بزووتنەوەی بارزان و ڕیشەی مێژوویی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان
May 27, 2019
وتار و بیروڕا
تا مەولانا خالیدی شارەزوری نەقشەبەندی
دەسپێکی نیازەکەم
ئەگەر لەخۆمان بپرسین سەرچاوەکانی بیروباوەڕی بزووتنەوەی بارزان لە کوێوە دێت، كە دواتر بوو بە بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی-سیاسی چاكساز لەکوردستان، پێویستە توانایی خوێندنەوەی مێژوومان هەبێت ئەویش لە دید و سەرزەمینی خۆمانەوە بێت. گرنگیی بیروباوەڕی بارزان كە لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکی چاكسازیی لە ماوەی 140 ساڵی ڕابردوودا بەردەوام كاری كردووە، وە جێپێی لە ئیسڵاحكردنی بیروباوەڕەكانی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە دیارە، بانگێكی بەهێزە و وزەیەكی ئینسانیی گەورەی لەپشتە، بۆ مێژووی وڵاتی ئێمە جێی شانازییە . دوایی لە كۆتایی سییەكان سەدەی بیستەمەوە بیروباوەڕەكانی ئەو بزووتنەوەیە لە ڕێگەی مستەفا بارزانییەوە گواسترایەوە و پردی بۆ هەڵبەسترا بۆ ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و بۆ ناو بیری سیاسی لە كوردستان. لە هەرێمی كوردستاندا، لە سی ساڵی بەڕێوەبردنی خۆماندا، سەرباری هەموو كەموكوڕییەكانی كە هەمانە، گشت ئەو یاسایانەی لە خزمەتی پێشكەوتن و ئینسانییەتدانە، ڕاستەوخۆ و كەمێكیش ناڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە فیكری ئیسلاحیی بزووتنەوەی بارزانەوە هەیە، كە دواتر باسی دەكەم.
باوەڕەکانی بزووتنەوەی عیرفانی بارزان
لە بزووتنەوەی بارزاندا، لەسەر بنەمای ڕۆشنگەری، پێنج شێخی گوندی بارزان لەسەر ئەو بنەمایە کاری ئیڕشادیان کردوە كە بنەماكانی ئینسانین و بیروباوەڕەكە بریتی بووە لە: ڕێزگرتنی مرۆڤ، باوەڕهەبوون بە فەردانییەتی ئینسان وەك خۆی، ڕێزگرتنی ئازادی و ڕزگاریی ئینسان لە دەست کۆیلایەتی و چەوساندنەوەی زۆرداران، ڕێزگرتنی فرەچەشنی ئاینی و نەتەوەیی، بەرابەریی نێوان ژن و پیاو، كە كێشەیەكی گەورەی جیهان و كۆمەڵگەی ئیسلام بووە. بنەمایەكی دیكەی بزووتنەوەی بارزان یەکسانی بووە لە ژیانی ماددی و هاندان بۆ بەرهەمهێنانی ئابووری لەو چوارچێوە كۆمەڵایەتییەی لێی دەژیان سیستەمێكی شیاوی وەرگرتبوو و دەبوا هەموو مرۆڤەكان بەهرەمەند بن لە ژیانی ماددی. پەروەردە لە باوەڕی بارزاندا گرنگییەكی زۆری هەبووە، كە ئەم بیروباوەڕانە بە پەروەردە بگوازرێنەوە دەنا بە ئاسانی جێگیرنابن، پاراستنی ژینگە بە هەموو پێكهاتەكانییەوە لە درەختەوە تا دەگاتە گیانداران، یەكێك لە باوەڕە پیرۆزەكانی بارزانە. بێلایەن نەبوون و هەڵویست هەبوون لە بەرامبەر كێشەکانی مرۆڤ مەبدەئێكی دیكەی بزووتنەوەی بارزانە، ئەوەش وایكرد ئەو بزووتنەوەیە لە دەرەوەی چوارچێوەی تەكییەیەكدا ببێتە بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتیی فراوان. ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە لە سەدەی نۆزدەیەم هەبوایە سروشتی فیكری كۆمەڵایەتی و ئاینیی كۆمەڵگای كوردستانی دەگۆڕی بۆ كۆمەڵگەیەكی بێ كێشە. ئەو مەبدەئانە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بووە جاڕنامەی گەردوونی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ. تایبەتمەندییەکی گرنگ لە عەقیدەی بارزاندا هەیە، ئەویش شتێك نییە بە ناوی چیرۆك و ئەفسانەی خورافی، جەخت لەسەر ژیانی ڕۆژانە و چارەسەركردنی كێشەكان دەکرێ تا مرۆڤ متمانەی بە زانایی و توانایی خۆی هەبێت و بتوانێت كێشەكانی بەردەمی چارەسەر بكات و ژیان ئاسان بكات، لە كۆتاییشدا سەركەوتن بە نسیبی مرۆڤ ببێت. لەم ڕۆژگارەی خۆماندا كە تەیار و چەكدارین بە لێكۆڵینەوەی زانستی، دەرکەوتووە ژیان بریتییە لە ڕەنج و ئازار و ماندووبوون، سرووشتی ژیان ئەوەیە، كاتێك تامی دەبێت كە زانیاری و ڕاهێنان هەبێت و بەسەر كێشەكانیدا سەربكەوێ و بتوانێ خۆشتری بكات، ئەو کاتەیە دەتوانی بگونجێی لەگەڵ ژیانی واقیعیدا. ئەوەی تێدانەبێت ژیان جگە لە ئازار هیچی دیكە نابێ. فەلسەفەی بزووتنەوەی بارزان لە سەد و چڵ ساڵ تا ئێستا ئەمە بووە. واتا یارمەتیدانی مرۆڤ بە بیروباوەڕی ئیسڵاحكراوی كردەیی كە ژیانی بۆ ئاسان دەكات و هێزی پێدەدات چارەسەری بۆ ژیان پێبێت و ئەسیری هیچ پوچباوەڕییەك نەبێت. ئەمە لە مێژووی میللەتی ئێمەدا كەلەپوورێكی گەورەیە و دەبێت هەوڵبدەین وەك خۆی بناسرێت، شانازی پێوەبكەین و لە چوارچێوەی ناوچەیەك دەربچێت و ببێتە زانیاری لای نەوەی نوێ بە هەموو پێكهاتەكانییەوە. دواجار لە ڕێگەی زانكۆكان، رۆشنگەر و نووسەرە دەستڕۆیشتووەكان دنیاش باشتر بیناسێت. وەكو ئەزموونێكی مرۆیی كە مێژووێكی سەدو چل ساڵەی هەیە.
پرسیاری سەرەكی من لێرەدا كە ئاراستەی دەكەم و وەڵامیشی دەدەمەوە ئەوەیە: ئەو بزووتنەوەیە چۆن درووستبوو؟ لەكوێوە هات؟ ئەم بیروباوەڕانە چۆن لەم چیاو دۆڵانەی بارزان كە ئەوكات خوێندەواری نەبوو، دروستبوون؟ بۆ دروستبوون؟
ئەوەی كە گومانی تێدانیە، نە بارزانییەكان (كە مەبەستم شێخەكانی بارزانە)، نە پەیڕەوەكانیشیان، لەوبارەیەوە رۆژێك لە ڕۆژان ناڵێن ئەو باوەڕە لە ئاسمانەوە دابەزیوە، ئەوان قەت ئەو قسەیە ناكەن، دەڵێن: پێویستیی ژیان ئەم بیروباوەڕەی لەم ناوچەیەدا پەرەپێدا. ئەوەی من دەیڵێم پشتبەستووە بە لێكۆڵینەوەی مێژوویی ڕاستەقینەوە، بانگەشەی ئەوە ناكەم توێژینەوەی ورد لەوبارەیەوە كرابێت و وردەكاریی زۆر لەوبارەیەوە هەبن. چونكە بەڵگەنامە نەماون، بارزان لە 1890ەوە لەژێر هێرشی یەك لەدوای یەكی عەشیرەتەکان و دەوڵەتی عوسمانی و تەكییەكانی دەوروبەردا بووە، ئەو فەرمانەی بەسەر ئێزدییەكاندا هاتووە، بەسەر بارزانییەكانیشدا هاتووە. بۆیە دەبینین بەڵگەنامەی نووسراو زۆر كەمە، هەتا گێڕانەوەی ئەو زانیارییانە لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە، هەندێ گرفتی تێكەوتووە، چونكە كوژران و دەربەدەربوون وایكردووە ژیانی ڕۆژانەی بارزان بپچڕێت.
