خوێندنەوەیەكی رەخنەگرانە بۆ مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بۆچی ئەم بزووتنەوەیە هاوشانی تاكی ئازادیخواز، كۆیلە و جاشیشی بەرهەم هێناوە؟

خوێندنەوەیەكی رەخنەگرانە بۆ مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بۆچی ئەم بزووتنەوەیە هاوشانی تاكی ئازادیخواز، كۆیلە و جاشیشی بەرهەم هێناوە؟
ئەگەر وەك بیرمەندی گەورەی تورك ئیسماعیل بێشكچی، پێناسەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانی كردووە، كە دەڵێت: «لەگەڵ تەقاندنی یەكەمین فیشەك لە شۆڕشی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان، نەتەوەیەكی كۆیلە مردوو و نەتەوەیەكی ئازادیخواز لەدایك بوو»، ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە دەستپێكی شۆڕشی رزگاریخوازیی كوردستان، دابڕانێكە لە نێوان دوو سەردەمی جیاواز و پێناسەیە بۆ دوو ناسنامەی (كۆیلە و ئازادیخواز)ی نەتەوەیەك لە دوو سەردەمی جیاوازدا، هەروەها بێشكچی بە جۆرێك لێكدانەوەی بۆ ئەو دابڕانە كردووە كە جارێكی دیكە رەوڕەوەی مێژوو ناگەڕێتەوە بۆ دواوە و تاكەكانی نەتەوە لە خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی بەردەوام دەبن و بۆ هەتا هەتایە قۆناخی كۆیلایەتییان كۆتایی پێهێناوە، بەڵام وێڕای ئەوەی لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشی رزگاریخوازیی كوردستانەوە، نەتەوەی كورد قوربانییەكی هێجگار زۆری لە پێناوی گەیشتن بە ئازادی داوە، بەڵام لەناو ژینگەی سیاسیی ئەم بزووتنەوەیەدا لە هەموو قۆناخەكانیدا، واتە لە راگەیاندنی كۆماری كوردستانەوە تا دەگاتە ئێستا و بە بەردەوامی هاوشانی تاكی ئازادیخواز و پێشمەرگەی جوامێر، خەڵكانی كۆیلە و جاشیشی بەرهەم هێناوە، هەڵوەستەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە بە تەنیا گرێ نادەینەوە بە سایكۆلۆژیەتی ئەو تاكانەی كە ئامادەن لە پێناوی گەیشتن بە ئازادی گیانی خۆیان بكەنە قوربانی، یان سایكۆلۆژیەتی ئەو كەسانەی كە شانازی بە كۆیلایەتی و جاشایەتی دەكەن، بەڵكو هەڵوەستە كردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە، پێویستیی بەوە هەیە كۆی ژینگەی سیاسی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت و رووبەڕووی ئەو پرسیارانە بكرێتەوە كە بۆتە هۆكاری ئەوەی بەشێك لە تاكەكانی نەتەوە لە ناو كۆیلایەتی و جاشایەتیدا ئاسوودە بن، یان تەنزیر بۆ كۆیلایەتی و جاشایەتی بكەن و بە چەندین ئایدیۆلۆژیەتی جیاواز پاكانەی بۆ بكەن! ئایا بۆ دەبێت ژینگەی سیاسیی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان ئەم وەرچەرخانە گەورەی تێدا دروست بووبێت؟ بۆچی لەناو ئامانجە گەورەكەیدا كە قوربانیدانە بۆ گەیشتن بە ئازادی، لادانێك دروست بووە كە بەرەو كۆیلایەتی و جاشایەتی هەنگاو هەڵدەگرێت؟

بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان
لە راگەیاندنی كۆماری كوردستانەوە هەتا رۆژگاری ئەمڕۆمان

وەك مێژوو، بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان زۆر لە پێش كۆماری كوردستانەوە دەستی پێكردووە و ئامانجەكەشی هەر گەیشتن بە ئازادی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بووە، بەڵام لەگەڵ راگەیاندنی كۆماری كوردستان و بڕیاری مستەفا بارزانی بە چوونی خۆی و پێشمەرگەكانی بۆ پاراستنی ئەو كۆمارە، وەرچەرخانێكی هێندە گەورەی لە مانا و پێناسەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان دروستكرد، كە دەشێت بڵێین: بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بە شێوەیەكی كردەیی لەگەڵ راگەیاندنی كۆماری كوردستان، پێناسەی كوردستانی وەك یەك نیشتمان كردۆتەوە و تاكەكانی نەتەوەش سنوورە دەستكردەكانیان سڕیوەتەوە و ئامادەبوون لەسەر هەر بستە خاكێكی ئەم نیشتمانە چوار پارچەیەدا گیانی خۆیان بكەن بە قوربانی كوردستان و وەك یەك نیشتمان سەیری بكەن.
