کەسایەتیی نەتەوەیی! (ڕوانگەیەکی ئەنتڕۆپۆلۆگی)

کەسایەتیی نەتەوەیی! (ڕوانگەیەکی ئەنتڕۆپۆلۆگی)
کەسایەتیی تاکەکەس دیاردەیەکی گەوره و گرنگ و ئاڵۆزه، بۆیەش بووه به بابه‌تێکی سەرەکیی زانسته مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان.
ئەنتڕۆپۆلۆگیا (مرۆڤناسی) له دوو ڕەهەندەوە سەرنج دەداته کەسایەتی:

که‌سایه‌تیی تاک
وهەکو بەرهەمی کو‌لتوور


که‌سایه‌تیی جه‌معی
(کەسایەتیی نەتەوەیی)


کو‌لتوور دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی سەرەکی، هەرە گرنگ و کاریگەرە لە کۆمەڵگادا؛ بەبێ کو‌لتوور، کۆمەڵگا هەرگیز لە ئارادا نابێ... چونکە کو‌لتوور بریتییە لە هەموو ئەو دەسکەوتە ماددی (خۆراک،پەناگە، جلوبەرگ، ئامێر و کەلوپەلەکان...) و مەعنەوییانەی (زمان، دابونەریت، ئایین، زانست و هونەر...) کە نەوە بەدوای یەکدا هاتووەکانی ئەندامانی کۆمەڵ دایانهێناون و لەژیانی ڕۆژانەیاندا بەکاریانهێناون و ئێستاش بەکاریاندێنن- ئەمەش واتە، کو‌لتوور شێوازی ژیانی ئەندمانی کۆمەڵ دادەڕێژێ؛ خەڵک بە کولتوورەوە دەژین.
کو‌لتوور بەرپرسی سەرەکییە له پڕۆسەی کۆنترۆڵی کۆمه‌ڵایه‌تی؛ که‌واته به‌رپرسه له جۆری که‌سایه‌تیی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا. کو‌لتوور و ده‌زگا کۆمهڵایهتییهکانیتری سسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی له پڕۆسه‌یه‌کی درێژ و ئاڵۆزی پێگه‌یاندنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا جۆری پێویستی که‌سایه‌تیی تاکه‌کان داده‌ڕێژن – ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی پاراستنی سسته‌مه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که...
- ئه‌وه کولتووره فێرمان ده‌کات پابه‌ند و گوێڕایه‌ڵی خێزانه‌کانمان بین
- ئه‌وه کولتووره فێرمان ده‌کات که‌ی و له‌کوێ و له‌گه‌ڵ کێدا قسه‌بکه‌ین
- ئه‌وه کولتووره فێرمان ده‌کات کێمان خۆشبووێ و دۆستایه‌تییان بکه‌ین
- ئه‌وه کولتووره فێرمان ده‌کات چی بخۆین و چی نەخۆین
- ئه‌وه کولتووره فێرمان ده‌کات جلوبەرگمان چۆن بن
- ئه‌وه کولتووره فێرمان ده‌کات هه‌ڵوێسته‌کانمان چۆن بن
- ئه‌وه کولتووره فێرمان ده‌کات چ جۆره پیاو یان ئافره‌ت بین
- هتد...
هه‌موو ئه‌وانه‌ش که فێریان ده‌بین چوارچێوه‌ی گشتیی که‌سایه‌تیمان داده‌ڕێژن...
به‌ڵام ئه‌م چوارچێوه‌یه نابێت به قالبێکی داتاشراو بۆ هه‌مووان، له‌مه‌دا ده‌بێ ڕه‌چاوی جیاوازییه که‌سییه‌کانیش بکه‌ین... بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێ په‌نابه‌رین بۆ سایکۆلۆگیا.
چوارچێوه گشتییه‌که، هەروەها، له ڕهههندێکیتریشدا ده‌رده‌که‌وێ، ئه‌گه‌رچی هه‌ستپێکراو نابێ و ڕه‌نگه ته‌نیا پسپۆران په‌یی پێبه‌رن؛ ئه‌ویش له ڕه‌هه‌ندی جه‌معی (نه‌ته‌وه‌یی) دا.