هەڵکۆڵینی مێژوو بۆ پێکەوە بەستنەوەی ڕاستییەکان
زەردەشت
مەزدەک
جا بۆ تێگەیشتن پێویستە بگەڕێمەوە بۆ مێژوو، تا دەربکەوێ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان چۆن لە دوای هاتنی دینی ئیسلام زیاتر بوون و مۆرکی نوێیان وەرگرت. ئەوە و جیا لە پاراستنی ئامانجە کۆمەڵایەتییەکانی پێش ئیسلام.
لە سەدەی سێیەمی زاینیدا، ئیمپراتۆری ساسانی لە تەنگوچەڵەمەیەكی قوڵدا دەژیا، سەرزەمینی ساسانی لە پاڵ فارس و ئازەر و تاجیک و بەلوچ و ئوزبەک و ئەفغانی مێژووی ئێمەشە وێڕای كۆمەڵێك نەتەوەی دیکەی ناوچەكەمان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە زۆربەی كۆمەڵگاکانی دیكەی دەوروبەریش هەبووە كە هەمان ئەو نەتەوانەی ناومان هێنان تێدا ژیاوە. ئاینی زەردەشت ئاینی سەرەكیی ئیمپراتۆری ساسانی بووە، كۆمەڵگەی ساسانی ڕۆچووبووە ناو قۆناغێكی گەندەڵەوە، كە مەترسیدار بوو، لە ئیمپراتۆرەوە تاكو دەگاتە فەرماندە سەربازییەكان، هەموویان لە سیستەمێكی سەرەوە بۆ خوارەوە یەكیانگرتبوو کە ڕێگەی لە ژیان دەگرت. زەویان لە خەڵك دەستاند و ماڵیان لێ داگیردەكردن، ژنەكانیشیان لێ داگیردەكردن، بەو پێیە ژیان لە وەستان نزیك ببۆوە. هەموو فەرماندەكان، لە ناوچەكانەوە تا دەگاتە ئیمپراتۆر حەرەمسەرای خۆیان هەبوو و ژنانی ناوچەكەیان بەپێی حەزی خۆیان كۆدەكردەوە. هەموو ئەسپ و وڵاخ و زەوییەكانیان داگیردەكرد و خەڵكیان ناچاردەكرد بە بێگاری ئیش لەو زەویانەدا بكەن. یەكێك لە كۆڵەكەكانی قەیران لە ئیمپراتۆری ساسانی، ئاینی زەردەشت بوو. ئاینی زەردەشت ئاینی سەرەکی و هەمەگیری ناوچە بوو. ئەو ئاینە لەسەر بنەمای چارەسەری كێشەكانی ژیان بنیادنراوە. تەنانەت لە ئەفسانەکانیشیدا جیاوازە لە سێ ئاینە ئیبراهیمییەكەی میزۆپۆتامیا(وادی الرافدین) كە دینەکانی یەهودی و مەسیحی و ئیسلام دەگرێتەوە. لێرەدا كات زۆر ناگرم تەنیا بۆ ئاماژەدان بە سەرچاوەی بیروباوەڕەكان من هەندێ قسە دەكەم.
