حەیدەر عەبادی هاوپەیمانی ئەمریكایە یان ئەندامێكی هێزی قودسی سوپای پاسدارانە؟

حەیدەر عەبادی هاوپەیمانی ئەمریكایە یان ئەندامێكی هێزی قودسی سوپای پاسدارانە؟
رۆژی 13ی ئۆكتۆبەری 2017 دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا ستراتیژیەكی بۆ رووبەرووبوونەوەی چالاكیە ناسەقامگیریە ئیقلیمەكانی هێزەكانی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی ناوەراست راگەیاند، لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەكانی قودسی سوپای پاسداران بە ریككەوتنی لەگەڵ چەند كادرێكی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و دانانی هێزی دژە تیرۆری سەر بە یەكێتی ، وەك پێش لەشەكری ملیشیا پرۆ ئێرانیەكانی حەشدی شەعبی ، توانی زۆر بە ئاسانی كەركوك داگیربكاتەوە، ئامانجی قاسم سولەیمانی ئەگەر لە رووكاردا كاردانەوەیەك بێت بۆ ستراتیژەكەی ترەمپ كە سوپای پاسدارانی وەك تۆرێكی ملیشیایی و تیكدەری سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەراست پێناسەكردووە، لە هەمانكاتدا ئامانجی شاراوەی ئەم پیلانەی قاسم سولەیمانی بە هێرشكردنە سەر كوردستان بۆ ئەوەبوو كە باشترین و پشت پێبەستووترین هاوپەیمانی ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش تێكبشكێنت و ، سوپای پاسداران و تۆری ملیشیا وەكیلەكانی بكاتە تەنها براوەی شەڕی دژی داعش لە عێراقدا بەتەواوی و، تارادەیەكی زۆریش لە سوریادا.
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە هەتا ئێستاش لەسەر شانۆی رووداوەكان دەیەوێت وەك سەرۆك وەزیرانێكی بەهێز و براوەی شەڕی دژی داعش و پارێزەری یەكپارچەیی عێراق خۆی نمایش بكات ، بێجگە لە سەربازێكی بەردەستی قاسم سولەیمانی فەرماندەی هێزەكانی قودسی سەر بە سوپای پاسدران شتێكی دیكە نیە، سەبارەت بەم بۆچوونە كازم سەیاد پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسای سەر بە نوری مالیكی و فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی، لەمیانەی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی سوێندی بە عەباس خوارد، ئەو كەسەی كە رۆڵی سەرەكی هەبووە لە داگیركردنەوەی كەركوك، قاسم سولەیمانی بووە نەك حەیدەر عەبادی، پێشكەشكاری بەرنامەكە لێی پرسی ئەگەر ئێستا پەیوەندی بە ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی هێزەكانی حەشدی شەعبیەوە بكەین و بڵێت عەبادیی كەركوكی داگیركردۆتەوە ئەو كات چی دەڵێت؟ لەوەڵامدا كازم سەیادی پێی گووت بە عەباس پێی دەڵێم ( درۆ دەكەی)، هەر بۆیە لەناو بەرنامەكە تەلەفونی بۆ ئەحمەد ئەسەدی كردوو پێی سەلماند كە دارێژەی پیلانی داگیكردنەوەی كەركوك و ریككەوتن لەگەڵ چەند كادرێك و هێزی دژە تیرۆری یەكێتی، قاسم سولەیمانی بووە و دوای ئەم رێككەوتنە قاسمی سولەیمانی فەرمانی بە حەیدەر عەبادی كردووە هێزەكانی بەرەو كەركوك جووڵە پێ بكات.
لەدوای كۆچی دوایی شا عەبدوڵڵا و بوونی شا سەلمان بە پادشای شانشینی سعودیە، ئەمریكا پشتگیری تەواوی سعودیە و دەوڵەتانی عەرەبی كردووە بۆ رووبەرووبوونەوەی هەرەشەكانی ئێران لەسەر ناوچەكە ، خاڵی دەسپێكی سعودیەش بۆ لغاوگیكردنی هەرەشەكانی ئێران لە حوسیەكانەوە دەستی پێكردووە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە چەكدارە حوسیەكانی یەمەن وەك چەكدارەكانی حزبوڵای لوبنانی پاشكۆ و وەكیلی سوپای پاسداران نین و لەمەش زیاتر چەكدارە حوسیەكان زەیدین و بروایان بە ویلایەتی فقهی نیە یان راشكاوانەتر بروایان بەوە نیە كە لە یەمەن كۆمارێكی ئیسلامی هاوشێوەی كۆماری ئیسلامی ئێران دابمەزرێنن، بەڵام كاتێك سوپای پاسداران كەوتە هەناردەكردنی چەك بەرێگەی قاچاخ بۆ حوسیەكان و ناردنی راوێژكاری شارەزا بۆ پەرەپێدانی رۆكێتەكانیان بۆ ئەوەی سعودیە رۆكێت باران بكەن، سعودیە هەوڵەكانی خۆی چركردەوە بۆ ئەوەی ئەو دومەڵەی سوپای پاسداران لە یەمەن هەڵبكشێت و حوسیەكان ناچار بكات كە بێنە سەر میزی گفتوگۆ و لە ئێران دوور بكەونەوە، بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ كە حوسیەكان لە جیهانی عەرەبی داببرێت و بیكانكاتە پاشكۆ و وەكیل لەو ناوچە گرنگەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و لەیەك كاتدا ئاسایشی ئاوەكانی كەنداو دەریای سور بخاتە مەترسیەوە. ئەم ستراتیژەی سعودیەش ماناكەی ئەوەیە ئەو هێز و لایەنانەی بوونە هاوپەیمانی سوپای پاسداران و هێشتا نەبوونەتە پاشكۆ و وەكیلی سوپای پاسداران لە ئێران دوور بخرێنەوە.
