ئایا برێكست، ئەم گەرمە جەنگە، سارد دەكاتەوە؟
پشتی هاتنە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا، مشتومڕەكانی تایبەت بە سەرهەڵدانەوەی نەزمێكی نوێی جیهانی هاتنەوە بەرباس، مشتومرێك كە دوور نەبوو لە ڕوودانی جەنگێكی دیكەی جیهانی، بەجۆرێك ئەوەی دواییان هێندەی نەبرد، بووە ڕاستی و جەنگ لەنێوان ئۆكراین و ڕووسیا سەریهەڵدا. هەڵبەت شەری سارد بە شێوە خشكەییەكەی هەر هەبوو، هەتا جیهان گەیشت بەم دۆخەی ئێستا و ئێستا چاوەكان لەسەر ئەوەن كە ئاخۆ دوای كۆنگەری برێكست كە لە (كازان)ی ڕووسیا بەسترا، ئایا جیهان جارێكی دیكە بە كردەیی دەبێتەوە بە دوو جەمسەر كە ویستێكی بەهێزی ڕووسی، چینی لەسەرە، بەتایبەت كە وڵاتگەلێكی جیهان لەخۆئامادەكردن و پرچەككردنێكی لەسەرخۆدان بۆ ئەوەی بتوانن شوێن پێیان لەجیهانی دوای لاوازكردنی ئابووری و دراوی یۆرۆ و دۆلاری ئەمریكی لە جیهان بگرن؟
برێكستییەكان، پێیانوایە ئەم هەنگاوانەیان دوای زێدەبوونی هەژموونی ئەمریكی-ئەوروپی دێت بەسەر جیهانی نوێدا، بەتایبەت لەهەر دوو ڕووە گرنگەكەی سەربازی و ئابووری. بەتایبەت ڕووس و چینیەكان و كۆرییەكان، كە دەركیان بەوە كردووە، وڵایەتەكانی یەكگرتووی ئەمریكا و ئەوروپییەكان لەسەرخۆ دەیانەوێت لە ڕووی جوگرافی و سەربازییەوە گەمارۆیان بدەن.. ئەوەتا ڕووسیا لەگەڵ ئۆكراین سەرقاڵی شەڕێكی درێژخایەن كراوە، چینییەكانیش لە ڕێگەی دورگەكانی تایوانەوە خەریكە بخزێنرێنە ناو شەڕێكی هاوشێوەی ڕووسەكان و كۆرییەكانیش بە هەمان شێوە لە ڕێگەی كۆریای باكوورەوە خەریكە گەمارۆ بدرێن. بەگشتی هەریەك لە وڵاتانی برێكست بە جۆرێك و چەندان جۆر هەوڵی پێكهێنانی مەنزوومەیەكی نوێی دیكەی جیهان دەدەن، كە ئەوانیش دەیانەوێت لە داهاتووی جیهان ئەگەر شتێكیان دەست نەكەوێت، لانی كەم ئەوەی هەیانە لەدەستی نەدەن.
هەڵبەت دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا هێندەی پەیوەندی بە گەڕانەوەی سەنگ و قورسایی و پێناسەكردنەوەی بەریتانیا بۆ هەژموون و سیاسەتی نوێی خۆیەوە هەبوو، هێندە پەیوەندی بە دۆخی چاوەڕواننەكراوی ئێستای بریكستەوە نەبوو. جێهێشتنی یەكێتیی ئەوروپا لەلایەن بەریتانییەكانەوە تا ڕاددەیەكی زۆر ڕەنگە دوو جەمسەرگیربوونی حیهان لەداهاتوو بەتاڵ بكاتەوە، بەوەی ڕەنگە بەریتانیا خۆی بە كەمتر نەزانێت لە ئەمریكا و ڕووسیا و چین و زۆر وڵاتی دیكە. كە لەم ڕێگەوە ڕەنگە مەبەستی بێت، تا ڕاددەیەك سەربەخۆیی سیاسی و ئابووریی خۆی پیشان بدات.
