بۆ پێشتر سەرت سووك نەبوو ؟

بۆ پێشتر سەرت سووك نەبوو ؟
كاك عەلی باپیر بەم دواییە گوتویەتی بە نەمانی سەرۆكی هەرێم، سەرم سووك بووە.
تێبینی لەسەر ئەم قسەیە تەنیا ئەوە نییە كە بۆ دەبێ كوردزمانێك بە سەركەوتنی دوژمن و شكستی میللەتەكەی سەرسووك و شوكرانەبێژ بێت. پرسیار و تێبینی ئەوەیە بۆ دەبێ عەلی باپیر پێشتر سەری سووك نەبوبێ و بەوازهێنانی بارزانی ئەوجا سەرسوك و مورتاح بووبێت؟.
بەڕێزی كە لە تەڕ خواردبێتی و لە ووشك نوستبێ، هیچ ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی نەكەوتبێتە ئەستۆ، لەشەڕی دیفاع لە خاكی كوردستاندا، لە بری بەشداری و ماندووبون، تەنانەت بە دەمیشیا نەهاتبێ ئیدانەیەكی تیرۆریستان بكات و بەڵكو هاوسۆزیی خۆیشی لەگەڵ نەشاردبنەوە و كەیسیش لە گوڵ كاڵتری پێ نەگوتبێ. تەنانەت لە رووی كۆمەڵایەتی و خێزانداریشەوە تێر و پڕ و بە كامی دڵی خۆی ژیابێ، سایەی بارزانی لە هیچ خۆشی و ئارەزویەك مەحرومی نەكردبێ، بۆ دەبێ پێشتر هەستی بە راحەتی نەكردبێ و بە لاچونی بارزانی ئینجا سەرسووك و خۆشحاڵ بێ؟
ئەوێك دوو جار لەسەردەستی بارزانی لە گرتن بە تۆمەتی تیرۆر قورتار كرابێ، بە چ پێوەرێكی ئایینی و وەفاداری، دەبێ بە دوور كەوتنەوەی بارزانی سەرسووك و خۆشحاڵ بێ؟
بارزانی جگە لەوەی لە غیابی ئەواندا و بۆ ئەوان سەنگەری لە داگیركەران گرت و ووڵاتی پاراست و دواتریش وویستی ئینسانی كورد كەمتر لە میللەتانی دیكە نەژی و سەربەرز و ئازاد بێ، كام ناڕەحەتی بۆ دروست كردبوون تا ئێستا ئۆخژنیان بەدڵدا بێت و هەست بە راحەتی بكەن؟.
لەم پرسیارانەش گرنگتر، ئایا ئەو بەڕێزە و هاوئاوازەكانی بە چ وەهمێك دڵی خۆیان خۆشكردووە و وا تێگەیشتوون بارزانی دوركەوتۆتەوە و ئیدی وەختی سەرسووكی ئەوان هاتووە؟
بارزانی پێشمەرگەی ماندونەناسی میللەتێكە بەرەو ئازادی، تەنیا گەیشتن بە ئازادی كۆتایی بە ئەركی دێنێ. بارزانی ئێستا لە جاران دەستكراوەتر و پڕ باوەڕترە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی بەرزی میللەتەكەی كە ئەمڕۆ یان سبەی هەر دێتەدی. تا ئەو رۆژەش نە بارزانی دەسرەوێ و نە میللەت كۆڵدەدا و نە ئەوانەی بە شكستی گەلەكەیان خۆشحاڵن،سەریان سووك دەبێ.
Top