لە ئاینی زەردەشتدا خوداكان خودای خێر و شەڕن، كە ململانێ لەسەر چارەسەری كێشەی مرۆڤەوە دەستپێدەکات، ئاهورامەزدا دێتە پێشەوە، ئەو لەو خودایە نییە كە لە ئاینەكانی ئیبراهیمیدا هەیە: نە مرۆڤی درووستكردووە، نە جەبارە، نە قەهارە، نە جەهەندەمی هەیە، نە وێرانت دەكا، بەڵكو هەموو هەوڵی ئەوەیە كە ڕێنوێنی مرۆڤ بكات خۆی لە خراپە و نەزانی و ستەم بپارێزێت و ڕێگەی ژیانی ئارام بگرێتەبەر. ئەمە چیرۆك و ئەفسانەی زۆری تێدان. لە بەرامبەر ئەودا ئەهریمەن هەیە، ئەو خودا شەڕەنگێزەی كە بەردەوام ژیانی ئاسان لە مرۆڤ تێكدەدات. ئەگەر شیکردنەوەیەک بۆ ئەم ئەفسانە خوداییانە بكەین، ئەوەی كە ئاهورامەزدا دەیكات یارمەتیی هەوڵ و تەقەللای مرۆڤ دەدات تا هاوكاری و هۆشیاری و زانیاری و كارامەیی خۆی زیاد بكات، هاوكاری لە نێوانیان زۆرتر بێت تا بەسەر كێشەكانی ژیاندا سەربكەون. ئەهریمەن بریتییە لەو هێزی تاریكییەی جەهل كە ئاراستەی بەرەو ئاژەڵان و دڕندەییبوونە لە ناو كۆمەڵی سەرەتایی مرۆڤی ئەوكاتدا، ڕەمەکێکی (غەریزە) كوێرە هەموو هەوڵێكی بۆ تێكدانی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤە. لەمە زیاتر نیە. ئاینی زەردەشت لەو پەیامە لایدا، مەوبەدەكان كە پیاوانی ئاینی زەردەشتی بوون، خۆیان گونجاند لەگەڵ كاربەدەستانی ئیمپراتۆری ساسانی، بوونە پاساودەری ئەو گەندەڵییەی لە كۆمەڵگەی ساسانیدا هەبوو. لە ڕووی عەقیدەیی و پەروەردەییەوە قوفڵ كرا، ژیان لە كۆتایی نزیك دەكەوتەوە، لە كاتێكدا بنەماكانی ئاینی زەردەشتی بواری تەفسیری بەرەوپێشەوەی لە بەرژەوەندیی مرۆڤ و كۆمەڵگەی مرۆیی تێدایە.
جموجۆڵ بۆ چاککردن لە زیادبووندا بوو. یەكێك لەوانە بە سەركردایەتیی گەنجێكی زانا و جددی و كارێزمادار بوو بە ناوی “مەزدەكی بامدادان” کە لەدایكبووی نەیشاپور یان پەسایە كە ناوچەیەكی نزیكە لە باشووری ئێستای ئێران و عێراق. باوكی زۆر ئاگای لە ئاینی زەردەشتی و زەروانی و فەلسەفەی یۆنانی بووە. كوڕی خۆی باش پێگەیاندبوو، هەروەها مامۆستایەکی زانای هەبووە بەناوی “زەرتوشتی خورگان” کە شارەزاییەکی شایانی لە فەلسەفەی یۆنانی هەبووە و لە بیزانس ژیاوە و شارەزاییەکی زۆری لەسەر فەلسەفەی ئەفلاتون بەتایبەتی کتێبی کۆمار هەبووە. مەزدەك دروشمی چاككردنی كۆمەڵگەی ساسانی و ئاینی زەردەشتی هەڵگرت، هەندێك بنەمای بۆ دانا لەوانە : نابێت ستەم هەبێت، مرۆڤ بەرابەرە، زەوی بۆ هەمووانە،ژن دەبێ ئازاد بکرێ، مەبەستی ئەوە بوو حەرەمسەراكان كۆتاییان پێبێت كە لە وردەكاریدا مەبەستی بوو هەركەسە و ژنێكی هەبێت، هەربۆیەش لە عەقیدەی مەزدەكیدا، دووژنی قەدەغەیە. کەڵکی لە ئاینی مانی وەرگرتبوو و لەگەڵ زەرتوشتییەت تێکەڵی کردبوو. ئەگەر بەپێی زەمانی خۆی و كۆمەڵگای سەرەتایی ئەوكات تەفسیری بكەین، بەو نیازە بوو هاوكاری بێتە بنەمای ژیان و جۆرێك لە ئیشتراكییەتی سەرەتایی