چەند سەرنجێك لەسەر چاكسازی مووچەو دەرماڵەی فەرمانبەران
December 3, 2015
وتار و بیروڕا
ئەنجومەنی وەزیران بۆ كارئاسانی و هاتنەوەی هەڵگرانی بڕوانامە و خەڵكی كوردستان كە لە هەندەران بوون و بۆ ئەوەی خاوەنی (عقڵ) و بڕوانامەكان بگەڕێنەوە كوردستان و خزمەتی زانكۆ و پەیمانگاكان و دەزگاكانی توێژینەوە بكەن، بڕیاری دەركرد بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەركار و وەزیفەی خۆیان، بڕیاری دا كە هەموو ماوەی دەرەوەیان بۆ بە خزمەت ئەژمار بكرێت. بەداخەوەم زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی دەرەوە كە هاتنەوە باوەشیان بۆ كرایەوە و هەموو ساڵانی دەرەوەیان كە لە دوای (١٩٩١) بووبێ، یاخود پێشتر بۆ بە خزمەت ئەژمار كرا و هەندێكیان بەرپرسیاریەتیشیان پێ درا، بەڵام چونكە ئەوان و خۆیان و ژن و منداڵەكانیشیان (كەش و هەوا و شێوازی ژیانی وڵاتانی ئەوروپا و دەوڵەتانی ئەسكەندیناڤیایان قبووڵ بوو، یان پێیان خۆشتر بوو لێرە و چەندین ئیمتیاز و شتیان لەو وڵاتانە هەبوو)، سوودیان لەو بڕیارانە وەرگرت كە حكومەت دەریكرد بۆ خانەنشینی بە مەبەستی كەمكردنەوەی ژمارەی زۆریی فەرمانبەری بێكار و بێسوود كە دەبوایە ئەوان بە دەر بكرێن لەو بڕیارانە، یاخود مەرجی (خزمەتی فعلی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بە (١٠) ساڵ بسەپێندرێ، ئەگەر خزمەتی گشتیان هی چەند ساڵ بێ، یاخود ئەگەر (خزمەتی فعلی) لە (١٠) ساڵ كەمتر بوو بە (٥٠%) بڕەكە خانەنشین بكرابوونایە، بەڵام ئەمانە هیچی نەكرا و بە سەر وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیراندا تێپەڕی و هەموویان خانەنشین كران و دواتر گەڕانەوە ئەوروپا!
دەپرسم: ئایا نەدەكرا حكومەت ئەم بابەتە چارەسەر بكات و نەهێڵێ ئەم هەموو خەڵكە ئەم هەموو ساڵەیان بۆ بە خزمەت ئەژمار بكرێت و دواتریش پارەیەكی (مفتی) خانەنشین وەربگرن و خوێندكار و زانكۆكانیش بەجێ بهێڵن؟
لە ئێستادا حكومەت پارەی (٤) مانگی ئەم مامۆستایانەی پێ نادرێت كە بەردەوامن لە ئەرك و خزمەت، كەچی مانگانە بڕەپارەیەكی زۆر دەڕوا بۆ خانەنشینی كە ژمارەیەكی یەكجار زۆریان بەم وەزعە (ناڕاست و دیراسەنەكراوە) خانەنشین كراون. بەڕاستی سەیرە! (سوپایەك مامۆستای زانكۆ) لە ئەوروپا ژیان دەگوزەرێنن و تەمەنیان زۆری مابوو بۆ خانەنشینی، یاخود (تەنیا چەند ساڵێكی كەم خزمەتی وەزیفەیان كردووە) كەچی بەم حاڵی حكومەت و پارە پەیداكردنە خانەنشین كراون!؟
ساڵی ٢٠١١ سەردانێكی وڵاتی سویدم كرد و یەكێك لەو بابەتانەی لەوێ بۆیان باسكردم، بابەتێكی خانەنشینی بوو. وتیان دوای ئەوەی سۆشیال دیموكراتەكان ساڵانێك زۆرینەی پەرلەمان و حكومەت بوون خەڵكیان زۆر خانەنشین كردبوو، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردن دەنگەكانیان كەمی كردبوو و حزبی منافس براوە بوو، هەموو ئەو كەسانەی هێشتا تەمەنیان بە بەرەوە مابوو، كە دەكرا بەردەوام بن لە خزمەت هەموویان گەڕاندنەوە بۆ خزمەتكردن بۆ هەر كارێك كە پێیان دەكرا و دەیانتوانی بیكەن. ئەوەیە خەمخۆری و بەدامەزراوەیی و بوونی دەزگاكانی دەوڵەت و پلان و وردەكاری .
لە چوارچێوەی بابەتەكە دەمەوێ چەند روونكردنەوەیەكی دیكە بنووسم، ئەویش ئەمانەن :
١- ناڵێم حكومەتی كوردستان دەرگای كراوە نەبێ بۆ خەڵكی دڵسۆز و بەتوانا و خزمەتگوزار و هانی گەڕانەوەیان نەدات بۆ كوردستان.
٢. ناڵێم ساڵانی دەربەدەری و نەهامەتی و (پێشمەرگایەتی ) بۆ كەس بە خزمەت ئەژمار نەكرێت.
٣. هەرگیز لەگەڵ ئەوەش نیم ئەوانەی بەزۆر دانراون لەم وڵاتە برسێتی و دەربەدەرییان چەشتووە، حكومەت باوەشیان بۆ نەكاتەوە.
٤.بەڵام ناكرێت بێ بەرنامە و بێ پلانی دواڕۆژ ئەم هەموو خەڵكە بەچەند ساڵێك خزمەت كە هێشتا تەمەنیان ماوە بۆخزمەتكردن، خانەنشین بكرێن. ئەمانە زانكۆكان پێویستیان پێیانە و ئەوانیش دەگەڕێنەوە هەندەران، لەوانەیە بەشێكیان لە زانكۆ ئەهلییەكانیش جارێكی دیكە سوودمەند بن!
٥. حكومەت لە ئێستادا یەك تاقە مامۆستاشی پێ دانامەزرێت لە بەر نەبوونی پارە، یەك گرێبەستیشی پێناكرێ لە بەر نەبونی پارە .
دواخاڵ ئەوەیە: داواكارم لە حكومەت بە دۆسیەی خانەنشینیدا بچێتەوە (بە هەمووی) و بابەتی (خزمەتی فعلی + تەمەنی خانەنشینكراو + بڕی پارەكەی) وردبینی و وردەكاری بۆ بكرێت و بێ ترس بەیاسایی بكرێت.
*سەرۆكی زانكۆی كۆیە