ئەوجا ئەگەر لە چوارچێوەی ئەم ستراتیژەی ئەمریكا و سعودیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ عێراق بخوێنینەوە ، ئەوا سعودیە لەو چوارچێوەیە مامەڵەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی كردووە كە راستە حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی یەكێكە لەهاوپەیمانە نزیكەكانی سوپای پاسداران و ئێران، بەڵام ئەویش وەك حوسیەكان بروای بەوە نیە كە سیستمی سیاسی عێراق لەدەوڵەتێكی مەدەنی و فیدرالیەوە بگۆرێت بۆ سیستمێكی كۆماری ئیسلامی بە هاوشێوەی كۆماری ئیسلامی ئێران، لەسەر ئەم بنەمایە و بە هاندانی ئەمریكا ماوەی یەكدوو ساڵە سعودیە و دەوڵەتانی كەنداو هاندەدرێن كە حكومەتەكەی حەیدەر عەبادی گرێبدرێتەوە بە دەوڵەتانی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو بەگشتی و بە تایبەتیش گریبدرێتەوە بە سعودیە و ، بەپێی ئەم پلانەی ئەمریكاو سعودیەش كە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتەكەی عەبادی دریژراوە ، ئەوا عێراق وەك دەوڵەتێكی مەدەنی و دیموكراتی و فیدرالی لە ئێران دوور دەخرێتەوە و دەبێتە دۆست و هاوپەیمانی، دەوڵەتانی هاوپەیمانی ئەمریكا و رۆژئاوا لە ناوچەكەدا، هەر بۆیە لە یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریكاری سعودیە و عیراق، كە ریكس تیلسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش ئامادەبوو، راشكاوانە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و لایەنی سعودیەش ئەو پەیامەیان بە حەیدەر عەبادی راگەیاند، ئەم كۆبوونەوەیە ئامانجی ئەوەیە كە عێراق لەژیر نفوز و باڵادەستی ئێران رزگاری بێت و لەمەش زیاتر تەواوی ئەو پاسدار و راوێژكارە سەربازیانەی ئێران كە لەعێراقدا بوونیان هەیە دەبێت لە عێراق بچنە دەرەوە و هەروەها دەبێت ملیشیا پرۆ ئێرانیەكانی حەشدی شەعبیش تەسریح بكرێن و تێكەڵاوی ژیانی مەدەنی بكرێنەوە و چەكدار نەبن، بەڵام لەیەكەم كاردانەوەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ پەیامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەوەبوو كە دەڵێت: دەبێت هەموومان شانازی بە حەشدی شەعبیەوە بكەین لەبەر ئەوەی ئەم هێزە پارێزەری ئاسایشە بۆ عێراق و ناوچەكەش)، لەدوای ئەم وەڵامەی عەبادی، تیلرسۆن بە شێوەیەكی كتوپڕ و بێ بەرنامە سەردانی بەغدای كردوو لەگەڵ حەیدەر عەبادی كۆبووەو ئەمجارەیان زۆر راشكاوانە پێی راگەیاند كە ئەوەی پێی گوتراوە جدیە و نابێت ملیشیای پرۆ ئێرانی و پاسدار و راوێژكاری سەربازی ئێرانی لە عێراقدا بمێنێت، بەڵام پێدەچێت هێشتا عەبادی باش لە پەیامەكەی ئەمریكا و سعودیە تێنەگەیشتبێت بۆیە بەپەلە خۆی گەیاندە ئێران و لەوێش پێیان راگەیاند ، زۆر ئاگات لەخۆت بێت ، ئەمریكا بەنیازە گورزێكت لێ بوەشێنت، ئەم پەیامەی ئێران بۆ عەبادی مانای ئەوەیە ، تۆ بێجگە لەیەك رێگە، رێگەی دووەمت لەبەردەمدانیە، ئەمەش واتە ئەگەر بەنیازی ببیتە هاوپەیمانی ئەمریكا و سعودیە دژی ئێران ، ئەوا ئەو كارە بەتۆ ناكرێت و ئەگەر بشتەوێت وەك سەرۆك وەزیران بمێنێتەوە، ئەوا دەبێت وەك مالیكی و هادی عامری فەرمانەكانی سوپای پاسداران و هیزەكانی قودس لەرێگەی قاسمی سولەیمانیەوە جێ بەجێ بكەیت.
Top