كێشەكە راستەقینەیە

كێشەكە راستەقینەیە
سەركردایەتی كوردستان لە بێدەرەتانی و بە بنبەست گەیشتنی هەموو رێگاكان، رووی كردە ریفراندۆم و رای میللەتەكەی خۆی وەرگرت، لەسەر ئەم پرس و ڕایە، كەوتەبەردەم پەلامار و سزا و گەلەكۆمەكێی، خاك داگیركرا و ماڵ سوتێندرا و خەڵك ئاوارە كران، تەعریب و تەشییع و شكاندنی كەرامەتی میلەتێك كرانە پەیڕەو. حكومەتی كوردستان بۆ دوورخستنەوەی مەترسی و شەڕانگێزی لەسەر گەلە بێگوناهەكەی، بۆ هەڵگرتنی سزای زاڵمانە، بۆ كۆتایی هێنان بە نانبڕین و برسیكردن، ئەنجامەكانی ریفراندۆمی سڕ كرد، ئامادەیی بۆ دانوستانی بێ مەرج و مەسئولانە دەربڕی. رێزی لە بڕیارە نادەستوری و نارەواكانی مەحكەمەی ئیتیحادی گرت. بەدەم بانگەوازی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە چوو، دەسەڵاتە ئیتیحادییەكانی بەسەر سنور و دەروازەكاندا بەهەند وەرگرت، هیچ بەهانەیەكی بەدەست بەغداوە نەهێشت، داواكارییەكانی خۆی بۆ ژێر سەقفی دەستور دابەزاند.
سێ مانگ تێپەڕی، بەغدا یەك ئاماژەی نیشان نەداوه كەمترین ئامادەیی بۆ دانوستان و جێبەجێكردنی دەستور و دەستهەڵگرتن لە سیاسەتی برسیكردن و سزادانی كوردستانی لێ بخوێندرێتەوە. بە پێچەوانەوە، رۆژ بە رۆژ بازنەی ئابڵوقە تەسكتر و سزاكان چڕتر دەكاتەوە و بڕوبیانووی زیاتر بۆ درێژەدان بە برسیكردن و هەوڵی شكاندنی شكۆی كوردستانییان دەبینيتەوە.
لە بەغدا سزادانی كوردستان وەرەقەیەكی ئینتخابی براوەیە، كێ دڕتر و بێ حورمەت تر بێت بەرامبەر كوردستان، چانسی باشترە. بەغدا بەم فەرهەنگە شەقامی عەرەب و شیعە پەروەردە دەكات و كەچی كورد بە تاوانی هەوڵدان بە جیابونەوە لەم فەرهەنگە، سزا دەدات.
ئەوەی لەم عێراقە شومەدا دەگوزەرێ، كێشەیەكی راستەقینەیە، سەرۆك بارزانی بۆ قورتاربوون لەم كێشە ترسناك و لەم دەردە بێ دەرمانە، پێشڕەوایەتیی میللەتەكەی كرد بەرەو دیاریكردنی چارەنوس و سەربەخۆیی. بارزانی دەیبینی چی دەگوزەرێ و لە بەغدا چ مەنجەنیقێك بۆ كورد دەكوڵێنرێ و چ نیازيكی ترسناك بەڕێوەیە. وویستی گەلەكەی لەم هەڕەشە جدییە قورتار بكات، بەڵام كاتێك جیهان بەرژەوەندیە بچوكەكانی خستە پێش بەها و ئەخلاق و پرنسیپەكانەوە، ئەم رێگەیە لە كورد گیرا و دواتریش بە چاوپۆشیی جیهان كەوتینە بەر ستەم و غەدرێكی بێ ویژدان.
كێشەكە جددیە، خەڵكی كوردستان برسین، میللەتێك كە هەرگیز ژیانی رەزالەت و بێ كەرامەتی قبوڵ نەكردووە و بە گژ دڕندەكانی بەعس و داعشدا چۆتەوە، ئێستا هەوڵدەدرێت بە میایشیای ترسنۆكی حەشدی شیعە و بە حكومەتە بودەڵە و لەرزۆكەكەی بەغدا دەستەمۆ و كەوی بكرێت و چۆك دابدات. مەحاڵە كوردستانییان ئەمە قبوڵ بكەن.
ئەم رەوشە مەترسیدار و جدییە چارەسەرێكی خێرا دەخوازێ، دەنگ و هەڵوێستێكی جددیتر و كاریگەرتری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخوازێ، ژیان و نان و كەرامەت و شكۆی میللەتێك بابەتێك نییە بۆ گەمەی هەڵبژاردن بشێ. میللەتی كورد ئەم جۆرە گەڵتەپێكردن و سوك سەرنجدانەی قبوڵ نەبووە و نییە، ئەگەر ئەحمەقەكانی بەغداش نازانن مێژوو بخوێننەوە، دەبێ جیهان مەسەلەكە بە جددی وەربگرێ و چیتر خەم سارد و كەمتەرخەم نەبێ .
Top