ئەم دووركەوتنەوەی بەریتانیا بۆ چین بەخێر شكایەوە، چونكە بەشێكی زۆری وەبەرهێنانی چینی لەم وڵاتە زیاتر بوو، هەروەها ناوی ئەمریكا و دراوە نیمچە قەڵبەكەی خەریكە زۆر لەكەدار دەبێت، ئەوەش كاریگەریی نەرێنی دەبێت لە داهاتووی دوور یان نزیك لەسەر بەریتانیا. چونكە ئەوروپا بەگشتی و بەریتانیا بەتایبەت لەوە تێگەیشتوون كە شەڕ لەبەر دەرگەی ئەواندایە، نەوەكو ئەمریكای دوورەدەست، بۆیە دەیانەوێت دڵی چینییەكان بەتایبەت لە خۆیان ڕازی بكەن و لەمسەریش نە شیش بسووتێت و نە كەباب!
بەگشتی، ئەندامانی برێكست وەك لە بەیاننامەی كۆتاییشیاندا ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە دژ بە ئابووریی ئەمریكا و دراوەكەی كە دۆلارە كار ناكەن، بەڵكو دەیانەوێت دراوێكی نوێ و شوێن دەستێكی خۆیان بخەنە سەر ئابووریی نەزمی نوێی جیهان، لەلایەكی دیكەشەوە، ڕەنگە ڕووسیا كە هاندەر و كارایەكی گرنگی تەوژم و ڕەوتی برێكستە، تەواوی وڵاتان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكار بێنێت و لە هەمان كاتیش لەم ڕێگەوە داوای دانوستان بكات لە ئەمریكا، بێگومان بۆ چینیش هەمان شت ڕاستە، چونكە ئەمریكا لە ڕێگەی ئۆكراینەوە شەڕی بەوەكالەت لە دژی ڕووسیا دەكات، دەشیەوێت لە ڕێگەی تایوانەوە شەڕی چین بكات لە داهاتوو. لە كاتێكدا چین خەون بە ڕێگای ئاروێشمیەوە دەبینێت و ڕەنگە لەبیری ئەوەشدا بێت كە بەبێ ئۆكەی ئەمریكی و ئەوروپییەكان ئەستەمە بتوانێ بەناو خاكی زۆر وڵاتدا تێپەڕێت، بەتایبەت عێراق و سووریا، كە هەژموونی ئەمریكایان بەسەردا زاڵە، لەهەمان كاتدا ڕووسیاش دەیەوێت شوێن پێیەك بۆخۆی مسۆگەر بكات، بەتایبەت لە سووریا، چونكە لەعێراق سفر هیچ بەدەست بۆی دەرچوو.
لەكۆتاییدا، دەبێ بڵێین: تا ئێستا لە ڕووی كردەییەوە جیهان تاك جەمسەر و تاك بلۆكە، بەڵام لەدایكبوونی ڕەوت و نەزمێكی دیكەی جیهانی بەناوی برێكست لە قۆناغە سەرەتاییەكانیدایە و خودی سەركردەكانی برێكستیش ڕایانگەیاند كە دەركردنی دراو و ئابوورییەكی سەربەخۆ لەنێوان خۆیان نزیكەی دە تا پانزە سالی گەرەكە، ئەوە لە كاتێكدایە كە دەهۆڵی جەنگی جیهانی سێیەم لە وڵاتگەلێك گوێبیست دەبین و تەنانەت ئامادەكارییەكانیشی بەردەوامن، لێرەوە وڵاتگەلێكی دەستەمۆ و مشەخۆر لەم نێوەندە دەمێننەوە، كە ئەوانیش دوای دەركەوتنی برێكست بە كردەیی و تەقینەوەی جەنگی سێیەمی جیهانی، دەشێ ببنە كاڵایەكی چەوری دووبارە و سێ بارە دابەشكردنەوەی وڵاتگەلێكی وەكو (عێراق، سووریا، توركیا، ئیران و...هتد). بۆیە شەڕ لەبەردەم دەرگەی هەر وڵاتێكدایە و برێكستەكان دەیانەوێت باری لاری خۆیان تازە بە تازە ڕاست بكاتەوە، كە ڕەنگە لەو كارەیان درنگ كەوتبن، چونكە جگە لە چین، دەتوانین بڵێین: هیچێكیان ئابوورییەكی هێندە بەهێزیان نییە، تا بتوانن بۆ ماوەیەكی درێژ خۆیان لەسەرپێ ڕابگرن، لەبەر ئەوەیە دەشێ ئەم شەڕە گەرمەی هەیە بە هۆی ئەم ئاوە ساردەی برێكستەكان بە زوویی نەكوژێتەوە، ئەگەر ئەم شەڕە گەرمەی ئەوروپای نێوان ئۆكراین و ڕووسیا چارەسەر نەكرێت.