بنیادبنرێت. لەسەر بنەمای بەرابەری ژن دەبێ ئازاد بن، واتە هەر ژنێك دەتوانێت پیاوێكی هەبێت و پیاویش دەبێ یەك ژنی هەبێت. ژن لە هەموو مافەكاندا لەگەڵ پیاو بەرابەرە. هەروەها پاراستنی ژینگە وگیانداران باوەڕێکی دیکەی مەزدەک بوو. کوشتنی گیاندارانی قەدەغە کردبوو و گۆشتی نەدەخوارد. ئەو باوەڕەی بۆ پەیڕەوەکانیشی دانابوو. ئەوە بنەماكانی بیروباوەڕی مەزدەكە، كە پەرەیسەند و لایەنگری زۆر بوون. ئەوە لە بیروباوەڕی زەردەشتدا بووە عەقیدە، بەڵام نەک عەقیدەی درووستكردنی ئاینێكی دیكە، عەقیدەی چاكسازی كە بە تام و قوەتی ئاینێك بزووتنەوەیەکی كۆمەڵایەتی دروستدەكات، ڕابردووی خۆی دەپارێزێت، چاكی دەكاتەوە و دەرگای بەرەو پێشەوەی بۆ دەكاتەوە،هەڵبەت بەپێی زانین و توانای زانیاریی ئەوكاتی مرۆڤ. چیرۆكی مەزدەك زۆرە، بیروباوەڕەكانی خۆی لە كتێبێكدا نووسییەوە و پێشكەشی قوباد ئیمپراتۆری ساسانی كرد، وەك میتۆدێك بۆ چاكسازییەكانی قوباد. لە ئەنجامدا ژمارەیەكی زۆر لە سەردار و فەرماندە و بنەماڵە و مەوبدەكانی زەردەشتی، بەرژەوەندییەكانیان كەوتە مەترسی، خوسرۆ ئەنۆشیروانی پادشایان تێگەیاند كە مەزدەك هەڵگەڕاوەتەوە و ڕەوشتی كۆمەڵایەتی تێكدەدا. پیلانیان لەسەركرد و لە بەندیخانەدا كوژرا. بەڵام بیروباوەڕی مەزدەك مایەوە. دوای مەزدەك، خوڕەمی خێزانی مەزدەك نەیشاپوری بەجێهێشت، هاتە ناوچەی (ڕەی) كە ئێستا گەڕەكێكە لە تاران، لەوێ بەردەوام بوو لە سەركردایەتی کردنی بزووتنەوەی مەزدەکی. بزووتنەوەی مەزدەك دەستیپێكردبوو، مەزدەك یەكێك لە ئامۆژگارییەكانی بریتی بوو لە : ‹‹خەشن و توند نەبن و نەكوژن، بەرگری بكەن، بەڵام دەستتان قورس نەبێت››. هەڵبەت كاتێك بزووتنەوەكە سەرانسەری ئیمپراتۆری ساسانی گرتەوە، لە هەندێ شوێن خەڵكی عەوام، تەفسیریان ئەوە بوو پەلاماردەن و ماڵی سەركردەكان دەستبەسەردا بگرن و ژن ئازاد بكەن و هەندێك جاریش خەشن دەبوون بەرانبەر سەركردە و دەسەڵاتدارەكان. بەڵام جەوهەری بیروباوەڕەكانی مەزدەك ئیسڵاحاتی هێمنانە بوو. دوایی ئەم بزووتنەوەیە ئەفسانەیەكی بۆ مەزدەك و بیروباوەڕەكانی درووستكرد، بە خێرایی لە ئیمپراتۆری ساسانی بڵاوبۆوە. لەگەڵ ئەوەدا، فاتیحانی ئاینی ئیسلام ئیمپراتۆری ساسانیان داگیركرد هەموو بوارەکانی ژیانیان تەفروتونا كرد، نە كتێب ما، نە ڕۆشنگەری ما، نە مەوبەد ماو ماوەی سەد و پەنجا ساڵ پاشماوەی ئیمپراتۆری ساسانی تەنیا لە خوێن و لە وێرانیدا، وەك شنگالی ئەم زەمانەی خۆمان، لە تێكشكانێكی قورسدا دەژیان و سەرچاوەكانی بیروباوەڕیان وێرانكران. سەرباری ئەوە پەیڕەوانی ئاینی زەردەشت کەوتنە جموجۆڵ تا ئەوەی ماوە كۆیبكەنەوە، بەڵام زۆر بە لاوازی چونكە لە ناو پەیڕەوانی ئاینەكەدا پێش ئیسلام هیچ پێشنیاری بۆ چاكسازی پێنەبوو. ئەوەی زۆر بە خێرایی بڵاوبۆوە، بیروباوەڕی ئیسلاحیانەی مەزدەك بوو لەناو ئاینی زەردەشتدا.
