سیاسەتی دژ و هەڵەی ئەمریكا بەرامبەر بە ریفراندۆم سەركەوتنەكانی شەڕی دژی داعشی كرد بە خەڵات بۆ سوپای پاسداران
December 5, 2017
وتار و بیروڕا
باڵیۆز رایان كرۆكەر كە سەرۆكی تاسكفۆرسی راپۆرتی عێراق بوو لەساڵی 2016-2017 لە ئامۆژگای ئەتلەنتیك بۆ ئامادەكردنی راپۆرتێك وەك پێشنیار بۆ سیاسەتی داهاتووی ئیدارەی ئەمریكا بەرامبەر بەعێراق، لە پەنێڵێكی ئامۆژگای ئەتلەنتیك لەسەر ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە دەڵێت: ئێران شەڕی دژی داعشی قۆستەوە بۆ تۆڵەكردنەوە لە عەرەبی سوننەی عێراق، لەبەر ئەوەی ئێران، عەرەبی سوننەی عێراق بە فاكتەری سەرەكیی شەڕی 8 ساڵەی نێوان عێراق و ئێران دەزانێت، بۆ ئەمەش توانی زیانێكی گەروەی گیانی و ماددی بە عەرەبی سوننەی عێراق بگەیەنێت و هەموو شارەكانیان كاول بكات و تەسلیمی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بكات، بۆیە شەڕی دژی داعش فرسەتێك بوو بۆ ئێران بۆ ئەوەی مەرامەكانی خۆی تێدا بێنێتەدی.
پڕۆفیسۆر مایكل نایتس توێژەری باڵای سیاسەتی بەرگری و ئاسایش لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراسەتی رۆژهەڵاتی نزیك، لە كۆبوونەوەیەكی گوێگرتنی كۆنگرێسدا، كە لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێس بۆ گوێگرتن لە هەڕەشەكانی ئێران لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆی رێكخستبوو، راشكاوانە ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو مەترسییانەی ئێران لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستی كردووە، هۆكارەكەی بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە كە سوپای پاسداران بەو ئاستە بەهێزە، بەڵكو بۆ ئەو بارودۆخە دەگێڕێتەوە كە بۆتە هۆكاری ئەوەی سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانی زۆر بەهێز دەربكەون. پڕۆفیسۆر نایتس دەڵێت: لە ماوەی سێ ساڵی شەڕی دژی داعشدا، تەواوی فڕۆكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، رۆڵی هێزی ئاسمانییان بۆ سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانی لە سووریا و عێراق گێڕاوە، ئەو هاوكارییە سەربازییانەی كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش داویەتی بە عێراق، ئێستا بەشی هەرە زۆریان بە دەستی ئەو میلیشیایانەی حەشدی شەعبییەوەن كە راستەوخۆ لەلایەن فەرماندەكانی سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانییەوە هەڵدەسووڕێنرێن.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ئایا دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش بەگشتی و ئەمریكا و فەرەنسا و یەكێتی ئەوروپا بەتایبەتی، لەم حاڵەتە بێئاگا بوون كە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەو ئاستە بارودۆخی شەڕی دژی داعشی بۆ بەرژەوەندی خۆی قۆستۆتەوە، تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی ئێستا خۆی بە براوەی تەواوی سەركەوتنەكانی شەڕی دژی داعش بزانێت و لەمەش زیاتر هەڕەشە لە ئەمریكا و رۆژئاوا بكات، بەوەی دەبێت كە دوای ئەوەی شەڕی دژی داعش بەرەو كۆتایی دەچێت، هێزەكانیان لە عێراق بكێشنەوە؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین: دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی داعش، لە ئامانجی ئێران لەشەڕی دژی داعش خافڵگیر نەبوون، بەڵام لە چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەو تێكشكاندنی داعشدا سەریان لێ تێكچووبوو، ئەمە وایكرد كە چاوپۆشی بە ئاستێك لە سوپای پاسداران و میلیشیا وەكیلەكانی بكەن كە خۆیان لە راپۆرتی میوشن بۆ ئاسایش لە ساڵی 2017 راشكاوانە ئاماژەیان پێكردووە، بەوەی ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قۆناخی پۆست رۆژئاوایە، ئەمەش بەو مانایەی رۆژئاوا نەیتوانیوە لەئاستی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رۆڵی پێویست بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو كێشانە بگێڕێت، بەڵام رووسیا زۆر لە رۆژئاوا باشتر توانی جڵەوگیری شەڕی سووریا بكات و لەدەستی هەموو لایەكی دەربێنێت و لەم هەوڵەیدا رووسیا سەركەوتوو بووە و رۆژئاواش هێندەی دیكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور كەوتەوە.
