ئیرادەی نەتەوە و لۆژیكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەردەم وەرچەرخانی تەنگژە و كارەستاتێكی گەورەدا

ئیرادەی نەتەوە و لۆژیكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەردەم وەرچەرخانی تەنگژە و كارەستاتێكی گەورەدا
تەنگژە و كارەسات ، ئاماژەن بۆ حاڵەتێكی نەخوازرا و مەزندەبۆنەكراو لە قۆناخێكی دیاریكراوی میژووی هەر نەتەوەیەكدا ، ئەمەش بەو مانایەیە كە نەتەوە رووبەرووی كارەساتێكی خراپ بۆتەوە و ئەگەر بەیەكگرتووی و بەپەلە پێش بەم كارەساتە خراپە نەگێرێت، ئەوا لەوانەیە هەڕەشەیەكی جدی لە سەر كیان و قەوارەی ئەو نەتەوەیە دروست بكات.
ئامانجی یەكەم لە هەنگاو هەڵگرتنی بەپەلە بۆ رووبەرووبوونەوەی هەر تەنگژە و كارەساتێك ئەوەیە كە نەتەوە لەوە دڵنیابێتەوە كە مەترسیەكانی ئەو تەنگژەیە ئامانجەكانی خۆی نەپێكاوە، هەربۆیە تەنگژە و كارەسات ئاماژەیە بۆ قۆناخێكی نائاسایی راگوزەر و ناتوانرێت وەك باردۆخێكی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، لەم كاتانەدا تاكەكانی نەتەوە بەوجۆرە سەیری سەركردەكانیان دەكەن، بەوەی پێویستە هەموو رێگەیەك بگرێتە بەر بۆ ئەوەی ئەو ریگەیەك بدۆزێتەوە و نەتەوە ئەو قۆناخە سەختە تێپەرێنێت. بەڵام گرتنەبەری ریگەچارەی گونجاویش لەلایەن سەركردەكانەوە بۆ دەربازبوون لەم تەنگژەو كارەساتانەی باردۆخەكە بەدوای خۆیدا هێناوبەتی، پێویستی بە دروستكردنی پەیوەندیەكی ئەرێنی لە نێوان حكومەت و هاوڵاتیان و حزبە سیاسیەكان و تەواوی ریكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئەو نەتەوەیە هەیە و دەبێت لەم قۆناخە راگوزەرەی نەتەوە بەهۆی مەترسیەكانی ئەو تەنگژەیەوە رووبەرووی دەبێتەوە ، بگەنە قەناعەتی تەواو كە تەنها رێگە بۆ كەمكردنەوەی دەرهاویشتە خراپەكانی ئەم تەنگژەیە لە یەكریزی و یەكهەڵوێستی تەواوی لایەنەكان بۆ حكومەتی نیشتمانی خۆیان بەرجەستە دەبێت و ، ئەوەی روویداوە ، تەنگژە و كارەساتێكی دەستكردی دوژمنانە بۆ شكاندنی ئیرادە و كەرامەت و ئامانج لێی سڕینەوەی ئەو قەوارە سیاسیە كە نەتەوەیەك شانازی پێوە دەكات. هەربۆیە ناشێت و ناكرێت لەناو تەنگژە و كارەساتی لەمجۆرەدا، حزبە سیاسیەكان هەوڵبدەن مۆنۆپۆڵی ئەم باردۆخە بۆ بەرژەوەندی حزبی خۆیان بكەن و كەلێنێك لەنێوان یەكریزی و یەكهەڵوێستی دروست بكەن و، یان هەوڵبدەن ئاكامی ئەم كارەسات و تەنگژەیە بخەنە ئەستۆی بەرپرسانی ئێستای حكومەت یان لایەنێكی سیاسی دیاریكراو ، خۆ ئەگەر خوانەخواستە حزبێك یان لایەنێكی سیاسی بەوجۆرە هەوڵبدات كە قۆناخی تەنگژە و كارەساتی نەتەوە وەك درەفەتێك وەربگرێت بۆ بەرژەوەندییە حزبیەكانی خۆی، ئەوا جیا لەوەی خۆی دەبێتە بەشێك لەو تەنگژە و كارەساتەی كە دوژمنان دژی ئیرادەی نەتەوە دروستیان كردووە، لە هەمانكاتدا خۆشی دەبێتە قوربانی ئەو پیلانەی كە دوژمن دژی نەتەوە دایڕشتووە و ئەگەر ئەو ئامانجەی دوژمن بێتە دی كە سڕینەوەی ئەو قەوارە سیاسیە كە تاكەكانی نەتەوە شانازی پێوە دەكەن، ئەوا ئەوكات ئەو حزبە یان ئەو لایەنە سیاسیەش وەك كاراكتەرێكی سیاسی بوونی نامێنێت و ، لەمەش زیاتر خۆی دەبێتە فاكتەرێك بۆ نەمانی ئەو گۆرەپانە سیاسیە نیشتمانیەی كە پێویستە وەك كاراكتەرێكی سیاسی رۆڵی خۆی تێدا نمایش بكات و بوونی خۆی بسەلمێنت، بۆ ئێستا گرنگە هەموو لایەك پشتگیری لە حكومەتی هەرێمی كورستان بكەین بۆ ئەوەی رێگە نەدەین ئامانجەكانی دوژمنان بەدیبێت و پێكەوە ئەم قۆناخە سەختە تێپەرێنێن.
Top