سنوور لە وتارەکەی مەسرور بارزانیدا
May 8, 2017
وتار و بیروڕا
هیچیشی تێدا نەبوو کە قسەی ژێر لێوان و پێم وایە و پێم وانییە بێ. هەروەها چەردەیەک راگەیەنراوی راستەخۆ بوو کە جێی شیکردنەوەی لەجۆری لەوانەیە و لەوانە نییەی تێدا نەدەبۆوە. ئەم وتارە وەڵامی زوربەی هەرە زۆری ئەو پرسیار و گومانانای دایەوە کە لە ناوخۆی کوردستان و ناوەندە جیاجیاکانی سیاسەت لە ناوچەکە و بەشێک لە وڵاتانی جیهان لەبارەی خواست و ئیرادە و سووربوونی گەلی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەیانە. هەڵبەت لە سەرەتای وتارەکەوە تا کۆتایی، پڕیەتی لە بابەتی گرنگ و سەرنجڕاکێش بۆ شرۆڤەی سیاسی و مێدیایی و تەنانەت ئەکادیمی.
لەوکاتەیشەوە چەند بەڕێزێک لە گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە وەکوو رۆژەڤ مامەڵەیان لەگەڵ ئەم وتارە کردووە و تیشکی زیاتریان خستۆتە سەر ناوەڕۆکەکەی. بڕگەیەک لەو وتارە بەلای منەوە بایەخێکی ستراتیژی عێراقی و ناوچەیی و نێودوەڵەتی هەیە، کە تایبەتە بە پرسی سنوور.
لەو بڕگەیەدا مسرور بارزانی وەڵامی ئەو پرسیارە رەوایانە دەداتەوە کە لە سەرینی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستانەوە، لەبارەی گۆڕانکاری سنوورەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێن.
هەروەها وەڵامی ئەو گومانە ناڕەوایانەیشی داوەتەوە کە نەیاران و دوژمنانی سەربەخۆیی کوردستان دەیوروژێنن و دەڵێن بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان نەخشەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین دەگۆڕێ و ئارامی و ئۆقرەیی نامێنن. مسرور بارزانی لەبارەی سنوورەوە دەڵێ: ئێمە لەعێراقدا باسی گۆڕینی سنووری نێودەوڵەتی ناکەین. ئێمە باسی گۆڕینی سنووری عێراق ئێران، یان عێراق تورکیا، یان عێراق سوریا ناکەین. ئێمە باسی دروستکردنی سنوورێکی دیکە دەکەین لە نێوان خەڵکی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق. کەواتە سنووری نێودەوڵەتی کە نزیکەی یەک سەدەیە لەم ناوچەیەدا هەیە بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان ناگۆڕدرێ و وەکوو خۆی دەمێنێ. هەر ئەو سنوورەی کە ئێستا هەیە و لە رۆژهەڵاتەوە عێراقی لە ئێران جیا کردۆتەوە و لە باکوورەوە لە تورکیا و لە رۆژئاوایش لە سووریا، هەر هەمان سنوور بێ زیاد و کەم، سبەی دەوڵەتی کوردستان لەو سێ دەوڵەتە جیادەکاتەوە. ئەوان کە تائێستا دراوسێی عێراق بوون.
بە هەمان سنوور و نەخشە دەبنە دراوسێی کوردستان. ئەوەی لەم نێوەندەدا دەگٶڕێ سنووری نێوان کوردستان و ئەوەدوای عێراقە. تەنانەت ئەم سنوورەی نێوان کوردستان و عێراقیش هەر هەبووە و لە رووی کردەنی و سیاسی و مێژوویی و تەنانەت کولتووری و دەرونیشەوە کوردستانی لە بەشەکانی دیکەی عێراق جیا کردۆتەوە. لە دەستووری عێراقیشدا بەشێک لەم سنوورە دیاریکراوە و ئەوەی دیکەیشی خراوەتە ناو ماددەی ١٤٠ەوە کە دەبوایە کار بکرێ بۆ جێبەجێکردنی. سنووری نێوان کوردستان و عێراق هەر ئەوە نییە کە هەموو کوردێک لە قوڵایی ناخیەوە هەستی پێکردووە، بەڵکو لەماوەی ساڵانی رابردوودا بیانییەکانیش دەیانزانی ئەو سنوورە هەیە و هەمیشە بە هەرێمی کوردستانیان دەگووت عێراقە جیاوازەکە.
لە شەڕی داعشیشدا ئەم سنوورە بە خوێنی سەدان پیشمەرگەی شەهید و هەزاران بریندار نەخشێنرا و ئیتر قابیلی سڕینەوە نەماوە. بۆیە هەق بەلای هیچ کام لە ئێران و تورکیاوە نییە کە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان وەک مەترسی و دەستکاریکردنی سنوورەکانی ئێستای نێوان دەوڵەتەکانی ناوچەکە لێکبدەنەوە و ئەوە بکەنە بیانوو بۆ دژایەتیکردنی دەوڵەتی کوردستان. بابەتی سنوور بابەتێکی هەستیار بوو لەم پرسەدا کە مسروور بارزانی یەکلای کردەوە.