەر لە ئەبو مەنسور ئەمریكی تا دەگاتە ئەحمەد جزنی و ئیبراهیم ئەفغانی، بزووتنەكەی كردەوەیەكی خۆكوژیی ئەنجام دا كە عومەر حاشی ئادنی وەزیری پێشووی ناوخۆی سۆماڵ و(30) كەسی یاوەری كردە ئامانج، بە تۆمەتی ئەوەی وەزیر كافر و هەڵگەڕاوە و یاخییە، هەروەها لە ساڵی 2010 لەوكاتەی سەیری یاریی تۆپی پێیان دەكرد كەمبالای لە ئۆگەندا تەقاندەوە و (74)كەسی كوشت، دواتر جودان لە بەیاننامەیەكدا گوتی: (ئەوەی لە ئۆگەندا رووی دا تەنیا سەرەتایەك بوو)، هەروەها بزووتنەوەكە لە سەردەمی ئەو لە ساڵی2015 هۆتێلی مەقدیشۆی تەقاندەوە و وەزیرێكی سۆماڵی و دوو پەلەمانتاری تێدا كوژرا، لە هەمان ساڵیشدا پەلاماری زانكۆی شاری (غارسیا)یاندا لە كینیا و چەند كریستیان و موسڵمانێكیان بە بارمتە گرت و (140) كەسیشیان كوشت.
باسی گرووپە ئیسلامییەكانی دیكەشمان نەكردووە، وەك گرووپی تەبلیغ كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1876 و یەكەمین دامەزرێنەری محەمەد ئیلیاس كاندهلۆی هیندی بوو، یان گرووپی ئال شێخ كە لە ساڵی 1983 دامەزرا، هەروەها بزووتنەوەی ئیسلاحی سەر بە گرووپی ئیخوان موسلمینی میسری، یان گرووپی ئەهلی سوننە و جەم?