له ڕاستیدا، له هه‌ردوو ڕه‌هه‌نده‌که‌دا (تاکه‌که‌سی و جه‌معی) پێویستیی بۆ سایکۆلۆگیا به ئاشکرا خۆیی نواند. ئه‌وه‌ش له سه‌رانسه‌ری مێژووی ئهنترۆپۆلۆگیادا ده‌رده‌که‌وێ؛ هه‌ر له تیۆری شیکاریی ده‌روونیی فرۆید و قوتابیانی و دواتریش فرۆیدیزمی نوێووه، له‌گه‌ڵیشیان (یان له نێوانیان)دا ڕێبازی زه‌ینیی (Mentalistic) فرانس بوواس و رۆبێرت لۆوی و ڕالف لینتۆن (خاوه‌ن تیۆریای که‌سایه‌تی و کو‌لتوور) و کلاید کلاکهۆن و مارگریت مید – هه‌موویان له تۆژینه‌وه‌کانیان ڕه‌هه‌ندی ده‌روونییان نه‌ک هه‌ر ڕه‌چاوکردووه، بگره له‌سه‌ر ده‌ستی فرۆیدییه نوێیه‌کان (کاردینهر و ساپییر) قوتابخانه‌ی ده‌روونیی له ئه‌نترۆپۆلۆگیا دامه‌زرا... تا ده‌گاته ڕابه‌رانی ئهنترۆپۆلۆگیای کۆمه‌ڵایه‌تی له بریتانیا- مالینۆڤسکی و قوتابییه نهمساویهکهی سینگفرید نادیل.
ئه‌م زانا و پسپۆرانه، هه‌ریه‌که و به‌جۆرێک، خۆیان له قه‌ره‌ی بابه‌تی که‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی داوه، به‌تایبه‌تیش مارگریت مید و رۆت بینیدکت؛ جێگه‌ی سه‌رنجه که ئه‌مانه زێتر له جوغزی «ئاکاری نه‌ته‌وه‌یی»ه‌وه چوونه‌ته نێو بابه‌تی که‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌ییەوە- پسپۆرانی ڕووسیش له «سایکۆلۆگیای هاوبه‌ش»ه‌وه بۆ ناو که‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی وه‌کو، بۆنموونه، ی‌و. بڕۆملێی.
له ڕاستیشدا، ئاسان نییه دیارده‌یه‌کی گه‌وره، هه‌مه‌لایه‌ن و ئاڵۆزی وه‌کو که‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی ڕوونبکرێته‌وه و بخرێته‌ڕوو- ئه‌مه پێویستی به هه‌ره‌وه‌زی کۆمه‌ڵی زانستانه‌وه هه‌یه...
ئه‌نترۆپۆلۆگیا له‌م بواره‌دا، به‌ته‌نیا، ده‌توانێ چی بکات؟
ئه‌نترۆپۆلۆگیا، له بواری که‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌ییدا، فۆکەس ده‌خاته سه‌ر توخمه کولتوورییه ماددی و مهعنهییهکانی ئه‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه‌ی بابه‌تی تۆژینه‌وه‌یه- چونکه له ڕوانگه‌ی ئه‌م زانسته‌وه کو‌لتوور ئاوێنه‌یه‌کی ڕوونه و که‌سایه‌تیی جه‌معیی ئه‌مانه ڕه‌نگ ده‌داته‌وه.
ئه‌وه‌ش کارێکی ئاسان نییه، چونکه زۆرێک له توخمه کولتوورییه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه هاوبه‌شن له‌گه‌ڵ کومه‌ڵ و نه‌ته‌وه‌کانی هاوسێیدا- بۆ نموونه، میلله‌ت و نه‌ته‌وه‌کانی ناوچه‌یه‌کی وه‌کو ئاسیای به‌راییی که تیایدا ئێتنۆسانی وه‌کو: کورد، عه‌ره‌ب، تورک، تورکمان، فارس، جوو، ئاسووری، ئه‌رمه‌نی، لاز، چه‌رکه‌س و... دەژین؛ کاره‌که‌ش، واته ده‌رخستنی توخمه کولتوورییه‌کانی خه‌ڵکێک، گه‌لێ سه‌ختتر ده‌بێ له حاڵه‌تی کولتووری مه‌عنه‌ویدا.