كەواتە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بەو مانایەی كە هەر چوار پارچەی كوردستان وەك یەك نیشتمان پێناسە دەكاتەوە و بە كردەییش وەك یەك نیشتمان مامەڵەی لەگەڵ دەكات، ئەوا ئەم بزووتنەوەیە بەم مانا تازەیەی، لەگەڵ ئەو بڕیارە مێژووییەی مستەفا بارزانی كە بڕیاری دا چۆن ئامادەیە لە پێناوی گەیشتن بە ئازادی لە باشووری كوردستان شۆڕش بەرپا بكات و قوربانی بكات، ئەوا بە هەمان شێوە ئامادەیە ببێتە بەشێك لە شۆڕشی رۆژهەڵات و ئامادەیە ببنە سەربازی پاراستنی كۆماری كوردستان لە پارچەیەكی دیكەی كوردستاندا. لەمەش زیاتر چەمكی كوردستان وەك یەك (نیشتمان) دوای رووخانی كۆماری كوردستان لە فیكری (مستەفا بارزانی)دا بە ئاستێكی هێندە بەرز گەشە دەكات كە لە كۆنگرەی (باكۆ) و بۆ دووبارە رێكخستنەوەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان چوارچێوەیەكی ستراتیژی وەردەگرێت و خەباتی هەردوو بەشەكەی (باشوور و رۆژهەڵات) وەك یەك نیشتمان پێناسە دەكات و ئەم دوو پارچەیە دەكاتە سەرەتایەك بۆ ئیعلانی جمهووریی كوردستانی گەورە.
كەواتە لێرەوە دەكرێت بڵێین: چۆن هیگل مودێرنە وەك (سەردەمێكی نوێ) پێناسە دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە لەگەڵ دەستپێكی مودێرنە سەردەمی سەدە تاریكەكان و پاشكۆبوونی كەنیسە كۆتایی هات و ئیدی ئەو سەردەمە دەست پێدەكات كە مرۆڤ ئازادانە بیردەكاتەوە و لەناو ئەو بیركردنەوە ئازادانەیەیدا دووبارە مانای (بوونی خۆی) پێناسە دەكاتەوە و ئازادی مانای (بوونی مرۆڤ) دیاری دەكات، ئەوا دەستپێكی شۆڕشی رزگاریخوازی كوردستانیش بە هەمان شێوە دەستپێكی (سەردەمێكی نوێی)ە لە كوردستاندا، لەم سەردەمە نوێیە تاكەكانی كوردستان ئازادانە بیردەكەنەوە و لە ناو بیركردنەوەیەكی تازە و ئازادانەدا مانای (بوونی خۆی) پێناسە دەكاتەوە و ئازادی دەكاتە بنەما بۆ ئەوەی مانای (بوون)ی نەتەوەی كوردستان دیاری بكات. ئەمەش مانای ئەوەیە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان چوارچێوەیەك بۆ پێناسەی (بوونی نەتەوە) دادەڕێژێتەوە، راستە پێش دەستپێكی شۆڕشی رزگاریخوازیی كوردستانیش، نەتەوە (بوون)ی هەبووە، بەڵام (بوون)ی نەتەوە پێش شۆڕشی رزگاریخوازیی كوردستان مانایەكی هەیە و لە دوای دەستپێكی شۆڕشی رزگاریخوازیی كوردستان (بوون) مانایەكی دیكەی هەیە، راشكاوانەتر دەقاودەق كۆجیتۆی دیكارتی لەسەر جێبەجێ دەكرێت كە دەڵێت: «من بیر دەكەمەوە، واتە من هەم.» مەبستی دیكارت لەم رستە بەرز و پڕمانایە ئەوەیە (مرۆڤ هەتا بە ئازادانە بیر نەكاتەوە، بوونی هیچ مانایەكی نییە، راستە وەك (بوون)، بوونی هەیە، مانای (بوون)ی پێش بیركردنەوەی ئازاد، پێناسەی مرۆڤێكی كۆیلەیە لە سەردەمی تاریكیدا، بەڵام مانای (بوون) دوای بیركردنەوەی ئازاد، پێناسەی مرۆڤێكی ئازادە لەسەردەمی رۆشنگەریدا، دیارە رۆشنگەریش نەك بە مانای (تەسقیف)، بەڵكو بەمانای بەرچاو رۆشنكردنەوە (تەنویر)، ئەمەش واتە هەڵگرتنی كۆت و بەندی (تەسقیف)ی كەنیسە لەسەر ئەقڵی مرۆڤەكان و دەست پێكردنی بیركردنەوەی ئازادانە، یان وەك (بەڵێ و نەخێر)ەكەی هیگل، كە مرۆڤی ئازاد دەگاتە ئەو ئاستەی بە دەنگی بەرز دەڵێت: (نەخێر بۆ كۆیلایەتی) و (بەڵێ بۆ ئازادی).
بێگومان لە هەموو شۆڕشەكانی كوردستاندا، شۆڕش ئەو مانایەی هەبووە كە نەتەوەی كورد بە دەنگی بەرز بڵێت: (نەخێر بۆ كۆیلایەتی و بەڵێ بۆ ئازادی)، بەڵام هەتا راگەیاندنی كۆماری كوردستان و بڕیارە مێژووییەكەی مستەفا بارزانی بە چوونی بۆ پاراستنی ئەو كۆمارە، ئەم (بەڵێ و نەخێر)ـە ناوچەیی بووەو بە شێوەیەكی پچڕپچر لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان راگەیەندراوە و شۆڕشەكانیش ماوەیان كورت بووە و بوونەتە قوربانیی پیلانی داگیركارانی كوردستان و هاوكاریی ئەو كۆیلە و جاشانەی لە ژینگەی سیاسیی شۆڕشەكانی كوردستاندا دروست بوون، بەڵام لەگەڵ راگەیاندنی كۆماری كوردستان، (بەڵێ و نەخێر)ی شۆڕشی كوردستان سیمایەكی سەرتاسەریی تەواوی تاكەكانی كوردستان وەردەگرێت و لە هەر چوارپارچەی كوردستان (نەخێر بۆ كۆیلایەتی و بەڵێ بۆ ئازادی)، پێش ئەوەی ببێتە دروشمی شۆڕش لە هەر چوارپارچەی كوردستان، دەبێتە ویژدانی هەر تاكێكی كوردستان لەناو پێناسەی ئازادیخوازیدا، ئەوجا ئەگەر لێرەوە و لەناو ئەو ژینگە ئازادەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بۆ بیركردنەوەی تاكەكانی دروستی كردووە، سەرنج لەو چەمكانە بدەین كە خۆڕسكانە لەناو ئەم بیركردنەوە ئازادانەیە دروست بووە، دەبینین چەمكەكان راستە لەوانەیە (وشەیەك یان یەك دوو وشە بن) بەڵام دەقاودەقا ئەو وشانە پێناسەی ئەوە دەكەن كە بوونی نەتەوەی كورد بێ ئازادی هیچ مانایەكی نییە. هەر بۆ نموونە وشەی (پێشمەرگە) كە ئەم وشەیە خۆڕسكانە هەڵقوڵاوی ژینگەی ئازادی سەردەمی راگەیاندنی كۆماری كوردستانە و وەك باس دەكەن ئەم وشەیە لە زاری كەسێكی سادەوە هاتۆتە دەرەوە، بەڵام كە لەسەر مانا بەرزەكەی هەڵوەستە دەكەین، دەبینین وشەی (پێشمەرگە) هەموو ماناكانی ئازادی و تەواوی (بوون)ی نەتەوەی كورد لەناو ژینگەی ئازادیدا پێناسە دەكاتەوە، و لە هەمانكاتدا ئەوەشمان پێدەڵێت: (مردن لە پێناوی ئازادیدا هەزار جار لە ژیانی كۆیلایەتی باشترە) بۆیە وشەی (پێشمەرگە)، بەمانای وشە واتە (خۆت پێش مەرگ بكەوێت بۆ ئەوەی كۆیلایەتی كۆتایی پێ بێت)، لەدوای لەدایكبوونی خۆڕسكانەی چەمكی (پێشمەرگە)، چەمكێكی دیكە دیسان خۆڕسكانە لە دایك دەبێت و دەبێتە دروشمی شۆڕشی ئەیلوول كە ئەویش چەمكی (كوردستان یان نەمانە)، سەبارەت بە دروشمی شۆڕش مستەفا عەقاد لە كتێبی فەلسەفەی شۆڕشدا دەڵێت: (دروشمی هەر شۆڕشێك پێناسەیە بۆ خواستی نەتەوەیەك)، بۆیە ئەگەر سەیری دروشمی (كوردستان یان نەمان) بكەین، ئەوا نەتەوەی كورد تێكڕا بە یەكەوە دەڵێن: (بەبێ كوردستانێكی ئازاد هەموو مردن هەڵدەبژێرین)، بەڵام ئەگەر ئەم دروشمە لەگەڵ دروشمی شۆڕشی فەرەنسا بەراورد بكەین، كە بریتی بووە لە (یەكسانی و برایەتی و ئازادی)، ئەم سێ وشەیە وەك عەقاد لە كتێبەكەی ئاماژەی پێكردووە، لە زمانی فەرەنسیدا زۆر هاوئاوازی یەكترین و كەسێك لەسەرەتادا كە سەرنجی دەدات، وا هەست دەكات لەبەر ئەوەی ئەم سێ وشەیە هاوئاوازن، بۆیە بوونەتە دروشمی شۆڕشی فەرەنسا، بەڵام ئەم سێ وشەیە پێناسەی هەموو وردەكارییەكانی ناو شۆڕشی فەرەنسا دەكات، كەواتە لەم سۆنگەیەوە دروشمی (كوردستان یان نەمان) یان چەمكی (پێشمەرگە) كە بوونە دووانەی مانادانەوە بە شۆڕشی كوردستان و مانادانەوە بە (بوون)ی نەتەوەی كورد، تەواوی وردەكارییەكانی مانای شۆڕشی رزگاریخوازیی كوردستان پێناسە دەكاتەوە.
بەڵام ئەگەر لێرەدا و بە دیدێكی رەخنەگرانە هەڵسەنگاندێكی واقیعییانە بۆ ئەو ژینگە سیاسییە ئازادە بكەین كە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشەكانی هێناویەتەئاراوە و ئەو پرسیارە بكەین، ئایا دووبارە بەرهەمهێنانەوەی مرۆڤی كۆیلە و دیاردەی جاشایەتیش، بەرهەمێكی خراپی ئەو ژینگە سیاسییە ئازادە نییە؟ ئایا دووبارە بەرهەمهێنانەوەی كۆیلایەتی و جاشێتی، كۆتایی مانای ئازادی، یان كۆتایی مانای بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان نییە؟ یان بۆچی ئەو مەعریفەیەی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بۆ مانادانەوە بە ئازادی و مانادانەوە بە (بوونی نەتەوە) لەناو ئەو ژینگە ئازادە لە راستەڕێی خۆی لایدا و بووە مەعریفەیەكی بەرژەوەندخوازی بەشێك لە حزبە سیاسییەكان و بەشێك لە هۆزەكانی كوردستان و دژی بزووتنەوەی كوردستان راوەستانەوە و دووبارە و بەدەنگی بەرز ( بەڵێ بۆ كۆیلایەتیان) بۆ داگیركەران گوتەوە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستی بە لێپرسینەوە (موسائەلەی) كۆی مێژووی رزگاریخوازیی كوردستان هەیە و پێویستە تەنیا دیكۆمێنتەكانی ناو ئەو مێژووە وەڵامی نەوەكانی ئێستا و داهاتوو بداتەوە.
Top