ئەزهەر .. تۆش؟
October 9, 2017
وتار و بیروڕا
ئێمەی گەلی كوردستان و یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە ئەكادیمییە ئایینییەكانیش مافی خۆمانە روو بكەینە دامەزراوەی ئەزهەر و بڵێین: ئەزهەر. تۆش؟
لە كوردستان رێزی زۆرمان لە دامەزراوەو زانكۆی ئەزهەرو زانایانی گرت و، رێگەیان پێدرا پەیمانگەیان لە كوردستاندا دابمەزرێنن و خولی ئایینی بۆ زانایان بكەنەوە، لەو كاتەی كە بۆیان نەبوو بەسەردانیش بچنە ناوچە سوننەنشینە عەرەبییەكانی عێراق لە ترسی حەشدی شەعبی و میلیشیاكان.
بۆیە ئەگەر كاردانەوەو قسەی رەقی زۆرێك لە وڵاتانی دۆستیش تووشی شۆكی كردبین بەهۆی هەڵوێستی خراپیان لە پرۆسەی ریفراندۆم، ئەوا بەیاننامەكەی ئەزهەر وەك هەڵگەڕانەوەكەی بروتس ئازاری زیاتری پێبەخشین، چونكە لەپای ئەو هەموو چاكەیەی كە ئێمە لەگەڵ ئەزهەردا كردمان، هەرگیز چاوەڕوانی بەیاننامەی وا خراپمان لێنەدەكردن.
بۆیە لەكاتێكدا گەلی كوردستان وەك مافێكی رەوای خۆی، لە گشتپرسییەكی یاساییدا، داوای سەربەخۆیی و بنیادنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی كرد، لەلامان چاوەڕوانكراو بوو دەوڵەتانێك دژ بەم خواستە رەوایەمان بوەستنەوە، لەبەر هەر هۆیەك، بەڵام ئەوەی چاوەڕواننەكراو بوو تا رادەیەكی زۆر، هەڵوێستی نابرایانەی ئەزهەر بوو، چونكە:
یەكەم: ئەزهەر ئەوە دەزانێت كە دەوڵەتی كوردستان لە حاڵەتی دروستبوونیدا دەبێتە سەرچاوەی خێرو خۆشی بۆ گەلانی جیهان بەگشتی، چونكە ئەوە سەڵاحەددینی باپیری كوردان بوو لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئەیوبیدا دووبارە ئەزهەری خستەوە سەر رێڕەوی راست و دروست، بۆیە ئەم هەڵوێستەی ئەزهەر بێوەفاییەكی كەم وێنەیە بەرامبەر نەوەكانی سەڵاحەددین.
دووەم: لەسەرتاسەری ئەو عێراقەی كە ئەزهەر لە خەمی یەكپارچەییدایە، تەنیا لەكوردستاندا ئەزهەر توانیویەتی پەیمانگای هەبێت و سەردان بكات و خول بكاتەوە، ئەگەر ئەزهەر لای وایە عێراقی یەكگرتوو هێندە پێویستە با بچێت پەیمانگەكەی بەرێتە یەكێك لە شارەكانی عێراق تا كاردانەوە و هێرشی میلیشیاكان بە چاوی خۆی ببینێت.
سێیەم: لەكاتێكدا ئەزهەرو هاوشێوەكانی داوای پابەندبوون بە دەستوورمان لێدەكەن، ئەزهەر خۆی بەپێچەوانەی دەستووری عێراقەوە دەدوێت، چونكە ماددەی 117ی ئەو دەستوورە بە خاكی ئێمە دەڵێت هەرێمی كوردستانی عێراق، كەچی ئەزهەر ناوی كوردستان دەگۆڕێت بە ناوچەی باكوور!
چوارەم: ئەزهەر و هاوشێوەكانی لەو كاتەی زۆر قسە لەسەر ئیستعماری رۆژئاوا دەكەن، بەڵام هەر خۆیان باشترین خزمەتكاری سیاسەتەكانی ئیستیعمارن، كاتێك داوای پاراستنی رێككەوتننامەی ناڕەوای سایكس پیكۆ دەكەن.
پێنجەم: سەیرە ئەزهەر قسە لەسەر بەرزكردنەوەی ئاڵای ئیسرائیل دەكات لەلایەن چەند لاوێكی بێ ئەزموون و كەم تەمەنی كوردەوە، كەچی وڵاتەكەی خۆی لەساڵی 1977 ـەوە رێككەوتننامەی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیدا هەیە و ئاڵای ئیسرائیلیش بەفەرمی لە قاهیرەو زۆر وڵاتی دیكەی عەرەبیدا دەشەكێتەوە، بێ ئەوەی ئەزهەر وشەیەكی لەو بارەوە لەدەم دەرهاتبێت.
بۆیە ئێمە لە كۆڕبەندی هزری ئیسلامیی كوردستان بە توندی بەیاننامەیەكەی ئەزهەر رەددەكەینەوەو، داواكارین لە دامەزراوەی ئەزهەر كار بە فەرموودەی پێغەمبەری ئیسلام بكات - درودی خوای لەسەر – كە دەفەرموێت:
هەر كەس باوەڕی بە خودا و رۆژی دوایی هەیە، با چاك بڵێت، یان بێدەنگ بێت.