پارسەنگی سیاسی و سوپایی دەوروبەرمان کوردستان لە کام پێگەدایە؟

پارسەنگی سیاسی و سوپایی دەوروبەرمان کوردستان لە کام پێگەدایە؟
ئەگەر من لێکدانەوەکەم بەم پرسیارە دەستپێبکەم: بۆچی و چۆن زۆرینەی سادە، لە پەرلەمانی کوردستان، دژی سەرۆک بارزانی بەکارهێندرا؟ ئەگەر بمانەوێت تێبگەین، بۆ لەم کاتە ئاستەمەدا پەرلەمان لەدژی سەرۆک جووڵێندرا کە لە هەموو لایەکەوە کوردستان لە ژێر هەڕەشەی سوپاییدایە. هەر درزێکی سوپایی و ئەمنی ڕووبدات، ئەو کارەساتە شارە گەورەکانمان دەگرێتەوە کە لەم دواییەدا بەسەر کۆبانێ هات؟ بۆچی پڕۆژەی دەستووری کوردستان، لەسەر دەستی هەمان حزباندا پەکی خرا؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە، دیققەت و زانیاری و لێکدانەوەی بارودۆخی واقیعی پێویستە، نەک لێکدانەوەی حزبییانە. دەمێکە کوردستان کەوتۆتە ناو چەقی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کێشەکان دەرهاویشتەی ئەو شەڕە هەمەگیرەن کە سەرانسەری ناوچەکەی گرتۆتەوە. شەڕ لەباکووری ئەفەریقاوە تا دەگاتە سنوورەکانی یۆنان بەردەوامە. هەموو ڕۆژهەڵات لەو جەنگەدا دەرگیرە. گشت کێشە داخراوەکان کە بە درێژایی سەدەی بیستەم کپ کرابوو، هەڵیانداوەتەوە. هیچ کێشەیەک بەبێ لایەنی ناگاتە چارەسەرێک.
لە سەرەتای ئەم سەدەیە، جەنگ لە ئەفغانستان دەستیپێکرد. سەرەتا وا دەهاتە بەرچاو کە جەنگی نێوان توندڕۆیی سوننە و ڕۆژاوا بێت، کەچی بە خێرایی بووە جەنگی نێوان شیعە و سوننە. چەند جەنگ فراوانتر دەبێت، هێزەکانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی ئەمریکا، کەمتر دەبێتەوە. ئێران بەخێرایی بووە تەڕەفێکی جەنگ. ئەم جەنگە زۆر ئاڵۆزە. دیققەتێکی زۆری دەوێت تا کۆکی و دژیی هێزەکان لێکدی جیادەکرێتەوە. جەنگی ئەمریکا لەگەڵ توندڕۆیی سوننە، وەک جاران ماوە. کەچی لە هەندێک وڵات(سوریا- جبهة النصرة و هاوشێوەکانی)، هاوکاری رێکخراوە توندڕۆکان دەکات. ئەمریکاو ئەوروپا، بە گشتی هاوکاری بەرەی سوننە دەکەن لە دژی ئێران. عەرەبستانی سعودی، سەرکردایەتی سوننەو عەرەبەکان دەکات. ئەو دەوڵەتە، ئێران بە دوژمنی سەرەکی خۆی دەزانێت. لەو دوژمنایەتییەدا، هەموو دەوڵەتانی عەرەبی، دەوڵەتانی موسوڵمانی غەیرە عەرەب، لە بەرەی سعودیەدان. تورکیا هەر لە بەرەی سوننەدایە. دەوڵەتە سوننەکان(وەک تورکیا، کەنداو) هاوکاری توندڕۆیی سوننە دەکەن(داعش، النصرة). تورکیا بە شل و خاوی لە بەرەی سوننەدایە، بەڵام جۆرێک لە پێوەندی لەگەڵ ئێران هێشتۆتەوە.
دەوڵەتی ئیسڕائیل، وردە وردە بە قەبارەیەکی زۆرەوە دێتە ناو جەنگەکە. سعودیە، ئۆردن، مەغرب، میسر، کەنداو لەگەڵ ئیسڕائیل ئاشتەواییان کردووەو لەیەک بەرەدان دژی ئێران. لە ڕاستیدا، ئیسڕائیل و سعودیە سەرکردایەتی سوپایی و سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتۆتە دەستیان. تورکیا و میسر بە هەنگاوی شل بەرەو دواوەن، ڕۆڵیان لە کەمبوونەوەدایە. ئەمریکاو ئەوروپا زیاتر پشتیوانی ئیسرائیل- سعودیە دەکەن.
