سۆشیال میدیا و جێگۆڕكێ بە میدیای كۆن

سۆشیال میدیا و  جێگۆڕكێ بە میدیای كۆن
بە حوكمی ئەوەی كە نەتواندرا سۆشیال میدیا وەك جۆرەكانی دیكەی ئامرازەكانی میدیایی وەك (تەلەفزیۆن و رادیۆ و رۆژنامە) ناوی لێ بنرێت، چەمكی میدیای كۆن و سۆشیال میدیا لەگەڵ سەرهەڵدانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و وەرگرتنی ناوی میدیای نوێ هاتە ئاراوە. راستە میدیای ئەلیكترۆنی ناوی هەبوو، دواتریش مۆبایل میدیا ناوی هێنرا، بەڵام لەبەر ئەوەی سۆشیال میدیا میدیای كەسییە و وابەستەی تاكە ئامرازێك نییە و لەگەڵ چەند ئامێری وەك كۆمپیتەر، مۆبایل، ئای پاد، ئایپۆد و...هتد دەتوانیت بەكاری بهێنیت و بگەیتە زانیارییەكان، بۆیە بەناوی هیچ ئامێرێكی تایبەتەوە ناو نەنرا و نازناوی میدیای نوێی وەرگرت، یان هەندێك سەرچاوە بە میدیای تەكنەلۆژیاش ناوی دەبەن. ئەوەی مەبەستە لێرەدا بوترێت، ئەوەیە كە هاتنی ئەم جۆرە لە میدیا چی بە سەر میدیای كۆن، یان میدیای پێشوودا هێنا؟
میدیای نوێ بە هۆی ئەم كۆمەڵە تایبەتمەندییەوە كاریگەریی لە سەر میدیای كۆن دروست كرد، لەوانە:
1. میدیای نوێ، میدیایەكی كارلێكەرییە، واتە تەفاعولییە و وەرگر رۆڵی ئەكتیڤە و خۆی بەرهەمهێنەرە و لە هەمان كات وەرگریشە، بۆیە وەرگر خۆی رۆڵی خۆی زۆرتر دەبینێتەوە و پانتایی ئازادی رادەربڕینی فراوانترە، ئەمەش لە میدیا، یان ئامرازەكانی میدیای كۆندا بەرجەستە نابێت، بۆیە حەزی وەرگر بۆ بەكارهێنانی ئەم جۆرە لە میدیا باشترە.
2. میدیای نوێ، یان سۆشیال میدیا زۆرتر بەردەستە و بە ئاسانی لە رێگای مۆبایلێكەوە دەتوانین پێی بگەین، ئەم بەردەستییەش وای لە مۆبایل كردووە كە وەرگر بەردەوام لەگەڵی بێت.
3. میدیای نوێ لە گەیاندنی زانیارییەكان توانایەكی خێراتری هەیە وەك لە ئامرازەكانی میدیای كۆن، بۆیە وادەكات وەرگر بۆ وەرگرتنی زانیاری پێویستی بە هیج ئامرازێكی دیكەی میدیای كۆن نەبێت.
4. میدیای نوێ توانیویەتی هەموو جۆرەكانی دیكەی میدیا لە خۆیدا كۆبكاتەوە، واتە دەتوانیت لە رێگەی فەیسبوكەكەت بگەیت بە رۆژنامەكان، تەلەفزیۆنەكان، رادیۆكان، كەواتە دەتوانین بڵێین: بە بێ بەكارهێنانی هەر ئامرازێكی دیكەی راگەیاندن، تۆ تەنیا بە بەكارهێنانی میدیای نوێ ئەوانی دیكەیشت بۆ قەرەبوو دەكاتەوە.
5. سۆشیال میدیا تەنیا وەرگرتنی گەیاندنی زانیاریت بۆ فەراهەم ناكات، بەڵكو بواری دیكەی رەخساندووە، وەك: پەیوەندیی هاوڕێیەتی و چاتكردن و دروستكردنی گرووپ و...هتد كە ئەمانە وادەكەن بەكاربەر زۆرتر لە سەری بمێنێتەوە و چێژی زیاتری لێ وەربگرێت.
6. سۆشیال میدیا تاك بە هی خۆی دەزانێت، واتە موڵكایەتیی تاكە و خۆی نێرەر و ئاراستەكەرە، بۆیە زۆرتر چێژی لێ وەردەگرێت، وەك لەوەی تەنیا وەرگر بێت.
7. سۆشیال میدیا پانتایی ئازادییەكەی فراوانترە و تا راددەیەكی زۆر لەگەڵ سەردەم و خواستەكانی هەنووكەی مرۆڤ واقعیترە.
ئەمانەو چەندین هۆكاری دیكە رایان كردووە كە تاك رووبكاتە بەكارهێنانی زیاتری ئەم میدیایە، بەڵام ئەوەشمان لە بیر نەچێت، میدیای كۆن واتە رۆژنامە و رادیۆ و تەلەفزیۆن، بۆ مانەوە و زیندووڕاگرتنی خۆیان سوودیان لە میدیای نوێ وەرگرتووە و هاتوونەتە ناو میدیای نوێ و راستەوخۆ لە رێگەی بوونی پەیجەكانیان بابەتەكانیان پەخش دەكەن. بۆیە دەكرێت بوترێت هەرچەندە میدیای نوێ توانیویەتی تا راددەیەك جێگۆڕكێ بە میدیای كۆن بكات، بەڵام هەردووكیان بۆ راكێشان و مانەوەی وەرگرەكانیان لەگەڵ خۆیان سوودیان لەیەكتر بینیەوە.

Top