ڕۆژنامەگەری لە پێناوی ژینگەدا، ئازادی و بەرپرسیارێتییە
كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بە پشتبەستن بە ڕاسپاردەیەكی كۆنگرەی گشتیی یۆنسكۆ، 3ی ئایاری هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی جیهانی بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەری ڕاگەیاندووە، لە پێناو گەشەپێدان بە ڕۆژنامەگەرییەكی ئازاد و سەربەخۆ و فرەیی و، لەپێناوی ئەوەش كە (3)ی ئایار ببێتە ڕۆژێك بۆ:
یەكەم: بیرخستنەوەی هەموو لایەك بۆ پابەندبوون بە گرنگیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری.
دووەم: بیركردنەوە و ڕامان لەنێو توێژی ڕۆژنامەوانان خۆیانەوە لەبارەی پێكەوەگرێدانی ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ئاكاری ڕۆژنامەوانیدا.
سێیەم: پاراستنی بنەما سەرەكییەكانی ئازادیی ڕۆژنامەگەری.
چوارەم: هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە سەرتاپای جیهاندا.
پێنجەم: بەرگری لە كەناڵەكانی میدیا و كارمەندەكانیان.
شەشەم: ڕێزگرتن لە خەبات و مافی ئەوانەی لەكاتی كاری ڕۆژنامەگەریدا گیانیان بەخشیوە.
یادكردنەوەی ئەم بۆنەیە لە ڕووی ئازادیی ڕادەربڕین لە بواری قەیرانی ئێستای ژینگە لە جیهاندا و، ڕۆژنامەگەری لەپێناوی هەسارەی زەوی و، ڕۆژنامەگەری بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانە ژینگەییەكاندا، گرنگییەكی زۆری خۆی هەیە، چونكە ئاگاداربوون لە گشت لایەكانی قەیرانی ژینگە لە جیهاندا و كاریگەرییەكانی، بە بێ كاری ڕۆژنامەگەری ناكرێت، بەتایبەت لەم سەردەمەدا كە لە گەڕان بەدوای زانیاری و بڵاوكردنەوەیدا، ڕۆژنامەوانان لە جیهاندا تووشی ماندووبوون و زەحمەتی دەبن و ڕووبەڕووی ئالنگاریی زۆریش دەبنەوە، بەتایبەت لە باسە ژینگەییەكانی وەك گۆڕانی كەشوهەوا و پەنابەری ژینگەیی و پیشەسازیی نایاسایی كانزا و كانەكان و ڕاوكردنی نایاسایی و بازرگانیكردن بە گیانلەبەرانەوە و بڕینەوەی درەختی دارستانەكان و زۆر كاری هاوشێوەی دیكە، كە لە ڕاستیدا تیشك خستنە سەر ئەم باسانە و باسە هاوشێوەكانیان، گرنگن بۆ بەهێزكردنی گشت بەها و بنەماكانی دیموكراسی لە جیهاندا.
هەرچەندە سێ قەیرانە سەرەكییەكەی ژینگە لەسەر هەسارەی زەویدا كە بریتین لە: (گۆڕانی كەشوهەوا، لەدەستدانی فرەچەشنیی زیندەوەران و، پیسبوونی هەوا)، پێویستیی زۆریان بە كاری ورد و زانیاریی ڕاست هەیە، بەڵام هێشتا بڵاوكردنەوەی زانیاریی هەڵە، توێژینەوەی نازانستی، بەرژەوەندیخوازی لە پەنای بەلاڕێدابردنی ڕاستییەكان، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆكاری سەرەكی بۆ هەرەسهێنان بە هەر هەوڵێكی ڕاستەقینە لە بواری دۆزینەوەی چارەسەر و پیادەكردنی هەنگاوە ڕاستەكاندا، بەمەش زیانی گەورە بەر ئەو سیاسەت و كار و بەرنامانە دەكەوێت، كە لە هەوڵدان بۆ پارێزگاریكردن لە چین و توێژە لاوازەكانی بەردەم هەڕەشەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، چونكە بۆ ئەوەی بتوانین گەشەپێدانێكی دوورمەودا و درێژخایەن و بەردەوام بەڕێوە ببەین، پێویستە كاری ڕۆژنامەوانیی ژینگەیی چەند بنەمایەك ڕەچاو بكات، وەك ئەوەی:
یەكەم: پێویستە ڕاپۆرتە ژینگەییەكان زانیاریی زۆر ورد و ڕاست لەخۆ بگرن.
دووەم: ڕەچاوی كات بكەن و ڕاپۆرتەكان لە كات و ساتی خۆیاندا بخرێنە ڕوو، نەك دواتر.
سێیەم: ڕاپۆرتەكان گشتگیر بن و لەبارەی باسێكی تایبەتمەندیشەوە بن، نەك گشتی.
چوارەم: ڕاپۆرتەكان وێڕای باسكردنی گرفتەكان، ڕێگەچارەش بخەنە ڕوو.
بۆیە بۆ داڕشتنی بەرنامەیەكی درێژخایەن و دوورمەودا دوو خاڵ پێویستن:
یەكەم: زانینی لای كەمی مافەكانی ڕۆژنامەوان وەك:
1- پارێزگاریكردن لە مافەكانی ڕۆژنامەوانان.
2- زامنكردنی مافی ڕادەربڕین بۆ ڕۆژنامەوانان.
3- ئازادیی لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی.
4- مافی گەیشتن بە سەرچاوەكانی زانیاری.
دووەم: زانینی لای كەمی ئەركەكانی ڕۆژنامەوانیش وەك:
1- دووركەوتنەوە لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست و گومڕاكار.
2- نەكەوتنە ژێر كاریگەریی بڕیار و بۆچوونی پێشوەختە.
3- خۆدوورگرتن لە كاركردن بۆ كەناڵ و دەزگای نەیارانی گەل و وڵات.
4- دڵنیابوون لە ناوەڕۆك و سەرچاوەی ڕاستەقینەی باس و بابەت و هەواڵ.