دوای بڵابوونەوەی ئیسلام، تێکۆشان بەردەوام بوو
یەكەمین بزووتنەوە كە سەد و پەنجا ساڵ دوای هاتنی ئیسلام درووستبوو، بزووتنەوەی (ئەبوموسلیمی خوراسان)یە كە ناوی خۆی (بەهزادانی پور ڤوندادی هورموز) و لە بنەماڵەیەكی مەزدەكییە. قۆناغەکە لە گۆڕاندا بوو، تا ساڵی 1600 ی زاینییش، خەڵکی ئیمپراتۆری ساسانی کۆن بە پێكهاتەكانییەوە نەبووبووە مسوڵمان، چونكە قودرەتی جڵەوكردن بەو شێوەیە نەبوو بتوانن یەك یەك خەڵك بپشكنن. وەك ئەوەی داعش دەیكرد كە كێ مسوڵمانە و كێ هەو نییە. بۆیە كۆمەڵگا لۆكاڵییەكان بە فراوانی لەسەر باوەڕی مەزدەكی و زەردەشتی و ئاینەكانی دیكە مابوونەوە. بەڵام هیچ بواری خۆدەرخستنی وەك جارانی نەمابوو. بۆیە قۆناغێكی نوێ دەستیپێكرد، ئەوانەی مەزدەكی بوون چاكسازییەكە لایان ئامانج بوو، نەك خۆدەرخستنێك كە تێیدا دەریخەن كێن و چین، بۆیە لە ڕووكەشدا ئیسلامیان وەرگرتبوو، لایەنەكانی ئاینی ئیسلام كە دەگونجا لەگەڵ مەزدەكییەت، كێشەیان لەگەڵیدا نەبوو، بەڵام لەسەر باوەڕەكانی دیكەیان لە تێكۆشاندابوون و وەکخۆیان مابوونەوە.
فاتیحانی ئاینی ئیسلام غەدرێكی زۆریان لە كۆمەڵگاكانی ساسانی كرد، عەرەب وەكو پێكهاتەی زاڵ كە دیارە سەید بوون، هەموو میللەتانی ساسانی دەبوایە شوێنكەوتەیان بن(موالی بن)، واتە ئەوەی لە كاتی تەنگوچەڵەمەی ساسانیدا هەبوو بە خراپترەوە لە سەد-دووسەد ساڵەی حوكمی ئیسلامیدا بەردەوام بوو. بۆیە بەخێرایی بیروباوەڕی مەزدەكی پەرەیسەندەوە، بەڵام بەو گۆڕانكارییەی ئاماژەم پێداوە. لە ناكۆكیی نێوان بنەماڵەی محەمەد پەیامبەر و ئامۆزا ئەمەویەکانیان كوشتاری سوننە و شیعەی لێكەوتەوە. مەزدەكییەكان بە هۆی قبوڵنەكردنی ستەم، مەیلیان بەلای بنەماڵەی عەلی دا بوو، لەو ستەمەی لە بنەماڵەی عەلی دەكرا، بێ هەڵوێست نەبوون و بەرگرییان لێدەکردن. ئەمە لە پرۆسەیەكی ورددا، وایلێكردن لە هەندێک بیروباوەڕدا تێكەڵ ببن. هەتا ئەفسانەی گەڕانەوەی مەزدەك ئەو شایەی دادگەری لەگەڵ خۆی دێنێت و لە كۆمەڵگای كۆنی ساسانییەوە هەڵدەستێتەوە. لە ئەفسانەكەدا مەزدەك بووە ئەو كەسەی کە چاوەڕوان دەكرێت. ئەبوموسلیمی خوراسانی كە بە پەیڕەوەكانی دەگوترا ڕەشپۆشەکان (سیاهجامگان) چونكە درووشمەكانیان ڕەش بوو، هەموو سەرزەمینی کۆنی ساسانی گرتەوە، ئیپمڕاتۆڕی ئەمەوی تێكشکاند، بەپێی هاوسەنگیی هێز، دەسەڵات كەوتە دەست ئامۆزاكانی پێغەمبەر (عەباسییەكان). بەڵام لە حەقیقەتدا، ئەبوموسلیم کە لەژێرەوە مەزدەكی بوو هەوڵی بۆ دەست بەسەرداگرتنی فەرمانڕەوایی بوو. بۆیە لە قۆناغی دووەمدا نیازی دەرکردنی یەكەمین خەلیفەی عەباسی هەبوو، هەوڵیشیدا بەڵام سەرنەکەوت. لە ئەنجامدا گیرا و دڕندانە كوشتیان. كە ئەبوموسلیم لەناوبردرا، هەمان چیرۆكی مەزدەكی بامدادان بۆ ئەبوموسلیم دووبارە كرایەوە، لەلایەن پەیڕەوانی بیروباوەڕی مەزدەكی. لەو