پێكەوەژیان كولتووری رەسەنی گەلی كوردستانە

پێكەوەژیان  كولتووری رەسەنی گەلی كوردستانە
زۆرجار دەگەمە ئەو بڕوایەی كە ئایین و، تێگەیشتن لە ئایین و، ئاینپەروەران لە سەردەمانی رەسەنایەتیی كوردەواری و، پێش تێكەڵبوونی بەكولتووری هاوردەكراوی گەلانی دەوروبەر، زۆر كراوە و سنگفراوان و ئازاد بوون.
زۆربەشمان لەوانەیە كۆك بین لەسەر ئەوەی كە لەهەموو سەردەمێكدا زانا و ئایینپەروەران لەنێو كۆمەڵگەدا ئامادەییان هەبووە، وەڵامی پرسیارەكانی سەردەمی خۆشیان داوەتەوە، بەڵام بەداخەوە هەندێك تاك و كۆی ئەم سەردەمە، تەنیا بەوەوە ناوەستن كە لیستی قەدەغەكراوەكان درێژ بكەنەوە، بەڵكو زۆرجاریش دێن و شتانێكیش قەدەغە دەكەن كە لە سەردەمانێكی پێش ئێستا رێپێدراو و ئاسایی بوون.
رۆمانێك دەیان ساڵ پێش ئێستا نووسراوە، كەچی ئێستا هەندێك لەتوندڕەوانی ئایینی داوای قەدەغەكردنی دەكەن، كتێبێك پێش دەیان ساڵ چاپ كراوە، كەچی ئێستا هەندێك كەسانی دەمارگیر لە دژی دەوەستن، وەك بڵێی دەیان ساڵ لەمەو بەر زانایەك، یان ئایینپەروەرێك نەبووبێت و ئەو نووسراوانەی نەدیبـێت.
لە هەزاران ساڵ لەمەو بەرەوە، ئەهرامەكان و باخچە هەڵواسراوەكان و زۆر پەیكەری دیكە هەبوون و بەدرێژایی سەردەمانی فەرمانڕەوایی ئیسلامییش هەر ماونەتەوە، كەچی لەم سەردەمەدا هەندێك قاعیدە فكر و هەندێك تاڵیبان هزر پەلاماریان دەدەن، وا دەزانن زانایانی سەدان ساڵ لەمەوبەر ئاگایان لەم پەیكەرانە نەبووە و نەیان دیوە.
جۆرێكی جلوبەرگی گەلان سەدان ساڵە لە نێو كۆمەڵگەدا بوونی هەیە و ئاینپەروەرانی پێش ئێمە هەر باسیشیان لێوە نەكردووە، كەچی ئێستا هەندێك داوای قەدەغكردنی دەكەن.
دەمەوێ ئەوەش بڵێم، كە زۆرن ئەو كەسایەتیی و رێكخراوە ئایینییانەی لە رووی تیۆرییەوە باس لە كرانەوە و سنگفراوانی دەكەن، كەچی لە واقیعدا بەداخەوە زۆر داخراو و تەنگەنەفەسانە مامەڵە دەكەن، ئەم جۆرە كەسانەش بەسەر هەموو رێكخراوەكاندا دابەش بوون و تەنانەت موسڵمانی داخراو و تەسكبین لەنێو رێكخراوی عەلمانیشدا بوونی هەیە.
بۆیە لە عەیبە هەرە گەورەكانی كاری ئایینیی ئەوەیە، كە ئایینپەروەران بچنە نێو وردەكاریی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگەوە، لە كاتێكدا خودی ئایین كۆمەڵێك هێڵی پان و گشتی دەدات و لەپێناوی هێشتنەوەی جیاوازییەكان و پێكەوەژیانی ئاشتییانە وردەكارییەكان بۆ رۆژگار و شوێن و مرۆڤەكان خۆیان بەجێ دەهێڵێت.
لێرەوەیە هزری سەپاندن و زۆرەملێ جۆرێكە لە دیكتاتۆرییەت و كەسێك بەرهەم دەهێنێت كە حەز دەكات لە گشت رووبەر و پانتاییەكی ژیاندا خۆی فەرز بكات، دیكتاتۆرییەتی ئایینییش كە لە هەڵسوكەوتی هەندێك تاكی نێو كۆمەڵگەدا بەدی دەكرێت، جۆرێكی دیكەیە لەو تاكڕەوییەی كە دەیەوێت هەموو دنیا بەو رەنگە بنەخشێنێت كە خۆی پێی جوانە، ئەو رووبەر و پانتاییەش داگیر بكات كە خودی ئایین بۆ خەڵكی بەجێ هێشتووە.
جا لەپێناوی پاراستنی كۆمەڵگەی كوردی لە هەر هزرو بیرێكی ئایینیی نامۆو توندڕەو، زۆر گرنگە بەردەوام بە میكانیزمی بەیەكگەیشتن بۆ لەیەكگەیشتن، بەدروشمی: پرد دروست بكە دیوار دروست مەكەن، كولتووری پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی بپارێزیت.
كولتووری پێكەوەژیان پێویستە لەگشت بوارەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و تەنانەت ئەدەب و هونەریشدا ڕەنگ بداتەوە، هەر لەم بوارەشدا و بۆ ئەم مەبەستە ساڵی 2017 هۆنراوەیەكم بەناونیشانی پێكەوەژیان دایە بەڕێوەبەرایەتیی پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێمی كوردستان، كەبەڵێنی ئەوەیان دا، بیكەنە سرودێك بۆ پێكەوەژیان، پێم باشە لێرەدا دەقی هۆنراوەكە بخەمە بەر دیدی خوێنەرانی ئازیزی گۆڤاری گوڵان:

پێكەوەژیان
ئەگەر كوردی، یان عەرەبی، یان هاوڵاتیی توركومانی
گەر ئەرمەنی، یان ئاشووریی، سریانی یاخود كلدانی
گەر موسڵمانی یان ئێزدیی، ئەگەر جووی، یان كریستیانی
گەر سابیئەی، یان بەهائی، زەردەشتیی یاخود یارسانی
گەر كاكەییت، یان شەبەكی، یاخود لەفەیلی كوردانی
هەرچی دی بیت تۆ ئازادی، هەر هاوڵاتی كوردستانی
***
لەجاڕنامەی گەردوونیدا، بۆ مافی وەك یەكی ئینسان
یان لە یاسای پاراستنی، مافی هەموو پێكهاتەكان
بۆ قەبوڵكردنی یەكدی و، بۆ تەبایی و پێكڤەژیان
مافت هەیە وەك مافی ئەو، بۆ بوون و خوێندن و زمان
كەس بۆی نییە جیاكاریی كا، یا توندوتیژیی، یا تۆقان
مافی خۆتە لە كوێ دەبیت، لەنیشتەجێبوون و گەڕان
***
ئێرە خاكی كوردستانە، مێرگی ئازادیی بیروڕا
لانكەی پاش تۆفانی نوحە، لە تاریكیی بوو بە چرا
هەر لەدێرین زەمانەوە، مزگێنی ئاشتیی تیا درا
هێمای هەموو گەلانێك و، ئایینێكی تیا هەڵكرا
بەڕێزگرتن لە جیاوازیی، دەژین هەمووان وەكو برا
وەك تاك و كۆ، تۆش وەك هەموان، با بتبێ ناوی ئاشكرا

Top