دەوڵەتی كوردستان و ستراتیژیەتی ئیدارەی ترامپ بۆ دوای شەڕی دژی داعش
April 3, 2017
وتار و بیروڕا
ئیداره‌ی ئۆباما له‌دوای كوشتنی ئوسامه بن لاده‌ن-ی سه‌رۆكی رێكخراوی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده له ساڵی 2011 -2014، ستراتیژیه‌تی خۆتێوه‌نه‌گلاندن ( disengagement)ی له كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پیاده‌كرد، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش له كۆتایی ساڵی 2011 ته‌واوی هێزه‌كانی له عێراق كشانده‌وه. ئیداره‌ی ئۆباما پێیوابوو هێزه‌كانی ئاسایش و سوپای عێراق كه له ساڵی 2003-2011 بڕی ده‌یان ملیار دۆلاری بۆ دروستكردنی ئه‌و هێزه خه‌رج كردبوو، ده‌بنه هاوپه‌یمانێكی جێگه متمانه‌ی ئه‌مریكا له‌شه‌ڕی دژه‌تیرۆردا، به‌ڵام له 2014 ئه‌م هێزه زه‌به‌لاحه‌ی سوپا و ئاسایشی عێراق ته‌نیا له‌به‌رده‌م هێرشی چه‌ند سه‌د چه‌كدارێك له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌و زه‌مینه‌ی ئه‌وه دروستبوو كه داعش ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی ئیسلامی خۆی رابگه‌یه‌نێت.
راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی ئیسلامی له لایه‌ن داعشه‌وه دوای داگیركردنی موسڵ، ئیداره‌ی ئۆبامای به ئاستێك تووشی شۆك كرد كه نه‌توانێت هیچ بڕیارێك بدات و راشكاوانه‌ش وه‌ك فلیپ گۆردن راوێژكاری ئۆباما له دیمانه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی پێكردووه، ئیداره‌ی ئۆباما راگه‌یاندنی خه‌لافه‌تی ئیسلامی داعشی وه‌ك به‌ره‌نجامی شه‌ڕی نێوان سوننه و شیعه له‌قه‌ڵه‌م داوه و به پێویستی نه‌زانیوه ئه‌مریكا خۆی بكاته به‌شێك له شه‌ڕی نێوان سوننه و شیعه، به‌ڵام كاتێك له ئابی 2014 داعش هێرشی كرده سه‌ر كوردستان و له ده‌ستپێكی هێرشه‌كه‌یدا چه‌ندین ناوچه‌ی كوردستانی داگیركرد‌و له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی كوردستان بڕیاری شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ری دژی داعشی دا‌و توانی پێشڕه‌وییه‌كانی داعش رابگرێت و، پاشانیش چه‌ندین ناوچه‌ی وه‌ك شاری مه‌خموور له‌ده‌ستی تیرۆریستانی داعش ئازاد بكات، ئیداره‌ی ئۆباما ستراتیژیه‌تی شوێن پێیه‌ك بۆ لێدانی تیرۆریستانی ( Light Footprint) دۆزییه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی هێزه زه‌مینییه‌كانی ئه‌مریكا به ژماره‌یه‌كی زۆر (وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌شه‌ڕی ئه‌فغانستان و عێراق كردیان) ده‌ستێوه‌ردان نه‌كه‌ن، به‌ڵكو پشتگیری ئه‌و هێزانه بكه‌ن و بیانكه‌نه هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كیی خۆیان كه له‌سه‌ر زه‌وی ده‌توانن به‌رامبه‌ر تیرۆریستانی داعش رابوه‌ستن و ئه‌مریكاش به رێگه‌ی هێزی ئاسمانی، رۆكێتی دوورهاوێژ، فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان، یان ئه‌گه‌ر پێویستی كرد، ئۆپه‌راسێۆنی هاوبه‌ش به‌به‌شداری ژماره‌یه‌كی كه‌می هێزی تایبه‌تی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هێزی هاوپه‌یمانه‌كه‌یان له‌شه‌ڕی دژی داعش به‌شداری بكه‌ن.
یه‌كه‌م ئه‌زموونی سه‌ركه‌تووی ئیداره‌ی ئۆباما له ستراتیژیه‌تی شوێن پێیه‌ك بۆ شه‌ڕی دژی داعش ( Light Footprint) له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان تاقیكرایه‌وه، له‌م ئه‌زموونه‌دا هاوكاری ئه‌مریكا بۆ كوردستان نه‌ك هه‌ر ته‌نیا بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی هێرشه‌كانی داعش رابگیرێت، به‌ڵكو بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی داعش پاشه‌كشه‌ی پێ بكرێت و چه‌ندین ناوچه‌ی گرنگ و ستراتیژیش ئازادبكرێنه‌وه و ئه‌فسانه‌ی داعش وه‌ك ئه‌و هێزه‌ی له شكان نایه‌ت به‌تاڵ كرایه‌وه.