وه‌کو پسپۆر و تۆژینه‌وه‌کان ده‌ریانخستووه، جیاوازیی که‌سایه‌تییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان به ڕاده‌ی سه‌ره‌کی ده‌رده‌که‌وێت له ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جۆری بههاکولتوورییهکان به‌سه‌ریانه‌وه؛ به گوته‌یه‌کیتر، کامه به‌های کولتوورییه که به پله‌ی یه‌که‌م به‌رجه‌سته‌بووه له ڕه‌فتار و هه‌ڵوێسته‌کانی ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌یه‌کدا- ئه‌رکی ئهنترۆپۆلۆگیسته که ئه‌م به‌هایه، یان ئه‌و به‌هایانه بدۆزێته‌وه... له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا، ئهنترۆپۆلۆگیست ده‌بێ ئاگاداری ئه‌وه بێت که هه‌ر ئه‌م به‌ها کولتوورییه پله یه‌که‌مینه لای نه‌ته‌وه‌یه‌ک، مانای ئه‌وه نییه که ئه‌م به‌هایه لای نهتهوهکانیتر نییه، مه‌سه‌له‌که له پله‌به‌ندی و ڕیزبه‌ندیی به‌هاکان دایه لای نه‌ته‌وه‌کان- هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه و پله‌ی یه‌که‌م ده‌دات به به‌هایه‌ک... ئه‌وه‌ش له‌بیر نه‌که‌ین که ئاساییه ئه‌گه‌ر چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌ک هاوبه‌ش بن له پله یه‌که‌مینی به‌هایه‌ک؛ له‌م حاڵه‌ته‌شدا، بێگومان لایه‌نی هاوبه‌ش له نێوان که‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مانه‌دا ڕوون و ئاشکرا ده‌بن. هه‌روه‌ها، ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین که نه ته‌نیا به‌ها یان چه‌ند به‌هایه‌ک، بگره هه‌ندێ جار لایه‌نێک یان چه‌ند لایه‌نێکی کۆمه‌ڵایه‌تی به کۆی به‌هاکانییه‌وه ده‌بن به چوارچێوه‌ی که‌سایه‌تیی جه‌معی ئه‌ندامانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه - وه‌کو: خێڵه‌کی، لادێی، شارستانی، نه‌خوێنده‌واری، هه‌ژاری...
بۆ نموونه، پسپۆرێکی سویدی(ئۆکێ داون)* جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات که سویدییه‌کان که‌سایه‌تییه‌کی لادێیان هه‌یه و ئێستاش له‌مه ڕزگارییان نه‌بووه- چونکه ئەمانە ته‌نیا له په‌نجاکانی سه‌دی بیسته‌مه‌وه پڕۆسه‌ی گه‌شه‌کردن و پێشکه‌وتنیان ده‌ستیپێکرد، پێش ئه‌مه کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌واو لادێی بوون.
له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه، که‌واته، کامه‌ن ئه‌و به‌هایانه‌ی پله‌ی یه‌که‌مینیان هه‌یه له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاشکرایان هه‌یه به‌سه‌ر که‌سایه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌وه؟
پێشتر ئێمە، لە چەند کارێکماندا**، ئاماژه‌مان به چه‌ندین به‌های باوی نێو کۆمه‌ڵگای کوردی کردووە؛ ده‌توانین، به سه‌رنجدانی ورد، پله‌به‌ندییان بۆ بکه‌ین و هه‌وڵبده‌ین به‌ها هه‌ره باو و کاریگه‌ره‌که، ئه‌وه‌ی ده‌کرێ هه‌ست به تارماییه‌کانی بکه‌ین به‌سه‌ر که‌سایه‌تیی جه‌معی یان نه‌ته‌وه‌یی کورده‌وه دەسنیشان بکەین.
کورد به‌گشتی خاوه‌ن کۆمه‌ڵگایه‌کی لادێی- خێڵه‌کییه و هه‌موو ئه‌و به‌هایانه له‌خۆ ده‌گرێ که کۆمه‌ڵگایه‌کی له‌م جۆره پێیانه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چێ. که‌سایه‌تیی مرۆی کورد به‌ڕوونی سیماکانی لادێی- خێڵه‌کی- بنه‌ماڵه‌یی و هه‌روه‌ها هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واریی پێوه دیارن و ڕه‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه به‌سه‌ر ژیان و ڕه‌فتار و هه‌ڵوێسته‌کانیانه‌وه:
لادێی
خێڵه‌کی
بنه‌ماڵه‌یی
شار و شێوازی ژیانی شارستانی، بە مانا مۆدێرنەکەی، لە کوردەواریدا مێژوویەکی ئەوتۆی نییە؛ ئێستاکەش ئێمە شارێکی لە بابەتی شارەکانی وڵاتی سویدی پێش پەنجاکانمان نین- ڕاستە هەولێر و کەرکوک(کارکا) مێژووی هەزاران ساڵیان هەیە، بەڵام دانیشتوانە سەرەکییەکانیان هەمیشە خێڵ و لادێی بووین و کولتووری ئەمانە زاڵبووە بەسەر کولتووری کەمینە «شارستانی»یەکەوە- ئەوەندەی شارەکان سیمای لادێیان وەرگرتووە، ئەوەندە لادێی نەبووین بە شارستانی. ناوی خێڵ و لادێکان ئێستاش بەسەر گەڕەکەکانی شارەوە ماون (مەنتکاوە، باداوە...) یان گەڕەک هەیە تایبەت بە خۆشناو، دزەیی، سورچی؛ هەروەها خێڵەتی و لادێیزم بەسەر ناو و نازناوی تاکەکەسانەوە هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، تەنانەت خەڵکی شارستانیی ڕەسەنی کوردەواریش سەربە کولتووری لادێی و خێڵەتین و لەناویاندا بەهاکانی سسستەمی پیاوسالاری باون: بنەماڵەیی، خزمایەتی، پیاوەتی، ئازایەتی، هەڵچوون و توندوتیژی، دابونەریت... لە سایەی ئەم سستەمەوە، نەرمی و هێمنی و لەسەرخۆیی سیفەتی زۆر دەگمەنن لەناو کورددا.
لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانین کۆمەڵگای کوردیی ئیمڕۆکە بە کۆمەڵگایەکی خێلەکی لە قەڵەم بدەین- چونکە خێڵی کوردی بە شێوە نەریتییەکەی نەماوە؛ بنەما و ستڕوکتوڕی گٶڕاون، دەور و ئەدای وەکو جاران نیین. خێڵی ئێستاکە زێتر ڕٶڵی سیمبۆلی دەگێڕێ، ئینتیمای ئەندامانی ڕەمزییە و گوێڕایەڵییان پتەو نییە... بەڵام جەخت دەکەینەوە کە هەندێ لە بەهاکانی خێڵەکی (ترایبالیزم) لە کۆمەڵگای کوردی‌دا هێشتا هەر کاریگەرن.
هه‌ژاری و بێ دەرامەتیش، کە ئەمە ڕەوشی ژیانی ئابووریی کۆمەڵگای کوردییە، بەها و باوەڕی تایبەت بەخۆیی هەن. خەڵکی هەژار هەمیشە باوەڕداری ئایینیی سەرسەختن- ئایین تاقە فریادڕەسە بۆ ئەمانە و لەمەشەوەیە کە ملکه‌چی و باوه‌ڕبه‌خۆ نه‌بوونیان بەسەرەوە دیارە... دەزگای ئایینی (پیاوانی ئایینی، مزگەوت، تەکییە و سوفیزم ) لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا هەمیشە بەهێز و چالاک و کاریگەرە، دەسەڵاتی سیاسیش بۆ پەرژەوەندیی خۆی دنەی ئەم دەزگایە دەدات.
نەداری توانای مرۆڤ گەلێ سنووردار دەکات لە نواندنی دەور و چالاکی لە زۆربەی بوارەکانی ژیاندا؛ بەتایبەتیش لە کۆمەڵگایەک تیایدا لەبەر بەهاکانی خزمایەتی و بنەماڵەیی و دۆستایەتی پێگە و ڕۆڵی تاکەکەس تا ئەوپەڕی پشتگوێ خرابێ.
هەژاری لە ڕوانگەی سۆسیۆلۆگیاوە نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتییە و دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی چەندین دیاردەی نیگەتیڤ و زیانبەخش لە کۆمەڵگادا؛ بۆیە دەسەڵاتی سیاسیی هوشیار دەکەوێتە کۆشش و گەڕان بەدوای چارەسەر بۆ ئەم دەردە کوشندەیە. یەکێک لە ترسناکترین دەرئەنجامەکانی هەژاریش بریتییە لە نەخوێندەواری.
خوێندەواری، لە پێناسە هەرە سادەکەیدا، واتە توانای خوێندنەوە و نووسین، بەڵام لێرە مەبەست ئاستی مەعریفیی تاکەکانی کۆمەڵگایە؛ بە گوتەیەکیتر، مەبەست ئاستی هوشیاریی ئەندامانی کۆمەڵە- بۆ مرۆی سەردەمی ئێستا تەنیا خوێندنەوە و نووسین بەس نییە، بەڵکو دەبێ خاوەن هوشیارییەکی شیاو بێت، هەرنەبێ لە پسپۆری یان پیشەکەیدا.
