گرنگی و پێویستیی کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی پارتی لە چیدایە؟
سەرەتا لەبارەی
كۆنگرەی حزب، كۆبوونەوەی گشتیی حزبی سیاسییە، پێكدێت لە نوێنەری ئەندامانی حزب. لە زۆربەی حزبەكاندا بەرزترین دەسەڵاتە، سەرۆك و سەركردەكانی حزب هەڵدەبژێرێ و سیاسەت و ستراتیژ و ئامانجەكانی حزب داڕێژێ و پەیڕەو و پرۆگرام پەسند دەكات.
لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا كۆنگرە و کۆنفرانس لە ژیانی حزبییدا بۆ دەبەسترێ و مەبەست لێی چییە؟
كۆنگرە بڕیار دەدا، چونكە حزب بەو شێوازەی ئەمڕۆ هەیە، لە باشترین و گونجاوترین و سەركەوتووترین و چالاكترین بارودۆخیدا، گوڕوتین و جۆش و خرۆشی بۆ چەند ساڵێك بڕ دەكات و پاشان بەرەو لاوازی و داهێزران دەڕوات. ئەمە لەكاتێكدا، حزبیش وەك زۆربەی ئەو شتانەی سروشتی ئاویان هەیە، بە خاوبوونەوە و پەنگخواردن و قەتیسمان و وەستان، هەروەها توانای گۆڕانكاری و بەرەوپێشچوون و بەدیهێنانی ئامانجەكانی نامێنێ.
پارتی دیموکراتی کوردستان ٧٨ ساڵە دامەزراوە، بەدرێژایی ئەم ماوە زۆرە لە خەباتی سیاسی و چەکداری و فیکری، بە چەندین قۆناغی سەخت و دژوار و جیاوازدا تێپەڕیوە، کە ھەریەکە لەو قۆناغانە وەچەرخانی بەھێزبوونی کوردستان بوون. مێژوو پێمان دەڵێت و بۆمان دەسەلمێنێت، کە لە ھەر یەکێک لەو قۆناغەی کە (پارتی) تێیدا بەھێز بووە، گەلی کوردستان لەو ساتەنەدا بەھێز بووە.
ئێستای پارتی
(پارتی) وەک حزب حاکمی یەکەمی ھەرێمی کوردستانە، پێگەی یەکەمی سیاسییە لەسەر ئاستی عێراق، لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە پەیوەندییەکی بەرفراوانی لەگەڵ تەواوی وڵاتانی ناوچەکە و جیھاندا ھەیە، باڵوێز و نوێنەری وڵاتان بۆ ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە، بۆ پێشخستنی و وڵات ئاوەدانی و بووژانەوە و وەبەرھێنان و پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوورییەکان، بە گرنگییەوە دەڕواننە ڕۆڵی پارتی.
پارتی لە ڕووی کۆمەڵگەییەوە
پارتێكی دیموكراتیی نیشتمانییه، بڕوای به مافهكانی مرۆڤ و دادپهروهریی كۆمهڵایهتی و ئازادییهكانی تاك و مافی نهتهوهیی كورد و نهتهوهكانی دیكە ههیه له بڕیاردانی چارهنووسیاندا، لهپێناو بهدیهێنانیاندا بهپێی پرۆگرامگهلێكی زانستی و به رێگهی دیموكراسییانه و ئاشتییانهی سهرچاوهگرتوو له ئهزموونهكانی بزووتنهوهی رزگاریخوازی مێژووی نهتهوهی كورد و كهلهپووری نیشتمانی و خهباتگێڕانهی بارزانیی نهمرهوه تێدهكۆشێت و سوودیش له ئهزموونی گهلان وهردهگرێت كه لهگهڵ واقیعی كوردستاندا دهگونجێن.
پارتی و یەکبڕیاری (مەرجەع)
ھۆکاری بەھێزبوونی بەردەوامی و مانەوەی پارتی بەدرێژایی (٧٨) ساڵ، بوونی ئەو مەرجەع و ڕابەر و پێشمەرگەیەیە، کە ھەموان بە پیاوی یەکەم و فەرمانڕەوای ژمارە یەک دەیبینن، ئەدەبی سیاسیی سەرۆک بارزانی شۆڕ بووەتەوە بۆ خانەوادە و تاک بە تاکی ئەندام و لایەنگرانی پارتی، ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی سەرۆک بارزانی و ساڵانی پێشمەرگایەتیی ئەو وای کردووە، کە ھەموان ڕێز بۆ بڕیارەکانی دابنێن، هەروەها یەکگرتوویی و نەبوونی باڵ لەنێو پارتی ھۆکارە بۆ ڕێکخراویی پارتی.
