لەسەر راپەڕین سزا دەدرێین نەك لەسەر ریفراندۆم
February 21, 2018
وتار و بیروڕا
رەنگە ئەم قسەیەی عەبادی راستگۆترین قسەى دەسەڵاتدارانی بەغدا بيت بەرامبەر كوردستان و دۆزی كورد.
ئەوان نەك بۆ سنور و وەزعی سەروەختی روخانی رژێم و تخوبەكانی ساڵی دوو هەزار و سێ، بەڵكو لە راستیدا و بە پێی ئەم لێدوانە راشكاوانەیە، دەیانەوێت بۆ پێش ساڵی نەوەت و یەك و پێش راپەڕینمان بگێڕنەوە. كە دەكاتە سەردەمی بندەستی و قەتڵو عام.
لە راستیدا ئەمەیە حەزی ناخی عێراقییەكان بەرامبەر كوردستان، ئەمەیە سەقفی باوەڕیان بە مافەكانی كورد، هەرچی كورد لە دوای راپەڕینەوە بەدەستی هێناوە، ئەوان بە زیاد و پێراكێشانی دەزانن نەك تەنیا ئەو مافانەی كە دوای روخانی سەدام و لە دەستوردا سەلمێنراون. ئەوان تەنیا داوای ئەو ناوچانە ناكەن كە پێشمەرگە لە كاتی هەڵاتنی جەیشی عێراقا لە داعشی پاراستن، تەنیا ئەو جێیانە بە داگیركراوی دەستی پێشمەرگە نازانن كە لە ریفراندۆمدا بە بەرزترین رێژەی دەنگدان كوردستانیەتی خۆیان بەیان كرد، بەڵكو تەواوی كوردستانی ئازاد بە موستەحەقی گەڕانەوە بۆ ساڵانی هەشتاكان دەزانن. دەیانەوێ وەك هەشتاكان حكومەتێكی مەركەزی خۆسەپێن بە ئاگر و ئاسن حوكمی مەنتیقەی حوكمی زاتی بكات و شتێك بە ناوی هەرێم و كیانی كوردستان نەمێنێ.
عەببادی بەم لێدوانەی بە راشكاوی پێمان دەڵێ: كورد لەسەر راپەڕینی نەوەت و یەك سزا دەدرێ و ئابڵوقە دراوە و قوت و موچەی بڕدراوە، نەك لەسەر ریفراندۆم و مەیلی سەربەخۆیی. ئەوان لە ئەساسدا وجودی هەرێمیان قبوڵ نییە و بە پێراكێشان و مافی ناڕەوای دەزانن چ جای بگاتە مافی سەربەخۆیی و جیابونەوە.
نهێنی پێداگیریی ئێمە لەسەر دەستور و خۆدزینەوەی بەغدا لە ئیلتزامە دەستورییەكانی بەرامبەر كوردستان ئا لەم راستییەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەوان ئیعتراف بە مافە دەستورییەكانی كورد ناكەن و ناكۆكیان لەگەڵ ئەو مافانەیە نەك ئەویان قبوڵ بێت و بەڵام تەنیا سەربەخۆی بەزیاد بزانن. هەر ئەم لێدوانەی عەببادی باشترین بەڵگەیە كە لە عەقڵیەتی عێراقییەكاندا شتێك بە ناوی شەراكەت و دەستورسالاری و فیدرالیزم وجودی نییە.
ئەمەیە حەقیقەتی تاڵی خیلافی ئێمە و بەغدا، خیلافە لەسەر وجود نەك لەسەر حدود، بەڵام جیهان نایەوێ لێی تێبگات.