ئەوانەی لە بیدەنگی پارتی تێناگەن..لە هاوكێشەی دۆراودا گەمە دەكەن

ئەوانەی لە بیدەنگی پارتی تێناگەن..لە هاوكێشەی دۆراودا گەمە دەكەن
پارتی دیموكراتی كوردستان كە بڕیاریدا یوسف محەمەدی هەڵوسوراوی بزووتنەوەی گۆران و سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ، نەگەرێتەوە بۆ هەولێر، بەئاشكرا رایگەیاند ئێمە لە نێوان بژارەی خراپ و خراپتردا، خراپەكەمان هەڵبژارد، ئەم لیدوانە راشكاوانەی پارتی كە خۆی دەڵێت، بژارەیەكی خراپ بوو، مانای ئەوەیە دوای ئەوەی لە 19ی ئابی 2015 پرۆژەكەی گۆران لەناو پەرلەمان شكستی هێنا و زۆرینەی پەرلەمانی بۆ دروست نەبوو، پارتی نەیدەویست پرۆسەی سیاسی پەكی بكەوێت، هەوڵیدەدا كە سەرانی گۆران بە خۆیاندا بچنەوە و رووبكەنە دیالۆگ و زمانی لیكتێگەیشتن و پێكەوە كاركردن لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراتیدا، هەربۆیە پارتی سوور بوو لەسەر ئەوەی كۆبوونەوەی پینج قۆڵی بەردەوامی هەبێت و چارەسەرێكی سیاسی گونجاو بۆ كێشەكان بدۆزنەوە، بەڵام ئاشكرایە ، بزوتنەوەی گۆران دەیویست بە هەر رێگەیەك بێت كودەتاكەی تەواو بكات و پارتی ناچار بكات كە تەسلیمی ئیرادەی نەزۆكی گۆران بێت.
ئەگەر خوێنەرانی ئەم دیرانە رۆژانی سەرەتای مانگی ئۆكتۆبەری 2015 بێنەوە یادی خۆیان، زۆر چاك دەزانن 40 رۆژ دوای ئەوەی پەرلەمان زۆرینەی بەدەست نەهێنا بۆ ئەوەی پرۆژەكەی گۆران تێەرێنێت، پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەبوو لەچوارچێوەی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی كێشەكە بە سازانی نیشتمانی چارەسەر بكات، بەڵام لەو كاتەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ گۆران و یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ لە سلێمانی لەناو هۆڵی كۆبۆنەوەدا بوون ، گۆران ئەندام و هەڵسورانی خۆی بردبووە بەردەم ئەو هوتێلەی كۆبوونەوەكەی تیدا بوو ، بۆ ئەوەی دوور لە عورفی كاری پێكەوەیی فرە حزبی و پێكەوە كاركردن گوشار بخەنە سەر پارتی و گیانی ئەندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بخەنە مەترسیەوە.
دیارە هەتا گەیاندیانە ئەو قۆناخەش پارتی دیموكراتی كوردستان هەر قبوڵی كرد، بەڵام كە دەركەوت سەرانی گۆران ئەم پشوو درێژەیەی پارتی بە لاوازی تێدەگەن و، بۆ رۆژی دواتریش كە هەڵیانكوتایە سەر بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ژمارەیە بارەگەیان سووتاند و ژمارەیەك كادری پارتیان شەهید و بریندار كرد. كەبەشێك لەو كادرانەی پارتی كە لەبارەگاكانی پارتیدا شەهید و بریندار كران، براو باوك و كەسوكاریان لە خەتی پێشەوەی سەنگەری بەرگری لە كەركوك رۆژئاوای موسڵ بوون. ئەوا پارتی ناچار بوو بڵێت بەسە.
ئەوجا لەبەر ئەوەی باردۆخی كوردستان هەستیار بوو، پارتی دیسان بریاریدا بە هێمنی ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت، بەڵام دیسان سەرانی گۆران وا تێگەیشتن ، پارتی لە پەل و پۆ كەتووە و لێیان دەپارێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی پارتی بۆی دەركەوت ، گۆڕان دەیەوێت لە رێگەی پەرلەمانەوە ئاژاوە لە هەولێری پایتەخت دروست بكات، بۆیە پارتی یوسف محەمەدی ئاگادار كردەوە باشترە نەگەرێتەوە بۆ هەولێر، بەڵام سەیرەكە لەوە دابوو ، گۆڕان ئەم تكاكردنەی پارتی بە بەپارانەوە تێگەیشت، بۆیە ویستی وەك شەقاوەیەك خۆی بەسەر پارتیدا فەرز بكات. ئەمەش پارتی ناچار كرد بریاربدا و پێیان بڵێت هەموو شتێك سنوری خۆی هەیە و، مادام گۆران لەزمانی سیاسی فرەحزبی و پێكەوە كاركردن تێناگات، پێویستە بەزمانێك قسەی لەگەڵ بكرێت كە خۆی تێی دەگات، بۆیە كە پارتی بەو زمانە قسەی لەگەڵ گۆران كرد كە تێدەگات، توانی سنورێك بۆ ئاژاوەگێری و سەرەرۆیی سەرانی ئەو بزووتنەوەیە دابنێت، لەمەش زیاتر لەگەڵ ئەوەی پارتی دەزانێت، ئەو بژارەی پەنای بۆ برد بژارەیەكی باشیش نیە، بەڵام پەشیمان نیە و ئێستاش سورە لەسەر ئەوەی هەتا بزووتنەوەی گۆران بە سیاسەتی خۆیدا نەچێتەوە و دان بە هەڵەكانی خۆیدا نەنێت، ئەوا هەر دەبێت لەدەرەوەی پرۆسە سیاسەكە بمێێتە.