پارتی و پێداچوونەوە و ئاگایی بەردەوام
وەک ھەر حزب و لایەنێکی دیکەی سیاسی، پارتی بێ کەموکوڕی نییە و پێویستیشی بە پێداچوونەوە ھەیە، قسەیەک ھەیە دەڵێ: (حزب و حکوومەت لە باشترین دۆخیاندایە، ڕەخنەگرتن لێیان پێویستییە)، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەگەر (پارتی) ھەندێک گۆڕانکاری و پێداچوونەوە، چ لە ناوەخۆ و چ لەدەرەوەی حزبدا بکات، زامنی سەرکەوتنی بەردەوام و خزمەتی باشتریشی بۆ خەڵک دەبێت، ھەروەک چۆن شانی داوەتە بەر بەرپرسیارێتی و خۆڕێکخستنەوە و چاکسازی و پاکسازی.
حزبە سەركەوتوو و دیموكراسیخوازەکان، ئەو گۆڕانانەی جیایان دەكاتەوە لەوانی دیكە ئەوەیە كە كۆنگرەكانیان پڕمانا و ناوەڕۆكە و گۆڕانكاری دەكەن، چ لە گۆڕینی كەسەكاندا، چ لە بیر و بۆچوون و ستراتیژ و هۆكارەكانی گەیشتن بە ئامانج و پەیكەری حزب، لەپێناو بە زێندوو و كارا هیشتنەوەی حزب.
هەموو ئەم كارانە پێویستیان بە بەستنی کۆنگرە و کۆنفرانس هەیە كە هەڤاڵان پێكەوە و بە گیانێكی برایانە و لەخۆبوردوانە و بە نەفەس و نیەتی گرێدانەوە و جۆشدانەوەی كار و خەبات و گەڕانەوە بۆ بنەما و بووژاندنەوەی گیانی هەڤاڵانەوە و پێكەوە كاركردنی دەستەجەمعی و بە مەبەستی دانانی بەرنامە و پلانی نوێش، پێویست دەكات هەموان لە چوارچێوەی کۆنفرانسی گشتییدا كۆ ببنەوە و ئالوگۆڕی بیروڕا و تێڕوانینە جیاوازەکان بكەن و گیانی ڕەخنە لەخۆگرتنیش ببووژێننەوە. بەم هەنگاوە دەتوانرێت حزب و ژیانی حزبایەتیی ڕاستەقینە ببووژێنرێتەوە و گوڕوتینێكی نوێ بدەنەوە بە جەستە و فكر و خوێنی حزب و بتوانن خۆ لە قۆناغی رابردوو دەرباز بكەن.
کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی پارتی لەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازەدا، گرنگی و تایبەتمەندیی زۆری هەیە و بەستنی کۆنفرانس هەنگاوی زیاترە بەرەو ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری. بەدڵنیاییەوەوە پارتی حزبێکە پڕاوپڕە لە کادیری شارەزا و بەئەزموون و تێگەیشتوو لە کاری سیاسی و پارتایەتی و ستراتیژ و خەسڵەتە بەهادارەکانی پارتی دەپارێزن.
بەو پێیەی مانەوە و بەهێزیی کوردستان و قەوارەکەی بەندە بە هێزی و تواناکانی پارتی، کۆنگرە و نوێبوونەوە باشترین رێگەچارەیەتی.
ئەو بنەما سەرەکییانەی گرنگە هەڤاڵان و کادیرانی پارتی لە کۆنفرانسی حزب ڕەچاوی بکەن:
١- کەسی هەڵبژێردراو پێویستە خاوەن پێشینە و ڕابردووی پاك بێت.
٢- لە هەڵبژاردنی کەسانی نوێدا، گرنگی بە لایەنی كەسایەتیی كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و زانستیی گشتی بدرێت.
٣- هیچ كەس لەبەر خاتری كەسی دیكە هەڵنەبژێردرێت و لە ئەنجامدا بە زیانی پارتی بشکێتەوە.
٤- هەوڵ بدرێت كەسانێك بێهێننە پێشەوە كە بەپێی پلەبەندی پلەكانی ڕێكخستنیان بڕیبێت.
٥- دەستپاكی و ویژدان و ئاكار، پێوەرێكی سەرەكی بێت بۆ دەستنیشانكردنی خەڵك.
٦-ڕەچاوی ماندووبونی کادیر و سەرکردە تێکۆشەرەکان بکرێت، ئەوانەی داینەمۆی حزبن و بۆ پارتی پێویستن.
٧- گۆڕانکاری و خۆنوێکردنەوە لەمەڕ ئەو ئاڵنگارییانەی کە روومان تێ دەکەن.
٨- مامەڵەیەکی بەهێزی سیاسی لەگەڵ پرسە ناوخۆیی و نیشتمانییەکان.
٩- بەهێزبوونی پێگەی ئافرەت لە ستراتیژیەتی پارتیدا بێت.
١٠- گرنگیدان بە ڕۆڵی گەنجان و لاوان و قوتابییان و رەخساندنی دەرفەت بە ئامانجی خستنەڕووی بیرۆکەی نوێ بۆ چۆنیەتیی ئیدارە و بەڕێوەبردنی وڵات.
١١- هاندانی لاوان تا ئەوەی بیر و ئامانجەکانیان بخەنە خزمەتی نیشتمان و کۆمەڵگەکەیان.