بڕیاری هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان .. هەڵوەشاندنەوەی پیلانی داگیركەران

بڕیاری هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان .. هەڵوەشاندنەوەی پیلانی داگیركەران
یەكێك لە سیما جوانەكانی بڕیار دروستكردن لە ژیانی شۆڕش و سیاسی مستەفا بارزانی - دا، بڕیاردانی قورسە لە رۆژە سەختەكان و تەسلیم نەبوونە بە ئیرادەی دوژمن، ئەوجا ئەو دوژمنە هەر كەسێك بووبێت، لەمەش زیاتر راوێژكردن و باسكردنی بارودۆخەكە وەك خۆی، لەگەڵ گەلی كوردستاندا بووە، ئەمەش واتە هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی و راستگۆیی لەگەڵ گەلەكەی. ئەم شێوازی بڕیاردروستكردنەی مستەفا بارزانی، بە تەواوەتی لە شێوازی بڕیار دروستكردن و بڕیاردانی سەرۆك مسعود بارزانی رەنگیداوەتەوە و لەو كاتەوەی ئەو بەرپرسیاریەتییەی كەوتۆتە سەرشان كە تەمەنی تەنها 30 ساڵ بووە، تا ئێستا كە سەركردایەتی شەڕێكی نێودەوڵەتی دەكات، لە هەموو بڕیارەكانیدا بەتایبەتی لە رۆژە سەختەكاندا، هەمان شێوازی بڕیارەكانی بارزانیی مستەفا بووە، تەنها بنەمایەك بۆ بڕیاردانی سەرۆك مسعود بارزانی، پاراستنی گەل و نەتەوەی كوردستان بووە، هەر بۆیە دوای ئەوەی لە 1975 بە پیلانێكی نێودەوڵەتی شۆڕشی ئەیلوول نسكۆی بەسەردا هات، ئەوا سەركردایەتی شۆڕش و شۆڕشەكەش گۆڕانكاری بەسەردا دێت، بۆیە لەبەر رێنماییەكانی رێبەری نەتەوەییمان مستەفا بارزانی و بە بەشداری سەركردایەتی سەرۆك مسعود بارزانی و ئیدریسی هەمیشە زیندوو، دوو هەنگاوی گرنگ هەڵگیران:1- دامەزراندنی سەركردایەتییەكی كاتی بۆ ئەوەی ئەركی دووبارە خۆڕێكخستنەوە و ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش و هەڵسەنگاندنی ئەو قۆناخە لە ئەستۆ بگرێت، دامەزراندنی ئەو سەركردایەتییە كاتییەش یەكێكی دیكە لە ئەزموون و لۆژیكەكانی بارزانیی مستەفا بوو، لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنەوەی سەركردایەتییەكی نوێ بۆ ئەو قۆناخە، پێویستی بە گرێدانی كۆنگرە هەبوو، ئەو بارودۆخەش بۆ گرێدانی كۆنگرە لەبار نەبوو، نەشدەتوانرا كۆنگرە گرێ بدرێت، بۆیە سەركردایەتیی كاتی راگەیەندرا.2- راگەیاندنی شۆڕشی گوڵان لە 26ی ئایاری 1976، تەنها ئەنجامدانی چالاكییەكی پێشمەرگانە نەبووە بۆ ئەوەی رایبگەیەنن كە ئەوە یەكەم تەقە و ئەوە دووبارە بڵێسەی شۆڕشە، نەخێر، راگەیاندنی شۆڕشێك بوو بە تێگەیشتن لە قۆناخە سەختەكە بە كردنەوەی دەرگای فرەیی و پێكەوە خەباتكردن، بە رەخنە لە خۆگرتن و بەخۆداچوونەوە و بە قبووڵكردنی شكست و بوونی ئیرادە بۆ هەستانەوە.ئەگەر سەرنجی ئەم دوو بڕیارە گرنگە بدەین كە دوای نسكۆی ئەیلوول لەژێر سەركردایەتی سەركردەیەكی لاوی تەمەن 30ساڵ كە سەرۆك مسعود بارزانی - یە دراون، چەندین ئاماژەی بیركردنەوەی نوێ و شەفافییەت لەگەڵ گەل و نەتەوەی خۆی پیشانمان دەدات، لەبەر ئەوەی سەركردایەتیی كاتی هەنگاوی یەكەمی بە هەڵسەنگاندنەوە دەست پێدەكات و ئەم هەڵسەنگاندنەوەیەش تەنها بۆ ئەندامانی پارتی نەبووە، بەڵكو بۆ هەموو گەلی كوردستان بووە، لەدوای ئەمەش پیشاندانی ئیرادەیەكی لە بن نەهاتوو بووە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی نوێ بنەماكانی ئەو پیلانە نێودەوڵەتییەی دژی كورد چنرابوو، پووچەڵ بكاتەوە. لایەنێكی دیكەی بیركردنەوەی سەرۆك مسعود بارزانی قووڵكردنەوەی چەمكی فرەلایەنی و خەباتی هاوبەش بووە لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی و عێراقی لە بەرەیەكی هاوبەشدا، ئەم حاڵەتە لە شۆڕشی ئەیلوولدا لە ژیر سەركردایەتی مستەفا بارزانی بوونی هەبووە، ئەمەش بەو مانایەی حزبی دیكەی سیاسی و بۆچوونی سیاسیی دیكە لەناو شۆڕشی ئەیلوول هەبوون كە پارتی دیموكراتی كوردستان نەبوون، بەڵام یەك سەركردایەتی شۆڕش هەبووە كە سەركردایەتی شۆڕشەكەی كردووە، بەڵام لە شۆڕشی گوڵاندا ئەم سەركردایەتییە گۆڕا بۆ بەرەی هاوبەش، راستە ژیانی بەرەیی لە كوردستاندا ئاستەنگی زۆری هاتەبەر و بەداخەوە چەندین شەڕی ناوخۆش روویدا، بەڵام لە كۆتایی 1986 و سەرەتای 1987، سەرەتای قۆناخێكی سەخت دەركەوت و ئایندە بۆ كوردستان رۆشن نەبوو. سەرۆك مسعود بارزانی و ئیدریسی هەمیشە زیندوو، هەوڵیاندا بەرنامەیەك دابڕێژن و لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی كوردستان باسی بكەن، بۆ ئەوەی هەموو جیاوازی و ناكۆكییەك وەلابنرێت و هەموو پێكەوە لەیەك سەنگەردا شەڕی چارەنووس بۆ ئایندەی كوردستان بكەن، ئەم بەرنامەیە دوای چەندین كۆبوونەوە بووە هەوێنی ئاشتبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەردی بناخەی ئەو بەرەی كوردستانییەش دوای شەهیدبوونی ئیدرس بارزانی دانرا، ئەوجا لەبەر ئەوەی ئیدریس بارزانی لە پرۆسەی ئاشتبوونەوەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رۆڵێكی كاریگەری هەبووە و ئەو ئاشتبوونەوەیەش بە بناخەی بەرەی كوردستانی دادەنرێت، ئەوا ئیدریس بارزانی وەك ئەندازیاری بەرەی كوردستانی لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستاندا ناوی تۆمار كراوە.ئەو پێشبینییەی سەرۆك مسعود بارزانی و ئیدریس بارزانی بەوەی كوردستان رووبەڕووی مەترسییەكی گەورە دەبێتەوە، لە ناوەڕاستی 1987 سەرەتاكەی دەركەوت و لە سەرەتای 1988 پرۆسەی ئەنفال و كیمیاباران دەستی پێكرد، دوای ئەویش راگرتنی شەڕی (عێراق – ئێران)ـی بەدوادا هات. بەعس و سەدام حوسێن دوای راگرتنی شەڕی عێراق و ئێران، ئەوەی لە 1975 بە وازهێنان لە شەتولعەرەب بۆیان نەهاتەدی كە دەیانگوت: «دارخورما لەسەر شاخەكان دەڕوێت، بەڵام پێشمەرگە لە چیاكان دروست نابێتەوە»، ویستیان لە ساڵی 1988 جێبەجێی بكەن و پێشمەرگە لە كوردستان نەهێڵن، بەڵام شۆڕشی گوڵان ئەم خەونەی پووچەڵ كردەووە، ئەم جارەش بە بڕیار و سەرپەرشتی و بەشداری راستەوخۆی سەرۆك مسعود بارزانی داستانی خواكورك لە 19ی تەموزی 1988 تۆمار كراو پێشمەرگەی كوردستان ئەو سوپایەی بەعسی تێكشكاند كە بۆ ماوەی هەشت ساڵ شەڕی ئێرانی كردبوو، هەموو جیهانیش پشتگیری لێدەكرد. ئەم بڕیارەی سەرۆك بارزانی بۆ مقاوەمەت و راگەیاندنی پێشبینیەكانی بۆ ئایندەی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە بووە وەرچەرخانێك بۆ ئەوەی كورد بەرەو ئاسۆیەكی دیكە هەنگاو هەڵبگرێت كە خۆی لە راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991 دا ببینێتەوە.
Top