وەک لە هاوپەیمانییەکان دەخوێنینەوە، دوژمنایەتییەکە، لەنێوان ئەمریکا، عەرەبی سوننە، ئیسڕائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانە. ئێران وەک دیارە، چوار دەوڵەتی عەرەبی خستۆتە فەلەکی خۆی. ئەوانیش سوریا، عيراق، یەمەن و لوبنانە. لەو چوار وڵاتە عەرەبییەدا، پێکهاتەی شیعەو عەلەوی بەهێزن. دوژمنایەتی القاعدة و داعش، لە پلەی یەکەمدا نیيە. ئەو دووانەی ئەخیر لە یەمەن هاوپەیمانی سعودیەن. ویدەچێ داعش و القاعدة، خاوەنی خۆیان هەبێت و لەگەڵ یەکلاکردنەوەی جەنگ دژی ئێران، ئەوانیش بە لایەکدا بخرێن. وەک دیارە پێوەندییەکان ئاڵۆزن. هەڵبەت دوو ستراتیژیی بەرامبەر یەکدی شەڕ دەکەن؛ ئێران لەلایەک، سعودیە و ئیسرائیل لەلایەکی دیکەن. ستراتیژیی ئێران لەگەڵ مانەوەی سنووری سیاسی دەوڵەتە کۆنەکاندایە. هەڵبەت بە زاڵکردنی پێکهاتەی شیعە یان حزبە هاوپەیمانەکانی. بەپێچەوانەی ئێران، ئیسرائیل و سعودیە لەگەڵ دەسکاری کردنی سنووری سیاسی دەوڵەتەکاندان. هەروەها باسی بەزاندنی ئێران و دابەشکردنی دەکەن. ڕۆژئاوا بەگشتی هاوپەیمانی بەرەی دووەمە.
بەرەی ئیسڕائیل- عەرەب ڕۆڵێکی مام ناوەندییان بۆ تورکیا داناوە. ئەویش بریتییە لە شەریک کردنی ئەو وڵاتە لە دابەشکردنی ئابووری دوای شەڕ. هەروەها تورکیا وەک دەوڵەتێکی فیدڕاڵی، دەتوانێت یەکپارچەیی خۆی بپارێزێت. فیدراڵییەتی تورکیا لە چارەسەر کردنی دۆزی کوردستانی باکوورەوە دێت. بۆیە وا داندراوە پ ک ک و تورکیا لە ئاشتی بەردەوام بن. ئەو حزبە پێویستە لە ئێران دووربکەوێتەوە. هەر کام لە تورکیا یان پ ک ک لە ئەرکی خۆی دووربکەوێتەوە، دەکەوێتە بن فشار. هەڵبەت تورکیا جیا لە پەیوەندی لەگەڵ سێ پارچەی کوردستان، دەستی بە هیچ وڵاتێکی دیکە ڕاناگات. لە ڕاستیدا پەڕو باڵی تورکیا کراوە. ئەو دەوڵەتە کەوتۆتە دانوستاندن لەگەڵ پ ک ک. لەلایەکی دیکە هەڵوێستێکی دژانەی لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژاڤا هەیە. تورکیا دەزانێت چی ڕوودەدات. بۆیە هەمیشە ئاگاییەکی لە بزووتنەوەکانی کوردە تا نەتوانن ببنە دەوڵەت. لەو سیاسەتەیدا دەستی کراوە نیيەو زوو زوو هۆشداری ئەمریکا و ئەوروپا و سعودیە و ئیسڕائیلی پێدەگات. بۆیە ناتوانێت هیچ کردەوەیەکی سوپایی دژی پارچەکانی کوردستان بکات. تورکیا لەم دۆخەیدایە بۆیە هاودەستی داعش دەکات تا لە هەر پارچەیەک بتوانێت، زەبر لە کوردستان بوەشێنێت.
بەرەی دژی ئێران بە هەموو بەشەکانییەوە، کورد بە هاوپەیمانی خۆیان دەزانن، پێشنیاری دروستکردنی دەوڵەتێکی گەورە بۆ ئەم میللەتە دەکەن. هەندێکیان باسی پێکهێنانی دەوڵەتێک لە کوردستانی باشوور و ڕۆژاڤا دەکەن، هەندێکی دیکە پێشنیاری لێکدانی سێ پارچەی کوردستان دەکەن. هەڵبەت سعودیە لەگەڵ دەوڵەتێکە لە هەر چوار پارچەی کوردستان. ئەم ڕوانگایەی سعودیە، وەک شمشێری دامکڵێس لەسەر ملی تورکیا بە تاڵە مویەک بەستراوەتەوە. هاوکاری کردنی هەرێمی کوردستان و هەرێمی ڕۆژاڤا، بووتە سیاسەتێکی ڕاگەیەندراوی بەرەی دژی ئێران. باشووری کوردستان وەک دەوڵەتێکی دیفاکتۆ، مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و سەرکردایەتی ئەو پرۆسەیە بەرەو سەربەخۆیی دەکات. بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی باوەڕپێکراوو دەستەئەندەرکاری رووداوەکانە. سەرەڕای قارەمانێتی پێشمەرگەو شەڕڤانان، پشتیوانیی لۆجستیکی، سیاسی، ئاسمانیی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی، ڕۆڵی کاریگەرو یەکلاییکارەوە لە سەرکەوتنەکان بەسەر داعشدا دەگێڕن، کوردستان لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ دەپارێزن. وەک دیارە کورد بە هاوکاری ئەمریکا، بە خێرایی بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست دەخشێت.
