بەرەو چاكسازیی لە گوتاری سیاسیماندا
October 22, 2015
وتار و بیروڕا
یەكەم: سروشتی گوتار
بە شێوەیەكی گشتی ئەگەر گوتار ئاراستەكردنی قسە و پەیام بێت بۆ ئەوانی دی بە مەبەستی تێگەیاندن و قەناعەت دروستكردن، یان قسە و پەیامی ئاراستەكراو بێت بۆ ئەوانی دی بۆ هەمان مەبەست، ئەوا لێرەوە دەردەكەوێت كە گوتاری سیاسی كۆی بەرهەمە فیكرییە سیاسییە پەسەندكراوەكانە لەلایەن زۆرینەوە لە رێی دامەزراوەكانیەوە و لە سەردەمێك و قۆناغێكی مێژووییدا و لەلایەن دەستەبژێر و بەرپرسانیەوە.
لێرەوە گوتاری سیاسی جیادەبێتەوە لەو پرۆژانەی كە تاك بەرهەمی دێنێت و قسەی لەسەر دەكات. چونكە گوتار بەرهەمێكی كەڵەكەبووی دەستە جەمعیی قۆناغێكە و بۆ بەرامبەر قسە دەكات نەك بۆخۆی.
كەواتە سروشتی گوتار دەشێت نووسین، یان قسە بێت، ئەركی گوتاریش تێگەیاندن و قەناعەت دروستكردنە، میكانیزمی گوتاریش كارلێككردن و بەیەكگەیشتنە.
دووەم: هۆیەكانی گرفتی گوتاری كوردی:
1. بەشێكی دیاری سیاسەتوانانی كورد لە بواری ئەدەب و نووسینەوە هاتوونەتە نێو دنیای سیاسەتەوە، بۆیە ئێستاش سیماكانی گوتاری ئەدەبیی بەسەر قسە و نوسین و گوتارە سیاسییەكانیاندا زاڵە، لەكاتێدا گوتاری سیاسی جیایە لە گوتاری ئەدەبی، چونكە گوتاری ئەدەبی بەهاكەی لە ناخی خۆیدایە، بەڵام گوتاری سیاسی، بەپێچەوانەوە بایەخەكەی لەخودی خۆیدا نییە، بەڵكو لەو پەیامەدایە كە دەیەوێت بەوانی دیكەی بگەیەنێت.
هەروەها گوتاری ئەدەبی پشت بە جوانی و فرەمانایی وشە و رستە دەبەستێت، بەڵام گوتاری سیاسی، بەپێچەوانەوە پشت بە وشەی یەك مانا و زۆر ورد دەبەستێت.
ئەمە جگە لەوەی كە گوتاری ئەدەبی پێویستیی بە بەراورد نییە لەگەڵ واقیعدا بۆ بڕیاردان لە سەری، بەڵام گوتاری سیاسی، بەپێچەوانەوە پێویستە بەراورد بكرێت لەگەڵ واقیعدا بۆ زانینیی توانای جێبەجێكردنی لەسەر ئەرزی واقیع.
2. بەشیكی دیكەی سیاسەتوانانی ئەمڕۆی كورد لە بواری ئایینی و بانگەوازی ئایینی و لە سەر مینبەر و لە پێشنوێژیكردنی مزگەوتەوە، هاتنە نێو دنیای سیاسەت، بۆیە كاریگەریی گوتاری پەروەردەیی بە سەر گوتاری سیاسییاندا زاڵە، ئەمە لە كاتێكدا كە گوتاری پەروەردەیی جیایە لە گوتاری سیاسی، چونكە گوتاری پەروەردەیی گوتارێكی تاك ئاراستەیە، لە كاتێكدا گوتاری سیاسی بەدوو ئاراستەیە. هەروەها گوتاری پەروەردەیی وەك گوتاری مامۆستا بۆ قوتابی، یان وتاربێژ بۆ گوێگران، زانا بۆ نەزان، گەورە بۆ بچووكە، لە كاتێكدا گوتاری سیاسی هاوتایە و گوتاری مرۆڤ بۆ مرۆڤە.
هەروەها گوتاری پەروەردەیی گوتارێكی پیرۆزكراوە كە دوایین قسەكانی خۆی دەكات، بەڵام گوتاری سیاسی رێژەییە و شیاوی پێداچوونەوە و رەتكردنەوەشە.
سێیەم: هەنگاوەكانی چاكسازیی لە گوتاری سیاسییماندا:
1. هەبوونی دەستوور و پابەندبوون پێی و كارپێكردنی، چونكە دەستوور مەرجەعییەتی هەموو بیر و بۆچوونە جیاوازەكانە.
2. بایەخدان بە خوێندنی یاسا و سیاسەت وەك زانست و پشتبەستن بە پسپۆڕانی ئەو بوارە و راوێژپێكردنیان.
3. گوتاری سیاسی خاوەنی زەمینەیەكی مرۆیی و واقیعێكی رەخساو بێت بۆ زیندووڕاگرتنی گوتەزاكانی و رەخنە لەخۆگر بێت و، زوو زوو پشكنین بۆ خەبەرەكانی لە موختەبەری واقیعدا بكات.
4. خۆپارێز بێت لە پەیڕەوكردنی ستراتیژییەتی دوودڵی و راڕایی سیاسی.
5. دوور بێت لە دروشمە رۆمانسییەكان و نزیك بێت لە خەمەكانی خەڵك و لە شەقامەكانی نیشتمان و لە وەڵامدانەوەی پرسیاری میكانیزم و وردەكارییەكان.
6. گوتاری بەرجەستەكردنی پێداویستییەكانی سەردەمی هاووڵاتیان و هاووڵاتیانی سەردەم بێت.
7. دوور بێت لە گوتاری مەرگدۆستی، نزیك بێت لە گوتار و كەلتووری ژیاندۆستی.
8. دوور بێت لە گوتاری هاوردەكراو و كۆپیكراوی كۆمەڵگەكانی دی.
9. گوتاری پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە گشتییەكان و ئازادییەكانی تاك بێت.
10. گوتاری پاراستنی ئاسایشی گشتی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی و یەكبوونی نیشتمانی بێت.