جموجۆڵی دژی ڕیفراندۆم وسەربەخۆیی لەشاری #سلێمانی
August 9, 2017
وتار و بیروڕا
cmucollî dijî rîfrandom wserbexoyî le şarî slêmanî
جموجۆڵی دژی ڕیفراندۆم وسەربەخۆیی کوردستان لەناو شاری سلێمانی لەو ڕۆژانەدا گەیشتۆتە لوتکە لەبەرەنگاربوونەوەو لەهستریا وەرگرتن، کە لەمێژووی بزوتنەوە ڕزگاری خوازی کوردستاندا ئە قۆناغانە پێی دەگوترێت (هەڵە مێژوویەکانی بەشێک لەسیاسەکان) و سەرەنجام هاوکاری دوژمنیان کردووەو هەندێجاریش وەکو جاش حسێبکراون. گەلێک لەو سەرکردانەش لەکۆتایەکانی تەمەنیاندا لە نووسین و بیرەوەری و وتارە سیاسیەکانیان لەبەردەم جەماوەر ڕەخنەیان لە هەڵوێستە کۆنەکانی خۆیان گرتووە.
ئیستا هەمان شت لەشاری سلێمانی لەلایەن هەندێک لە سیاسەتمەدارو لاباڵی سیاسی ئەم حزب و ئەو حزب دووبارە دەبێتەوە، کە ئەگەر جاران لەناو بزوتنەوەی سیاسی کوردستان، دوو دەوڵەتی عێراق و ئێران لە پشتی هەر لادانێک بووبن، ئێستا بەئاشکرا هەمان عێراق و ئێران بە دوو سیستەمی جیاواز لە جاران، بەڵام بەهەمان ستراتیژی پێشو لەپشتەوەی ئەو جموجۆڵەن و هاوکاریان دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە ئێستا بەڕاستی ئەو جموجۆڵەی دژی سەربەخۆیی لەشاری سڵیمانی گۆڕاوە بۆبنکەیەکی گەورەی ستراتیژی ئێرانی، یاخود سیاسەتی ئێرانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەوانەی کە بەدوژمنی خۆیانی دەزانێ لە کوردستان و لەغەیرە کوردستان. بۆیە پێموایە چاوەڕێی زۆر دەرهاویشتەی دیکە بکەین لە هاوسەنگ بوونی هێزەکان لە نێوان بەرەی ئێرانی و بەرەی ئەو وڵات و لایەنانەی کە ڕێگە بە پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی نفوزی ئێرانی لەکوردستان نادات.
لەلایەکی تر ئەمڕۆ گروپی نالیا کە تەلەفزیۆنی NRT بە(2)کەناڵ ماڵیەتی، کەناڵی سێیەمیشی بەناوی کەناڵی نا بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆ ڕاگەیاندووە. ئەوە بەتەواوی سەرنج ڕاکێشە، چونکە ئیتر دەرکەوت ئەوە هیچ پەیوەندی بەسەرمایەی کەسێکەوە نیە و ئەوکەسەشی کە پێیدەگوترێ (شاسوارعەبدولواحید) نەخاوەنی ئەو پرۆژەیە و نەخاوەنی ئەو سەرمایەشە، بەڵکو تەنیا ڕووی ئەو پرۆژەیەیە کە لە دژی ئیرادەی میللەت و سەربەخۆیی و بەرژەوەندی وڵاتەکەیە. لەڕاستیدا پڕۆژەیەکە بەمانای ووشە خیانەت و خیانەتکارانەیە و نایاسایشە، بۆیە پێویستە بەشێوەیەکی دیکە سەیری بکەین، چونکە ئەوە لەڕاو ڕایەکی تر دەرچووە.
ئەو پڕۆژەیەی کە NRT بەڕێوەی دەبات و ئەوسەرمایەی کە لەگروپی نالیادا هەیە بەئاشکرا دیارە کە هەندێک سیاسەتمەداری سلێمانی کە زۆرجار ناوی هەندێک بەئاشکرا دەهێنرێت لەپشتەوەی ئەو پڕۆژەیەن و لەو ڕۆژانەشدا ئەوانە خۆیان لەچاڵاکیەکاندا دەرخستووە، ئەوەش بێگومان بارودۆخی سیاسی کوردستان ئاڵۆزدەکات و پێموایە بەرەو ئەوە بچێت بەئاشکرا بگوترێت کێ لە پشتتی ئەو جموجۆڵە وەستاوە، ئەوەش وەک گوتم لەڕا دەرچووە و کەوتۆتە سەنگەری دوژمنکاری، بۆیە دەبێ هاوڵاتیان بزانن ئەوانە دوژمنی چارەنووسی گەلی کوردستانن.