قۆغەدا گوتیان ئەبوموسلیم نامرێ و تەنیا خۆی ون کردووە، ئەو لەوە بەهێزترە بگیرێ و بکوژرێ، تەنیا ڕۆیشتووە و دەگەڕێتەوە. دوای ئەو یەكێك لە سەردارەكانی بە ناوی ( موقەنەع) سەریهەڵدایەوە و ناوچەیەکی بەرفراوانی ڕزگار کرد. موقەنەع پەردەی لەسەر نهێنییەکان لادا و گوتی ئەگەر ئەبوموسلیم بە ناوی ئەو ئاینەوە دەیویست چاكسازی بكات و ناچار كرا غەیب ببێ، ئێستا من نوێنەری ئەوم. بۆیە بیروباوەڕەكانی ئاشكراتر كرد، ڕایگەیاند ئەوەی من دەیڵێم قسەی خودایە، پەتی پەیوەندیی نێوان خەڵك و خودا منم، بیروباوەڕەكان لای منەوە دێن. دواتر ئیبن موقەنەعیش كوژرا، دوای ئەو بە ماوەیەكی كەم (بابەكی خوڕەمدین) ڕاپەڕی. بابەك لەو مەزدەكییانە بوو كە پێیاندەگوتن خوڕەمی. مەزدەكیەکان لە ناوچەی جیاجیا ناوی جیاوازیان هەبوو. بزووتنەوەكە ناوی خوڕەمی بوو، چونكە خێزانی مەزدەكی بامدادان ناوی خوڕەم خانم بوو، ئەمەش نیشانەی بەرابەری و وەكیەك مامەڵەكردن بوو لەنێوان ژن و پیاودا. هەڵبەت ئەوانە بە زاهیر دینی ئیسلامیان وەرگرتبوو، بەڵام بنەماكانی باوەڕی مەزدەکی و زەردەشتییان دەهێشتەوە. بابەكی خوڕەمدین بیست ساڵ بەرگری كرد و ناوچەیەکی فراوانی ڕزگارکرد و ئیسڵاحاتی زۆریشی كرد، هەمان باوەڕی مەزدەكی بامدادانیشی هەڵگرتبوو، لە دووركەوتنەوەی توندوتیژیی و داواكاریی بەردەوامی چاكسازی، بەڵام لە ڕەفتاری بەرامبەردا فەرمانەکانی شەریعەتی ئیسلام هیچیان بۆ نەهێشتنەوە جگە لە قەتڵوعام و سەربڕین. ئەوە بوو خوڕەمیەکان سوپایەكیان درووستكرد و بەرگرییان لە خۆیان كرد. دواتر كە بابەك تێكشكێنرا دیسان بێهیواییەكی زۆر لەو بزووتنەوەیەدا درووستبوو، بەڵام دەستیان لە بیروباوەڕەكە بەرنەدرا. ئەوە گەیشتە سەدەی هەشتەمی زاینی، بیروباوەڕی ئیسڵاحیی ئەم كەلەپوورە تێكەڵ بوو لەگەڵ مسوڵمانێتی. واتە لە حەقیقەتدا كە دەگوترێ ئاینی ئیسلام لە ئێران لە ئیسلامی بەدەوی جیاكرایەوە، مەبەست ئەمەیە. ڕەگەزی چاكسازی كرایە تەواوكاری ئاینی ئیسلام بە وردەكاری زیاد و كەم لە ناو بزووتنەوەكەدا، هەربۆیەش بەخێرایی تەكفیركرا. بۆیە پیاوانی ئاینیی دەستڕۆیشتووی عەرەب هەرچی لەسەر زەمینی ساسانی كۆندا هەبوو، بە عەجەمی و رەدە و خارج لە ئاینی ئیسلامیان لەقەڵەم دەدا. ئەو بزووتنەوەیە بە خێرایی تێكەڵ بوو لەگەڵ مقاوەمەتی بنەماڵەی عەلی کوڕی ئەبو تالیب، بزووتنەوەی ئیسماعیلییەكانی لەسەر درووستبوو، قەرمەتییەكان کە چاکخوازی گەورەی جیهانی ئیسلام بوون بەشێكن لەوان،کەسانی گەورەی وەك حەللاج، عەینولقوزاتی هەمەدانی، ئیبن سینا، خەیام، حافز.. هەموویان لەژێرەوە مەزدەكین، لەسەرەوەش بۆ تەقییە، بۆ خۆپاراستن، ڕەچاوی بارودۆخی گشتیی خۆیان دەكرد. ئەوانە هەموویان لەلایەن پیاوانی ئاینییەوە تەكفیردەكران و هەندێكشیان كوژران، ئەوە جگە لە هەزاران ڕۆشنگەر و زانای دیكە.