داعش، القاعدة، جبهة النصرة ڕۆڵی پەرەپێدانی پشێویی دەگێڕن و هیچ ستراتیژییەکی دیاریکراویان نیيە. وەک ڕاگەیەندراوە، جیا لە دەوڵەتی کوردستان، دەوڵەتێکی دیکەی عەرەبی سوننە، لە سوننە عەرەبەکانی عێراق و سوریا دروست دەکرێت و تەواوکاری ئەو ڕۆڵە دەبێت کە دەوڵەتی کوردستان لە دوای جەنگ دەیگێرێت. ئەو دوو دەوڵەتە نوێیە، بەربەستێکی گەورە لەنێوان پاشماوەی ئێران و تورکیا، لەگەڵ جیهانی عەرەب- ئیسڕائیل دروست دەکەن. هەروەها دابینی گەیاندنی نەوت و ئاوی کەنداو- دەریای سپی ناوەڕاست(مێدیتەرانە) بە یەکتری دەکەن. لەوە زیاتر ئیسڕائیل داوای پەیوەندییەکی پتەوتر لەگەڵ دەوڵەتی کوردستان دەکات. وەک دیارە سعودیە وا ڕادەگەێنێت کە دوژمنایەتی عەرەب و ئیسڕائیل دەبێ کۆتایی پێبێت. ئەوە بنەمای داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بۆ سەدەی بیست و یەک.
ئەو سيناریۆیانە، هێزێکی سیاسی و سوپایی گەورەی جیهانیيان لە پشتە. کوردستان لەناو چەقی ئەو سيناریۆیانەدایە، بۆیە کاردانەوەیان لەسەر دۆخی ناوخۆیی کوردستان دەبێت. ئێران دەستی بەسەر عێراقدا گرتووە، پێوەندییەکی چاوسوورکردنەوەی لەگەڵ حزبەکانی کوردستان هەیە. ئەو دەوڵەتە هیچ پڕۆگرامێکی بۆ ئایندەی کوردستان نيیە. ئەو سیاسەتی خۆسەپاندن و بندەستکردن پەیڕەو دەکات. هەڵبەت ئەویش وەک تورکیا، ناتوانێت ئەگینا بە سوپا پەلاماری کوردستانی دەدا. کوردستانی باشوور و رۆژاڤا لەژێر پاراستنی نێودەوڵەتیدان، بۆیە هوشیاری و ئاستی باڵای ئاگایی سیاسی سەرکردەی حزبەکان، دەبێتە هۆکارێکی بەوەج بۆ بەهێزترکردنی پێگەی کورد لەگۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستا کوردستان پێویستی بە قۆزتنەوەی هەلەکان هەیە، نەک ملدان بە سیاسەتی تاریک و نانەوەی پشێوی. جا ئەوە لەژێر هەر ناونیشانێک بێت، یەک دەرەنجامی دەبێت؛ کورد زیان دەکات. لە کۆنەوە کاریگەری ئێران، بەسەر دۆخی سیاسی پارێزگای سلێمانی هەیە. لەم بارودۆخە ئاستەمەدا، ئەو کاریگەرییە لە ژێر ناوی دیموکراسی و دەستاودەست کردنی دەسەڵات، لە دژی ڕۆڵی کورد لەو گۆرانکارییانە بەکاردێت. مسعود بارزانی سەرۆکێکە دەستی لە سيناریۆ چاوەڕوانکراوەکاندا درێژە، بۆیە لەبەرژەوەندی کوردو پێکهاتەکانی دیکەیە کە هاوکاری بکەن و بە کێشەی لابەلا سەرقاڵی نەکەن. پێویستە بەبیر خۆمانی بهێنینەوە، لە کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمدا، ئۆزدەمیر(تورکیا) چەند کەڵکی بۆ چارەنووسی کورد هەبوو، قاسم سولەیمانیش(ئێران) هەر ئەوەندە!
Top