كابینەی هەشتەم و تێپەڕاندنی كارەساتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر

كابینەی هەشتەم و تێپەڕاندنی كارەساتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر
ئەگەر تاقمی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لەو ژینگە ئاڵۆزەی سلێمانی دڵنیا نەبوونایە كە خیانەتەكەیان بە جۆرێك لە جۆرەكان لەلایەن كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕانەوە پەسەند دەكرێت، نەیاندەتوانی ئەوا بێ باكانە پەنا بۆ خیانەتێكی لەوجۆرە بەرن و بەو ساناییە ئەو خیانەتە گەورەیە بكەن و كەركووك تەسلیمی حەشدی شەعبی و فەیلەقی قودس بكەن.
ئامانجی ئەم خیانەتە لەگەڵ ئەوەی پشكی شێری بە زیان بۆ یەكێتی شكایەوە و گەورەترین گورزی گورجكبڕی لە یەكێتی دا، لە بنەڕەتدا بە ئەقڵێكی هەرزەكارانەی ئەوتۆ هەنگاوی بۆ هەڵگیرابوو، هەتا ئەگەر حزبەكەی خۆشیان لەبەریەك هەڵبوەشێتەوە، ئەوا نابێت پارتی دیموكراتی كوردستان شانازیی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانی پێ ببڕدرێت. هەر بۆیە ئەم خیانەتە بەرهەمی ئەو سیاسەتی رق و كینە و یەكتری رەتكردنەوەیە كە ماوەی زیاتر لە 50 ساڵە سەرانی گۆڕان و ئەو تاقمە خیانەتكارەی ناو یەكێتی دژایەتی پارتی پێدەكەن.
ئامانجێكی دیكەی تاقمی خیانەتكاری 16ی ئۆكتۆبەر ئەوە بوو، ئەگەر پارتی نەیتوانی كۆنتڕۆڵی خۆی بكات و لە ئاكامی ئەو خیانەتە پەنای بۆ چەك برد دژی تاقمی خیانەتكار، ئەوا ئەو تاقمە وایان دانابوو بە هاوكاری فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بە پێش لەشكری بۆ حەشدی شەعبی شەڕێكی یەكلاكەرەوە لەگەڵ پارتی بكەن و بە حیسابی خۆیان پارتی لەناو بەرن و جادەكە بۆ خۆیان تەخت بێت.
بەڵام بە درێژایی مێژووی پارتی لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا، هەمیشە پارتی لە رووبەڕووبوونەوەی كێشە گەورە چارەنووسسازەكاندا، بە لوژیكی دووربینانە مامەڵەی كردووە و هەتا پێی كرابێت، رێگەی نەداوە خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت، كە لەم هەنگاوەشدا سەركەوتوو بووبێت، ئەوجا زانیویەتی چۆن وەڵامی داگیركەرانی كوردستان دەداتەوە.
دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریش جارێكی دیكە پارتی لەسەر بنەمای ئەم لۆژیكە مامەڵەی لەگەڵ ئەو كارەساتە گەورەیە كرد و لەماوەی چەند رۆژیكدا مەترسیی شەڕی كوردكوژی دوورخستەوە و بە جۆرێكی دیكە بەرەی خۆی بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان رێكخستەوە و، تەنیا چوار رۆژ دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر توانی لە داستانی پردێ و سەحێلا و تەلسقۆف، بەو زمانە قسە لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی و راوێژكارە سەربازییەكانی فەیلەقی قودس و حزبوڵای لوبنانی بكات كە لێی تێدەگەن و بە دەیان سەدان تانك و زرێپۆش و هامەر و چەكی هەمەجۆری بە تێكشكاوی پێ بەجێهێشتن، ئەم داستانانە جیا لەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستانی پاراست، لە هەمانكاتدا بەغداشی ناچار كرد كە لەوە تێبگات بە هێرشی سەربازی ناتوانێت ئامانجەكانی بێنێتەدی.