تاقمە زۆر و زەبەندەکانی عیرفانی و مەزدەکی
ئەو پڕۆسەیە لەدوای تێكشكاندنی ئەزموونی ئیسماعیلییەكانیش لە پەرەسەندندا بوو. قۆناغی تازە دوای ئەو بێ ئومێدییە، شێوازی عیرفان و تەسەووف بوو. عیرفان و تەسەووف بەرهەمی بیروباوەڕی ئیسلاحگەرییە لە كەلەپووری ساسانیدا. عیرفان و تەسەووف لە سەرەتادا بە تەركی دنیا و پاراستنی عەقیدە دەستپێكرد. زوهد و خۆپاراستن و خۆدوورگرتن لە شێخێكەوە بۆ شێخێكی دیكە جیاوازی هەبوو. بەڵام هەموو ڕابەرەكان بێ هەڵاوێردن لە دوو سەد ساڵی یەكەمی داهاتنی عیرفان وەك بیروباوەڕی ئیسڵاحی ژێرەوەی مەزدەكی، لەناو كۆمەڵگەی ئیسلامی، سەركردەكانیان پێیاندەگوتن شێخ. هیچ شێخێكت دەستناكەوێت بیروباوەڕی ئیسلاحیی ساسانی كۆنی قبوڵ نەبووبێت، دەنا هیچ هۆكارێك نییە خۆی جیاكاتەوە لە كۆمەڵگەی سەردەستی ئیسلامی. هەربۆیە لەو ڕۆژگارەوە تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم كاتێک بارودۆخ بۆ ڕاپەڕین لەپێناوی ئیسڵاح دەڕەخسا، هەموو سەركردەكان لە شێخەکان دەبوون. ڕۆڵی شێخەكان لە بزووتنەوەی چاكسازیی سەرزەمینی كۆنی ساسانی بە كۆمەڵگەی ئێمەشە بۆ ئەو واقیعە دەگەڕێتەوە. لە قۆناغی تەسەووفدا، زۆر بزووتنەوەی ناوچەیی سەریانهەڵدەدا، كە هەموویان بیروباوەڕەكانی سەردەمی ساسانییان دەكردە ئامانجی خۆیان. عیرفان شێوازێکی نوێی هێنا ئەویش بریتییە لەو ڕوانگەیە کە پێیوایە كۆمەڵگەی ئیسلامی زۆر دڵڕەقە، مرۆڤ کە دەمانەوێ ژیانی بۆ ئاسان بكەین، لەسەر ئەم بیروباوەڕە سەردەبڕدرێت، كەواتە پێویستە تەقییە بكرێ و لە ناو پەیڕەوەكاندا وەک ئامرازی خۆپاراستن بەکاربهێندرێ. کەواتە تەقییە بریتییە لە خۆپاراستن لە دەست سەختگیریی فەرمانەکانی شەریعەتی ئیسلام كە ئیسڵاح هەڵناگرێت. هەنگاوی دووەم شوێنكەوتوانی بزووتنەوەكە شاراوە بن، لە پەنادا بیروباوەڕ و پەروەردەی لایەنگران بەردەوام بێت، كۆمەڵگەكە لە ژێرەوە یەكدی دەگرێت بەڵام لە ڕووكەشدا وەك باوەڕەکانی کۆمەڵگای باڵادەستە کە موسوڵمانن. سێیەمیان پەیڕەوکردنی نهێنیی