دیارە پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای ئۆكتۆبەری 2015 ەوە هەتا ئێستا، جۆرێك لە بیدەنگی و نەرمی نواندنی بەردەوامی پیشانداوە، ئەمەش لەپیناوی ئەوەی نیوماڵی كورد ریكبخرێتەوە و ئەو هەلەی بۆ كوردستان هاتۆتە پێشەوە لە دەست نەچێت، بەڵام ئەم بیدەنگیەی پارتی مانای ئەوە نیە ، هەڵوێستی پارتی گۆرانكاری بەسەردا هاتووە و ئامادەیە بچێتە ژیر باری داواكاریەكانی گۆرانەوە، بەڵكو پارتی چاوەریی ئەوەیە كە گۆران بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە و دان بە هەڵەكانی خۆیدا بنێت كە بوونە هۆكاری دروستبوونی ئەم كێشانە لە كوردستاندا، راشكاوانەتر پارتی ئامادەنیە تەجرەبەیەك دووبارە بكاتەوە كە بەبەڵگە دەركەتووە و فەشەلی هێناوە و گۆران ئەو حزبە دەرنەچوو كە لەناو پرۆسەی حكومرانی شەریكی دەسەڵات بێت، بەڵكو گۆران دەیویست بە بەشداری لە حكومەت ، پارتی خافڵگیر بكات بۆ ئەوەی كودەتایەكی سپی بەسەر پارتیدا بكات، بۆیە جارێكی دیكە پارتی ئەو تەجرەبە فاشیل دووبارە ناكاتەوە و ئەگەر گۆران لە خەیاڵی ئەوەدایە كە گوشار لەسەر پارتی دروست بكات بۆ ئەوەی یوسف محەمەد ببێتەوە بەسەرۆكی پەرلەمان، ئەوا با ئەو خەیاڵە لە مێشكی خۆیان وەدەرنێنن، نەك یوسف محەمەد بەڵكو ، سەرۆكایەتی پەرلەمان نادرێتەوە بە بزووتنەوەی گۆران.
بزووتنەوەی گۆران كە لەئێستادا لەبەرامبەر پارتی ، هیچی پێناكرێت، دەیەوێت بەرێگەی رێگەی رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، خۆی بگێرێتەوە بۆ ساحەكەو جەولەیەكی دیكەی ناسەقامگیری دروست بكاتەوە، هەر بۆیە كاتێك باس لە رێككەوتنی یەكێتی و گۆران دەكرێت، هەڵسوراوانی گۆران تەفسیری نابەجێ بۆ ئەم بێدەنگیەی پارتی دەكرێت و كە باس لە رێككەوتنی یەكیتی و گۆران دەكرێت، پلارێكی ناشرین لە پارتی دەگیرێت و وای پیشاندەدەن، بەم رێككەوتنە پارتی چۆك دەدات.
بەڵام زۆر جاری دیكەش نەك حزب و لایەنەكانی كوردستان، بەڵكو دەوڵەتانی ئیقلیمیش هەوڵیانداوە خۆیان لەگەڵ بێدەنگی پارتی تاقبیكەنەوە، بەڵام كە پارتی جوڵەی كردووە و هاتۆتە دەنگ، ئیدی دەنگی كەسی دیكە نەبیستراوە و پارتی چی وتووە و چ بریاریكی داوە ، هەر ئەو بریارە بووە،ئەمجارەش كە پارتی بێدەنگە، دەیەوێت بزانێت لایەنی بەرامبەر چی دەوێت بەتەمایە چ پیلانێكی دیكە بۆ ناسەقامگیری كوردستان رێكبخات و، ئەوكات دەزانرێت چۆن پارتی دەجوڵێت و بە دەنگ دێت و چۆن بریار دەدات بۆ ئەوەی ئایندەی كوردستان بپارێزێت.
Top