دیموکرات و شیوعییەکانی عەرەبی عێڕاق ئێوە هەڵەن

دیموکرات و شیوعییەکانی عەرەبی عێڕاق ئێوە هەڵەن
ڕیفڕاندۆمی کوردستان، هەموو کۆمەڵگای عەرەبی(شیعە بەتایبەتی) نەک هەر شۆک بەڵکو تێکیهەڵشێلان.

وەک دەبینین هەموو حزب و کەسایەتییەکان لە بریکانەی یەکدی دان بۆ پەلاماردانی کوردستان.

هەڵبەت ئەم حاڵەتە بۆ کوردستان جێگای داخە، چونکە نەتیجەی مەنتقی دەبوا کەمێک پێچەوانە بوایە. واتە بە هێمنییەوە ئەم هەنگاوەی کوردستانیان مناقەشە کردبا، نەک ماراسۆنی پەلاماردان و تۆمەت بەخشینەوە بکەن.

ئەم حاڵەتەی کۆمەڵگای عێڕاقی دەریخست کە پەروەدەی سەد ساڵەی دەوڵەتی عێڕاق کوردی بە غوڵام و خزمەتکاری پلە چەندەم داناوە. ئەوە حەقیقەتێکە گومان و دو جار خوێندنەوە هەڵناگرێت.

من پێم ئاساییە مەرجەعەکانی مەزهەبی نەجەف ئەو هەڵوێستە تایفییەیان هەبێت، چونکە نیزامی ڕاستەقینەی عێڕاق دینی-تایفییە. بەڵام بێدەنگی و گلەیی بزووتنەوەی دیموکڕاتی عێڕاقی، لەسەر نیازی جیابوونەوەی کوردستان، هەڵوێستەی دەوێ.

دۆستەکانی کورد لە شیوعی، دیموکڕاتخواز و لیبڕال(چەند کەسێکی لێدەرچێت) تێکڕا لەسەر ئاوازی شۆڤێنیزمی تایفی دەخوێنن.

لە جیاتی پشتیوانی و گەرم کردنی مناقەشەی ناوەندە عێڕاقییەکان بە ڕەوایی مافی کوردستانیان، دێن پەنا بۆ لێکدانەوەی ناڕاست و ترسنۆکانە دەبەن کە ئەنجامەکەی دەڕژێتە لێشاوی ئەو شۆڤێنییەتەی نیازی پەلاماردانی هەیە.

دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، شیوعییە ڕووسەکان دانیان بە مافی گەلان بۆ چارەی خۆنووسین هێنا.

کاتێک هەندێک میللەت نیازی جیابوونەوەیان نیشاندا، ئیدی ناسیۆنالیستە ڕووسەکان قیژەیان لێ هەڵسا. جورئەت و ڕاستگۆیی و واقیعبینی لنین لە بەرەنگاربوونەوەی شۆڤێنییەتی ڕووسی خۆی گەیاندە لوتکە.

پێی گوتن؛ کە ماف هەبوو، دەبێ پشتیوانی جێبەجێ کردنی بین نەک لەلایەک بە قسە باوەڕ نیشان بدەین و لە کردەوەشدا دژ بوەستین. لە تەجرەبەی عێڕاقدا، دەرکەوت ئەو شیعارەی هەشتا ساڵە شیوعیەکانی عەرەب بۆ کوردستان هەڵیانگرتوە لەسەر بنەمایەکی پەیوەست بە شۆڤێنیزمی عەرەبی چەقیوە. ئەم هەڵوێستە شۆڤێنییەی شیوعی و دیموکڕاتەکانی عەرەب، ئەوانی خستە سەنگەری پێچەوانەی شیوعیەکانی کوردستان کە بۆ ساتێکیش لە پشتیوانی کردنی سەربەخۆیی نەسڵەمینەوە.

ئێستا شیوعی و دیموکڕاتەکانی کوردستان لە سەنگەری سەربەخۆیی دان بەڵام هاوڕێ و هەڤاڵە عەرەبەکان لەگەڵ باوەڕی بەردەوام کردنی ستەم و ژێردەستەیی کوردستان دان.

ئەمەیە واقیعی هوشیاری باڵی دیموکڕاتیی کۆمەڵگای عێڕاق بە رامبەر بە کوردستان.

ئەوەش جێگای داخە. پێویستە ئەم داخەمان بە دەنگی بەرز بە گوێیان بدەین تا بە خۆیاندا بچنەوە. من یەک لەباری خۆم گریانم بۆ ئەو دۆستانەم دێت کە بە نموونەی ئینسانی باشم دەزانین کەچی ئێستا دژی ئازادی من و منداڵەکاننم!.
Top