هەتا ئێرە ئەمە بەشە سەربازییەكەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بوو، بەڵام كاتێك زانییان هێزەكانی پارتی پیلانە سەربازییەكەی تێكشكاندووەو رێگەنادات بە زەبری هێز هەرێمی كوردستان داگیر بكرێتەوە، ئیدی بەشە سیاسییەكەی ئەو پیلانە، لەلایەن گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و لیستە تازەكەی بەرهەم ساڵح-ـەوە بە ئاشكرا داوای هەڵوەشانەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی ئینقازی نیشتمانی دەكرا، لەمەش زیاتر بە شاندی هاوبەش دەچوونە خزمەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ حكومەتی شەرعیی هەرێمی كوردستان نەكات و خۆیان جێگەی بگرنەوە. لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستانیش بەتایبەتی لە زۆنی هەمەڕەنگ كەوتنە هاندانی فەرمانبەران و مامۆستایانی ئەو دەڤەرە بۆ ئەوەی بایكۆتی خوێندن بكەن و خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی پاشاگەردانی دروست بێت و سلێمانی بگێڕنەوە بۆ بەغدا و لە كوردستانی جیابكەنەوە.
لەمەش خراپتر بزووتنەوەی گۆران كە ماوەی دووساڵ بوو لە حكومەت دوورخرابۆەوە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر بەفەرمی خۆی لە حكومەت كشاندەوە و دوابەدوای ئەویش كۆمەڵی ئیسلامی و مانگێك دوای ئەویش یەكگرتووی ئیسلامی لە حكومەت كشایەوە، مانەوەی یەكێتی نیشتمانیش تەنیا مانەوەی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانیان بوو، بەبێ پشتیوانی راستەقینەی حزبەكەیان، هەر بۆیە ئەم بارودۆخە سەختە كەوتە سەرشانی پارتی دیموكراتی كوردستان و تێپەڕاندنی ئەم قەیران و كارەساتەش رووبەڕووی ئەزموون و لۆژیكی نێچیرڤان بارزانی كرایەوە.
لێرەوە ئەگەر وێنایەكی بارودۆخی ئەو كارەساتە بكەین كە رووبەڕووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە و نێچیرڤان بارزانی توانی لەناو ئەو كارەساتە گەورەیەدا جارێكی دیكە كوردستان هەڵبستێنێتەوە و قەیرانی ئابووری تێپەڕێنێت و بارودۆخەكە بگێڕێتەوە بۆ پێش كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، ئەوا دەبێت ئاماژە بەم خاڵانە بكەین:
1- بە داگیركردنەوەی كەركووك، حكومەتی عێراق نەوتی كەركووكی لە هەرێمی كورستان بڕی كە شادەماری ئابووری هەرێمی كوردستان بوو، ئەمەش واتە حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرچاوەیەكی زۆر كەمی داهاتی لەبەر دەست مایەوە بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بكات.
2- گەمارۆی ئاسمانی خرابووە سەر فڕۆكەخانەكانی كوردستان و حكومەتی عێراق رێگەی نەدەدا هیچ شاندێكی دەوڵەتان سەردانی هەرێمی كوردستان بكات.
3- هەردوو دەوڵەتی دراوسێ (ئێران و توركیا) گەمارۆی ئابوورییان خستبووە سەر هەرێمی كوردستان .
4- حكومەتی عێراق بە شێوەیەكی زۆر غروور مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرد و هەرێمی كوردستانی بە «پارێزگاكانی باكووری عێراق» ناوی دەبرد.
5- بارودۆخی سیاسیی كوردستان بە جۆرێك ئاڵۆز بوو كە بواری بۆ دیالۆگی سیاسی نەهێشتبووەو، خۆپیشاندانی فەرمانبەران گۆڕابوو بۆ ئاژاوەگێڕی و بانگەشەكردن بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی لە كوردستان.