بۆ ئێستای عێراق كە ئەمریكا و فەرەنسا و یەكێتی ئەوروپا نایانەوێت، عێراقیشیان وەك سووریا لەدەست دەربچێ، هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە كە بەپێی دەستوور عێراق بە یەكگرتوویی بهێڵنەوە و نفووزی ئێرانی تێدا پاكتاو بكەن، بۆ ئەم هەوڵەشیان گرەوی گەورەیان لەسەر ئەوە كردووە كە حەیدەر عەبادی كە بە رووكەش وا خۆی نمایش كردووە، گوایە ئەو زیاتر سیاسەتمەدارێكی نیشتمانپەروەرە، نەك عەقائیدی شیعە، دەتوانرێت بەرەو وڵاتانی عەرەبی و كەنداو رابكێشرێت و لە ئێران دووربخرێتەوە، ئەم گریمانەیە كە رۆژئاوا گرەوی لەسەر دەكات، لەوانەیە لە رووی تیۆرییەوە وەك رێگەیەك بۆ لغاوگیركردنی نفووزی ئێران لە عێراقدا بەسەركەوتوو لە قەڵەم بدرێت، بەڵام لە باری كردەییدا، بوارێك بۆ حەیدەر عەبادی نەماوەتەوە كە بتوانێت ئەم گریمانەیەی تێدا جێبەجێ بكات و تەواوی جومگەكانی ئەوەی لە عێراقدا پێی دەگوترێت دامەزراوەی دەوڵەت لەلایەن هێزە پرۆئێرانییەكانی حەشدی شەعبییەوە كۆنتڕۆڵ كراون، بەمەش عەبادی جگە لە نمایشكارێكی سێركی سیاسی شتێكی دیكە نییە.
لەوانەیە جەختكردنەوەی رۆژئاوا لەسەر عێراق بۆ ئەوەی ببێتەوە بە دەوڵەتێكی دیموكراتی و فیدڕاڵی و پەرلەمانی بەپێی دەستووری عێراق، وەك راستكردنەوەی هەڵەیەكی گەورەی رۆژئاوا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق سەیری بكرێت، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئایا رۆژئاوا، یان ئەمریكا ئەو ئامادەباشییەی هەیە كە میكانیزمی راستكردنەوەی ئەم هەڵەیە دابین بكات و پابەندبوونی خۆی بۆ ئەم ئەركە قورسە لە ئەستۆ بگرێت؟
سەبارەت بە وەڵامی ئەم پرسیارە هەموو ئەو پسپۆڕ و دیپلۆماتكار و توێژەرانەی لەسەر سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە هەر یەك لە عێراق و ئێران كاردەكەن، جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، دەوڵەتی عێراق وەك ئەو دەوڵەتەی كە ببێتە دەوڵەتێكی بەهێز و سەقامگیر و فیدڕاڵی و دیموكراتی، پێویستی بەوەیە بە دوو جۆر مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، یەكەمیان ئەوەیە دەبێت بەشە عەرەبییەكەی عێراق بەجیا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و لە نفووزی ئێرانی پاك بكرێتەوە و بكرێتە دەوڵەتێكی پێكەوەژیان لەنێوان عەرەبی سوننە و شیعە، پاش ئەوەی عێراقی عەرەبی سیمای دەوڵەتی وەبەردا هاتەوە، ئەوكات دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە كە چۆن كوردستان و عێراق رێكدەخرێتەوە، بەڵام بەداخەوە پێش ئەوەی ئەم زەمینەیە دروست بێت، قاسم سولەیمانی بە داڕشتنی پیلانی هێرشكردنە سەر كوردستان و داگیركردنی كەركووك لە شەوی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو، پرسەكەی بە شێوەیەك شێواندووە كە ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جەخت لەسەر رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لە نێوان عێراق و كوردستان بكاتەوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا كارێكی ئاسان نییە و حكومەتی عێراق دەخاتە بەردەمی بژارەیەك كە دەبێت جێبەجێكردنی دەستوور وەك خواردنەوەی پەرداخێك ژەهر سەیر بكات، ئەمەش وادەكات كە حكومەتی عێراق رۆژانە بەدوای بڕو بیانووی جیاواز بگەڕێت و یاری بە كات بكات بۆ ئەوەی گوشارەكانی لەسەر كوردستان زیاتر بكات و كوردستان بخاتە ژێر گوشارێكی ئەوتۆ كە خۆی تەسلیمی عێراق بكات، بەڵام لەم حاڵەتەدا پێدەچی حەیدەر عەبادی وەك سیاسەتمەدار و دەوڵەتمەدارێكی كەم ئەزموون، هێشتا ئیرادەی خەڵكی كوردستانی نەناسیبێت، لەبەر ئەوەی راستە حكومەت و خەڵكی كوردستان رێگەچارەی دیالۆگ و ئاشتییانە زۆر بە باشتر لە رێگەچارەی شەڕ و توندوتیژی دەزانێت، بەڵام رەتكردنەوەی دیكتاتۆریەتیش ئەوجا باجەكەی هەرچەندێك بێت، ئامادەیە باجەكەی بدات و ئامادە نابێت خۆی تەسلیمی گوشارەكانی حكومەتی عێراق و عەبادی بكات.
لایەنی سەرەكی و براوە لەشەڕی دژی داعش و لەو پیلان و هێرشەی كرایە سەر كوردستان، هەتا ئێستا بەپلەی یەكەم ئێرانە و لایەنی سەرەكیی زیان لێ كەوتووش لەم شەڕەدا، ئەمریكا و هاوپەیمانان و گەلی كوردستان و گەلی عەرەبی عێراقە، لەم حاڵەتەدا، یان ئەوەتا دەبێت ئەمریكا و هاوپەیمانان و گەلی كوردستان و گەلی عەرەبی عێراق، تەسلیمی ئیرادەی ئێران بن، یاخود دەبێت پێكەوە هاوكارو هەماهەنگ بن بۆ ئەوەی عێراق لە نفووزی ئێرانی پاكتاو بكەن.