دوای ئازادكردنه‌وه‌ی به‌نداوی موسڵ و زوممار و پاشانیش چیای شنگال، زۆر هه‌وڵدرا ستراتیژیه‌تی لایت فوتپرێنت له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی دیكه‌ی عێراقیش تاقیبكرێته‌وه كه له‌سه‌ر زه‌وی شه‌ڕی دژی داعش ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ستراتیژه به‌ده‌ستهات، له‌سه‌ر ئاستی هێزه‌كانی شیعه به حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراقه‌وه به‌ده‌ست نه‌هات و هێنده‌ی دیكه رق و كینه‌ی ململانێی مه‌زهه‌بگه‌رایی نێوان شیعه و سوننه‌ی قووڵتر كرده‌وه. به‌ڵام له كوردستاندا وێڕای سه‌ركه‌وتنه گه‌وره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕدا به‌سه‌ر تیرۆریستانی داعشدا، له‌هه‌مانكاتدا له‌ناوخۆی كوردستانیشدا زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری ئه‌وتۆی بۆ پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی نێوان نه‌ته‌وه و ئایینه جیاوازه‌كان و نێوان عه‌ره‌بی شیعه و سوننه فه‌راهه‌مكرد، كه ئێستا هه‌موو ده‌وڵه‌تانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش سه‌رسامن به تێكشكاندنی داعش له رووی سه‌بازییه‌وه و هه‌روه‌ها به‌و ژینگه سیاسییه سه‌قامگیر و ئارامه‌ی كه پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی له‌نێوان سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه و ئایینه‌كان دروستكردووه.
به‌پێی ئه‌و دیراسه‌تانه‌ی تائێستا له‌سه‌ر ستراتیژیه‌تی ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ بۆ شه‌ڕی دژی تیرۆر كراون، هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ به‌كرده‌یی له شه‌ڕی دژی داعش گرتوویه‌ته‌به‌ر، به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان درێژه‌پێدانه به ستراتیژیه‌تی لایت فوتپرێنتی ئیداره‌ی ئۆباما، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانی ئیداره‌ی تره‌مپ ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌م ئیداره‌یه هه‌مان ستراتیژ به‌ڵام به پشتگیری زیاتری هاوپه‌یمانه‌كه‌یان له‌ناوچه‌كه و به پۆلێنكردنی هاوپه‌یمانه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كات، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه ئیداره‌ی تره‌مپ ته‌نیا ئامانجی خۆی له رووخانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی ئیسلامی داعش چڕناكاته‌وه، به‌ڵكو ئامانجی سه‌ره‌كی له ریشه‌هه‌ڵكێشانی فیكری توندڕۆیی رایدیكالیزمی ئیسلامییه كه ده‌بێته فاكته‌ری سه‌ره‌كی بۆ تیرۆریزم، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ ته‌نیا مه‌به‌ستی مه‌زهه‌بێكی دیاریكراو (سوننه) نییه له ئیسلامدا، به‌ڵكو مه‌به‌ستی فیكری توندڕۆیی هه‌ردوو مه‌زهه‌بی (شیعه و سوننه)یه، كه هه‌ر یه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌ك رێكخراوی تیرۆریستی هاوشێوه‌ی یه‌كتری به‌رهه‌مده‌هێنن، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه پشتگیری ئیداره‌ی ئه‌مریكا به‌گشتی و ئیداره‌ی ئێستای تره‌مپ بۆ ئه‌و هێزه شیعه‌یانه‌ی كه ئێستا له‌سه‌ر زه‌وی شه‌ڕی داعش ده‌كه‌ن، به‌وجۆره‌یه كه نابێت له‌شه‌ڕی دژی داعشدا لایه‌نی شیعه وه‌ك براوه‌ی شه‌ڕه‌كه ده‌ربكه‌وێت و لایه‌نی سوننه وه‌ك دۆڕاوی شه‌ڕه‌كه سه‌یر بكرێت و شیعه چی ده‌وێت بۆی بچێته‌سه‌رو سوننه وه‌ك لایه‌نێكی دۆڕاو ملكه‌چی مه‌رج و فه‌رمانه‌كانی لایه‌نی شیعه بێت.
له‌ناو ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ی كه خه‌ریكه به‌ره‌و كۆتایی خه‌لافه‌تی ئیسلامی داعش ده‌چین، كوردستان بارودۆخێكی تایبه‌تی هه‌یه و ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی هه‌موو ئه‌و هێز و ده‌وڵه‌ت و لایه‌نانه به شێوه‌ی داعش سه‌یرده‌كه‌ن كه هه‌وڵده‌ده‌ن كوردستان بخه‌نه چوارچێوه‌ی شه‌ڕ و ململانێی نێوان شیعه و سوننه ، یان ئه‌و به‌ره‌ی شیعه كه به‌سه‌رپه‌رشتیی ئێران هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن، ته‌واوی جوگرافیای دوای نه‌مانی خه‌لافه‌تی داعش وه‌ك ده‌ستكه‌وتی شه‌ڕ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، ئه‌وا له‌م حاڵه‌ته‌دا كوردستان دیسان ده‌بێته ئه‌و هێڵه سووره‌ی كه ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان سنووریان بۆ داده‌نێن و ئه‌گه‌ر لاسایی هه‌مان موجازه‌فه و غرووری تیرۆریستانی داعش بكه‌نه‌وه، ئه‌وا هه‌مان مامه‌ڵه‌ی داعشیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.