6- باری ئابووریی كوردستان كەوتبووە حاڵەتێكی هەڵاوسانی ئەوتۆ كە لە هەموو بوارەكاندا جووڵەی بازاڕ وەستابوو، پڕۆژەكانیش هەموویان راگیرابوون.
7- بەهۆی ئەو كارەساتەی لە ئاكامی ئەو خیانەتە بەسەر هەرێمی كوردستان هاتبوو، خەڵك بەشێوەیەكی گشتی جۆرێك لە بێ ئومێدییان لا دروست بوو، سەرباری ئەمانەش میدیاكانی دەڤەری زۆنی هەمەڕەنگ هەر هەموویان بە میدیاكانی یەكێتی نیشتمانیشەوە وەك ماكینەیەك بۆ رووخاندن و هەڵوەشانەوەی هەرێمی كوردستان خرابوونەگەڕ .
لەناو ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەدا و تەنیا لە ماوەی 100 -150 رۆژدا، نێچیرڤان بارزانی توانی بارودۆخەكە بەم شێوەیە پێچەوانە بكاتەوە:
نێچیرڤان بارزانی پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە جێبەجێكردنی دەستووری عێراق راگەیاند و بەمەش توانی یەكەم دەرگای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بكاتەوە و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆك ئەمانوئیل ماكرۆن لە كۆشكی ئەلێزی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی لەلایەن سەرۆكی فەرەنساوە پێشوازی لێكرا.
نێچیرڤان بارزانی توانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەردوو دەوڵەتی (ئێران و توركیا) ئاسایی بكاتەوە و دوای ئەوەی لە توركیا سەردانی فەرەنسای كرد، ئەمجارەیان لەبەغداوە سەردانی تارانی كرد.
لەسەر ئاستی زیادكردنی داهاتی حكومەت، پڕۆژەیەكی گەورەی چاكسازی راگەیاند و ئاراستەی پەرلەمانی كوردستانی كرد بۆ ئەوەی بە یاسا ئەو پڕۆژە گەورەیەی چاكسازی جێبەجێ بكرێت.
لەماوەی ئەو چەند مانگەدا، توانی چەند جارێك مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ دابین بكات، بەمەش نەیهێشت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كارەكانی رابوەستێت.
لەسەر بنەمای سیاسەتیكی نەرم و ئارامگر، دەرگای دیالۆگ و لێكتێگەیشتنی لەگەڵ حكومەتی بەغدا كردەوە و توانی گەمارۆی ئاسمانی لەسەر فڕۆكەخانەكانی كوردستان هەڵبگرێت و جارێكی دیكە دەروازەی ئاسمانی بە رووی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكاتەوە و سەردانی شاندی دەوڵەتان بۆ كوردستان دەستی پێكردەوە.
نەخشەیەكی رێگەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا دروستكرد و هەتا كێشەكانی هەرێم و بەغداش بە تەواوەتی چارەسەر دەكرێن، لەگەڵ حكومەتی عەبادی رێككەوت كە مانگانە بڕێك پارە بنێرێتە هەرێم بۆ ئەوەی لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت.
سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران پێداچوونەوەی پێداكرا و داهاتی فەرمانبەرانی كوردستان بە رێژەی 100% زیادی كرد، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی بووژانەوەیەكی ئابووری دروست بێت و جووڵەی بازاڕ دەست پێ بكاتەوە.
لەسەر ئەم ئاراستە سەركەوتووە بەردەوامە و ئێستا جیا لەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی هەرێمی پێگە و شكۆی گەڕاوەتەوە بۆ پێش كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، لەهەمانكاتدا لەگەڵ حكومەتی عێراقیش هەنگاو بەهەنگاو بۆ چارەسەری كێشەكان دەچنە پێش و ئێستا باس لەوە دەكرێت باری ئابووری كوردستانیش بەرەو باشتر دەچێت و بە تەواوەتی سیستمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران كۆتایی دێت.
Top