ئەگەرچی ئێمە ئامارێکمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام یەکێک لە نیشانەکانی ڕێژەی بەرزی نەخوێندەواری، هەمان کات هەژاریش، لە هەرێمی کوردستان زۆریی منداڵانی ئیشکەر و دەرۆزەکەرانی سەرشەقامە (لە ڕاگەیاندنەکان ئاماژەکراوە بە١٦٠هەزار منداڵ لە هەموو عیڕاق) – لە جیاتی قوتابخانە ئەمانە لە شەقام و وەرشەکان دەبینین. لەلایەکیتریشەوە، پڕۆسەی فێرکردن لە دەزگای پەروەردەدا تائەوپەڕی کز و پڕ خەوش و کەموکوڕییە- چ لەڕووی میتۆد و بابەتی خوێندن و شێوازی وانەگوتنەوە، یان لە کەشوهەوای ناو قوتابخانە و ماوەی خوێندنی ڕۆژانە بێت؛ ئەمە جگە لە ئاستی نزمی بژێویی مامۆستا و سەرقاڵبوونی بە کاریترەوە- هەموو ئەمە دەرچووی قوتابخانە بەحاڵ خوێندەواری لێ دەردەچێ...
بە هەمان جۆر قۆناغەکانی دواتری خوێندنیش بێ خەوش نین؛ وەرگیران و دەرچوونی بە لێشاو لە زانکۆکان هەرگیز نیشانەی خوێندەوارییەکی شیاو نین، بەڵکو لەمەوە دیاردەیەکی تابڵێی نیگەتیڤی لێ کەوتۆتەوە کە دەکرێ ناوی بنێین: بڕوانامەی بێ پسپۆری، یان بڕوانامەی بێ باوەڕ... دەرچووی بەشێکی زانستی مەرج نییە باوەڕی هەبێت بەو بوارەی کە لێی «پسپۆرە « – دەرچووی بەشی کۆمەڵناسی باوەڕی تەواوی هەیە بە شتەکانی دەرەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی؛ دەرچووانی کیمیا و فیزیا باوەڕیان بە «ما ورا الطبیعە» هەیە؛ پزیشک، کە پسپۆری فیزیۆلۆگیا و پاتۆلۆگیایە، سەری بچێ نوێژی ناچێ...هتد؛ لە کاتێکدا زانست بریتییە لە سەلمێندراوەکانی واقیعی ماددی، پشتگوێ خستنی یاخود تێکەڵکردنی بە باوەڕی دی کاریگەریی لەسەر ئەو واقیعە نامێنێ و کەواتە پسپۆرییەکە دەکەوێتە بەر گومانەوە. کارەسات لەوەدایە کە ئەمە، بەداخەوە، بۆ قۆناغەکانی ماستەر و دکتۆراش ڕاستە- هەر ئەوانە نا کە لە وڵات ئەم دوو بڕوانامەیە بەدەست دێنن، بەڵکو ئەوانەش کە بە چەندین ساڵ لە دەرەوە، لە وڵاتانی پێشکەوتوو، پسپۆریی وەردەگرن- بەهەمان باوەڕ و کەسایەتیی جارانیان دەگەڕێنەوە؛ وەکو بڵێی جیۆگرافیا و شارستانیەت و زانستەکانی ئەوێ هیچ بەها و باوەڕی جیاوازیان تیا نەبێ شایانی وەرگرتن بن.
کەواتە، لە دیدێکی ئەنتڕۆپۆلۆگیانەوە، کەسایەتیی نەتەوەیی مرۆی کورد دەرهاویشتەکانی ئەم سێ دیاردانەی بەسەرەوە دیار و کاریگەرن کە ئەمانیش:
- خێڵەتی و لادێیزم  پیاوسالاری هەڵچوون و توندوتیژی
- هەژاری ملکەچی و باوەڕبەخۆ نەبوون
- نەخوێندەواریئاستی نزمی هوشیاری
ئەم سێ دیاردە و بەهاکانی لە پشتیانەوەن، بە پلەی یەکەم، زەینیەت (مینتالیتی)ی مرۆی کوردیان داڕشتووە کە دەکرێ ناوی بنێین زەینییەتێکی داخراوی چەقبەستوو – ئەوەش ڕەنگدانەوەی ڕوون و ئاشکرای هەیە بەسەر شێوازی بیرکردنەوە، ڕەفتار، هەڵوێست و چالاکییەکانمانەوە.

پەراوێز:
*Oke Daun ; ‹ Svensk mintalitet›. Simrishamn,1989, p.264
** گۆڤاری « گوڵان « ژمارە ١١٦٢ / ئاداری ٢٠١٨

Top